سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

فیكر و ژیان

07/04/2022



ن: ژیل دۆلۆز
و: شەهلا نەجمەدین


زۆركات نیچە ئەركی مەعریفە دەكات بەوەی كە بانگەشەیەكە دژ بە ژیان، بۆ پێوانەكردن و داوەری كردنی ژیان و خۆ بینینی مەعریفە وەكو ئامانج. پێشتریش هەڵگەڕانەوەی سوكراتی لە لەدایكبوونی تراژیدیادا لەم فۆڕمەیدا دەركەوت. نیچە هەرگیز لە دووبارەكردنەوەی ئەوە نەوەستا؛ لەگەڵ ئەوەی مەعریفە میكانیزمێكی سادە و ملكەچە بۆ ژیان، مەعریفە بە جۆرێك خۆی بەرز ڕادەگرێت وەك ئامانج، وەك دادوەر، وەك نمونەی باڵا. بەڵام پێویستە ئێمە گرنگی ئەم تێكستانە هەڵبسەنگێنین: دژیەكی نێوان مەعریفە و ژیان لەگەڵ ئەو پرۆسەیەی كە مەعریفە لە ڕێگەیەوە خۆی دەكات بە دادوەری ژیان، دوو سیمپتۆمن و لەم دوو سیمپتۆمە زیاتر نین. مەعریفە دژ بە ژیانە، بەڵام لەبەرئەوەی گوزارشت لە ژیانێك دەكات كە نەفیكەرەوەی ژیانی هەقیقییە، ژیانی نوێنراوە(ناچالاك – REACTIVE LIFE  )كە لەناو مەعریفەدا ئامڕازێك بۆ بەردەوامیدان و شانازیكردن بە جۆر و چەشنی خۆیەوە دەدۆزێتەوە. (بەمشێوەیە مەعریفە كۆمەڵێك یاسا بە ژیان دەبەخشێت كە دایدەبڕێت لەوەی كە دەتوانێت بیكات، وای لێدەكات لە كردار دوور بكەوێتەوە، ڕێگە بەوە نادات ئاكت بكات، لە چوارچێوەیەكی بەرتەسكدا دەیهێڵێتەوە بۆ نواندنی پەرچەكردار گەر بە شێوەیەكی زانستیانە چاودێری بكرێت: هەروەك ئاژەڵێك لە باخچەی ئاژەڵاندا. بەڵام ئەو مەعریفەیەی كە ژیان دەپێوێت و قاڵبدار و سنوربەندی دەكات؛ بە تەواوەتی لەسەر مۆدێلی ژیانی نوێنراوە(ناچالاك(REACTIVE LIFE/ و سنورەكانی ناو ئەو ژیانە نوێنراوەیە؛ داڕێژراوە).

