سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

دیسان ژن كوشتن

03/03/2022



شاناز هیرانی

خەریكە كوشتنی ژن ناو بنێین كەلتورێكی دانەبڕاو لە كۆمەڵگەی كوردیدا. لەوەش جەرگ بڕتر ئەوەیە، كە ژن لەپێناوی هیچ دەكوژرێت، هەر لەبەرئەوەی پیاوێك میزاجی باش نەبووە، سەرخۆش بووە، بیانووی حاڵەتی دەروونی تەواو نییە، ژنەكە سەرپێچی یاساكانی پیاوەكەی كردوەو… هتد.

دەیان ساڵە بەناوی باشتركردن و بنبڕكردنی دیاردەی كوشتنی ژنان، سەدان ستراتیژی و بەرنامە راگەیەنراون، كەچی هەموویان مەرەكەبی سەر كاغەز بوون و هەنگاوێك ژیانی ژنانی بەرەو پێشەوە نەبرد. دادگاكان پڕن لە كەیسی كەڵەكەبوو، ژنانی كەم دەرامەت بەهۆی نەبوونی پارە بۆ گرتنی پارێزەرێك ناچارن دەست لە داواكانیان هەڵگرن و دواتر دەدرێنە بەر دەستڕێژی گوللە و بەردباران كردن و سووتاندنیان.

شەڵتەرەكان جمەیان دێت لەو ژنانەی سنووری عورفەكانی كۆمەڵگەیان بەزاندووە، كەچی دواجار هەر ئەو شەڵتەرانە دەبنە زیندانێكی هەتا هەتایی بۆ ئەو ژنانە، چەندین ساڵە ژنانی ئەم وڵاتە لەژێر هەڕەشەی توندوتیژیدان و زۆربەی جار بە كوشتن و سووتاندن كۆتایی بە ژیانیان دێت.

تاوانی كوشتنی ژنان بە بیانووی جیاجیا قێزەوەنترین جۆری تاوانە جیھاندا، هۆكارەكەشی لە ئەنجامی ئەو كەموكووڕیانەیە كە لە ناو سەنتەری ھێزی كۆمەڵگە و رادەی رۆشنبیریی تاكەكانەوە سەرچاوەی گرتووە. بە زۆرییش لە ناو كۆمەڵگە تەقلیدی و دواكەتوەكاندا دەبینرێت كە ژن تێیدا بە هاووڵاتی پلە دوو ھەژمار دەكرێت.

كوشتنی ژنان بەم چەشنە تەنھا تاوانێك نییە دژی ژنێك، بەڵكو تاوانە دژی تەواوی مرۆڤایەتی بە گشتی و نەوەی داھاتووش بە تایبەتی، دواجار دەبێتە هۆی دروستبوونی گوشاری دەروونی و ترس و دڵەڕاوكێ لە سەر خێزان بە گشتی، وەكو پایەیەكی كۆنكرێتیش دژی پێشكەوتن و گەشەسەندی كۆمەڵگە دەوەستێتەوە. كوشتنی ژنان لە سەر ئەو سەرپێچیانەی كە لە ناو كۆمەڵگەدا لێی قەدەغەكراوە، بە یەكێك لە شێوازەكانی جیاوازی و ئەتككردنی مافی مرۆڤ دژی ژن دادەنرێت، ئەم گرفتە لە تەواوی جیھاندا ھەیە بە تایبەتی لە ناو كۆمەڵگەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست كە كوردستانیش دەگرێتەوە.

رۆژانە لەم هەرێمەدا ژن بە پاساوی زۆر لاواز دەكوژرێن و دەبنە سوتماكی بیركردنەوەیەكی كۆنەپەرستانە، بۆیە پێویستە ژنان و چالاكوانانی بواری ژنان سەرەتا بەشەڕ بێن لەگەڵ ئەو یاسایانەی كە لە بەرژەوەندی ژناندا نین، تاكە رێگەیەك كە لە بەردەستە بۆ رزگاركردنی ژنان لەو كۆمەڵگەی لەم جۆرەدا، گوشار خستنە سەر دەسەڵاتە بە مەبەستی گۆڕینی یاسا نایەكسانەكان كە بەربەستن لە بەردەم هەموو گۆڕانكاری و پێشوەچوونەكانی ژناندا، هەرچەندە ئەو گۆڕانە وا ئاسان نیە، بەتایبەتی لەم دۆخەشدا كە حكومەتێكی دامەزراوەیی لەئارادا نییە و ژنانیش خۆیان پەرش و بڵاو و بێ رۆڵ و بێ كاریگەرین. سەرباری گەیشتنی ژمارەیەكیش بە پێگەی باڵا، بەڵام هیچ رۆڵێكی ئەوتۆیان لەسەر كەمبوونەوەی دیاردەی خۆ كوشتن و كوشتنی ژنان نییە.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.