سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

سەلەفییەک باس لە هۆکاری زیادبوونی نەخۆشییەکان دەکات!

17/04/2022


وەک لەم ڤیدیۆیەدا دەیبینین مەلایەکی سەلەفی بانگەشەی ئەوە دەکات کە لە ئێستادا نەخۆشیی زۆربووە، و هۆکاری ئەمەش دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو کەسانەی لە شەودا گوناه و تاوان دەکەن. هەروەها، باس لەوە دەکات کە منداڵان بەهۆی گوناه و تاوانی کەسانی ترەوە نەخۆش دەکەون!



دەتوانین لە دوو ڕەهەندەوە تەماشای ئەم قسەیە بکەین. یەکەم، لە ڕەهەندی ئایینیەوە؛ ئەوەی کە ئەم قسانە هێرشە بۆ سەر خودی ئایین، و بانگەشەی نائەقڵانیبوونی ئایین دەکات. گەر نا منداڵێک تاوانی چییە تا لەسەر گوناهی کەسێکی دیکە تووشی نەخۆشیی ببێت؟ واتە ئەگەر کەسێک زینا بکات، بە مانا ئایینییەکەی، بۆچی دەبێت منداڵێک تووشی شێرپەنجە ببێت! لۆژیکی ئەمە لە کوێدایە؟ ئایا بەپێی دەقە ئایینییەکان یەکێک لە ناوەکانی خودا (حەکیم) نییە، ئەی چۆن دانایەک منداڵێک بەهۆی تاوانی کەسێکی ترەوە تووشی نەخۆشیی دەکات؟ ئایا ئەم کارە دادگەری تێدایە؟ ئایا ئەقڵانییە؟ بێگومان نەخێر.



دەتوانین لە ڕەهەندی زانستیشەوە شەنوکەوی ئەم قسانە بکەین. ئێستا سەردەمی پێشکەوتنی زانستە بە گشتی، و زانستی پزیشکیش بە تایبەتی پێشکەوتنی گەورە و بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. بەهۆی ڤاکسینەکانەوە چەندین نەخۆشیی وەک سورێژە کە پێشتر تەنگیان بە مرۆڤ هەڵچنیبوو لەناوبراون. تەنانەت، بەم دوواییانە یەکەم کەس بە تەواوی لە ئایدز چاک کرایەوە. بۆیە بابەتی نەخۆشیی، هۆکار و چارەسەرکانی، بابەتگەلێکی زانستین، و تەنها بۆ زانستە کە بۆمان ڕوونبکاتەوە. بۆ نمونە، هەندێک نەخۆشیی هەیە کە بنچینەکەی بۆماوەییە، واتە کەسێک کە جینەکانی تێدا بوو ئەوا بە ئەگەری زۆرەوە تووشی نەخۆشییەکە دەبێت، ئیتر ئەم کەسە تاوان بکات یان نەیکات ئەوا هەر تووشی نەخۆشییەکە دەبێت! کەوایە ئەو هۆکارگەراییەی ئەم مەلایە دەیکات ئەوپەڕی ناپەیوەندیدار و نائەقڵانییە. گەر بەم قسانە بوایە دەبوو ڤایرۆسی کۆرۆنا کەسانی ئاییندار نەکوشتایە، کەچی تەنانەت ماڵی خوداش داخست. 



بەستنەوەی نەخۆشیی بە هۆکارە سەرووسروشتییەکانەوە لە زانستدا بە هیچ شێوەیەک جێی نابێتەوە، و بە درێژایی مێژوو جگە لە دەردەسەری هیچی تری بۆ مرۆڤ نەهێنانەوە، ئەوەش بە دوورکەوتنەوەی خەڵک لە وەرگرتنی چارەسەری زانستی و پەنابردنە بە شێخ و مەلا کە بە ڕێگەی زیانبەخش و بە ئیستغلالکردنی ماددی خەڵک، ئەو بارودۆخە هەستیارەیان دەقۆزنەوە. کەوایە، ئەم مەلایە لە لایەکی ترەوە، دەتوانین بڵێن بانگەشە بۆ ئەو کەسانە کە بە ناوی ئایینەوە خەڵک چارەسەر دەکەن، کە ئەمەش بە هەموو پێوەرێک کارێکی نائەخلاقییە.

 

ڤیدیۆ


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.