سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

کچی نێرگەلەکێش و پزیشکی مەلا

15/03/2022


 

د.سالار تاوگۆزی

بەشێک لەهۆکاری دواکەوتوویی کۆمەڵگا ئیسلامییەکان، لەپێشیانەوە کۆمەڵگەی کوردیی ئەوەیە هەندێک لە پزیشک و ئەندازیار و ڕاگەیاندنکارو مامۆستای زانکۆ و بازرگان و بەرپرس و دایک و باوک و ڕۆشنبیر و گەنج و چی و چییەکانیان وەک مەلایەکی سەلەفی بیر دەکەنەوە. هەندێکی دیکە لەوانە لەکردەوەیشیاندا پێچەوانەی بیرکردنەوەی خۆیان هەڵسوکەوت دەکەن و مونافیقن.

 

لەم ڕۆژانە پزیشکێکی بیر مەلا (لەگەڵ ڕێزم بۆ مەلا باش و بیرکراوەکان) لەکەناڵێک گوتی: ئەو کچەی نێرگەلە دەکێشێت مەیخوازە. سێ جاریش جەختی لەقسەکەی کردەوە.

 

جارێ ئەمە ئیشی ئەو نییە لەباسی بابەتە پزیشکییەکەیەوە بچێتە سەر باسی بابەتێکی کۆمەڵایەتی و ئاوها بیر تەسکانەو نێرسالارانە و مەلایانە سەبارەت بە پرۆسەی هاوسەرگیری ئامۆژگاری خەڵک بکات.

 

پاشان هیچی نەگوت سەبارەت بە ئەو کوڕانەی کە بەدمەستانە جگەرە و نێرگەلەو مەی و تلیاک و حەشیش و شیشەو ماددە هۆشبەرەکان بەکاردەهێنن.

ئێ جەنابی پزیشک مەرج نییە هەر کچێک نێرگەلەکێش بێت خراپ بێت، مەرجیش نییە هەر کچێک حیجاب و نیقاب بکات فریشتە بێت. من کچی نێرگەلەکێش دەناسم زۆر بەڕێز و داوێنپاکە، کچی نیقابکەریش دەناسم هەرچی خودا پێی ناخۆش بێت و لە داب و نەریتی کۆمەڵگای ئیسلامی و کوردەواری ناماقوڵ بێت دەیکات.

مەلای سەلەفیش دەناسم ژنی خەڵکی دزیوە، بانگخوازیش دەناسم دۆسیەی غەرامیاتی هەیە، حاجی و کادیری ئیسلامی سیاسیش دەناسم لە مامەڵە و عەقارات قۆڵی خەڵکی بڕیوە.

 

هەروەها مامۆستای زانکۆو پزیشکیش دەناسم لەناخەوە مولحیدن کەچی بەزمانی مەلا و پیاوی ئایینی قسان دەکەن تا بازاڕیان لەکزی نەدا.

 

هەروەها پزیشکیش هەیە کاری مەلاو بانگخواز دەکات تا بەناوی ئایینەوە خەڵکی فریو بدات و بیانبات بۆ نەخۆشخانە بەناو بەخشەرو خێرخوازەکەی و لەوێ بازاڕی خۆیان پێ گەرم بکات و گیرفانیان ببڕێت. دەزانم چەندین نەخۆشیش لەنەخۆشخانەکەی بە دەرمان و نەشتەرگەری سەقەت و پەقەت کراون، بەڵام ناوێرن باسی بکەن، چونکە کۆمەڵگە ئیسلامیزەکراوەکەمان باوەڕیان پێناکات، هەروەک چۆن تا ماوەیەکی زۆر باوەڕی بە بەدڕەویشتییەکانی مەلایەکی سەلەفی نەکرد، کاتێکیش باوەڕی کرد پاساوی بۆ دەهێنایەوە دەیگوت: مەلاش غەڵەت دەکات و هەموو کەسێک شیاوی تاوانەو ئیشەڵڵا بەتەوبەیەک خودا ئەو تاوانە سێکسییەی لەکۆڵ دەکاتەوە.

 

ئەمە بەشێک لەوەڵامی من بوو بۆ پزیشکێکی پێشکەشکاری بیرمەلا، گوێ لەوەڵامی ئەم کچە باشەش بگرن کە لە ڤیدیۆکەدا ژیرانە دەدوێت.

ڤیدیۆ


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.