نووسینی: خەڵات عەلی
کۆڵۆنتای یەکێک لە هەرە بەناوبانگترین ژنانی بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی ڕووسیایە، مەکسیم گۆرکی دەڵێت: “لە ڕووسیا تەنیا دوو کۆمۆنیست هەن، لینین و خانم کۆڵۆنتای”.
یەکەم ژن بووە لە جیهاندا پۆستی وەزیر وەربگرێت، لە ساڵەکانی سەرەتای شۆڕشی ئۆکتۆبەریشدا ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو، پاشان چارەکە سەدەیەک بەردەوام بوو لە خزمەتکردنی دەوڵەتی سۆڤیەت لە بواری دیبلۆماسیدا. بەڵام گرنگترین بەشداریی کۆڵۆنتای ئەو تێکۆشانە بوو کە ژیانی بۆ تەرخان کرد، هەم وەک نووسەر و هەم وەک شۆڕشگێڕێکی کۆمۆنیست. ئەویش خەبات بوو لە پێناو ئازادکردنی ژنان بە گشتی و ژنانی کرێکار بە تایبەتی.
کۆڵۆنتای لە خێزانێکی ئەرستۆکرات لە دایکببوو، باوانی ڕێیان نەدەدا بچێتە قوتابخانە و بەر هاوپۆلەکانی بکەوێت، بۆیە لە ماڵەوە وانەی تایبەتی وەردەگرت و بەکالۆریۆسی لە (16) ساڵی وەرگرت.
لە ساڵی 1896 ـدا کە هێشتا تەمەنی (24) ساڵی تێنەپەڕاندبوو خەریکبوو مەیلە سیاسییەکانی خۆی دیاریدەکرد، لە بەهاری ئەو ساڵەدا لە کارگەیەک دەستبەکار بوو و بینیی چۆن مافی دوازدە هەزار کرێکار بە ناشرینترین شێوە قۆرخ دەکرێت. دوای چەند مانگێکی کەم لە دەستبەکاربوونی لە کارگەکە دەستی بە خوێندنی ئابووری و مارکسیزم کرد.
لە کاتی دەستپێکردنی شۆڕشی ئۆکتۆبەر کۆڵۆنتای ئەندامی لیژنەی ناوەندیی حیزبی بەلشەفی بوو، دوای سەرکەوتنی شۆڕش دەبوو کۆڵۆنتای پۆستێک لە سیستەمی سۆشیالیستیی نوێ وەربگرێت، بۆیە بوو بە کۆمیسیۆنی خەڵک بۆ خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی و شەونخونی کێشا بۆ دامەزراندنی نوسینگەیەکی ناوەندی کە چاودێری منداڵان و ئەو ژنانەش بکات کە دەبن بە دایک و ڕۆڵی داینگەکان کە ڕۆژانە منداڵی ژنە کرێکارەکان لەخۆ دەگرن، بکات.
هەروەها بەردەست خستنی هۆکارەکانی ڕێگریکردن لە دووگیانی بۆ ئەو ژنانەی کە نایانەوێت ببن بە دایک.
بەرپرسیاریەتییەکەی لە هەمان کاتدا هەم گرنگ و هەم مەترسیدار بوو، لە سایەی کۆمەڵگایەک کە زۆرینەی پێکهاتەکەی جوتیار بوون و بیرۆکە نەریتی و کۆنەپارێزییەکان لە ناویاندا لەوپەڕیدا بوو، هەڵگرتنی ئەو جۆرە بەرپرسیارییەتییە ئاسان نەبوو.
بەڵام بە بیرۆکە شۆڕشگێڕانەکانی ڕووبەڕووی ئاستی هۆشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و کلتووری بووەوە لای هەموو چینەکانی کۆمەڵگای ڕووسی.
کۆڵۆنتای هەوڵی دەدا بەو جۆرە بژی کە وێنای دەکرد بۆ “ژنی نوێ”، ژنێک کە تایبەتمەندی زۆری لە یەک ژندا کۆکردبێتەوە، ژنێکی جوان، ڕۆشنبیر و ڕێکپۆش، زمانزان. لە سەرووی ئەوانەشەوە ژنێکی شۆڕشگێڕ کە بەرگری لە ئازادی ژن بکات.
کۆڵۆنتای ژنێکی ڕێکپۆش بوو، شۆڕشگێڕییەکەی وای لێنەکردبوو ژنێتی خۆی بخاتەلاوە، تەنانەت ئەو کاتەش کە بەدەست هەژارییەوە دەیناڵاند و جگە لە کراسێک هیچی تری نەبوو.
ناکرێ باس لە ژیانی کۆڵۆنتای بکەین بە بێ وەستان لەسەر ژیانی وەک نووسەر، چالاکییە فیکرییەکانی هەر لەسەر لێکۆڵینەوە و وتار ناوەستێت، بەڵکو لە ئەدەبیشدا دەستی باڵای هەبوو، بەتایبەت لە چیرۆکدا.
ئارەزووە ئەدەبییەکانی بۆ ئەوکاتە دەگەڕێتەوە کە قوتابی بوو. ئامانجی لە داهێنانە ئەدەبییەکانی نواندنی توانای ژنان بوو، یەکەم کۆمەڵە چیرۆکی لە ساڵی (1923) بڵاوکردووە، کە کاردانەوەی زۆر توندوتیژانەی لێکەوتەوە و هەندێک کەس بە “بێ ئەخلاقییەکانی بۆرژوازێکی بچوک” ناویان برد.
لەبەر ئەوەی تیشکی تەواو خرابووە سەر تێکۆشانی کۆڵۆنتای بۆ ئازادیی سیاسی و ئابووریی ژن، بۆیە کتێبەکەی “ئەخلاقی نوێ و چینی کرێکار” بە گرنگترین هەوڵی ئەو دادەنرێت بۆ ئازادی سێکسیی ژن.
ناودارترین کتێبەکانی بریتین لە “ژنی نوێ” و “مارکسیزم و شۆڕشی سێکسی”. هەروەها ژمارەیەک وتار و دەق لەبارەی کێشە سێکسییەکان و دژایەتی جەنگ و ئازادکردنی ژنە کرێکارەکان.
لە ساڵی 1952 لە مۆسکۆ لە تەمەنی هەشتا ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، بەڵام هێشتا بیرکردنەوەکانی لەسەری چەندەها ژنی نوێدا دەژین.