سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

مەڵبەندە كوردنشیینەكان پێش دەركەوتنی ئایینی ئیسلام

10/03/2022



كەیوان ئازاد  

هەرێمی چیا

مـەبەست لـە (هەرێمی چیا) ئـەو ناوچە بەرفراوانە بوو، كە كەوتبووە بـەری خۆرهەڵاتی هەرێمەكانی (خۆراسان، ئیسفەهان) و باكووری خۆرهەڵاتی هەرێمەكانی (فارس و خوزستان). لە بەری باكووریشەوە ناوچەكانی دەیلەم و دەریاچەی خەزەر بوو. لە باشووریشەوە عێراقی عەرەبی و بەشێكی خوزستان دەوریان دابوو.

لە سەرچاوە عەرەبییەكانیشدا بە (ماە كووفە و ماە بەسرە) تۆمار كراوە، چونكە لەدوای گەیشتنی عەرەبە موسڵمانەكان بە باشوور و ناوەڕاستی عێراقی ئێستا و دروستكردنی شارەكانی (بەسرە) لە ساڵی (15ك/ 636ز) و (كووفە) لە ساڵی (17ك/ ز638)، سەرجەم داهاتەكانی ئەو هەرێمە بۆ ئەو (دوو) شارە عەرەبییە دەگەڕایەوە و دواتر لەو دوو شارەوە ڕەوانەی پایتەختی دەوڵەتانی خەلافەت دەكرا لە (مەدینە، كووفە، دیمەشق) لە سەردەمی هەردوو دەوڵەتی خەلافەتی (ڕاشیدی و ئومەوی)دا.

لە گرنگترین شار و مەڵبەندە كوردنشینەكانی هەرێمەكەش ئەمانە بوون:

1- هەمەدان: گەورەترین شاری هەرێمەكە بوو، چونكە پایتەختی دەوڵەتی ماد و پایتەختی هاوینەی دەوڵەتانی ئەشكانی و ساسانی بوو. شوورایەكی بەرز و پتەو دەورەی دابوو، كە چوار دەرگای ئاسن شووراكەی بە دەرەوە دەبەستەوە. خاوەنی ڕەز و باخی گەورە و سەرچاوەی ئاوی بەكەڵك و سازگار بوو. هاوینی فێنك و زستانی سارد و وشك بوو.

2- دینەوەر: یەكێك بووە لە شارە گەورە و گرنگـەكانی هەرێمەكە و كەوتبووە بەری خۆرئاوای شاری (هەمەدان) و بەری باشووری خۆرهەڵاتی شاری (كەنگاوەر) و بەری باشووری خۆرئاوای شاری (قرەمسین)، واتە (كرماشان). شارەكەش سێ یەكی شاری (هەمەدان) و سەرباری بچووكی، بە شارێكی بەپیت و كشتوكاڵیی دیار ناسرابوو. ناوی (دینەوەر)یش لە (دینەور)ی سریانی وەرگیرابوو، كە یەكێك بووە لە خوداكانی سریانی و لە سەردەمێكی كۆنی مێژوویی، كە مێژووەكەی تا ئێستاش دیار نییە، لەو شارەدا دانرابوو.

3- قەرەمسین: مەبەست لە شاری (كرماشانی ئیمڕۆیە) و بە شارێكی ئاوەدان و بایەخدار و گەورە ناسرابوو. بەتایبەت بەهۆی بوونی كێوی بێستوون و تاقی بوستان، كە وەك (دوو) شوێنەواری مێژوویی ناوبانگێكی گەورەیان بە شار و ناوچەكە دابوو. شارێكی جوان و بازرگانیی گرنگ و خاوەنی سەرچاوەی ئاوی سازگار بوو.

4- كنگاوەر: كەوتبووە نێوان (ئەسەد ئاباد و قەرەمسین) و شارێكی كوردنشین و بەپیت و بچووك، بەڵام بەهۆی بوونی ئاتەشكدەی ئاناهیتای زەردەشتی، ناوبانگێكی گەورەی بە شارەكەدا بوو.

5- نەهاوەند: كەوتبووە باشووری هەمەدان و بە شارێكی گەورە و جوان ناسرابوو. خاوەنی ڕووبار و ڕەز و باخی گەورە بوو.

