سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

کتێبێکی بە خوێن نووسراو

11/04/2022


 

 

حەمەسەعید حەسەن

 

لە سلێمانی، لە ٢٣ی ١٢ی ١٩٢٣دا، جەمال عیرفان، لەسە ر فیکر تیرۆر دەکرێت، شەستودوو ساڵ دواتر، عەبدولخالیق مەعرووف لە هەولێر، لە ١٠ی ئەپریلی ١٩٨٥دا لەسەر کتێبی: (ئادەمزاد لە کۆمەڵی کوردەواریدا،) بە هەمان چارەنووس دەگات. لە نیوەی دووەمی ساڵانی هەشتای سەدەی بیستەمدا، لە سلێمانی، (ڕەئووف زوهدی و عومەر تۆفیق)یش تیرۆر دەکرێن، یەکەمیان لەسەر کتێبی: (بۆ لە هەقە کەوتنە تەقە) و دووەمیان لەسەر نامیلکەی: منداڵنەبوون بەبێ حەب. تەنانەت نووسینی کوردی بە حەرفی لاتینی، لای بەعس، (دەکەوێتە خانەی دژایەتیکردنی حەرفی عەرەبییەوە و دڵشاد مەریوانیی لەسەر دەکوژرێت.)(١) ) (کەریم زەند)یش چونکە (ئینجیل)ی کردبوو بە کوردی، هەوڵی کوشتنی دەدرێت و بە سەختی بریندار دەکرێت.

 

جاران زانایانی وەکوو حەللاج، قورتوبی و سەهرەوەری تیرۆر دەکران، لەم سەردەمەیشدا، حوسەین مەروە، مەهدی ئەلعامیل، فەرەج فۆدە و فەرهاد فەرەج دەکوژرێن و نەجیب مەحفووز، عەزیز نەسین، سەلمان ڕوشدی و تەسلیمە نەسرین فەتوا و هەوڵی کوشتنیان دەدرێت. عەلی عەبدولڕەززاق و جەلال سادق ئەلعەزم بە دادگا دەدرێن، عەلاء حامید زیندانی دەکرێت و نەسر حامید ئەبوو زەید ناچار دەبێت، زێدی خۆی بەجێ بهێڵێت.

 

لە سەرەتای ١٩٨٥دا، عەبدولخالیق مەعرووف، کتێبی: (ئادەمزاد لە کۆمەڵی کوردەواریدا)(٢) بڵاو دەکاتەوە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەیدا، (ئەمن) کە بەدناوترین دەزگای سەرکوتکەری بەعس بوو، کلک لەگەڵ کۆمەڵێک مەلای توندڕۆدا گرێ دەدات و هەر چییان بۆ زڕاندنی ناوی نووسەرەکەی پێ دەکرێت، درێغی ناکەن و سەرەتا فەرمانی لەنێوبردنی کتێبەکە دەر دەکەن و دواتر نووسەرەکەی دەکوژن. (ئەوی کتێب بسووتێنێت، ئینسانیش دەسووتێنێت.) بەعس و مەلای توندڕۆ، ڕاستیی ئەو گوتەیەی شاعیری ئەڵمانیایی، (هەینریش هاینە)یان سەلماند.

 

پەنابردنە بەر تیرۆر، ڕەنگدانەوەی لاوازی و ترسنۆکییە، هەرگیز هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت نووسەرێکی ڕاستەقینە بسڕێتەوە، بڵند حەیدەری گوتەنی: (گولـلەیەک ناتوانێت، کۆتایی بە ژیانی نووسەرێک بهێنێت کە داهێنانی بووبێت بە بەشێک لە ژیانی کەسانی دیکە.) عەبدولخالیق مەعرووف چاوەڕێی ئەوەی دەکرد، پێستی بکەن بە چەکمە و (کاسەی سەریشی بە تەپڵەکی سیگار،)(٣) بەڵام ئەوەی بە ملکەچی دەزانی، بێدەنگ بێت و لێ بگەڕێت بەعسی فاشیست و مەلای بیربەردین، وێنەی ئێستا و داهاتووی وەڵاتەکەی بکێشن.

