پێشڕەو ئیسماعیل
بەشێوەیەكی گشتی زاناكان مورجیئەكان دەكەن بەدوو بەشەوە :
1- مورجیئەی سوننە
ئەمانە ئەو كۆمەڵەیەن كە پێیان وایە كەسی تاوانكار بە ئەندازەی تاوانەكەی تۆڵەی لێدەسەنرێت و بۆ هەمیشەیی لە ئاگردا نامێنێتەوە، بەڵكو سەرئەنجام خودا بەڕەحمی خۆی لێیان خۆش دەبێت.
2- مورجیئەی بیدعە
ئەمانە ئەو كۆمەڵەیە بوون كە پێیان وابوو ئیمان بەبوونی تاوان زەرەرمەند نابێت و كوفریش بەچاكە سوودی نییە.
مورجیئەكان دەیانوت: هەر كەس بڕوای بەخودا هەبێت و شایەتیدەر بێت لەسەر محەمەد ئیتر نەكافرەو نە موشریكە، بەڵكو ئەمانە موسڵمانن و بڕیاری كافر یان موشریكی كەسێك دەگەڕێتەوە بۆ لای خودا، چونكە تەنیا خودا شایانی ئەوەیە لێپێچینەوە لەسەر تاوانی بەندەكان بكات.
مورجیئەكان سەرەتا حزبێكی سیاسی بوون و خۆیان لەئاست رووداوەكان بەدوور دەگرت و بێلایەن بوون لە ململانێی نێوان خەواریج و شیعە و هەروەها ململانێی نێوان عەلی و معاویە، ئەوانە كاتێك بینیان خەواریجەكان (عەلی و عوسمان و ئەوانەی بەناوبژیوانی رازی بوون) بەكافر لە قەڵەم دەدەن و بینیان شیعەش (ئەبوبەكر و عومەر و عوسمان)و لایەنگرانیان بەكافر لە قەڵەم دەدەن، هەر دوو لاش بەیەكەوە ئەمەوییەكان بەكافر دادەنێن و نەفرەتیان لێ دەكەن.
مورجیئەكان هاتن پشتی هیچ لایەكیان نەگرت و كەسیان بەكافر لە قەڵەم نەدا، بگرە لەو باوەڕەدا بوون كە خەواریج و شیعە و ئەمەوییەكان هەموویان موسڵمانن و كەسیان كافر نین، راستە لەهەندێك لایەن و هەندێك مەسەلە و راوبۆچووندا لایەك لەسەر حەقە و لەلایەكی تریشەوە لایەنێكی تر لەسەر حەقە، بەڵام لە بنچینەدا هەموویان موسڵمانن و ناكرێت كەس بەكافر لە قەڵەم بدرێت.
مورجیئەكان دانیان بە وەدا دەنا كەس ناتوانێت بڵێت ئەم لایەنە راستە و ئەو لایەنە هەڵەیە، ئەوە لەلای ئەواندا مەسەلەیەكە دەبێ بۆ خودا بەجێبهێڵدرێت و كەس بۆی نییە بڕیاری لەسەر بدات، ئەو بۆچوونەشیان لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە هەموویان دەڵێن(اشهد
ان لا اله الا الله و ان محمد رسول الله) ئەوەی شایەدیش بدات و بڕوای پێ هەبێت، نابێت بەكافر لە قەڵەم بدرێت، تەنانەت مورجیئەكان بڕوایان وایە ئەو كەسەی بڕوای بەخودا و پێغەمبەر هەبێت، دواتر گوناحیش بكات یان كەمتەرخەمی لەمەسەلە ئاینییەكاندا بكا ئەوە كافر نابێت و هەر موسڵمانە، راستە گوناحی كردوە، بەڵام مادام باوەڕی بەخودا و پێغەمبەر هێناوە هەر موسڵمانە.
مورجیئەكان لە زانستی كەلامدا هەوڵیان داوە ساغی بكەنەوە كە معاویە گومڕا نییە و دەكرێ خەلیفە بێت چونكە (لا
تضر مع الايمان معصيه ولا تنفع مع الكفر طاعه) نوێنەرانی مورجیئەكان كە لایەنگری معاویە و ئەهلی سوننە بوون یاخود لێیانەوە نزیك بوون، كارو كرداریان دواخستووەو لە بڕواو ئیمان دایانبڕیون، هەربۆیە ناوی مورجیئەیان لێنراوە، چونكە وشەی (الارجاء) مانای دواخستن و لێكدابڕینی كردارو بڕوا دەگەیەنێ، ئەوان وای بۆچون یاخود بۆ پاكانەكردن بۆ كردارەكانی معاویە و خوێنڕشتنەكەی نێوان معاویە و عەلی وایان فەتوا داوە.
مورجیئەكان زیادەڕۆییان دەكرد و دەیانوت: ئیمان لە دڵدایە، ئیتر ئەگەر كەسێك بەزمان كوفر بكات یاخود بت پەرست یان یەهودی یان نەسرانی بێت لە دەوڵەتی ئیسلامیدا بژی ئەگەر بمرێت موسڵمانە و دەچێتە بەهەشتەوە.( لەگەڵ ئیماندا گوناح نییە). هەندێكی تر لە مورجیئەكان سنوریان دەبەزاند و گومانیان دەخستە سەر هەندێك دیاردەی نێو ئاینی ئیسلام، بۆ نموونە بەرامبەر بە حەرام بوونی گۆشتی بەراز گومانیان هەیە و دەڵێن پێناچێت ئەو ئاژەڵە بێت كە ئێستا و لەم سەردەمەدا پێی دەڵێن بەراز، پێ دەچێت ئاژەڵێكی تر بێت، لەبەرئەوە كەسێك گۆشتی بەراز بخوات ئاساییە و كافر نابێت، لێرەوە گۆشتی بەرازیان حەڵاڵ كرد، یاخود دەربارەی حەج كردنی موسڵمانان بۆ كەعبە گومانیان هەبوو لەوەی كە ئایا ئەو كەعبەی كە لە قورئان و فەرمودەدا باسی لێدەكرا، ئەوەیە ئێستا لە مەككەیە، گومانیان لەو بارەیەوە هەبوو.