سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

(8)ی مارس دووبارە دەبێتەوە

08/03/2022


 

سازیان شەهید تاڵب


8 مارسەو وەك هەمیشە مافی ژن لەم ووڵاتەولەووڵاتانی جیهانی سێیەم بەگشتی  پارێزراو نیە و هەموو ساتێك ژن لەمەترسیدایە بۆڕووبەڕووبونەوە لەو كارەساتانە لەوتوندوتیژیانەی دەرهەقی دەكرێت، ئەگەرچی 8 مارس بۆخۆی ڕەمزی بەگژداچونەوەو شۆڕشێكی گەورەی ژنانە ، بەڵام لەئێستادا لەم بارودۆخەدا كاركردن بۆ مەسەلەیەكی گەورەی وەك ژن وەك سەنگەر گرتنە لەناو قورسترین بەرەی جەنگدا،پێویستە سەربازانی ناو ئەم سەنگەرە بەباشی پەروەردەكرابن و ئامادەكرابن بۆ جەنگێكی نەوەستاوە كە ئیشكردنە بۆ مەسەلەی ژن و هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگا، لەبارودۆخێكدا كە خودی ژنەكان ناتوانن باوەڕبەوەبێنن كەئەوانیش وەك ڕەگەزی پیاون دەتوانن ئەوەی دەیانەوێت بەدەستی بێنن و ئیمان بێنن بەئیش كردن لەسەر خودی خۆیان وە ئیش كردن لەناو تۆڕەكانی پاراستنی ژناندا، كاتی ئەوەیە پشت مێزەكان چۆڵ بكەین بێینە سەر شەقام و ناو كۆڵانەكان ژنانی گەڕەك وژنانی ئیشكەرو فەرمانبەر بخرێنە سەر دەنگی ناڕەزایەتی وقبوڵ نەكردنی ژینگەی نالەباری ژیانكردن، 8ی مارسی هەموو ساڵێك شەقام ودام ودەزگاكان پڕدەبن لەووتار و لەدروشم بەئەندازەیەك  شەقام بەڕەنگی مۆر تەی دەبێت؟ ڕێپێوان و دروشم و لافیتە نوسین ، پرسیارەكە ئەوەیە كە ئایا چەندكەس كار بەو دروشمانەدەكات و لەنێوماڵ ‌ولەناودام ودەزگاكاندا دەیكاتە سەرمەشقی كارو وەك نەریتێك لەناو كۆمەڵگا كاری پێدەكرێت تاڕۆژەكانی دواتریشمان ببنە 8ی مارس و ڕێزی ژن وەك خودی خۆی بگیرێت بەبێ‌ ئەوەی سوكایەتی پێبكرێت بەبێ‌ ئەوەی توندوتیژی بەرامبەربكرێت ‌وتوشی قسەوتانەو تەشەربێت لەناو بازاڕ وشوێنەگشتیەكان مافی هەبێت بتوانێت كاربكات وخاوەن دەنگ وماف وگیرفانی خۆی بێت.ئەم وتارو دروشمانە نەیانتوانیوە بەشێكی ئەوپیاوانەبگۆڕێت كەلەناو ڕێكخراو ودامودەزگاكاندا كاردەكەن بەم بۆنەیەوە پیاوانی ئازادیخوازو یەكسان ویست كەوتونەتە بەرتانە وتەشەری هاوڕێكانیان وهەمیشە زەحمەتی زیاتریان كێشاوەكە دەكرێت دووبارە كاریگەری دروست بكات لەسەرچۆنیەتی كاركردنیان.



لێرەوە لەم بۆنە پیرۆزەوە دەمەوێت باس لەو كاریگەریە خراپانە بكەم كە ئەمڕۆ بۆژنانی ناو ڕێكخراوەكان بۆتە بارگرانی و ئەركی سەرشانی قورستركردون بەشێك لەئەو پیاوانەیە كە خۆیان ناوناوە بانگخوازو وتارخوێن، تەنها بە مینبەرەكانیانەوە ناوەستن بگرەتۆڕەكانی سۆشیال میدیا یان كردۆتە مینبەری دووەم كە  هەمیشەبەجۆرێك وێنای ژنانی چالاك وخاوەن كاروژنانی ناوڕێكخراوەكانیان كردوە كەكارەكتەرێكی مەترسیدارن وئەمانە كۆمەڵگاو ژنەكان بەلاڕێدا دەبەن بەبێ‌ ئەوەی یەك بەڵگەیان هەبێت یان بەشداریەكیان هەبێت لەناوئەم ڕێكخراوانەدا شەلم كوێرم دەكەونە ناشیرینكردنی كاروخەباتی چەندین ساڵەی ڕێكخراوەكان و لەبەرچاوی كەسانێكی نەخوێندەوار دێوەزمەیەكیان دروستكردوە بەناوی ڕێكخراوی ژنان بەبێ‌ ئەوەی ڕۆژێك بەڕێبواریش بەلایاندا گوزەریانكردبێت، ئەوە مەترسیدارە كەخەڵكیش وەك مێگەل كەوتونەتە شوێن ئەم بەناو بانگخوازانە و وتەكانیان دووبارە دەكەنەوە،لەڕاستدا پێویستە سەلمێنەری وتەكانیان بن وەیان بخرێنە بەردەمی دادگاومافی ئەوەیان نەبێت تانەوتەشەربدەن بەناوی دینەوەشەرعیەتیان داوە بەخۆیان، بێگومان هەتا ئەوەنەچەسپێت كەهەركەس ئیشی خۆی بكات دەست وەرنەداتە كاری ئەویتر ئەم پاشاگەردانیە بەردەوام دەبێت بێدەنگی حكومەت ومافی گشتیش ئەوەندەی ترپشت ئەستوری كردون.



هەمووساڵێك لەوتار ونوسینەكانمادا ئەو هیوایە دەخوازین كەساڵانی ئایندە بارودۆخی ژن بەرەو باشتردەبێت ژنان دووبارە دەچنەوە سەر مافی خۆیان وكار دەكرێت بەو دروشم ووتانەی كەچەندین ساڵە خەباتی بۆدەكرێت وئەو تەمە لەسەر ئاسمانی ژن دەڕەوێتەوە هەموویەك دەنگ لەناو ژینگەیەكی ئازاد ویەكسان وەك دووبونەوەری جوان ژیان دەكەین،بەڵام 8 ی مارسێكی دیكەیەتەوەو ئێمەدووبارە لەهەمان خاڵداین وهەربەهیواین، لێدان و سوكایەتی و كوشتن و سوتاندن و لەناوبردنی كچان‌وژنانی ئەم چەند مانگەی دوایی سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە كە ژنەكان نەك پارێزراو نین بەڵكو مەترسیدارترین جێگا بۆیان ناو ماڵەكانی خۆیانە، كەواتە ئەرك وخەبات قورسترو هەوڵەكان دەبێت زیاتر بكرێت لەپێناو چەسپاندنی مافی مرۆڤ وەمافی ژن بەتایبەتی چونكە لەبیرمان نەچێت كۆمەڵگا پێش ناكەوێت هەتا ژنەكانی دایكەكانی كچەكانی پێشنەكەون، بێگومان گەشەكردن‌و پێشكەوتنەكان پێویستی بە ئارامی و ژینگەی پڕ لەئاسایش هەیە.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.