سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

مەڵبەندە كوردنشیینەكان پێش دەركەوتنی ئایینى ئیسلام

02/03/2022


كه‌یوان ئازاد

ا- هەرێمى جزیرە
مەبەست لە هەرێمى جزیرە، ئەو ناوچە بەرفراوانە بووە كە كەوتبووە كەنار و نێوانی بەرى باكوورى هەردوو ڕووبارى (دیجلە و فورات) و ناوچەكانى (جزیرە، مووسڵ، ئامەد)ی دەگرتەوە. لە بەری باكووری خۆرهەڵاتى هەرێمەكانی (ئاران و ئەرمەنستان) و لە بەری خۆرهەڵاتى هەرێمەكانی (ئازەربایجان و چیا) بوون. لە بەری باشووریشی هەرێمی چیا و وڵاتى شام و لە بەری باكووریشی ئانادۆڵ بوو.

لە گرنگترین مەڵبەندەكانیشى ئەمانەی خوارەوە بوون:

1- مووسڵ: شارێكی مێژوویی كۆن و كەوتبووە ناوەڕاستى هەرێمەكە و لە بەرى خۆرهەڵاتى ڕووبارى دیجلە و مەڵبەندى هەرێمەكەش بووە، بە مەڵبەندێكى كوردنشین و زێدی هۆزەكانى (حەمیدى و هەزبانى) ناسراوە. بڕواش وایە ناوەكەى لە بە یەكگەیشتنى هەردوو ڕووباری دیجلە و فوراتەوە هاتبێت، بەڵام لە ڕاستیدا لە پێكەوەبەستى (دوو) ناوچەى شاخاویى خۆرهەڵات و بانى جزیرەوە هاتووە، چونكە هەرگیز ئەو دوو ڕووباڕە لەو شارەدا بە یەك نەگەیشتوون.

2- شنگال: كەوتبووە دامێنى چیاى شنگال و خۆرئاواى شارى مووسڵ. شارێكى كوردنشین و دانیشتوانەكەشی بە ئازایەتى و دەستپاكی ناسرابوون. ئەوەى لەم شارەدا دەبینرا ئەوە بوو كە لە هیچ شارێكى هەرێمەكەدا دارخورما نەبوو، بەڵام لەم شارە و دەشتەكەیدا دارخورما هەبوو.

3- داسن: لە شارۆچكەكانى سەر بە مووسڵ بوو، كەوتبووە بەرى خۆرهەڵاتى و بە مەڵبەندى (هۆزى داسنى)ی كوردى ناسرابوو.

4- ئامەد: كەوتبووە بەرى باكوورى خۆرهەڵاتى ڕووبارى دیجلە و بە شوورایەكى بەهێز دەورە دراو و خاوەن زەوییەكى بەپیت بووە. لە ڕووی ڕووخساریشەوە لە شاری (ئەنتاكییە) چووە، بەڵام لەو بچووكتر بووە و مەڵبەندێكی هۆزەكانى (حەمیدى و هەزبانى) بوون.

5- میافارقین: شارێكى بەناوبانگى هەرێمەكە بووە. ناوەكەشی لە هەردوو بڕگەى (میا) و (فارقین) وەرگیراوە. گەشتیاری ئیسلامی (یاقووت ئەلحەمەوی)ش واى بۆچووە، كە (میا) ناوى دروستكەرى شارەكە و (فارقین) بە ماناى (جیاوازى) هاتووە. واتا شارەكە لەوانی تر جیاواز بووە، بەڵام گەشتیاری توركى (ئەولیا چەلەبى) واى بۆچووە، كە شارەكە ڕووبارى (بەتمان سوو)ی كردووەتە (دوو) بەش، بۆیە ناوەكە لە ناوى لەتكەرى ڕووبارەكەوە وەرگیراوە.

خۆرهەڵاتناسی بەریتانی (لوسترۆنگ)یش بە ناوێكى ئەرمەنیى زانیوە و واى بۆچووە كە لە زاراوەى (Moyoharkath) وەرگیراوە. وەك باس كراوە (میافارقین) وەكوو شارى (نوسەیبین) خاوەنى سەرچاوەى ئاوى گرنگ و ڕەز و باخ و بێستانى زۆر جوان بووە. پێگەکەشى كەوتووەتە نێوان هەردوو هەرێمى (ئەرمەنستان و جزیرە) و بە شارێكى سەر بە هەرێمى جزیرەش ناسرابوو. دانیشتوانى شارەكەش كوردى ڕەسەنن و لە كوردەكانى وڵاتى شام بوون و خانووەكانیشیان لە قوڕ و بەرد دروست كرابوون.

6- نوسەیبین: شارێكى ئاوەدانى نزیك شارى (شەنگال) و خاوەن سەرچاوەى ئاوى گرنگ و ڕەز و بـاخى ئاوەدان بووه. لە شاری مووسڵ بچووكتر، بەڵام دڵگیرتر و بە دووپشـكى زۆر كوشندەش بەناوبانگ بووە، ئەمەو بە شارێكى دێرینى كورد ناسراوە.

7- ڕوها: یەكێك بووە لە شارە گرنگەكانى هەرێمى جزیرە لەنێوان مووسڵ و شام. بە شارێكى مێژوویى ناسراوە. كەنیسەكەشى یەكێك بوو لە كەنیسە سەرسوڕهێنەرەكانى جیهانی ئەو ڕۆژگارە و شارێكى كوردنشین بووە.

8- خێزان: كەوتبووە نێوان شارەكانی (ئامەد و سوعرەت)، بە شارێكى ئاوەدان و خاوەن بێستان ناسرابوو، بەتایبەت (داربەڕوو و بوندوق). مەڵبەندێكى دێرین و ناسراوى كوردنشینش بوو لەو سەردەمەدا.

