سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

دەرکەوت یەکێک لە نزیکترین کوونە رەشەکان، کوونە رەش نییە!

06/03/2022


 

گۆران ئیبراهیم

 

بە پێچەوانەی سیاسەت و هونەر و ئاین و شێوازە سیستەمەکانی تر، زانست میکانزمی (خۆ بە هەڵە خستنەوە)ی زۆر چالاک و بە کاری هەیە کە گرنگترین پێناسەی زانستە.
دێتەوە بە بیرم لە ساڵی 2020 دا هەواڵی ئەوەی کە یەکێک لە نزدیکترین کوونە رەشەکان بینراوەتەوە، لە گۆڤار و رۆژنامەکاندا بڵاوبۆوە. بەڵام، ئێستا هەمان ئەو زانایانە دەڵێن هەڵە بووین.

 

کێشەی میدیاکان بە پەیوەست بە باسکردنی هەواڵە زانستیەکان ئەوەیە کە فوو بە بابەتەکاندا دەکەن و زیادەرەوی تێدا دەکەن و لە زۆر جاریشدا بابەتەکە بە تەواوی هەڵدەگێڕنەوە و تەنانەت هەندێ جاریش درۆی تێدا دەکەن. لەبەر ئەوەی خوێنەرانیان ئەوەندە گرنگی بە زانست و پرۆسەی زانستی نادەن و ئاستی زانستییان نزمە، لەبەر ئەوە، وردەکاری لێکۆڵینەوەکان بە رێکی وەک خۆی ناگەیەنن بە خوێنەرانیان. ئەمە دیاردەکی زۆر کێشەدارە و لە هەندێ جاریشدا کارەسات دروست دەکات کە چەند جار باسم کردووە و بە داخەوە هیچ چارەسەرێکی ئەوتۆش لە ئاسۆدا نییە بۆ ئەو کێشەیە.

 

ئەو زانایانەی کە گەیشتبوونە سەر ئەو ئەنجامەی کە کوونە رەشێک هەیە لە سیستەمی ناسراو HR 6819، بە هۆکاری ئەو جوڵەیەوە بوو کە لە ئەستێرە گەشاوەی HR 6819 بەدی دەکرا. وا هەست دەکرا ئەو سیستەمە، کە نزیکەی 1000 ساڵی تیشکی لێمانەوە دوورە, لە یەک ئەستێرە پێکهاتووە.

 

لەبەر ئەوەی هیچ ئەستێرەیەکی تر بەدی نەکرا لەو دەوروبەرە، لەبەر ئەوە، تاکە شیکردنەوە ئەوە بوو کە ئەو ئەستێرەیە، دەبێت بە چواردەوری شتێکی تردا بسوڕێتەوە کە نادیارە. چ شتێکیش هەیە کە نادیار بێت و بتوانێت کاریگەری بەرجەستەی هەبێت بۆ سەر ئەستێرەیەک کە بە چواردەوری خۆیدا بیسوڕێنێتەوە؟

 

تاکە وەڵام کوونی رەشە.

 

بەڵام چاودێری زیاتری ئەو سیستەمە ئەنجامێکی تری دا بە دەستەوە و ئێستا ئەو زانایانە دانیان بەوەدا نا کە هەڵە بوون... لە ساڵی 2020 دا روناکی ئەو سیستەمەیان بە یەک ئەستێرە ژماردبوو، بەڵام دەرکەوت کە لە دوو ئەستێرە پێکهاتووە. لەبەر ئەوەی هەردوو ئەستێرەکە گەورەن و یەکێکیان لە بەشی دەرەوە بە چواردەوری ئەوی تریاندا دەسوڕێتەوە کە خۆشی دەسوڕێتەوە، لەبەر ئەوە، (چەقی بارستە) نەکەوتۆتە ناو هیچ یەکێکیانەوە و هەردوکیان (یەکێکیان لە دیوی دەرەوە و ئەوی تریشیان لە ناوەوە) بە چواردەوری (چەقی باراستە)ی ئەو سیستەمەدا دەسورێنەوە.

 

بە ئەندازەی دۆزینەوە زانستیەکان گرنگە لەوەش تێبگەین کە لە کوێدا هەڵە بووین.

 

 

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.