 

عەبدولخالیق مەعرووف دەیزانی گەلانی ئەورووپا، لە ئەنجامی خەباتێکی درێژخایەنەوە، لە دەسەڵاتی کەنیسە ڕزگاریان بووە، دەیزانی ئەورووپا بە کۆششێکی دژوار، کۆمەڵێک دەستکەوتی مەزنی بە دەست هێناوە، وەک: ئازادکردنی گەردنی سیاسەت لە کۆتی ئایین، بەرهەمهێنانی عەقڵێکی ڕەخنەگرانە کە پێی وایە هیچ شتێک لەسەروو ڕەخنەوە نییە، ئازادیی بیروڕا دەربڕین و ئازادیی ویژدان. عەبدولخالیق مەعرووفیش چرای هەمان خەباتی لە کوردستان هەڵکرد و بۆیە تیرۆر کرا، چونکە ڕۆشنبیرێکی مەزن و شۆڕشگێڕێکی ڕاستەقینە بوو، ئەگەر بێدینێکی ساکار و نووسەرێکی ڕووکەش بووایە، لێی نەدەتۆقین و نەیاندەکوشت.

 

عەبدولخالیق مەعرووف شارەزای لاپەڕە خوێناوییەکانی مێژوو بوو، دەیزانی بەششاری کوڕی بورد، بە تۆمەتی زەندیقبوون، لەژێر قامچیدا گیانی لە دەست داوە، دەیزانی (کەعبی کوڕی ئەشرەف) بە تۆمەتی لاقرتیکردن بە ڕەمزی پیرۆز، سەری لە لەشی جوێ کراوەتەوە، دەیزانی دەشێت ئەویش هەمان چارەنووسی ئەوانی هەبێت. عەبدولخالیق مەعرووف لە کتێبەکەیدا، بە پشتبەستن بە دەقی قورئان، بە کۆمەکی گوتە و هەڵسوکەتی پەیامهێن و بۆچوونەکانی شافیعی، تێڕوانینی ئیسلامی سەبارەت بە ژن ڕوون کردبووەوە، نە سووکایەتی بە ئیسلام کردبوو، نە بەو مەبەستەیش هەڵوێستی ئیسلامی دەربارەی ژن شی کردبووەوە، بەڵکوو ئامانجی ئەوەبوو، پەردە لەسەر ڕووخساری دزێوی دێوی ئەو هەموو سووکایەتییە لا بدات کە لە سایەی ئیسلامدا بە ژن کراوە و دەکرێت.

 

 

پەیامێکی خوێناوی

وەک چۆن ناتوانین، هیچ ماددەیەک لەناو ببەین، هەر وایش ناتوانین، ئەگەر هیچ کەرەسەیەکمان لەبەر دەستدا نەبێت، ماددەیەک بەرهەم بهێنین. لە ڕوانگەی ئەوانەوە بڕوایان بە غەیب هەیە، ئەوە تەنیا خوایە، بەبێ ئەوەی هیچی لەبەر دەستدا بووبێت، توانیویەتی گەردوون بخوڵقێنێت و دەیشتوانێت ئێسکوپرووسکی ڕزیوی مردووی هەزار ساڵە، زرپ و زیندوو بکاتەوە. لە سەرەتای ساڵانی بیستی سەدەی رابردوودا، جەمال عیرفان گوتبووی: (وەک چۆن سووتووەجگەرە نابێتەوە بە تووتن، مردوویش زیندوو نابێتەوە.) لەسەر ئەو گوتەیە، کە لەڕووی زانستییەوە دروستە، لەژێر چەتری دەسەڵاتی شێخ مەحمووددا، تیرۆر کرا. وەک چۆن ئەو سەروەختە، سەرەتا (زانای  ئایینی،) خوێنی جەمال عیرفانی حەڵاڵ کرد و دواتر کوژرا،  ساڵی ١٩٨٥یش کۆششی (زانای ئایینی،) ڕێگەی بۆ کوشتنی عەبدولخالیق مەعرووف  تەخت و خۆش کرد.


