سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

لەرینەوەی ئاسمان

25/04/2022


 

نوسینی: لوقمان حەوێز



بەڵێ بۆشایی ئاسمان شتە و دەلەرێتەوە، لە ساڵی 2019 توانرا بۆ یەکەمجار چاودێری لەرینەوەی هەموو ئاسمانی گەردوونی بینراو بکرێت بەهۆی بەیەکدادان و تێکەڵ بوونی دوو کونی ڕەش، بەڵێ بۆشایی ئاسمانی هەموو گەردوون دەشێت وەکو دەزووەکانی گیتارێک بلەرێتەوە، ئەم کردارەش ئەو شەپۆڵانە دروست دەکات کە ئێمە پێی دەڵێین Gravitational.wave یان شەپۆڵەکانی کێشکردن.


پێوانەکردنی شەپۆلەکانی هێزی کێشکردن یان لەرینەوەی بۆشایی ئاسمان خەونێکی گەورەی گەردوونناسان بوو بەدرێژایی سەدەی بیستەم بە ئاینشتاینیشەوە کە پێشبینی هەبوونی ئەو شەپۆڵانەی کرد لە چوارچێوەی بیردۆزی ڕێژەیی گشتی کە لەساڵی 1915 خستیەڕوو.


زانستی فیزیای گەردوونناسی لەم چەند ساڵەی دواییدا ئەوەندە چۆتە پێشەوە، ئێستا دەتوانین شەپۆڵەکانی هێزی کێشکردن تۆمار بکەین لەڕێگەی تۆڕی تەلەسکۆپەکانی LIGO کە دوو تەلەسکۆپن لە ئەمەریکا و لەیەک کاتدا بەیەکەوە کاردەکەن، ئەوانیش لە ویلایەتی واشنتۆن و ویلایەتی لویزیانان، یەکێکی تریش لە ئیتاڵیایە بە ناوی Virgo یارمەتیدەرە لە پێوانەکردنەکان.


بۆ نمونە بەیەکدادانی دوو کونی ڕەش کە بەتوند و تیژترین دیاردەی گەردوونی دادەنرێت و بۆ چەند ساتێک ئەو شەپۆڵانە بڵاودەکاتەوە و ئەوەندە بەهێزە لەهەموو کونج و بستێکی گەردوونی بینراو هەستیان پێدەکرێت.


کەواتە شەپۆڵەکانی هێزی کێشکردن چین؟

شەپۆڵەکانی هێزی کێشکردن تیشک نین لەگەڵ ئەوەی بەخێرایی تیشکیش دەگوازرێنەوە، بەڵکو ئەو شەپۆڵانە بریتین لە لەرینەوەی بۆشایی ئاسمان، زۆربەمان وادەزانین بۆشایی ئاسمان واتە هیچ، بەڵام وانیە، بەکورتی و سادەیی دەتوانم بڵێم بۆشایی ئاسمان شتێکە بەهۆی هێزی کێشکردن دەچەمێتەوە و خوار دەبێتەوە، ئێستا دڵنیاین کە بەهۆی هێزی کێشکردنی زۆرەوە لەرینەوەش تیایدا ڕوودەدات وەکو چۆن لەرینەوە لە دەزووەکانی ئامێری گیتارێک ڕوودەدات بۆ نمونە، هەروەها بە پێی بیردۆزی سترینگیش هەموو بۆشایی لە دەزوولەی زