سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

8ی مارس سەربوردە و كاریگەریەكانی

07/03/2022



شنۆ هیرانی

لەكوردستان لەكۆتایی ساڵانی  نەوەدەكان، لەگەڵ پێشكەوتن و پەرەسەندن و دەركەوتنی رێكخراوە مەدەنییە جۆراو جۆرەكانی داكۆكیكار لەمافەكانی ژنان، ساڵانە لەرۆژی 8-مارس وەك رۆژی ژنان پیرۆز و  بەرز ڕادەگیرێت.

ئەم رۆژە لەڕووی چەمك و تێگەیشتنەوە، هەرچەندە خۆی یەك شیكردنەوەی هەیە، بەڵام ئاراستەو ئادیلۆژیە جیاوازەكان شیكردنەوە و لێكدانەوەی جیاوازی بۆ دەكەن و هەریەكەو بەپێی چەمكی ئەو پرنسیپەی كە باوەڕی پێیەتی مامەڵەی لەگەڵدا دەكات، هەرچەندە هەندێك جیاوازترن و تەنانەت سەراپا ڕەتی دەكەنەوە.
 
سەربوردەی مێژووی ئەم رۆژە گرنگە بزانین تا بتوانین دروست لەرووی چەمكەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بكەین.

(8-مارس) چیە و كەی سەریهەڵداوە؟

لە 8-مارسی 1857 لە یەكێك لەكارگەكانی رستن و چنین لە شاری نەویۆركی ئەمریكا زیاتر لە40هەزار كرێكار كاریان دەكرد كە بەشێكی زۆریان ژن بوون. ئەم ژنانە بە كاتژمێری زیاتری كاركردن و بەكۆێكی كەمتر لە پیاوان كاریان دەكرد. لەپێناو بەدەستهێنانی كەشێكی گونجاوتر بۆ كاركردنو كەمكردنەوەی كاتژمێرەكانی كارو یەكسانی لە كرێێ كاردا  دەستیانكرد بە چاڵاكێكی مانگرتن. لەكاتی مانگرتنەكەدا ئاگرێكی گەورە لەكارگەكەدا دەكەوێتوەو بەو هۆیەشەوە129 كرێكاری ژن گیان لەدەست دەدەن. بەوهۆیەشەوە ئەو رۆژە دەبێتە سیمبۆڵك بۆ خەباتی ژنان لەپێناو بەدەستهێنانی مافەكانیان و دواتر لە1908 دووبارە لە نەویۆرك بەمەبەستی بەدەستهێنانی مافی دەنگدان، هەروەها كەمكردنەوەی كاتژمێرەكانی كاركردن قەدەغەكردنی كارپێكردنی منداڵان كرێی كاری یەكسان لەگەڵ پیاواندا 15 هەزار ژن رێپێوانێكی گەورەیان كرد. هەر لەم چوارچێوەشدا بوو كاتێك لەساڵی 1910 لەكۆنفرانسی ژنانی ئەنتەرناسیۆنالیست، كلارا زێتكین لەپارتی سۆسیال دیموكراتی ئەڵمانیا و رۆزا لۆكسەمبۆرگ لە پارتی بۆلشەفی رووسیا وەك رێزێك بۆ خەبات و تێكۆشانی ژنانی كرێكارو رەنجدەر پێشنیازی ئەوەیانكرد كە رۆژی 8-مارس  وەك رۆژی ژنانی جیهان پەسەند بكرێت. پێشنیازەكە بەكۆی دەنگ پەسەند كراو لەگەڵ خۆیدا رۆژەڤی 8-مارسی  سەبارەت بە بەدەست هێنانی مافە سیاسی ، كۆمەڵایەتی ، رێكخاروەی خستە ناو هەموو جیهانەوە.

