سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ئاشنا بوون بە بزووتنەوە و جووڵانەوە ئیسلامییەكان لە مێژوودا

05/03/2022



پێشڕەو ئیسماعیل

جووڵانەوەی شعوبییە

شعوبییە لە وشەی (شعوب)ەوە هاتووە كە وشەیەكە لە قورئاندا هاتووە، شعوبییە جووڵانەوەیەكی سیاسی و مەزهەبی و كەلتوری بوو كە لە سەردەمی خەلافەتی ئەمەویدا سەریهەڵدا، واتا لە چەرخی دووەمی كۆچیدا، ئەم رەوتە لە دەوری خەلافەتی عەباسییدا بەهێزتر بوو لەگەڵ جووڵانەوەی فیكری مەزهەبی زەندەقە تێكەڵ بوو تا چەرخی چوارەمی كۆچی بەردەوام بوو.

شعوبییەكان دەیانگوت میللەتانی نا عەرەبی موسڵمان خاوەن شارستانێتی كۆنی(شعوب) بوون، لە حاڵەتێكدا عەرەبەكان قەبیلە «خێڵ» بوون و لە ئایەتێكی قورئاندا (شعوب) لە پێش(قەبائیل)ەوە هاتووە، كەواتە میللەتانی نا عەرەب لە عەرەبەكان لە پێشترن، ئەم رەوتە كاردانەوەیەك بوو لە بەرامبەر بە سووك سەیركردنی موسڵمانە نا عەرەبەكان یان بە قەولێك (عەجەمەكان) لەلایەن موسڵمانە عەرەبەكانەوە، زۆرتر شعوبییەكان لە ئەشراف و پیاوماقوڵانی ئێرانی و نائێرانی و نووسەر و شاعیرانی بە رەگەز ناعەرەب پێكهاتبوون كە داوای یەكسانی و وەكیەكیی موسڵمانانی عەرەب و رەگەزی ناعەرەبیان دەكرد.

خەواریج

خەواریج لە وشەی خەرەجەوە هاتووە، بەمانای دەرچوون لە ئاینی ئیسلام، خەواریجەكان سەبارەت بە خەلیفە راو بۆچوونیان وابوو كە مەرج نییە خەلیفە تەنیا لە بنەماڵەی قورەیشی بێت، بگرە گەیشتنە ئەو رایەی بوونی خەلیفە هەر پێویست نییە، خۆ ئەگەر پێویستیش بوو، ئەوا زۆر ئاساییە ئەگەر كۆیلەیەك بێت و ببێتە موسڵمان یان هەر كەسێكی تر بێت كە عەدالەتخواز و ئیماندار و شارەزا بێت.

خەواریجەكان دەستەیەكی ئاینی بوون، ئەگەر بە پێوانەی ئەمڕۆ هەڵیبسەنگێنیت، كۆمارییخواز بوون. خەواریجەكان رایان وابوو ئەگەر خەلیفە پێویست بێت بۆ رێبەرایەتی موسڵمانان، مەرج نییە خەلیفە تەنیا لە قورەیشییەكان بێت واتە مەرجی قورەیشی بوونیان رەتدەكردەوە و رایان وابوو هەركەسێك دەتوانێت خەلیفەی موسڵمانان بێت، بەمەرجێك موسڵمانێكی تەواو بێت و عەدالەتخواز و ئیماندار بێت و بەیەك چاو سەیری هەموو موسڵمانان بكات.

سەرەتا لایەنگری خەلیفەی چوارەمی راشیدین (عەلی كوڕی ئەبی تالیب) بوون، بەڵام دوایی بەهۆی ئەو رێكەوتنە ئاشتییەی كە عەلی كردی لە شەڕی(سفین) لەگەڵ (معاویەی كوڕی ئەبی سوفیان) دژی عەلی راوەستان و ئەو رێكەوتنەیان بە خیانەت دەزانی بەرامبەر بە ئیسلام، چونكە رایان وابوو كە (معاویەی كوڕی ئەبی سوفیان) ئیسلام نییە و لە ئیسلام وەرگەڕاوە و كافرە، نابێت سوڵح لەگەڵ كافردا بكرێت. لەبەرامبەر خەواریجەكان شیعەكان وەستان، شیعەكان لایەنگرانی ئیمامی عەلی بوون و دوای شەڕی (سفین)یش پشتیان بەرنەدا و دوای ناوبژییكردنیش هەر وەكو لایەنگرانی ئەو مانەوە، شیعەكان دانیان بە خەلافەتی معاویەدا نەناو بە دزیی و بەئاشكرا بانگەشەی ئەوەیان دەكرد كە عەلی خەلیفەی موسڵمانانە، شیعەكان لەو باوەڕەدان خەلافەت تەنیا موڵكی ئەهلی بەیتە(بنەماڵەی پێغەمبەر) و مافی كەسێكی تر نییە، رایان وابوو كە دەبوایە پێش ئیمامی عوسمانی كوڕی عەفان، عەلی خەلیفەی موسڵمانان بوایە، بگرە رایان وابوو كە پێش(عومەر و ئەبوبەكر)یش خەلافەت حەقی عەلی بووە، چونكە لە ئەهلی بەیتە.

خەواریجەكان بزووتنەوەكەیان زۆر گەشەی كرد لە سەردەمی خەلافەتی ئەمەوی و عەباسیشدا و لەلایەن چین و توێژەكانی خوارەوەی كۆمەڵگەوە پشتیوانی دەكران، خەواریجەكان لە ئێران لە ناوچەی سیستان زۆر بەهێزبوون و راپەڕینێكی گەورەیان بە سەركردایەتی(هەمزەی ئازەرەك) كرد لە سەردەمی خەلیفەی عەباسی هارون ئەلڕەشید-دا.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.