ساڵانی شەستی سەدەی ڕابردووی سەردەمی ناسر، (موحەممەد شەلتووت)ی پێشنوێژی هەرەگەورەی مزگەوتی ئەزهەر فەتوای دا: (ڕێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیلدا حەرامە،) کەچی ساڵانی حەفتای سەردەمی سادات، (موتەوەللی شەعراوی)ی وەزیری ئەوقافی میسر فەتوای دا: (ڕێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیلدا حەڵالە.)(٤) بەشێک لە زانایانی ئایینی کوردیش، بە هەمان شێوە، دین وەک یەکێک لە دەزگا سەرکوتکەرەکانی دەسەڵاتی سیاسی وەگەڕ دەخەن، بە چاوپۆشین لە سیستەمی فەرمانڕەوایی و ناسنامەی دەسەڵاتداران.

 

هیچ باوەڕێک ئەو مافەی نییە، خۆی لەسەروو ڕەخنە و گومانەوە ببینێت، بەوەدا ئەوی ڕەخنەی لە ئیسلام گرتبێت، یان گومانی لێی هەبووبێت، لەبری ئەوەی ململانێی فیکریی لەگەڵدا کرابێت، دووچاری تۆقاندن، ڕاوەدوونان یان کوشتن بووەتەوە، بەهێزیی لۆگیکی ئەو ئایینە دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە. ئەگەر زانایانی ئایین بڕوایان بە دینەکەیان پتەو بووایە و لە ڕاست و دروستییەکەی دڵنیا بوونایە، پەکیان لەسەر ئەرگومێنت و بەڵگە هێنانەوە نەدەکەوت، زەندەقیان لە ڕەخنە نەدەچوو، خوێنی ڕۆشنفیکرانیان حەڵاڵ نەدەکرد، بەڵکوو ڕێگەی دیالۆگیان هەڵدەبژارد. 

 

ڕەخنە بەرهەمێکی تەجریدی نییە، کارێکی شۆڕشگێڕانەیە، ئەوی ڕەخنەی لە ئۆل نەبێت، ڕەخنەی لە هیچ شتێکی دیکە نییە. عەبدولخالیق مەعرووف وەک باکۆنین دەڵێت، دەیزانی (هەتا سەروەرمان لە ئاسمان هەبێت، لەسەر زەوی کۆیلە دەبین،) بۆیە وەک چۆن مەلەک تاوس بێجگە لە خوا کوڕنووشی بۆ کەسی دی نەبرد، ئەویش بێجگە لە ڕاستی، ڕێزی لە هیچ دەسەڵاتێکی تر نەگرت. عەبدولخالیق مەعرووف پێی وابوو، ئەوانەی دەستیان لە پلە و پایەی بڵندی کۆمەڵایەتی گیر دەبێت، لەڕووی ئاکارەوە لە نشێودان، ئەوانەی بە سامان شاد دەبن، ویژدانیان لە کیس دەچێت و ئەوانەی یەخەی کراسیان هەمیشە خاوێنە، داوێنیان پۆخڵە.

 

عەبدولخالیق مەعرووف شارەزای لاپەڕە خوێناوییەکانی ئیسلام بوو، دەیزانی ئیسلام هەرگیز لە دەرەوەی بازنەی خۆی، بواری گوتوبێژی بە کەس نەداوە، ئەگەر لەنێو زانایانی سەر بە ئیسلامیشدا تاکوتەرایەک هەڵکەوتبن، بە چاوی ڕەخنەوە سەرنجی کەلەپووری ئیسلامیان دابێت، نەیانتوانیوە وەڵامی داخوازییەکانی سەردەمەکەیان بدەنەوە، موحەممەد عەبدە چونکە وەڵامی قایلکەری پێ نەبوو، بۆ دەمکوتکردنی نەیارانی ئیسلام، پەنای دەبردەوە بەر گوتەی موحەممەد: (ئەگەر بیر لە خالقیش ناکەنەوە، هیچ نەبێت بیر لە مەخلووقەکانی بکەنەوە.)