لەبەرئەوە مایەی سەرسوڕمان نییە كە تێكستەكانی دیكەی نیتچە ئاڵۆزترن، خۆیان بە سیمپتۆمەكانەوە نەبەستۆتەوە، هەر بۆیە دەخرێنە ناو ڕاڤەكردنەوە. لەم تێكستانەدا؛ نیتچە ئەركی مەعریفە دەكات بەوەی كە نەك بۆ بینینی خودی مەعریفە بێت وەك ئامانجێك، بەڵكو بۆ ئەوەی فیكر بكات بە ئامڕازێكی سادە لە پێناو خزمەتكردنی ژیاندا. چیتر نیتچە لەو ڕووەوە سەرزەنشتی سوكرات ناكات كە ژیانی دەخستە خزمەتی مەعریفەوە، بەڵكو بە پێچەوانەوە؛ نیچە فیكر دەخاتە خزمەتی ژیانەوە. “لە سوكراتدا فیكر لە خزمەتی ژیاندایە، لە كاتێكدا لای هەموو فەیلەسوفە پێش سوكراتییەكان ژیان خزمەتی فیكری دەكرد”. هیچ دژییەكییەك لە نێوان ئەم دوو جۆرە تێكستەدا نییە، ئەگەر بێتو سەرەتا ئێمە هەستیار بین بەرامبەر بە ئەو جیاوازییە وردەی كە لە وشەی”ژیان”دا هەیە. كاتێك سوكرات ژیان دەخاتە خزمەتی مەعریفەوە، دەبێت وا لەمە تێبگەین كە سەرلەبەری ژیان، بەمجۆرە، دەبێت بە نوێنراوە(ناچالاك(REACTIVE/بەڵام كاتێك فیكر دەخاتە خزمەتی ژیانەوە، ئەوا دەبێت ئەم ژیانە وەك چەشنێكی تایبەت لە ژیان، واتە وەك ژیانێكی نوێنراوە(ناچالاك(REACTIVE LIFE/ تێبگەین، كە دواتر دەبێت بە مۆدێلێك بۆ كۆی ژیان و خودی فیكریش. پاشان جیاوازییەكانی نێوان هەردوو جۆرەكەی تێكست كاڵ دەبێتەوە ئەگەر بێتو ئێمە هەستیاربین بەرامبەر بە جیاوازی نێوان “مەعریفە و فیكر”. (لێرەوە جارێكیتر، ئەمە تێما كانتییەكە نییە كە دەگۆڕێت و هەڵدەگەڕێتەوە دژ بە كانت؟) * كاتێك مەعریفە دەبێت بە دادوەر، گرنگترین شت كە ملكەچ دەكرێت فیكرە.

مەعریفە خودی فیكرە، بەڵام فیكر كۆتی ئەقڵ و هەموو  ئەوانەشە كە لە ڕێگەی ئەقڵەوە گوزارشتیان لێ دەكرێت. ئارەزووكردن بۆ مەعریفەیش فیكرە، بەڵام فیكرێك لە پەیوەست بە هێزی ناچالاكەوە(پەرچەهێز/REACTIVE FORCE)، كە دەستی بەسەردا دەگرێت و بەسەریدا زاڵدەبێت. لەبەرئەوەی مەعریفەی ئەقلانی هەمان ئەو سنورانە بۆ ژیان دادەنێت كە ژیانی ئەقلانی بۆ فیكری دادەنێت؛ ژیان ملكەچ بە مەعریفە، لە هەمان كاتدا فیكر ملكەچ بە ژیان دەبێت. هەندێك كات عەقڵ ساردمان دەكاتەوە لەوەی كە سنورێكی دیاریكراو ببڕین و هەندێك جاریش ئەوە قەدەغە دەكات: لەبەرئەوەی بێ سوودە (مەعریفە بۆ پێشبینی كردنی داهاتوو لێرەیە)، لەبەرئەوەی ڕەنگە ببێتە خراپە( ژیان بۆ فەزیلەت لێرەیە)، لەبەرئەوەی مەحاڵە(هیچ شتێك لەودیووی هەقیقەتەوە بۆ بینین یاخود بیرلێكردنەوە نییە)25، بەڵام ئایا ڕەخنە دەتوانرێت بەوە فەهمبكرێت كە ڕەخنە بێت لە خودی مەعریفە، گوزارشت لە هێزگەلی نوێ بكات كە توانای ئەوەی هەبێت مانایەكیتر بە فیكر ببەخشێت؟ فیكرێك، كە تا ئەوپەڕی ئەو سنوورە بڕوات كە ژیان دەتوانێت پیایدا بڕوات. فكرێك، كە ژیان تا دوا ڕادەی ئەو سنوورە ببات كە دەتوانێت بیبات. فیكرێك كە بەڵێ گوتن بێت بۆ ژیان لەبری ئەوەی مەعریفەیەك بێت دژ بە ژیان. ژیان دەبێت بە هێزی چالاك بۆ فیكر، بەڵام فیكر دەبێت بە هێزی بەڵێ گوتن بۆ ژیان.

ئەم دووانە هەردووكیان هەمان ئاڕاستە دەگرن، یەكتر لە خۆدەگرن، بەربەستەكان تێكدەشكێنن، هەنگاوەكانی یەك هەڵدەگرنەوە، لە داهێنانی بێ هاوتادا دەتەقنەوە. بەمشێوەیە بیركردنەوە واتا دۆزینەوە، داهێنان، ئەگەری نوێ بۆ ژیان. “جۆرەها ژیان هەیە كە قورسییەكەیان دەگاتە دواڕادە، ئەوە ژیانی بیرمەندەكانە. پێویستە ئێمە گوێهەڵخەین بۆ ئەو شتانەی كە لەبارەی ئەوانەوە پێمان وتراوە، لێرەدا ئێمە ئەو ئەگەرانەی ژیان كەشف دەكەین كە بە تەنها گێڕانەوەیان، شادی و هێزمان پێدەبەخشێت و ڕووناكی بە ژیانی ئەوانە دەبەخشێت كە لە دوای ئەوانەوە دێن. زۆر داهێنان، بیركردنەوە، بوێری، نائومێدی و ئومێد هەیە بە ئەندازەی ئەوەی كە لە گەشتی ڕێنیشاندەرە مەزنەكاندا هەیە؛ بۆئەوەی هەقیقەت بگووترێت، ئەمانە گەشتی ئەو دۆزینەوانەن كە لە دوورترین و ترسناكترین ڕووبەرەكانی ژیاندان. ئەوەی كە لەمجۆرە ژیانانەدا سەرسوڕهێنەرە ئەوەیە؛ دوو ئارەزووی دژ بە یەك بە دوو ئاڕاستەی پێچەوانەی یەك ڕادەكێشرێن كە وا دەردەكەوێت لە ژێر هەمان نیردا ناچاركرابن: ئەو ئارەزووەی كە بەرەو مەعریفەیە ناچارە بە شێوەیەكی بەردەوام ئەو سەرزەمینە جێبهێڵێت كە مرۆڤ خووی پێوە گرتووە لەسەری بژی و بەرەو نادیار توڕی دەدات. ئەو ئارەزووەیش كە وا لە ژیان دەكات ناچار بێت هەست بكات بەردەوام لە تاریكیدا بۆ شوێنی تازە بگەڕێت تیایدا نیشتەجێ ببێت. بە مانایەكی دیكە؛ ژیان دەڕوات بۆ ئەودیو ئەو سنورانەی كە مەعریفە بۆی دیاریی دەكات، بەڵام فیكر دەڕوات بۆ ئەودیوو ئەو سنوورانەی كە ژیان بۆی دیاریی دەكات. فیكر لەوە دەكەوێت RAISON*26 بێت و ژیانیش لەوە دەكەوێت پەرچەكردار بێت. بیرمەند بەم شێوەیە گوزارشت لە نزیكایەتیی جوامێرانەی فیكر و ژیان دەكات. ژیان وا دەكات فیكر چالاك بێت، فیكر وا دەكات ژیان بەڵێ گوتن بێت. بە گشتی ئەم نزیكایەتییە لای نیچە، تەنها وەك نهێنییەكی تایبەت بە پرۆسوكراتی دەرناكەوێت، بەڵكو جەوهەری هونەریشە.

سەرچاوەی بابەت:
GILLES DELEUZE: NIETZSCHE AND PHILOSOPHY/THOUGHT AND LIFE
25- پێشتر ئەپۆلۆ لە لەدایكبوونی تراژیدیادا، بەمشێوەیە دەركەوتووە: ئەپۆلۆ بەدەوری هەر كەسێكدا سنوورێكی دەكێشا، “بە بەردەوامی و دووبارە ئەوەی بە یاد دەهێنانەوە وەك پیرۆزترین یاساكانی دونیا، لەگەڵ خواستی خۆی بۆ مەعریفەی زاتی و پێوانەیی”.
26- RAISON/ RATIO: REASON, NATURE, RELATION, GROUND, ARGUMENT, DEFINITION, PRINCIPLE. HERE IT IS USED IN THE LAST OF THESE SENSES-PRINCIPLE.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.