سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

گرنگى جێندەرناسى لەزانکۆدا

28/02/2022



ئاریا یاسین


دەستپێکی ئەمساڵ و بەتایبەتیش لە مانگی شوبات، کوشتنی ئافرەتان روبەڕێکی فراوانی راگەیاندنی کوردی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی داگیرکردبو، بەڕادەیەک خەریکە بابەتەکە لە حاڵەتەوە دەبێتە دیاردەیەی زەق و دیاری کۆمەڵگە، بەشێکی زۆری ئەو تاوانانە لەژێرناوی ناموس و شەرەفەوە ئەنجامدراون، ئەو ئافرەتانەی لەلایەن نێرەکانەوە دەکوژرێن، هەمان ئەو نێرانەن کە خۆیان شتێکیان بەناوی ناموس نییە، تەنانەت لەهەندێک باردا بکوژ وەک پاڵەوانێک تەماشا دەکرێت، وەک ئەوەی کارێکی گرنگ و تەواو دروستی بە ئەنجام گەیاندبێت.


ئەوەی چەند ساڵێکە ھەوڵی گۆڕین و بنەبڕکردنی بۆ دەدرێت بەڕێگای جیاواز، لەئێستادا وا زیندو بوەتەوە، دەبێت بپرسین ئایا کێ بەرپرسە لەم دۆخە؟ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و بەتایبەتیش سەنتەرەکانی جێندەرناسی لەکوێی هاوکێشەکە دایە؟


لەبەرئەوەی روبەڕوبونەوە و نەهێشتنی توندوتیژی، ئەرکی هەمو کۆمەڵگەیە و پێویستە لەسەر هەموان کار بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردە ناشارستانییە بکەن، مامۆستایانی زانکۆش کە  ئەرکیان پێگەیاندنی تاکە لەڕوی ئەکادیمی و مەعریفی و ھەڵسوکەوت و گوفتار و...ھتد، دەبێت وەک کارەکتەرێکی دیار و باڵای کۆمەڵگە رۆڵیان هەبێت لەوبارەیەوە، چونکە زانکۆ جێگایەکە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری کێشەکانی کۆمەڵگا و پێگەیاندنی تاکی تەندروست، بەشێوەیەک ھەر کێشە و گرفتێکی نێو کۆمەڵگا لە رێگای توێژینەوە و کۆنفرانس و ئەنجامدانی مێزگرد و دیبەیت...ھتد گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێن و رێگا چارەسەرییان بۆ دەدۆزرێتەوە.


باشکردنی دۆخی ئافرەتان و بێدەنگ نەبون بەرانبەر بەو ستەمە مێژوییەی لەسەریان بوە، جگەلەوەی ئەرکێکی مرۆیی و مۆراڵییە، هەنگاوێکی گرنگیشە بۆ بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگا بۆ پێکهاتەیەکی شارستانی و هاوچەرخ. لەڕاستیدا ناتوانین باس لە کۆمەڵگایەکی پێشکەوتو و مرۆیی بکەین، لە کاتێکدا کە چەوساندنەوەیەکی زەق و هەڵاواردنێکی کارەساتباری سیستماتیک، بەرانبەر بە نیوەی ئەو کۆمەڵگایە بونی ھەبێت. کە باس لە کوشتنی ئافرەتان دەکەین گرنگە بزانین ئەوە کۆتا ھەنگاوی پرۆسەکەیە و ھەنگاوە یەکەمەکانی لەو کلتورە چەوت و تێڕوانینە ناتەندروستانەوە دەستپێدەکات کە پێیوایە ئافرەتان پلە دو و ژێردەستەن، بۆیە تا ئەم بۆچونانە ھەبن ئەستەمە کار بۆ سڕینەوەی کلتوری کوشتنی ئافرەتان بکرێت.


بواری ئەکادیمی و خوێندنی باڵا یەکێکە لە کۆڵەكە گرنگەکانی گەشەکردنی کۆمەڵگە و بەدەر نیە لە پێویستی سەرلەنوێ بنیادنانەوە بە ئاراستەی دەستەبەرکردنی دەرفەتی زیاتر بۆ گەشەپێدان و دەرخستنی تواناکانی کچان و ژنان. بەشێکی زۆری هۆکاری نا یەکسانی جێندەری بۆ لایەنی کلتور دەگەڕێتەوە کە دەبێت لەڕێی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵاوە ئەم خاڵە لاوازە کلتورییە راست بکرێتەوە، بەڵام گرفتەکە لێرەدا عەقڵیەتی چەقبەستوی نێرسالاریی بەرپرسان و بەشێک لە مامۆستایانی زانکۆکانن، کە هێشتا بڕوایان بە یەکسانی جێندەری و تواناکانی ئافرەتان نییە و ئافرەتان لای ئه‌وان "زەعیفە و ناقص عەقڵن".


لەڕابردودا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە زانکۆکاندا سێنتەری یەکسانی جێندەری دامەزراند، بەئامانجی ئەنجامدانی توێژینەوە و کاری زانستی و ئاماری تایبەت بە ئافرەتان و بارودۆخیان و دۆزینەوەی گونجاوترین میکانیزم و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانیان، بەڵام دەبێت بپرسین دوای ئەو چەند ساڵە لە دامەزراندنی ئەو سەنتەرانە، ئایا بەڕۆڵی خۆیان هەستاون؟  


گرنگە سەنتەرەکانی جێندەرناسی لەڕێی ئەنجامدانی دیدار و سیمپۆزیۆم و کۆنفرانس..تاد، گفتوگۆ و تاوتوێی ئەرک و مافەکانی ئافرەتان و هەوڵەکان بۆ چەسپاندنی یەکسانی جێندەری بکه‌ن، هەروەک پێداگیربن لەسەر دانانی بابەتی جێندەرناسی بۆ خوێندن لە قۆناغی زانکۆییدا و کاری جیددی بۆ هۆشیارکردنەوەی مامۆستایان و خوێندکاران لە روانگە جیاجیاکانەوە بکات. هۆشیارکردنەوەی هەر خوێندکارێک، گوزارشتە لە خێزانێک و بەوەش تاڕادەیەکی زۆر دەتوانرێت کاریگەری و لێکەوتەی باش لەسەر کۆی کۆمەڵگە بەجێبهێڵێت.


نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.