سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

تەلەسکۆپی جێمس‌ وێب یەکەم وێنەی ڕوونی ناردەوە

28/03/2022


 

نوسینی: لوقمان حەوێز

 

لەبەرواری 11 ئاداری 2022 واتە بەر لە 10 ڕۆژ توانرا هاوێنەکانی تەلەسکۆپی جێمس وێب بەتەواوی هاوسەنگ بکرێن لەگەڵ یەکتر بۆ ئەوەی بتوانرێت لەمەودوا وێنەی ڕوون و داتای ورد تۆمار بکات.

 

ئەو کارەش بەسەرکەوتویی تاقیکرایەوە و بەمەش جێمس‌ وێب توانی یەکەم وێنەی ڕوونی ئەم ئەستێرەیە بچرکێنێت، ئەستێرەکە لەنێو گەلەئەستێرەکەی خۆمانە و نزیکەی 2000 ساڵی تیشکی لەئێمەوە دورە، واتە ئەو وێنە و تیشکەی دەیبینن هی پێش دوو هەزار ساڵە و ئێستا تیشکەکان لە ئەستێرەکەوە گەیشتوون بە هاوێنەکانی تەلەسکۆپی جێمس وێب، ناوی‌ئەستێرەکە ئەمەیە:

2MASS J17554042+6551277

 

قەبارەی وێنە ڕاستەقینەییەکە زۆر‌ گەورەترە لەم وێنەیەی ئێرە و ئەگەر زووم بکرێتە سەری سەدەها گەلەئەستێرە دەبینرێت لە پشت ئەستێرەکە کە دەیەها و سەدەها ملیۆن ساڵی تیشکی دورن، گرنگی تەلەسکۆپی جێمس وێب لەوەدایە کە نەوەک تەنیا وێنەی ئۆپتیکاڵی تیشکی خوار سوری تەنەکان دەچرکێنێت بەڵکو داتایەکی زۆریش لەگەڵ وێنەکان تۆمار دەکات لەسەر شیتەڵکردنی شەبەنگی ئەو تیشکانەی کە لە هەر تەنێکەوە دەردەچن و تۆماردەکرێن بەشێوەی زانیاری لەسەر هارد درایڤی کۆمپیوتەرە سێنتڕاڵیەکەی سەر تەلەسکۆپەکە، لەوێشەوە لە ڕێگەی شەپۆڵی ڕادیۆیی پەیوەندیکردنەوە ئەو زانیاریانە دەنێردرێنەوە بۆ بنکەکانی ناسا و تاوتوێی‌ ئەو زانیاریانە دەکرێت.

 

بۆ ئەوەی جێمس وێب بتوانێت بەتەواوی دەست بەکاربێت و پشکنینە هەرە گرنگەکان ئەنجام بدات پێویستی بە دوو تا سێ مانگی ترە تاوەکو هەموو پارچەکانی بەتەواوی سارد دەبنەوە و پلەی گەرمی ئەو پارچانە لایەنی کەم دەگەنە 230 پلەی سەدی لەخوار سفر.

 

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.