6- بروجرد: كەوتبووە باشووری شاری (نەهاوەند) و بە شارێكی بەپیت و دەوڵەمەند بە جۆراوجۆری میوەی جوان و باش و بەتام ناسرابوو. میوەكانیشی بۆ شاری (كەرەج) بار دەكران و لەوێ دەفرۆشران، شارەكەش لە شێوەدا شارێكی درێژ بوو، نەك بازنەیی و خاوەنی بازاڕی گەورە بوو.

7- حولوان: شارێكی گەورە و ئاوەدان و دەوڵەمەند بووە. ئاووهەوای سازگار و ڕەز و باخی گەورەی هەبووە. سەرەڕای ئەوەی زستانان بەفر شارەكەی دادەپۆشی، بەڵام هەوای وشك نەبوو. ئەمەو گەرچیی شارەكە بە بڕوای هەندێك كەس سەر بە هەرێمی عێراق بووە، بەڵام لە ڕاستیدا سەر بە هەرێمی چیا بووە.

8- خانەقین: شارێكی هەرێمەكە و كەوتبووە خۆرئاوای شاری (قرمسین). لە زاراوەی (خان قین) یان (خان گین) وەرگیرابوو، بە واتای (ماڵی خۆمان). شارێكی ئاوەدان و كوردنشین و دەوڵەمەند بوو. ڕووباری (ئەلوەند)، كە بە ناوەڕاستی شارەكەدا تێپەڕ دەبوو، جوانی و سەرچاوەیەكی گرنگی ئاویی بە شارەكە بەخشیبوو. پردە گەورەكەشی، هەردوو بەری شارەكەی بەیەكەوە بەستبووەوە.

9- لۆڕ: شارێكی بچووك و كوردنشین و كەوتبووە نێوان هەردوو هەرێمی (چیا و خۆزستان). لای هەندێك كەس سەر بە هەرێمی خۆزستان بوو، بەڵام لەسەر لێواری باشووری هەرێمی چیا و بەشێك بووە لێی.

10- مەندەلی: شارێكی باشووری هەرێمەكە بوو. زاراوەكەش لە زاراوەی (وندنیك)، واتە (خاوەن موڵكە باشەكان) وەرگیرابوو. بە شارێكی بەپیتی كشتوكاڵی و كوردنشین ناسرابوو.

11- شارەزوور: شارێكی بچووك و بەناوبانگی هەرێمەكە و بە مەڵبەندی ناوچەیەكی دەوڵەمەندی كشتوكاڵیی بەپیت ناسرابوو.

12- سیروان: شارێكی بچووك و دەوڵەمەند بە خورما و گوێز بەناوبانگ و لە سەرچاوەی ئاویشدا زۆر دەوڵەمەند بوو. هەر ئەوەش بایەخی كشتوكاڵیی ناوچەكەی زیاد كردبوو.

13- جەلەولا: شارێكی ئاوەدانی هەرێمی چیا بوو. یەكەمین وێستگەی كوردنشین بووە، كە ڕووبەڕووی سوپای عەرەبی ئیسلامی بووەوە و (هەشت) ڕۆژ بەرگریی كرد، تا كەوتە دەست سوپای عەرەبی ئیسلامی. شارەكە كەوتبووە باكووری خۆرهەڵاتی شاری (تەیسەفون)ی پایتەختی ئیمپراتۆڕیەتی ساسانی.

ئەم هەرێمە سەرباری فراوانی و دەوڵەمەندیی بە ئاوی سازگار و زەویی بەپیت و كشتوكاڵی و سامانی ئاژەڵ، سەرەڕێگای بازرگانیی ئاوریشم بوو بەرەو عێراقی عەرەبی. زۆرینەی ڕەهای دانیشتوانەكەشی كورد بوون، لەگەڵ چەند پێكهاتەیەك لە ئاسووری و كلدانی. باوەڕی ئایینیی خەڵكەكەش تا گەیشتنی ئایینی ئیسلام بە سنوورەكە زەردەشتی و بەشێك لە پەیڕەوانی جوو و مەسیحی تێدابوون. سیستەمی كۆمەڵایەتیی خەڵكەكە خێڵەكی و هۆزایەتی بوو. بەهۆی ئەوەی كەوتبووە نێوان خاكی ئێران و عێراقی عەرەبی، چاوی زلهێزەكانی مێژووی كەوتبووە سەر، بۆیە خاوەنی زۆرترین شار و ئاوەدانی بوو، سەرباری ئەوەی چەقی ململانێی زلهێزەكانی مێژووش بوو.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.