لەساڵی 1911 لەسەر بانگەوازی ژنانی سۆسیال ئەتەرناشیناڵ لەرۆژی 8-مارسدا نزیكەی ملیۆنێك ژن لە ئوستورالیا، دانیمارك، ئەڵمانیاو سویسرا هاتنە سەرشەقامەكان و ئەو رۆژەیان بەرز ڕاگرت. لەساڵی 1923شدا سكرتایەتی ژنانی ئەنتەرناسیۆنالست رۆژی 8-مارسی بەفەرمی وەك رۆژی ژنانی كرێكارو رەنجدەر ڕاگەیاند.

لەگەڵ پێكەوتنی بزافەكانی رزگاریخوازی لەجیهاندا، بزافەكانی ژنانیش پەرەیان سەند كە هاوكاربوو بۆ سەرهەڵدانی شەپۆڵی دووەمی فێمێنیزم كە وایكرد لە ئەوروپا 8-مارس دووبارە بێتەوە رۆژەڤ.  هەر ئەم پاڵنەرانەشبوو كە وایكرد نەتەوە یەكگرتوەكان لەساڵی 1977 رۆژی 8-مارس وەك رۆژی ژنان، بۆ بەدەستهێنانی مافەكانیان و ئاشتەوەی ژنانی جیهان بناسێنی.

جیاوازی رەوتە فێمێنیزمیەكان لەگەڵ چەمك و ناوەڕۆكی 8-مارس چییە!

لەسەرەوە باسمان كرد كە رۆژی 8-مارس لەرووی چەمكەوە پێناسە لەبەرز ڕاگرتنی  یادەورێكی خەمناكی چینێكی دیاریكراوەی ژنان دەكات، كە چینی كرێكارو رەنجدەوە. پاشانیش پەرەدەستێنی بۆ داواكردنی مافی سیاسی و كۆمەڵایەتی بەشێكی زۆری ژنانی جیهان تا والێدێت دەبێتە سەمبۆلی داواكاری مافەكانی ژنان بەگشتی و لە هەموو چین و توێژەكاندا، هەروەها مەفهومێكی بەجیهانی و ئیڤرەنسەل وەردەگێری( الكونی).هەرژنێك لەهەرچینیِكی كۆمەڵایەتی و سیاسیدا بێت دەتوانێ لەچوارچێوەی مەفهومە گشتیەكەی 8-مارسدا داكۆكی لەماف و داواكاریەكانی خۆی بكات. جا هەیە لەچوارچێوەی پرسی نیشتیمانی ئەتنیكی، هەشە لەچوارچێوە چینایەتیەكەی و تەنانەت جێندەرەیكەشی. ئەمەیە مەفهومە گشتیەكەی واتای 8-مارس، واتا لەناوەڕۆكدا واتای بۆنەێكی خۆشی ئامێزو جەژن نیە، بەڵكو پێناسە لەڕووداوێك و بەرزڕاگرتنی رٍووداوێك لەمێژوو دەكات كە بۆتە هۆكاری گۆڕنی ئاراستەی تێگەیشتنی مرۆڤایەتی بۆ خودی ئەو رۆڤەی كە ڕەگەزی مێینەیە و فاكتەری سەرەكی پێكهێنانی كۆمەڵگای مرۆڤایەتیەو هەرچەند ووردیشی كەینەوە دەكرێ و هەڵدەگرێ هەڵسەنگاندنو لێكدانەوەی جۆراو جۆری بۆ بكرێت.  بەلام رەوتی فێمێنیزم لەڕووی چەمك و فەلسەفەوە جیاوازە، ئەگەرچی لە هەندێم وێستگەدا یەكانگیرو هاو ئامانج ئەبن لەگەڵ ناوەڕۆكی 8-مارسدا. بەڵام لە بنەڕەتدا مەفهومی 8-مارس بەشێكە لە مێژووی رێڕەوی ڕەتەكانی فێمێنیزمی.

