سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

مەڵبەندە كوردنشیینەكان پێش دەركەوتنی ئایینی ئیسلام

19/03/2022



كەیوان ئازاد  

كوردستان و كورد لە قۆناغی مێژووی سەدەكانی ناوەڕاستدا

هەرێمی ئازەربایجان

هەرێمی ئازەربایجان، یان بە واتە مێژووییەكەی (ئازەربایگان) یەكێكی دیكە بوو لە مەڵبەندە كوردنشینەكان لە قۆناغی مێژووی كۆن و سەدەكانی ناوەڕاستدا. لە ڕووی جوگرافییەوە كەوتبووە باشووری هەرێمی ئاران و باكوور و باكووری خۆرئاوای هەرێمی چیا. لە بەری خۆرهەڵاتیش دەریاچەی خەزەر و ناوچەكانی (دەیلەم، تارم، گیلان) بوون. بەشێكی خۆرئاوا و باكووری خۆرئاواشی بە هەرێمی ئەرمەنستانەوە بەسترابووەوە.

بە هەرێمێكی فراوان و فرەڕەگەز و فرەئایین و بازرگانی ناسرابوو، چونكە ڕێگایەكی ئاوریشم بەو هەرێمەدا تێپەڕ دەبوو كە سەرباری ناوبانگەكەی، داهاتێكی باشی بۆ دانیشتوانەكەی دروست كردبوو. دیارە لەگەڵ ئەوەی زۆرینەی هەرێمەكە كوردنشین بوون، بەڵام چەندین پێكهاتەی تری وەك (ئەرمەنی، ئاسووری) و دواتر (ئازەری) ڕوویان لە هەرێمەكە كرد. ناوی (ئازەربایجان)یش لەدوای هاتنی نەتەوەی ئازەر كەوتە نێو ناوان، كە قۆناغ بە قۆناغ دەستی بەسەر هەرێمەكەدا گرت. لـە گرنگترین مەڵبەندە كوردنشینەكانی هەرێمەكەش ئەمانە بوون:

1- تەورێز: دیارترین شار و مەڵبەندی كوردنشینی هەرێمەكە بوو، تا هاتنی شاڵاوی سەربازیی عەرەبە موسڵمانەكان بۆ ناو هەرێمەكە. شارەكە كەوتبووە خۆرهەڵاتی دەریاچەی ورمێ و بە شارێكی گەورە و ئاوەدان و بەپیتی كشتوكاڵی و مەڵبەندی بازرگانیی هەرێمەكە ناسرابوو.

2- ورمێ: كەوتبووە خۆرئاوای دەریاچەی ورمێ و شاری تەورێز و باشووری شاری سەڵماس. بە شارێكی جوان و بەپیت و دەوڵەمەند ناسرابوو. یەكێكیش بوو لەو شارانەی شمەكی زۆر هەرزان و خاوەن بازاڕێكی گەورە بوو، چونكە خەڵكی هەر لە كۆنەوە و بەهۆی پێگەكەی، بۆ مەبەستی بازرگانی دروست كرابوو، بۆیە چەندە بایەخی كشتوكاڵیی هەبوو، بەهۆی زەوییە بەپیتەكانی، دوو ئەوەندە بە شارێكی بازرگانی ناسرابوو، بەهۆی زۆری بەرهەمی كشتوكاڵی و پیشەی دەست و كاڵای بازرگانی.

3- مەراغە: كەوتبووە بـاشووری تەورێز و خۆرهەڵاتی شار و دەریاچەی ورمێ، كە ڕووباری (صافی) پێدا تێپەر دەبوو. بە شارێكی دڵگیر و ئاوەدان و كشتوكاڵی هەرێمەكە ناسراوە. سەرەڕای چڕیی دانیشتوانی و دەوڵەمەندیی خاكەكەی، بە قەڵا گەورەكەشی بەناوبانگ بوو.

