سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

هەشتی مارس و خەباتی بەردەوام

03/03/2022



كنێر عەبدوڵڵا

چەسپاندنی 8 ی مارس وەك رۆژێكی جیهانی ژنان كە ساڵانە بەشێوازی جیاجیا لە سەرتاسەری جیهاندا یاد دەكرێتەوە بەری رەنجی خەبات وتێكۆشان و بوون بە سوتماكی ژنانی جیهانە، لەپێناو یەكسانی لە ماف و ئەركدا بێ جیاوازی، بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و ئازادی و مافی مرۆڤ، بوونی ئەو خەباتە تا ئێستا نەك لە كوردستان، بەڵكو لە جیهاندا درێژەی هەیە، بەردەوامبوونی ژنانیش لەو خەباتەدا بەگشتی ئاماژەیە بۆ سەربەخۆنەبوون و ئازادنەبوونی ژنان بە واتا راستەقینەكەی، هەریەك بەجۆرێك جیاكاری و جیاوازیكردن و نادادپەروەری لە بەرامبەر ژنان فرەڕەهەند و فرەلایەنە لە رووی فیكری و ئایینی و كلتوری و رۆشنبیرییەوە، ئەمە وێڕای ئەوەی لە چوارچێوەی سیستمی سەرمایەداریدا ژنان، وەك كاڵایەك دەخوێنرێنەوە و مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت یان وەك لایەنی سێكسی دەبینرێن و رەفتاریان لەگەڵدا دەكرێت یاخود لەڕێی جیاجیاوە بازرگانی بەجەستە و كەسایەتییانەوە دەكرێت، یاخود وەك كۆیلە دەچەوسێنرێنەوە، كاری زۆر و قورس و تاقەتپروكێن، بەڵام بێ رەچاوكردن و بەرجەستبوونی مافەكانیان، هەندێكی دیكەش بەناوی كەلتور و دابونەریتی كۆنەپارێزی و دواكەوتوویی و بەكارهێنانی ئاین و ئەوانی دیكەش بەهۆی عەقڵیەتی پیاوسالاری و نێرسالارییەوە..هتد لەكۆی ئەو مامەڵەكردن و پرۆسەیە ئەوەی زیان و زەرەری بەردەكەوێت و ئاسەواری نەرێنی لێدەكەوێت، تەنها خودی ژنان نییە، بەڵكو پیاو، منداڵ، خێزان، كۆمەڵ و كۆی مرۆڤایەتی دەكەوێتە بەر مەترسی و هەڕەشەوە، كە دواجار كاریگەری و ئاسەواری خراپیشی دەبێت بۆ سەقامگیریی و جێگیری و هەستكردن بە كەرامەت و ئاسایش لە وڵاتدا، بزوتنەوەی ژنانیش لە هەرێمی كوردستاندا بەدەر نییە لەو خەباتە درێژخایەنە، ماوەی 30 ساڵە لە دوای راپەرینی 1991 ەوە بەر لەوەش لە هەوڵ و خەبات بووە بۆ بەرجەستەبوونی مافەكانیان، بەڵام كۆی ئەو دەستكەوتانەی لەڕووی یاسایی، كۆمەڵایەتی، تەندروستی و سیاسییەوە بەدەستهاتوون و كۆی ئەوانەی ماون بێتە بەرهەم و بەرجەستە بكرێن دەكەوێتە ژێرمەترسی و پوكانەوەوە، گەر لە پاڵیدا دامودەزگا رەسمییەكانی، وەك پەرلەمان و حكومەت و دادگاكان بەگشت نەیەنە پاڵ ئەو خەباتە و نەبنە تەواوكەری هەوڵەكان هەریەك بەپێی بەرپرسیارێتی خۆیان، چونكە بە نموونە دەرچوون و هەمواركردنی یاسایەك لە پەرلەمان چ بەهایەكی دەبێت گەر لە بەرژەوەندی و چاكردنی دۆخی ژنان و كۆمەڵ نەبێت بەگشت، پاشان دامەزراوە جۆربەجۆرەكانی حكومەت چ كاریگەرییەكیان دەبێت، گەر بە باوەڕبوون و عەقڵیەتی پێشكەوتووخوازیی و مەدەندییەوە كار و مامەڵە نەكەن لەگەڵ واقیعدا، هەروەها بوونی یاساكان چ ئاسەوار و كاریگەرییەكی ئەرێنیان دەبێت، گەر نەتوانرا لە تیۆرییەوە ببێتە كردار، واتە گەر دادگاكان یان روونتر دادوەر و پارێزەر و لایەنە پەیوەندیدارەكان نەتوانن هەم تێگەیشتن و باوەڕیان هەبێت و هەم دوور لە كاریگەریی و لایەنگیری لە خەمی جێبەجێكردنی یاساكەدا بن بێ جیاوازی، بۆیە بەردەوامیی خەباتی ژنان پەیوەستە بە بوونی مەسەلەیەك ناوی ژنانە و پێویستی بە كار و بەرپرسیارێتی هەمەلایەنە هەیە، لەپێناو كۆمەڵێكی مرۆڤدۆست.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.