لەنجە عەلی
تێنەگەیشتن لە ژینگە و چواردەوری خۆت و کەوتنە ژێرکاریگەری چەپڵە و هوتافی نوخبە و خوێندەواری ساختە، کۆتاییەکەی تراژیدیایەکی ترسناک دەبێت، کە زۆر کات بە مردوی لێی دێیتە دەرەوە. بێگومان دروشمەکانیان فریوت دەدەن بۆ ئەمەیان هیچ ناحەقت ناگیرێت، چونکە بەڕاستی دروشم و قسەکانیان ڕەنگین و سەرنجڕاکێشن!
بەڵام کە دەکەویتە مەترسییەوە و خەریکی ڕۆحکێشانتن هیچ کەسێکیان لە دەوری خۆت نابینیت و بەتاک و تەنها بەجێت دەهێڵن!
هێبرت سبێنسەر لە دەمێکە وتوویەتی "مانەوە بۆ بەهێزەکانە" پشت بەست بەمە تۆ دەبێت هەم شەڕ بکەیت، هەم تێشبگەیت چونکە کە کوژرایت هەواڵی مەرگت هات هەموو شتێک لە پۆست و ستۆری و پیاهەڵدانێکی عاتفیانە و کۆبوونەوەیەکی ڕوکەش و بێناوەڕۆکدا کۆتایی دێت!
کاریگەر مەبە بەو ژن و کەسانەی کە بەهۆکارێکی کۆمەڵایەتی یاخود جوگرافی خێزانەکانیان ئاستی تێگەیشتنیان زیاترە لە ئەوانی تر و قبوڵیان بووە مێینەکانیان وەک خۆیان بژین و دەقاو دەق لاساییان بکەیتەوە! چونکە پێکهاتەی خێزانی لۆکاڵی خۆمان زۆر داخراوە و کۆمەڵگاکەمان لە کەلتوریدا کێشەدار و توتندوتیژە. بۆ قوتاربوون لەم کێشانە تەنها پێویستت بەوەیە خۆت پەروەردە و بکەیت بە خوێندنەوە و خۆ ڕۆشنبیرکردن. بێگومان بەبێ ئەوەی بکەویتە داوی ( ڕۆشبیری موزەیف و ساختە و چەپڵەلێدەر بەوەی بگەن بە خۆت نەک بگەیت بە خۆت!)
ڕۆژانێک لە ناو خێزانەکەی خۆمەوە ڕوبەڕووی چەندین کێشە و توندوتیژی وهەڕەشەبوومەتەوە.
من لە خێزانێکی ناودار و ڕۆشنبیر و نووسەر نەبووم.بۆ ئەوان قورس بوو لە سەرەتاوە کە من دەنگی خۆمم هەبێت. ڕۆژانم هەبووە کە بڕوام نەکردووە بە زیندووی لێی دەربچم و چاوەڕێی فیشەکەکە بووم. هەرگیز قسەی یەکیک لە خزمەکانم بیرناچێتەوە کە وتبووی؛بیبە ن بۆ لای ئاوەکەی دوکان و بە بلۆکێکەوە بیبەستن و بیخەنە ئاوەکەوە دوای بڵێن خۆی خنکاوە!
ئێستاش کە بیری لێدەکەمەوە دەتۆقم . بەڵام کۆڵم نەدا لەوەی بۆیان ڕون بکەمەوە کە من بۆ دەمەوێت دەنگی خۆم هەبێت. لە دوای تێپەڕینی ئەو ڕۆژانە. ئێستا باوک و پیاوان و کەسانی گەورەی خانەوادەکەم بۆ بڕیارە گرنگەکانی خێزانەکەمان دەگەڕێنەوە و ڕاوێژم پێدەکەن!
کچان و ژنانی ئازیز لە بیرتان بێت ئێمە هەمیشە لە جەنگداین بەبێ ئەوەی جل و بەرگی سەربازیمان پۆشی بێت. تۆ پێویست بە ڕێکخراوی ژنان و هیچ کەسێک نییە بیکەیتە مامۆستای خۆت. تۆ پێویستت بە کۆمەڵێک کتێب و مۆبایلەکەی دەستە تا بە شوێن زانیاری بگەڕێت بۆ تێگەیشتن لە هۆکار و مێژووی کێشەکە دواتریش وریایانە دانانی پلان و ستراتیژ بۆ ئامانجە باشەکانت و ئەو ژیانەی دەتەوێت بە مەرجێک زەرەر لە کەس نەدەیت! لە بیرت بێت پیاوانی توندتیژ خۆیان قوربانی دەستی کەلتور و سیستمێکی گەورەترن. تەنها ڕەفتاری ژیرانە و عەقڵانی دەتوانێت ئەم هەموو گرێیە بکاتەوە!
ئەم قسەیە لە من وەربگرە؛ بەبێ تێگەیشتن و هۆشیاربوون بە سیاقی کۆمەڵایەتی و کەلتووری و هەنگاوی خێرا و دیراسە نەکراو مەرگی خۆت پێشتر دەخەیت. گوێش بە هاشتاگچی و پۆستچیەکانی پشت مۆبایل مەدە و مەکەوە ژێر کاریگەریان، چونکە كە وادەی ڕۆحكێشانت و بە قوربانیکردنت هات لەگەڵت نامێننەوە و بەتەنها دەمریت…