د.سالار تاوگۆزی پیرۆزە، ئەم بانگخوازەش كە لەوێنەكەدا دیارە، چووە جیهانی بازرگانی و عەقاراتەوە، هیوادارم وەك هەندێك لە حاجی و عومرەكار و سەیید و مەلا و شێخ و ئیسلامییەكانی جیهانی عەقارات نەبێت كە لەڕێگەی نازناوی ئاینییەوە قۆڵی خەڵكیان بڕیوە، وەك هاوڕێیەكم -كە لە عەقارات كاردەكات- بۆی باسكردم. ئەم بەڕێزە تازە ئەستێرەكەی لەجیهانی بانگخوازیدا دەركەوتووە و زووش چووە ناو جیهانی پارەو پولەوە. پێموابوو وەك بانگخوازەكانی پێش خۆی، دوای چەند ساڵێكی دیكە دەچێتە پەڕلەمان و جیهانی سیاسەتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی لەگەڵ پەڕلەمانتارێكی مەشرەب ئیسلامی دەركەوت و دواتر باس لەوە كرا كە پێكەوە لیست دروست دەكەن. بەهەر حاڵ خودا ڕزقی حەڵاڵی بدات، هەرچەند بەڕای من ڕزقی حەڵاڵ لەناو جیهانی عەقاراتدا بە ئەستەم دەست دەكەوێت و زووش ناتكات بە ملیۆنێر. دوعا دەكەم كە ئەم بەڕێزە دوای ئەوەی لە جیهانی عەقاراتدا سەركەوتوو بوو، ئیدی مینبەرەكەی سەروەرمان موحەممەد (د.خ) جێنەهێڵێت. ئاخر پێش ئەو، مەلاو بانگخوازی دیكە هەبوون، كە ئەستێرەی بەختیان لە مینبەرەوە بەرەو كەشكەشانی ئاسمان هەڵكشاوە و بەو هۆیەوە تێكەڵی جیهانی سیاسەت و بازرگانی بوون و ئیدی دوای ئەوە لە كایەی ئاینی و بانگخوازیدا بزر بوون، وەك ئەو مەلا بانگخوازە ئیسلامییەی كە بوو بە ئەندام پەڕلەمان و مینبەری لەبیر كردبوو، ڕۆژێك نوێژخوێنێك پێی گوتبوو: مامۆستا لۆ نایەی لۆ مزگەفتێ وەڵڵا بیرت دەكەین، ئەویش گوتبووی جارێ پەڕلەمان ئیشی پێمە!. لەكۆتاییدا، بەزمانی بەڕۆژوومەوە، دوعا دەكەم كە ئەم بانگخوازە جیهانی عەقارات بگۆڕێت، نەك بەپێچەوانەوە.