 فێمینیزم بۆ خۆی چییە؟

فێمێنیزم بۆ ژنان شەپۆڵكی فكریە كە داخوازی ئازادی و یەكسانیە. شێوازێكە لەهەڵوێست و ئەندێشە، ژنان بەدرێژای مێژوو لەپێناو ئازادیدا تێكۆشاون. بەڵام وەك شەپۆڵێكی فكری فێمێنیزم لەسەدەی 19 لەوڵاتانی خۆرئاوادا دەركەوتە مەیدان و كاریگەریەكانی بەهەموو جیهاندا بڵاوبۆیەوە. هەموو ڕاكان دەچنەوەسەر ئەوەی كە(چارڵز فرۆیر) یەكەمین كەسەكە ئاماژەی بەتێزی فێمینیزمی داوە.

لەگەڵ سەرهەڵدانی فێمێنیزم، بەشێوەی چەند شەپۆڵكی جیاواز چووە پێشەوە، بەڵام نابی ئەوەمان لە یاد بچێ كە هەموو ئەو شەپۆڵ و جیاوازیانە پەیوەندی ڕاستەخۆی بەزەمین و زەمەنەوە هەبووە. شەپۆڵی یەكەم داواكاریەكانیان لەچوارچێوەی مافەكان پەروەردە، دەنگدان، خاوەندارەیت بوون، دووەمیش  پارێزگاریكردن لەخود و ناسنامەو هەوەها رەنجی شانی خۆیان بوو وەك ژنان. كە پێشەنگەكانیان كۆمەڵك ژنانی زۆر ئازا و ژنانی سەردەمی خۆیان بوون و نمونەكەشیان( سیمۆن دیڤۆرا) بوو. هەموو ئەو ژنانە كە داكۆكیكەری سەرسەختی ژنان بوو ڕەنگە لەسەرتادا خۆیان وەك فێمینیزمێك نەناساندبێ، بەلام دەسەڵاتی پیاوسالاری ئەناڵیزێكی زۆر فراوانی لەبەرامبەریاندا كرد. فێمێنیزم سەلماندنی ئەوەیە كە رەگەزی مێینە تایبەتمەندی سایكلۆژی و سۆسۆلۆژی  تایبەت بەخۆی هەیە و لەم چوارچێوەیشدا پێویستە لە ناو كۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا ڕۆلی خۆی پێبدرێت.

شەپۆڵی دووەمی فێمێنزیم كە لەكۆتای 1970 كان سەرەتای 1980كانەوە سەرهەڵدەدات هاوكاتە لەگەڵ بزاڤە رزگاریخوازەكانی گەلان و لەناویشیاندا بزاڤی رزگاری خوازی گەلی كوردستان لەهەرچوارپارچەكەی كوردستان.

ژنی كورد و 8-مارس و فێمێنیزم

فێمێنیزم زادەی سیستمی سەرمایەداریی و ململانێ چیانیەتیە كە لەدەرئەنجامی هەڵكشانی سیستمی سەرمایەداری لەئەوروپاو بەشێكی ئەمریكاوە هاتەكایەوە. كۆمەڵگای كوردستان بەگشتی بەو قۆناغە مێژوویاندا تێپەڕنەبووە، بەڵكو بەشێوەیكی گشتی لەناوسیستمی دەرەبەگایەتی گیریخواردوو بوە و هەمیشە لەژێردەستی داگیركەراندابووە وبەپێی سیستمی سیاسی  داگیركارەكانی ڕەنگ و شێوەی وەرگرتووە. میللەتی كورد بەدرێژایی مێژوو لەناوقاڵبێكی بەرنگاربوونەودا گوزەراوە، ژنی كوردیش لەهەمان ڕەگ و شێوەدا لەقاڵب دراوە. ببینین ژنی كورد هەمیشە ئاشنای رۆحیەتی بەرنگاربوونەوەیە، بۆیە دەبینین بەبێ ئەوەی شارەزاێكی زۆری لەتێۆریەكانی شۆڕشگێریدا هەبووبێت، هەمیشە ڕۆلی گرنگی لەشۆڕشەكانی بەرنگاربونەوەی داگیركاریدا هەبووە. ژنی كورد ڕەنگە تا ساڵانی 1990 كانیش هەرگیز نەیزانبێی فێمێنیزم چیە، بەڵام بۆ ئازادی نەتەوەكەی تێكۆشاوەو قوربانی داوە.

