سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

هاوتایی بۆ هەیە و چۆن هاتۆتە کایەوە؟

04/04/2022


 

گۆران ئیبراهیم

 

 

واتای (هاوتایی) لە بایۆلۆژیدا، بەو دابەشبوون و لەیەکچونانە دەوترێت کە بە شێوازێکی (تا ئاستێک) یەکسانی و وەک یەک دەردەکەون. هەر بۆ نموونە، هاوتایی لە من و تۆدا ئەوەیە کە بەشی چەپ و راستی لەشمان هەیە، دەست و قۆڵەکان، پێکان ....و هتد، و لە ئاژەڵەکانی تریشدا (وێنەکە).

 

ئەم دیاردەیە بە شێوازێکی زۆر بەربڵاو دەدۆزرێتەوە لە سروشتدا و شتەکە بە تەنیا لەسەر ئاستی زیندەوەرە گەورەکان و شتە لە رووەکاندا نییە، بەڵکوو دیاردەی (هاوتایی) لە ئاستی مۆڵیکیولەکانیشدا دەدۆزرێتەوە (بیر لە ریزبەندی dna بکەرەوە).

 

بەڵام هەموو زیندەوەرکان (هاوتایی) نییە، قرژاڵی Fiddler Crab، هەر بۆ نموونە، بە دەستێکی زل و دانەیەکی بچوکەوە، هاوتایی نییە. تەنانەت مرۆڤ و ئاژەڵەکانیش بە تەواوی هاوتایی نیین، ئێمە پەنکریاسی چەپ و راستمان نییە و پێش و پاشمان هاوتایی نییە. بەڵام دیاردەی هاوتایی بە گشتی دەدۆزینەوە لەناو زۆربەی ئاژەڵە و رووەک و زیندەوەرەکاندا و پرسیارە گرنگەکە لێرەدا ئەوەیە کە ئەو هاوتاییە بۆ هاتۆتە کایەوە و چۆن هاتۆتە کایەوە؟

 

وەک لە لێکۆڵینەوەیەکی نوێدا و چەند لێکۆڵینەوەیەکی تریشدا شیکراوەتەوە، ئەم دیاردەیە وابەستەیە بە بیردۆزی شێواوی. بۆ ئەو کەسانەی کە کتێبی (گەردوون، کات و پەیدابوونی ژیان)یان خوێندۆتەوە، دەبێت تێگەیشتنیان لەم بابەتە زۆر ئاسان بێت.

 

ریزبەندی dna، لەگەڵ ئەوەشدا کە زۆر گرنگە، بەڵام بە خۆی هیچ کارێکی ئەوتۆ ئەنجام نادات و تەنانەت وردەکاری کارەکانیش رێکناخات، بەڵکوو، وەک دەرکەوتووە، تەنیا ئامرازێکی سادەی دووبارە بووەوەیە کە بە دووبارە بوونەوەی، دەبێتە هۆکاری هێنانە کایەوەی ئاستێکی شێواوی و پاشان هێنانە کایەوەی ریتمێک. لە ئەنجامیشدا، هەر ئەو ریتمەیە کە سەرهەڵدەکێشێت بۆ هێنانە کایەوەی (هاوتایی) و لە هەندێ کاتی تریشدا (هاوتایی) نایەتە دی.

 

با لێرە نمونەی کتێبەکەم دوبارە بکەمەوە کە زۆر ئاسانە و لە رووە بە پەیوەست بەم بابەتە. هەوڵبە هێڵێکی کورت بکێشە لەسەرەتا و ناوەندی پەرەیەک. پاشان دوای یەک یاسای سادە بکەوە کە پێت دەڵێم، ئەویش ئەوەیە کە هێڵەکە و هێڵە نوێکانیش، دابەش بکە بەسەر دوو هێڵدا (شێوازێک وەک ئەمە -< ). لە سەرەتادا، هیچ شتێکی ئەوتۆ بەدی ناکەیت، بەڵام دوای ئەوەی کە ئەمەت بە هەزارەها و ملیۆنەها کەرەت دوبارە کردەوە و دابەشکردنەکانت درێژ کردەوە، سەرنج دەدەیت هەیکەلێکی هێڵەکان هاتۆتە کایەوە و ئەو هەیکەلە دوبارە دەبێتەوە و لە ئەنجامیشدا ریتمێک دروست بووە.

 

 

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.