سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

شەرەف ماناو دەلالەتەكانی لە كۆمەڵگەدا .. كاریگەرییەكانی لەسەر ژیان و ژن

03/03/2022



بڵێسە جەبار فەرمان

شەرەف وشەیەكە لە دوو بڕگە پێكهاتووە، بەڵام زۆرترین مانای كەوڵدار لە خۆدەگرێت. شەرەف ئەو وشەیەی لە كۆمەڵگەیەكەوە بۆ كۆمەڵگەیەكی تر پێناسە و رەوشتی جیا جیای بۆ زیادو كەم دەكرێت. بە شێوەیەكی گشتی وشەی شەرەف بە واتای رەوشتبەرزی دێت و تێڕوانینی كۆمەڵگە بۆ كەسێك لەسەر بنەمای هەڵسوكەوتی و متمانەپێكراویی لەلایەن كۆمەڵگەوە، ئەو كەسەی ئەم سیفەتانە لەخۆ دەگرێت بە شەریف ناودەبرێت.

رەوشتبەرزیش بە شێوەیەكی گشتی بریتییە لە راستگۆیی، دەستپاكی، پاراستنی ئەمانەت، ئازایەتی، دڵگەورەیی بەرامبەر بە هەژاران، رۆحی یارمەتیدان چاكەكردن و بەرگریكردن لە بێهێز و كەم تواناكان و زۆرێكی تر و ئەو خەسڵەتانە دەبنە هۆی رێزگرتنی و بەرزكردنەوەی ئاستی كەسەكە لە ناو كۆمەڵگەدا.

لە ئەزەلەوە ئەم سیفەتانە شەرافەت و رەوشتبەرزییە بۆ هەموو مرۆڤەكان و هەردوو رەگەزی نێر و مێ یەكسان بوون، بەڵام بە گۆڕانی كات و شوێن ئەم سیفەتانە ئاڵوگۆڕیان بەسەردا هاتووە. لە سەدەكانی پێشوودا لە ئەوروپا و تێكڕای جیهان كەسەكان لەسەر بنەمای ئەندامێتیان لە خێزانە پلە بەرزەكانی كۆمەڵگە بە شەریف دانراون.

لە دوورگەی عەرەبی پێش هاتنی پێغەمبەر محەمەد (د.خ) كەسانی خێزانە گەورەكانی ناوچەكە بە شەریف دانراون و بە چاوی رێزەوە تەماشاكراون. دوای هاتنی پێغەمبەر و لە خۆشەویستی ئەوەوە ئەندامانی بەنی هاشم لە ریزی ئەشرافەكان ئەژمار كراون.

كورد و شەرەف

لە كۆمەڵگەی كوردەواری دا بەهەمان شێوە ئەندامانی خێزانە چینە بەرزەكان بە شەریف دانراون. شەریف بوون تەنها و تەنها بە شایستەی خانەدان واتە نۆبڵەكان بینراوە لە تێكڕای جیهان. ئەو سیفەتانەی رەوشتبەرزی كە بۆ هەردوو رەگەزی نێر و مێ یەكسان بوو، ئێستا ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە و جیاوازی دەكرێت لە نێوان شەریفبوونی پیاو و شەریفبوونی ژندا.

رۆژئاوا و شەرەف

لە وڵاتانی جیهانی یەكەم و رۆژئاوا بەتایبەتی «كاركردن» و «كار» وەك بنەما بۆ شەرەفی مرۆڤەكان تەماشا دەكرێت. ئەمە بە واتای ئەوە نا كە ئەو كەسەی بێكار بوو شەریف نییە، بەڵكو بەو ماناو پایەیە نرخی زۆر دراوە بە كار. مرۆڤەكان بە كاركردنیان هەڵدەسەنگێندرێن یان پێناسەدەكرێن. فەلسەفەی كارەكەت پێناسەتە چۆتە ناو شێوەی بیركردنەوەی هەموو تاكەكانەوە. ئەمە فەلسەفەی كاری كۆمۆنیستی و سەرمایەداری كاریگەری لەسەر بیركردنەوەی تاكەكان هەبووە سەبارەت بە شەرەف.

مرۆڤ گەر نێر بێ یاخود مێ دەبێت خاوەنی كاری خۆی بێت و لەسەر پێی خۆی راوەستابێت وەك دەوترێت شەریفانە بژێوی ژیانی بەدەست بهێنێت ئەوكات بە مرۆڤێكی بەشەرەف دادەنرێت.

لە كۆمەڵگەی ئێمەدا ئەم فەلسەفەی كارە بەگشتی بۆ پیاوەكان و گەورەی خێزانەكان رەچاو دەكرێت. هەركات پیاوێك بژێوی ژیانی خۆی و خێزانەكەی بەدەستهێنا بە شەریف ناودەهێنرێت. جەخت لەسەر شێوازی دروستی بەدەستهێنانی بژێوی ناكرێتەوە، واتا ئەگەر بە شێوازی ناتەندروستیش بژێوی ژیان پەیدا بكرێت كێشە نییەو گرنگ ئەوەیە وەك دەوترێت دەست بۆ كەس پان نەكاتەوە.