 فێمێنیزم كە زادەی سیستمی سەرمایەداریە، لەناو ئەمەشدا زادەی بزاڤە چەپ و ناسیۆنالیستەكانە. جا لێرەدا كەمێك بێنە سەر مێژوو بزاڤە چەپ ناسیۆنالیستە كوردیەكان بزانن جێگەو پێگەی ژن چی بووە؟. پێجگە لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)" كەئەمە باسێكی زۆر جیاوازەو دەكرێ لە ووتارێكی ترمدا باسی لێوە بكەم"، هیچ كام لەپارتە چەپ و ناسیۆنالیستە كوردیەكانی تر پرسی ژنیان وەك بەشێك لە ئایدلۆژیا و پرنسیپ بەدەستەوە نەگرتوە و تا ئێستاش ئەم پرسە لەناو پارتە سیاسیە كوردیەكان كە ئێستا دەسەڵاتن بەشێك نییە لەستراتیژ و بڕیارە سیاسیەكان زیاتر هەر لای پیاوانە. بۆیە ژنانی كورد بەتایبەتی لەبەشی باشووری كوردستان هەوڵێكی تاقەت پڕوكێن ئەدەن بۆ ئەوەی بتوانن پارێزگاری لە مانەوەی خۆیان بكەن.

ئەو نەخبەیە كە بەناوی خەبات لەپێناو مافەكانی ژنان لەكاردان، هەرچەندە لەڕووی تیۆریەوە ئاگادارێكیان لە رێڕەوەی خەباتی فێمینیزمی هەبێت، بەڵام لەڕووی بەكرداریكردندا ناتوانرێ وەك پێویست ئەوە لەكۆمەڵگا بگەێنن كە ئاستەنگەكانی بەردەم ئەم یرۆسیسە چین، بۆیە هەمیشە ڕووبەڕووی رەخنە دەبنەوە بەوەی لەزۆربەی وێستگەكاندا دەستەوەستان دەمێنەوە. گەلێك جاریش هەوڵەكان دەكەونە چواچێوەی (الجتهاد)ی كەسی و كێشەكان لەناو بازنەێكی خولاودا دەسوڕینەوە.

گرنگە بزانین كاتێك ئێمەی ژنان یادی ئەو ڕۆژە دەكەینەوە،ئایا 8-ی مارس چ واتاێك بە ئێمەی ژنی كورد دەدات. ئایا رۆژێكە پێناسە لە واقیعی خەبات و تێكوشانی ئێمە دەكات و لەچوارچێوەی مەفهومی ئەو رۆژەدا ئێمە توانیومانە بگەین بەو مافانەی كە8-ی مارس وەك سیمبۆلی بەدەیتهێنانی لەمێژوودا پێناسە كراوە. یاخو لاسایكردنەوەیە و هیچ واتاێكی دیاریكراو نایەخشێو و هیچیش بە واقیعیكەمان ناگۆڕێت. بەڕای منیش بەشێكی زۆر لاسایكردنەوەی تێدا هەیە بە بێ تێگەیشتن لە ناوەڕۆك و مەبەستە سەرەكیەكانی و بەراوردكردنێكی بێ واتا دەگەێنێ بۆ ژنی كورد. ئەكرێ ئێمەی ژنی كوردیش رۆژ شەهیدبوونی شۆڕەژنێكی كورد بكەین بە سیمبۆل بۆ ئەوەی لە پەنایدا داوای مافەكانی خۆمان بكەین رێز لەرۆژی ژنانی جیهانیش بگرین.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.