سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

كوردستان و كورد لە قۆناغی مێژووی سەدەكانی ناوەڕاستدا

18/04/2022



كەیوان ئازاد

كورد و ئایینی ئیسلام

كەسایەتیی پەیامبەری ئیسلام (د.خ)


پەیامبەری ئیسلام (محەمەد كوڕی عەبدوڵا/ د.خ) لە (12ی ڕەبیعی یەكەمی 53پێش كۆچی) بەرامبەر بە (22ی نیسانی571زایینی) لە شاری (مەككە) لە بنەماڵەیەكی ئایینیی سەر بە هۆزی قوڕەیش لەدایك بووە.

(40) ساڵ تەمەنی پێش پەیامبەری، لەنێو هۆز و شارەكەی و دەوروبەری، بە ژیانێكی ئاسایی تێپەڕاندووە. بە تەمەنیشی باوكی نەبینیوە، چونكە بەرلەوەی بێتە ژیانەوە، باوكی كۆچی دوایی كردبوو. دایكیشی (ئامینە كچی وەهەب) دوای (شەش) ساڵ لە تەمەنی (محەمەد) كۆچی دوایی كردووە. تەمەنیشی (هەشت) ساڵان بووە باپیری (عەبدولموتەلیب) وەك یەكێك لە گەورەكانی هۆزی قوڕەیش و سەرپەرشتیاری بەخێوكردنی، كۆچی دوایی كرد، بۆیە ئەركی بەخێوكردن و سەرپەرشتیكردنی كەوتە ئەستۆی ئەو مامەی ناوی (ئەبووتالیب) بوو.

لە ڕووی خێزانییشەوە، ساڵی (595ز)و لە تەمەنی (25) ساڵیدا لەگەڵ (خەدیجە كچی خوەیلد) هاوسەرگیریی كردووە، كە ئافرەتێكی مەسیحیی دەوڵەمەند و دیاری شاری (مەككە) بوو، كە بەهۆی ڕەوشتبەرزی و پاكییەوە، پێشنیازی هاوسەرگیریی لەگەڵ كرد و (محەمەد\ د.خ)یش قبووڵی كرد. واتە ئەو پرۆسەیەش لەپێناوی پارە و ساماندا نەبوو، بەڵكوو دڵخوازی (خەدیجە)ی تەمەن (چڵ) ساڵ بوو بۆ گەنجێكی دڵپاك و داوێنپاكی تەمەن (25) ساڵ، وەك سەرچاوەكان باسی دەكەن.

كاتێكیش یەكەمین سرووشی لە ساڵی (610ز) بۆ هاتە خوارەوە، (15) ساڵی تەمەنی لەنێو ژینگەی شاری (مەككە) و دەوروبەری تێپەڕاندبوو. ژینگەیەكی بتپەرست و پێگەیەكی فەرهەنگی و بازرگانی و سەرگەورەی شارەكانی تری نیمچەدوورگەی عەرەبی. ئەمەو جگە لەوەی شارەكە، پێگەیەكی گەورەی ئایینی هەبوو لەنێو تێكڕایی نیمچەدوورگەی عەرەبیدا.

هۆیەكەش بەهۆی بوونی (كەعبە)ەوە بوو، كە وەك ماڵی خودا سەیر دەكرا و بتە گەورەكانی قورەیش و هۆز و تیرەكانی عەرەبی لێ دانرابوو. لەو ماوەیەش و لەو ژینگەیەدا، وەك خێزانێكی ئاسایی شار و هۆزەكە، خاوەنی (چوار) كچ و (دوو) كوڕ بوو. كچەكان بە ناوەكانی (زەینەب، ڕوقیە، ئوم كەلسووم، فاتیمە) و كوڕەكانیش بە ناوەكانی (قاسم و عەبدوڵا) بوون.

لێرەوە (40) ساڵی تەمەنی (محەمەد) لەو پێگە كۆمەڵایەتی و لەو شارە دیارەدا تێپەڕی، تا یەكەمین سرووشی لە (ئەشكەوتی حەڕا)ی نزیك شاری (مەككە) بۆ هاتە خوارەوە و بە پایەی پەیامبەریی گەیشت. بەوەش ئایینێك بە ناوی (ئایینی ئیسلام) دەركەوت.

لە مێژووی تەمەنی پەیامبەریشدا (د.خ)، (13) ساڵی لە شاری (مەككە) و (10) ساڵی لە شاری (مەدینە) بەسەر برد. لەو ماوەیەشدا، كە خۆی لە (23) ساڵ پەیامبەریی ئەدات، سەرباری ئەو (دوو) شارە، سەردانی چەندین شار و ناوچەی لە نیمچەدوورگەی عەرەبی كرد، تا پەیامەكەی بگەیەنێتە زۆرترین پەیڕەوی ئەو ناوچانە. ئەمەو لە رێگای (دوو) نێردەوە لە شاری (مەككە)ەوە بۆ (وڵاتی حەبەشە)، هەوڵی دا پەیامەكەی بگەیەنێتە دەرەوەی نیمچەدوورگەی عەرەبی و لە گۆشەگیریی شاری (مەككە) و نیمچەدوورەگەی عەرەبی ڕزگاری بكات.