 

دەشێت لەنێو کوردەواریدا، زۆر کەسی دیکە هێندەی عەبدولخالیق مەعرووف و زیاتریش شارەزایییان لە ئیسلامدا هەبووبێت، بەڵام هێشتا کورد کەسی وای تێدا هەڵنەکەوتووە، هێندەی ئەو بوێر و هێندەی ئەو بە ڕاشکاوی و قووڵی، هەڵوێستی ئیسلامی لەبارەی ژنەوە لێک دابێتەوە. زۆرینەی خەڵکی کوردستان بە بەشێک لە نووسەرانیشەوە، کە دەبینن ڕۆژانە سووکایەتی بە ژن دەکرێت، ئۆباڵەکەی دەخەنە ئەستۆی ئەم مەلا، یان ئەو زانای ئایینی، عەبدولخالیق مەعرووف هەوڵی داوە ئەو هەڵە باوە، ڕاست بکاتەوە و سەرنجی خەڵکی بۆ ئەوە ڕابکێشێت، ئەوە ئیسلامە سووک سەرنجی ژن دەدات، نەک ئەم مەلا یان ئەو ئاخوند، ئەویشی ڕەخنەی هەیە، با یەخەی پیاوانی دینی نەگرێت، با ئاراستەی دەقی قورئان و گوتە و هەڵسوکەوتی پەیامهێنی بکات.

 

پەیامی سەرەکیی کتێبەکەی عەبدولخالیق مەعرووف بریتییە لەوەی: هەر کەسێک هەڵوێستی پیاوانی ئایین بە چەوت و ناڕەوا دەزانێت، با ڕەخنە لە ئیسلام بگرێت، نەک لە ئەو مەلایانەی بە موو لەو ڕێیە لایان نەداوە کە دینەکەیان بەهۆی دەقی قورئان و گوتەی پەیامهێنەوە نەخشەی کێشاوە. ئەوی دژی مارەبڕینی منداڵی سەر بێشکە، فرەژنی و ژنی سەفەرییە، با ئیسلام تۆمەتبار بکات، نەک مەلا و ئاخوند. سووک سەرنجدانی ژن، لە دەقی قورئان و گوتار و ڕەوتاری پەیامهێنەوە سەرچاوەی گرتووە، نەک لە لێکدانەوە و هەڵسوکەوتی پیاوانی ئایینەوە. ئەوانەی لە دونیای ئیسلامدا، سووکایەتی بە ئینسان بە گشتی و بە ژن بە تایبەتی دەکەن، موسوڵمانی ڕاستەقینەن و بەوپەڕی هۆشیاری و دەستپاکییەوە، ناوەڕۆکی دەقە پیرۆزەکان و فەرمانی خوا و پەیامهێن جێبەجێ دەکەن. ئەوی هەڵسوکەوتی دەسەڵاتدارانی هاوچەرخی ئیسلام پەسەند ناکات، ئەوە ددانی پێدا بنێت، یان نا، پێ بزانێت، یان نا، ئیسلام ڕەت دەکاتەوە. ئەوە کرۆکی نامە بە خوێن نووسراوەکەی عەبدولخالیق مەعرووف بوو.

 

٢٩ی ٤ی ١٩٩٧

(١) کنعان مکیة، القسوة والصمت، الطبعة الأولی، ص١٥١ دار الساقي ١٩٩٤ لندن.
(٢) عەبدولخالیق مەعرووف، ئادەمزاد لە کۆمەڵی کوردەوارید، دار الجاحظ ١٩٨٥ بغداد. ئەم کتێبانەیشی بڵاو کردوونەوە: () ئەنتێنا، چاپخانەی کوردستان ١٩٧٧ هەولێر. (*) تەکنیککار، چاپخانەی بابل ١٩٨١ بەغداد. (*) دیوانی نالی و کێ ڕاستە؟ چاپخانەی المٶسسة العراقیة للدعایة والطباعة ١٩٨٤ بغداد.
(٣) عەبدولوەهاب بەیاتی.
(٤) مجموعة من الکتاب، ألإبداع من نوافذ جهنم، العنف ألأصولي، ص ١٨ و ١٩ ریاض الریس للنشر١٩٩٥ لندن.

 

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.