4- شنۆ: كەوتبووە باشووری شاری ورمێ و باشووری خۆرئاوای دەریاچەی ورمێ. بە شاری میوەی جوان و بەتام بەناوبانگ بوو. ئەوەش بەهۆی دەوڵەمەندیی بە سەرچاوەی ئاوی سازگار و كارێز و كانیاوی پاك.

5- سەراب: كەوتبووە باشووری خۆرهەڵاتی چیای سبلان و لەنێوان هەردوو شاری (ئەردەبیل و تەورێز)دا بوو. بە شارێكی جوان و دەوڵەمەند ناسرابوو. ڕەز و باخە گەورەكانی ناوبانگێكی زیاتریان پێ بەخشیبوو.

6- میانە یان میاندواو: كەوتبووە نێوان (تەورێز و مەراغە) و شارێكی بچووك و دڵگیر بوو. هەروەها لە ڕیزی شارە بەپیت و ئاوەدان و هەرزانەكانی هەرێمەكە ڕیزبەند كرابوو.

7- خۆی: كەوتبووە خۆرئاوای سەرند و باكووری سەڵماس و باكووری خۆرئاوای تەورێز و بە ڕەز و باخ دەورە درابوو. هەروەها بە شارێكی دەوڵەمەند بە میوەی جۆراوجۆر بەتایبەت (ترێ)، ناسرابوو، كە لە دروستكردنی شەڕابدا سوودی لێ وەردەگیرا.

8- سەڵماس: كەوتبووە باكووری خۆرئاوای دەریاچەی ورمێ و باشووری خۆی. بە شارێكی بچووك و دەوڵەمەند ناسرابوو. یەكێكیش بوو لە شارە پڕ دانیشتوانەكانی هەرێمەكە و شوورایەكی گەورەی لە بەرد دروستكراویش دەوری شارەكەی دابوو.

9- خاڵخاڵ: كەوتبووە باشووری شاری ئەردەبیل. بە ڕەز و باخی گـەورە و گـــوندی زۆر ناســـرابوو. قەڵایەكی سەختی تێدا بوو، كە هەموویان كورد بوون.

10- ئەردەبیل: كەوتبووە باكووری خۆرهەڵاتی هەرێمەكە، بە شارێكی جوان و دەوڵەمەند ناسرابوو. یەكێكیش بوو لەو شارانەی هەرێمەكە، كە ژمارەیەكی زۆری خەڵك تێدا نیشتەجێ بوون.

ئەم هەرێمە وەك ئاماژەمان پێ دا، بە هەرێمێكی فرەنەژاد و فرەئایین ناسرابوو. لەگەڵ ئەوەی، تا دوای هاتنی عەرەبە موسڵمانەكان بۆ ئەو هەرێمە و سێ سەدە لە دەسەڵاتداریشیان، زۆرینەی دانیشتوانەكەی كورد بوون، بەڵام دواتر توركەكان ڕوویان تێكرد و یەكێك لە ڕەگەزەكانیان، كە ئازەری بوون، بە لێهاتوویی و زەبر و هێزی سیاسییان دەستیان گەیشتە چەندین ناوچە و شاری هەرێمەكە. تا ئەوكاتیش ئەوان خۆیان كردە برابەشی كوردەكان. هەرێمەكە ئاوەدان و مەڵبەندی چەندین هۆز و بنەماڵەی كوردی بوون، كە دیارترینیان هۆزی هازبنی كوردی بوون.

باوەڕی خەڵكەكەی ئەم هەرێمەش، بەگشتی زەردەشتی بوون، سەرباری پێكهاتەی ئاسووری و ئەرمەنییەكان، كە مەسیحی بوون. ئایینی جووش باوەڕی بەشێكی خەڵكەكەی پێكهێنابوو، كە زیاتر بە كاری بازرگانی و پیشەی دەست و ئاڵوگۆڕی دراوەوە سەرقاڵ بوون. خانووەكانی هەرێمەكەش (گەچ و بەرد) و هونەری تەلارسازی بە بەشێكی باڵەخانەكانی شار و پەرەستگا ئایینەكانی جوو و زەردەشتی و مەسیحییەوە دیار بوو.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.