هەروەها خۆیشی گەشتێكی شاری (تایف)ی باشووری شاری (مەككە)ی كرد، بەڵام ئامانجێكی ئەوتۆی بەدەست نەهێنا و نەیتوانی دانیشتوانەكەی بە باوەڕهێنان بە پەیامەكەی قایل بكات. هەر بۆیە تا پەیامەكە نەگەیشتە شاری (مەدینە)، توانای بڵاوبوونەوەی نەبوو. كاتێكیش گەیشتە ئەو شارە و یەكەمین دەوڵەتی ئیسلام بە ناوی (دەوڵەتی مەدینە) لەدایك بوو، ئاسۆیەكی ڕوون بە ڕووی پەیامبەر (د.خ) و ئایینەكەیدا كرایەوە، چونكە لەو شار و دەوڵەتەوە بۆ ماوەی (10) ساڵ كار بۆ بڵاوبوونەوەی ئایینەكە كرا.

تەنانەت خودی پەیامبەر (د.خ) هەر لەو شارەوە سەرپەرەشتیی چەندین شەڕ و ململانێی لەگەڵ نەیارانی ئایینەكەی كرد. ئەوەش هەر بە شەڕەكانی (بەدر/2ك-624ز) و (ئوحود/3ك-625ز)و (خەندەق/5ك/627ز) دەگات، تا بە شەڕ و ململانێكانی لەگەڵ پەیڕەوانی جوو لە دەوروبەری شاری (مەدینە). هەروەها تا بە ڕووبەڕووبوونەوەكان دەگات لەگەڵ ڕۆمە بێزەنتییەكان لە وڵاتی شام.

دواجار گرتنی شاری (مەككە) لە ساڵی (8ك/629ز) بەدوای خۆیدا هێنا. ئەو ڕووداوە گۆڕانكاریی گەورەی لەسەر هێز و بڵاوبوونەوەی ئایینەكە دروست كرد، چونكە بەهۆیەوە ئایینەكە گەیشتە زۆرینەی ناوچەكانی نیمچەدوورەگەی عەرەبی. هەموو ئەوانەش پێمان دەڵێن، كە تا پەیامبەر (د.خ) لە ژیاندا بوو، ئایینەكە نەگەیشتە دەرەوەی نیمچەدوورگەی عەرەبی، بە ئاراستەی خاكی كوردستان و نەتەوەی كورد. هەر بۆیە ئاشنابوونی كوردستان بە ئایینی ئیسلام كەوتە دوای كۆچی دوایی پەیامبەری ئیسلام (د.خ). ئەوەش كەوتە دوای ساڵی (632ز).

لە كۆی ئەو ڕووداوانەوە دەگەینە ئەوەی، كە تا پەیامبەری ئیسلام (د.خ) لە ژیاندا بوو و هەوڵەكانی بۆ بڵاوكردنەوەی پەیامەكەی خستە كار، ئایینی ئیسلام نەگەیشتە كوردستان. واتە ئەو هەوڵە بۆ هاوەڵان و پەیڕەوانی ئایینەكەی بەجێ ما، كە بە مەبەستی بڵاوكردنەوەی و غەزا لەپێناوی خودا، ڕوویان لە كوردستان و ناوچە كوردنییەكاندا كرد.

هەر بۆیە هەر ڕووداو و كاردانەوە و ئاكارێك لە سەروبەندی بڵاوكردنەوەی ئایینەكە، لە هەر گوند و شارۆچكە و شار و ناوچەیەكی كوردستان ڕووی دابێت، پەیوەندیی بە خودی پەیامبەری ئیسلام (د.خ)ەوە نییە و هاوەڵان و ئەو سەركردە و سەربازانەی سوپای عەرەبی ئیسلامی لێی بەرپرسیارن، كە ڕوویان لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان كرد.

ڕاستە ئەوانیش دوای پشتبەستن بە دەقەكانی قورئان و فەرموودەكانی پەیامبەری ئایینەكە و فرمانی خەلیفە و سەركردەكانیان كاریان كرد، بەڵام مەرج نییە تێگەیشتن و كاركردن بە دەق و فەرموودەیەك وەك خۆی لەلایەن هەریەك لەو سەركردانە و سەربازەكانیانەوە كاری پێ كرابێت. ئەوەش دیاردەیەكی زۆر ئاسایی بووە و نیگەرانی و پاساوی پێویست نەبووە.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.