بە ژنێك دەوترێت شەریف گەر هیچ پەیوەندییەكی خۆشەویستی و سۆزداری نەبووبێت.

شەرەف خرایە سەر شانی ژن

دواتر واتای وشەی شەرەف بۆ پیاو دووبارە گۆڕانكاری بەسەردا هات و ئەركی شەرەف لەسەر شانی لابراو بە تەنیا خرایە سەر شانی ژن. پەیوەندی خۆشەویستی و سۆزداری بۆ پیاو لە شەرەفی كەم ناكاتەوە.

پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە كەی و بۆ شەرەفی پیاو گوازرایەوە بۆ دایك و خوشك و هاوسەرەكەی مەسەلەی خۆشەویستی و سۆزداری ئەندامێكی مێینەی خێزانێك بوو بە پێوەر بۆ شەرەف؟ ئەو كۆمەڵگایانەی راگوزەرن واتە روو لە گۆڕانكارین و لە كۆمەڵگەیەكی تەقلیدیەوە بۆ كۆمەڵگەیەكی مۆدێرن هەنگاو دەنێن جۆرێك لە پەرتەوازەیی و ونبوون بە خۆیانەوە دەبینن لە هەموو بوارەكاندا.

ئەم ئاڵوگۆرەی واتای شەرەف و گواستنەوەی لە سەرشانی پیاوەوە بۆ سەر ئەندامانی مێینەی خێزان و بچوكردنەوەی لە پەیوەندی سۆزداریی، یەكێكە لە بەرهەمەكانی ئەم راگوزەرییە لەنێوان دوو واقعی كۆمەڵگەدا.

كۆمەڵگەی ئێمە هێشتا بە تەواوەتی و بنەماكانی مۆدێرنی تێیدا نەچەسپیووە و خەسڵەتەكانی كۆمەڵگەی تەقلیدیشی لەدەستداوە. هەرئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی خەسڵەتەكانی وەكو شەهامەت و راستگۆیی و دەستپاكی و بەپەیمانبوون و زۆرێكی تریش لەو سیفەت و ئەدگارانە گرنگی خۆیان لە دەست بدەن.

لێرەدا ئەركی حكومەت و حزب و رێكخراوەكان سەركردەكانە رێنوێنی كۆمەڵگە بكەن و لە لێكترازان بیپارێزن. گەربێت و دیراسەیەكی هەرێمی كوردستان بكەین ئەوا دەبینین لە سی ساڵی رابردوو تائێستا توندوتیژی لەناو كۆمەڵگاكەمان دا رۆژ بە رۆژ روو لە زیادبوونە. توندوتیژی بەرامبەر بە ژن، بەرامبەر بە منداڵ بە پلەی سەرەكی و بەرفراوان. ئینجا توندوتیژی پیاوان بەرامبەر یەكتر و بەرامبەر بە ژن. بەگشتی توندوتیژی دیاردەیە مرۆڤەكان بەرامبەر بەخۆیان و بەرامبەر بە ئاژەڵ و سروشتیش دەیكەن.

چی لەكەیە بۆ سەر شەرەف؟

رەوشتبەرزی و شەرەف بچوكراوەتەوە بەتەنیا خراوەتە سەر شانی ژن، بەڵام تاوانی گەورە بەرامبەر بەخاك و گەل بەرامبەر بە بەها گەورەكانی مرۆڤایەتی و بەرامبەر بە دین و دونیا دەكرێت. لەكە ناخاتە سەر شەرەفمەندی. ئەم هەڵە بنەڕەتییە چەسپیووە بە پڕۆسەیەكی مەودا دوور دەبێت راستبكرێتەوە.

تیشك خستنەسەر فیمینساید
لێرەدا بەپێویستی دەزانم باس لە چەمكێكی نوێ بكەم


(فیمینیساید) بەمانای سڕینەوە و بەكەمگرتنی ژن لەهەموو روویەكەوە. فیمینیساید بەشێوازی جیاجیا لەسەر ژن پیادە دەكرێت. لەچوارچێوەی ئەم بابەتەدا سەركوتكردن و پەراوێزخستن و بەكەمگرتن لەكایە جیاوازەكانی ژیاندا پەیڕەو دەكرێت.

ئەم چەمك و بابەتە پێویستی بە تیشك خستنەسەر هەیە. بەگشتی ئەرك لە ئەستۆی هەموو ئەوانەن هەست بەم هەڵەیە دەكەن راستی بكەنەوە. لەژێر ئەو چەمكەدا توندوتیژی و تاوانی زۆر دەكرێت. زۆرێك بە بەهانەی شەرەفەوە ژیانیان لێ زەوتكرا.

لەوەش گرنگتر ئەوەیە مانای شەرەف بخرێتەوە شوێنی راستەقینەی خۆی كە وەك چەترێكی گشتی وەك بەهای هەموو ئینجا تاك تەماشا بكرێت. وەك راستگۆیی، خزمەتكردن، كارو وەفاداری.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.