9- حوسن كیف: كەوتبووە سەر ڕووبارى دیجلە لەنێوان ئامەد و دوورگەى ئیبن عومەر. بە شارێكى كوردنشین و ئاوەدان ناسراوە، پردێكیش لەسەر ڕووبارەكە دروست كرابوو، تا دوو بەری ڕووبارەكە بەیەكەوە ببەستێتەوە. (یاقووت ئەلحەمەوی)ش بە پردێكى زۆر گەورە و بەناوبانگ ناوى بردووە.

10- فاقان: كەوتبووە سەر ڕووبارى دیجلە لە باشوورى میافارقین. لەو شارەدا هەردوو لقى (رزم و بوهتان سوو) دەڕژانە ڕووبارى دیجلەوە. بازاڕى شارەكە داپۆشراو و خانووەكانیان لە قوڕ دروست كرابوون و (چواردە) گوندیش سەر بەم شارە بوون.

11- ماردین: كەوتبووە نزیك شارى نوسەیبین و بە قەڵاكەى بەناوبانگ و چیاكەشى بە لمى شووشە ناوى دەركردبوو. وەك باس كراوە، شار و قەڵایەكى ئاوەدان و بایەخدار بووە و سەرنجی گەشتیارانەی بۆ لای خۆی ڕاكێشاوە.

12- مەلاتیە: بە شارێكى ئاوەدان و خۆش و خاوەنى ڕەز و باخ و دارستانى جوان ناسراوە. یەكێكیش بووە لە شارەكانی سەر بەم هەرێمە و دانیشتوانەكەشی زۆر لە یەكەوە نزیك بوون.

13- حەڕان: شارێكى گرنگى سابئەى مەندائییەكان بووە و بەشێكى دانیشتوانەكەشی مەسیحی بوون و شارەكەیان بە ڕەز و باخى جوان رازاندبووەوە و خاوەنى چەندین كەنیسەى گەورە و جوان و بایەخێكى ستراتیجى و ئایینى و ڕۆشنبیرى بووە.

14- زوزان: قەڵایەكى ناسراوى نێوان چیاى ئەرمەنستان و ئازەربایجان و جزیرە بوو و بە مەڵبەندى نیشتەجێبوونى هۆزى بوختى كوردى ناسراوە و بایەخێكى مێژوویى گەورەى هەبوو.

15- ئاكرێ: شارێكى سەر بە مووسڵ و بە مەڵبەندى گرنگی هۆزى حەمیدی كوردى و مەڵبەندێكى گرنگ ناسرابوو.

16- ئەربێلا: كەوتبووە نێوان دوو زێ و بە قەڵاكەى بەناوبانگ بووە. دانیشتوانەكەى هەموویان كورد و دوو ڕۆژیش بە پیادە لە شاری مووسڵەوە دوور بووە.

17- حزە: كەوتبووە نێوان شارى (ئەربێلا و زێى گەورە) و بە مەڵبەندێكى كوردنشین ناسرابوو و قەڵاكەشى بایەخى تایبەتى و مێژوویەکى دێرینى هەبووه.

18- باگرمى یان كەركووك: سەر بە شارى مووسڵ و مەڵبەندێكى كوردنشین بووە. (عوتبەى كوڕى فەرقەد)یش لە ڕێگاى ئەو شارۆچكەیەوە گەیشتووەتە شارەزوور و بەشێكى داگیر كردووە. ئەوەش دوای ئەوەى لە قەڵاكەدا، سەربازگەیەكى بۆ سوپاكەی دروست كردووە.

19- شووش: قەڵایەكى ناسراوى سەر بە مووسڵ، لە بەرى خۆرهەڵاتى ڕووبارى دیجلە و لە گرنگترین قەڵاى كوردە حەمیدییەكان بووە و كەوتبووە نزیك (ئاكرێ)، بەڵام بەرزتر و گەورەتر بووە لە شارى ئاكرێ.

20- بینون: لە قەڵاكانى سەر بە مووسڵ و كەوتبووە نزیك هەولێر و قەڵایەكى ئاوەدانە و بازاڕێكى گەورەى تێدا بووە. دانیشتوانەكەشى هەموویان كورد بوون. لە كاتى پرۆسەى بەئیسلامبوونیشیاندا قەڵایەكى دیار و گەورەى كوردەكان بوو.

خودی ئەم هەرێمە سەرباری گەورەی سنوورەكەی و هاوسنووریی لەگەڵ ئیمپراتۆڕەكانی یۆنانی و ڕۆمیی بێزەنتی لە قۆناغی مێژووی كۆندا، بە هەرێمێكی فرەنەتەوە و فرەئایین و فرەكولتوور ناسرابوو. سەرباری كورد، كە زۆرینەی هەرێمەكەی پێكدەهێنا، نەتەوەكانی وەك (ئاسووری، كلدانی، ڕۆمانی، ئەرمەنی)ی تێدا دەژیان.

ئایین و باوەڕی خەڵكەكەش فرەچەشن بوو. هەر لە باوەڕداری ئێزدی و كاكەیی، تا (جوو، زەردەشتی، مەسیحی)، تەنانەت بتپەرستیش بوونی هەبووە. سیستەمی كۆمەڵایەتیی خەڵكەكەش خێڵەكی و هۆزگەرایی بووە. شارەكانی خاوەنی كۆشك و تەلار و گەرماو و پەرستگەی جۆراجۆر و بازاڕی گەورە بوون. بەهۆی تێپەڕبوونی ڕێگای بازرگانیی ئاوریشم بە هەرێمەكەدا، بایەخی بازرگانی و سیاسیی هەرێمەكەی زیاتر كردبوو.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.