سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

هەسارۆکەیەک لە نیکل و ئاسن و زێڕ

21/02/2022


 

نوسینی: لوقمان حەوێز

 

لە ساڵی 2023 ناسا سەردانی ئەم هەسارۆکەیە دەکات کە تەنیا نیکل و ئاسنەکەی بەهاکەی زیاترە لە 700 کوینتیلیۆن دۆلار!

کوینتیلیۆن واتە ژمارە یەک هەژدە سفر لەتەنیشتیەوە بێت.

 

لە کۆمەڵەی خۆر خولگەیەک یان ناوچەیەک هەیە پێی دەووترێت پشتێنەی هەسارۆکەکان Astroids.Belt، ئەم ناوچەیە کەوتۆتە نێوان خولگەی هەرسارەی مەریخ و هەسارەی موشتەری.

 

لەم خولگەیەدا دەیەها هەزار هەسارۆکە هەن و ئەوانیش وەک زەوی و هەسارەکان بەدەوری خۆردا دەسوڕێنەوە، زۆربەیان بچوکن و تیرەکانیان لە نێوان چەند مەترێک بۆ چەند کیلۆمەترێک دەبێت، بەڵام هەندێکیان گەورەن و تیرەیان دەگاتە سەدەها کیلۆمەتر.

 

گەورەترینیان قەزەمە هەسارەی سیریسە کە تیرەکەی 950 کیلۆمەترە، لەنێو ئەو هەسارۆکانە Psyche 16 لە هەموویان سەرنجڕاکێشترە، چونکە وەکو هەسارۆکەکانی تر زۆربەی پێکهاتەکەی لە بەردی سیلیکات پێک نەهاتووە، بەڵکو بەتەواوی لە ئاسن و نیکل و هەندێک لە توخمە قورسەکانی تری وەک زێڕ و هی تریش پێک هاتووە.

 

سایکی تا ڕادەیەک گەورەیە، تیرەکەی 252 کیلۆمەترە، بە پێی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە ئەم هەسارۆکەیه کرۆکی هەسارەیەکی گەورە بووە، بەڵام بەهۆی بەریەککەوتنێک لە سەرەتای دروستبوونی کۆمەڵەی خۆر هەسارەکە تێکشکاوە و ئێستا ئەوەی ماوەتەوە و دەیبینین تەنیا ناوک و کڕۆکە قورسەکەی ئەو هەسارەی پێشوترە.

 

لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2017 ئاژانسی ناسا ڕەزامەندی لەسەر ناردنی کەشتیەکی ئاسمانی بۆ ئەم هەرسارۆکەیە دا، ئەم گەشتە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2022 دەست پێدەکات، کەشتیەکەش کە ئەوساکە هەڵدەدرێت و دەنێردرێت هەر پێی دەووترێت Psyche، دوای چوار ساڵ لە گەشتەکەش دەگاتە هەسارۆکەکە و لەسەر ڕووەکەی دەنیشێتەوە، کەشتیەکەش بۆ ماوەی 21 مانگ کۆمەڵێک لێکۆڵینەوە و پشکنین بۆ ئەم هەرسارۆکەیە ئەنجام دەدات.

 

گەردوونناسانی ناسا لەو بڕوایەدان کە مرۆڤ لەداهاتوودا دەتوانێت سود لە پێکهاتەکانی ئەم هەسارۆکەیە وەربگرێت.

 

پێشبینیەکان بۆ داهاتووێکی دورتریش ئەوەیە کە کەشتیە زەبەلاحەکان بۆ گەشتە ئاسمانیەکانی مرۆڤ لە نێو کۆمەڵەی خۆر و نێوان ئەستێرەکان لە دەرەوەی گۆی زەوی دروست بکرێن بەسود وەرگرتن لەو کانزایانەی لەسەر ئەو هەسارۆکانە هەن، هەسارۆکەی سایکی 16 ش یەکێک لەو هەسارۆکانە دەبێت کە دەتوانرێت سودی لێ وەربگیرێت، دوریش نیە دوای چەند سەد ساڵێکی تر مرۆڤ بتوانێت ئەم هەسارۆکەیە ڕابکێشێت بۆ خولگەیەکی نزیکتر لە هەسارەی زەوی، بۆ نمونە لەخولگەیەکی وەکو ئەوەی مانگ بەدەوری زەوی، ئەوکاتە ئاسانتر دەتوانرێت ڕاستەوخۆ سود لە کانزاکانی وەربگیرێت، بەتایبەتی ئەگەر توانرا تا ئەو وەختە هەموو پیشەسازیە قورسەکان ببرێن بۆ بۆشایی ئاسمانی دەوری هەسارەی زەوی.

 

لەڕاستیدا ئێستا جێف بەیزۆز کە سەرۆکی کۆمپانیای ئەمەزۆنە و یەکێک لە هەرە دەوڵەمەنترین کەسەکانە لە جیهان پلان بۆ ئەوە دادەنێت، ئەو دەیەوێت لەڕێگەی کۆمپانیاکەی تری بەناوی Blue.Origin کە خۆی خاوەنداریەتی دەکات ئەو کارە بکات.

 

هەر بۆ زانیاریش تەنیا بەهای ئەو بڕە ئاسن و نیکلەی کە هەیە لەسەر ئەم هەسارۆکەیە جگە لە توخمەکانی تر وەکو زێڕ پترە لە 700 کوینتیلیۆن دۆلار بە نرخ و پارەی ئەمڕۆ، هەر بۆ مەزەندەکردن ئەگەر بڕە پارەیەکی ئاوا بەسەر هەموو مرۆڤەکانی ئەمڕۆ وەکو یەک دابەشبکرێت هەریەکەیان 90 ملیار دۆلاریان بەردەکەوێت.

 

هەروەها ئەو بڕە ئاسن و نیکل و توخمە قورسانەی تری وەک زێڕ کە لەسەر ئەم هەسارۆکەیە هەن دەتوانن پێداویستیەکانی مرۆڤ بۆ پیشەسازیە قورسەکان بۆ پتر لە هەزارەها ساڵ دابین بکەن، بەکورتی ئێستا دەزانرێت خێر و بەرەکەت لە ئاسمانە بەڵام جارێ ئێمەی مرۆڤەکان لە ئەمڕۆدا دەستمان پێی ناگات.

 

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.