سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

دروستکردن و ئڤلوشن کردنی RNA

27/03/2022


 

گۆران ئیبراهیم

 

کاتێک دێتە سەر چۆنیەتی بەرپابوونی ژیان، چەند پێناسیەک و کەرستەیەکی بنەماییمان هەیە کە دەبێت یەکلایی ببێتەوە بۆ ئەو مەبەستە.

بە پەیوەست بە پێناسەی ژیان، وەک لە کتێبی (گەردوون، کات و پەیدابوونی ژیان) باسم کردووە بە درێژی، راستیەکەی ئێمە تا ئێستاش پێناسەیەکی زانستی تەواوەتیمان نییە بۆ ژیان. دیاردەکانی وەک بێچوو خستنەوە (شێوازی خۆ دروستکردنەوە) یاخود میتابۆلیزم و تەنانەت ریزبەندی جەنەتیکیش، ناتوانێت پێناسەیەکی یەکجاری زانستی ژیان بکات (هەر بۆ نموونە، ڤایروس ریزبەندی جەنەتیکی هەیە بەڵام ناتوانێت سەربەخۆیانە شێوازی خۆی دروست بکاتەوە و لەبەر ئەوە بە شتێکی زێندوو ناژمێردرێت….و هتد).

 

بە پەیوەست بە کەرستەکانەوە، ریزبەندی DNA و ریزبەندی ئەمینۆ ئەسیدەکان، زۆر گرنگن. خانەی زێندوو ناتوانێت بەبێ ئەو دوو کەرستەیە بوونی هەبێت. بەڵام، پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کە کامیان یەکەمجار هاتنە کایەوە؟ ریزبەندی DNA یاخود ریزبەندی ئەمینۆ ئەسیدەکان؟ 

 

بە پەیوەست بەو پرسیارانەش، کێشەیەکی زۆر گەورە هەیە، چونکە بەبێ ریزبەندی DNA، پرۆتین دروست نابێت و بەبێ پرۆتینیش هەیچ کارێکی ئەوتۆ ئەنجام نادرێت لە خانەی زێندودا. تەنانەت ریزبەندی DNA، پێویستی بە پرۆتینە بۆ ئەوەی بکرێتەوە و کۆپی بکرێت. کەواتە کامیان یەکەمجار هاتنە کایەوە؟

 

ئەمەش وەک پرسیاری مریشک و هێلکەکەی لێهات… لە کاتێکدا وەڵامی مریشک و هێلکەکەمان بە ئاسانی دۆزییەوە، ئەمەیان لەوە نەدەچوو کە ئاسان بێت.

 

باشترین شیکردنەوە بە پەیوەست بەو کێشەیە بە ناوی (جیهانی RNA ناسراوە)، ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە RNA، نەک بە تەنیا دەتوانێت وەک کۆدی DNA زانیاریەکان رابگرێت، (تەنانەت لە هەمان مۆڵیکیولەکانی DNA یش پێکهاتووە، تەنیا مۆڵیکولەی uracil نەبێت کە لەجیاتی Thymine ی  DNA هەیەتی)، بەڵکوو لە DNA زۆر گونجاوتر بووە، چونکە پێویستی بە پرۆتین نییە بۆ کردنەوە و لە هەندێ جاریشدا رۆڵی هەردوو لە DNA و پرۆتینیش دەبینێت (وەک catalyst کار دەکات و بەرخوردەکان خێراتر دەکات، واتە ئەنجامدانی کاری پرۆتین).

 

بە واتایەکی تر، پێش ئەوەی خانەی زیندوو هەبوبێت، پێش ئەوەی DNA یاخود ریزبەندی ئەمینۆ ئەسیدەکان هەبوبێت، مۆڵیکیولەکانی RNA بەناو پرۆسەی (هەڵبژاردنی سروشتی) تێپەریوون و ئڤلوشنیان کردووە و هەیکەلی ئاڵۆزتریان هێناوەتە کایەوە کە سەرئەنجام سەری هەڵکێشاوە بۆ هاتنە کایەوەی یەکەم خانەی زێندوو. زۆر لێکۆڵینەوە و تاقیکردنەوەی تر کراوە لەسەر ئەو دیاردەیە، بەڵام ئەمەی کە لەم ماوانەدا ئەنجام درا لە یابان، بەڵگەیەکی زۆر بەهێزە لەسەر (جیهانی RNA).

 

لەم تاقیکردنەوەیەدا، مۆڵیکیولەکانی RNA رێکخران بە جۆرێک کە میکانزمی (خۆ-تازە کردنەوە)ی تێیاندا بێت Qβ replicase، پاشان سەرنج درا لەگەڵ تازەبوونەوەی ریزبەندی RNA، گۆرانکاری هاتۆتە کایەوە (میوتەیشن رویداوە). ئەمەش، بووە هۆکاری هێنانە کایەوەی (تایبەتمەندی جیاواز). پاشان سەرنج درا لە کاتێکدا کە دوبارە گردبوونەوەی RNA رودەدات RNA recombination، هەندێ لەو جینانە سڕاوەتەوە و RNA ی مشەخۆر هاتۆتە کایەوە! پاشان ئەو RNA ی مشەخۆرە زیاتر تێکەڵاوی RNA کانی تر کرا و سەرنج درا ئەوە خۆی لە خۆیدا هاندەری تازەبوونەوەی RNA کانی تر بووە. ئەم تاقیکردنەوەیە لەژێر پلەی گەرمی 37ی سەدیدا ئەنجام درا لەناو دڵۆپی ئاودا کە لەناو دڵۆپە رۆندا راگیرابوو.

 

بە گوێرەی ئڤلوشنەکەی داروین، ئەگەر دوو جۆر کێشمەکێش بکەن لەسەر هەمان سەرچاوە و هەمان (شوێن ئیکۆلۆژی)، ئەوە بە لەناوچوونی یەکێکیان تەواو دەبێت. لەلایەکی ترەوە، ئەگەر هەمەجۆرەی جیاواز هەبێت کە سەرچاوەی جیاواز بەکار دەهێنن، ئەوە نەک بە تەنیا ئەوەندە نابێتە هۆکاری لەناوچوونی یەکتری، بەڵکوو هاندەری مانەوە و بەردەوامبوونیش دەبێت. 

 

زۆر بە سەرسامییەوە، لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەمە تەنیا مۆڵیکیولەی RNA یە، بەڵام هەمان دیاردە سەرنج درا! دەرکەوت کە RNA کان، زۆر بەباشی خۆیان تازە دەکەنەوە و گەشە دەکەن لە کاتێکدا سەرچاوەی جیاواز دروست بووە بۆیان (بۆ نموونە، RNA مشەخۆرەکان لەسەر RNA تر دەژیان، نەک سەرچاوەکانی ئەوان).

 

 

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.