سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

بەڵگەی جەنەتیکی راستەوخۆ لەسەر دیاردەی (هەڵبژاردنی سروشتی) لەناو خەڵکی بەریتانیا

10/04/2022


 

گۆران ئیبراهیم

 

 

لەگەڵ ئەوەشدا کە توێغە سەهۆڵبەندیە ئەستورەکان، نزیکەی 11 هەزار ساڵ لەمەوبەر نەمان بەسەر بەریتانیاوە، بەڵام هەلومەرجی بەریتانیا، هێشتا بەو شێوەیە نەبوو کە مرۆڤەکان بتوانن تێدا بژین بە رێژەیەکی زۆر و خۆگونجاندنی تێدا بکەن. مرۆڤی ناسراو بە Cheddar Man کە نزیکەی 10000 ساڵ لەمەوبەر دەژیا لە بەریتانیا (وێنەکە)، کەسێکی رەشپێست بوو. تەنانەت Irish کۆنەکان کە نزیکەی 5000 ساڵ لەمەوبەر دەژیان، هێشتا پێستێکی رەشتاڵەیان هەبووە. گۆرانکاریە گشتیەکان کە بەسەر مرۆڤەکاندا هات لەم ناوچانەدا، زیاتر لە قۆناغە دواییەکاندا دەرکەوت.

 

لە لێکۆڵینەوەیەکی جەنەتیکی نوێدا، سەرنج درا مرۆڤەکانی قۆناغی برۆنزی ئەم ناوچەیە، لە پرۆسەی ئڤلوشنی خێرادا بوون. دەرکەوت خەڵکی قۆناغی برۆنزی ئەم ناوچەیە، بە پرۆسەی خۆگونجاندندا تێدەپەرین و پرۆسەی (هەڵبژاردنی سروشتی) لە کاردا بووە لەناو مرۆڤە کۆنەکانی ئەم ناوچەیە. دەرکەوت 4500 ساڵ لەمەوبەر، واتە قۆناغی برۆنز، رێژەیەکی زۆرتری مرۆڤەکانی ئەو ناوچەیە، پێستیان کاڵبۆتەوە و بەو هۆکارەش، باشتر ڤیتامین D و کالیسیۆمیان بەدەست دەهێنا.

 

لە رێگەی خوێندنەوەی جینۆمی 529 کەسی بەریتانیا کۆنەکان، دەرکەوت حەوت شوێنی ناو جینۆمیان، بە خەستی بەناو پرۆسەی (هەڵبژاردنی سروشتی)دا تێپەر بووە. هەر ئەوەش وای کردووە کە مرۆڤەکانی ئەم ناوچەیە، رەنگێکی کاڵتریان بۆ دروست ببێت، کە ئەوەش یارمەتیدەرە بۆ بەدەستهێنانی رێژەیەکی زۆرتری ڤیتامین D، ئەمە لە شوێنێکی وەک بەریتانیا کە ئەوەندە تیشکی خۆر لێی نادا.

 

لەلایەکی تریشەوە، ڤیتامین D یارمەتیدەرە بۆ دروستبوونی ئێسکی بەهێزتر. هەر بۆشە ئەوانەی کە کەمی ڤیتامین Dیان هەیە، ئێسکێکی لاوازتریشیان هەیە. ئەمەش زیاتر لەبەر ئەوەیە کە ڤیتامین D، یارمەتیدەرە بۆ وەرگرتنی کالیسۆم لە خواردنەوەی شیر و بەرهەمەکانیەوە.

 

ئەوانەی لە ناوچە گەرمەکاندا دەژیان، لەبەر بوونی رێژەیەکی زۆرتری تیشکی خۆر، ئەوەندە پێویستیان بەو پرۆسە خێرایەی (خۆگونجاندن) نەبووە... لەلایەکی تریشەوە، وەک پێشتر باسمان کردووە، توانینی هەرس کردنی شیر، رەهەندێکی گرنگی تری ئەو گۆرانکاریانە بووە. چوونکە سەرنج دراوە کە ئەو تایبەتمەندییە، زۆر بە خێرایی و بە شێوەیەکی گشتیتر بڵاوبۆتەوە لەناو خەڵکانی ئەوروپادا.

 

شیر، سەرچاوەیەکی گرنگی کالیسۆمە، بەڵام مرۆڤەکان، وەک هەموو ئاژەڵە شیردەرەکانی تر، دوای ئەوەی لە قۆناغی کۆرپەلەیی دەردەچوون، ئەو تایبەتمەندییەیەشیان لەدەست دەدا. توانینی هەرس کردنی شیر لە قۆناغی گەورەیەتیدیا، زۆر بە کەڵک بووە، بە تایبەت بۆ ئەوانەی کە لەو ناوچانەدا دەژیان کە تیشکی خۆری کەمتریان هەبووە. هەر بەو هۆکارەش بووە کە دیاردەی نەتوانینی هەرس کردنی شیر، زۆر دەگمەنە لەناو ئەوروپیەکان. بەڵام لەناو ئەوانەی کە لە ناوچە گەرمەکاندا دەژین، هێشتا رێژەیەکی باشی ئەوانە دەدۆزینەوە کە ناتوانن شیر هەرس بکەن.

 

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.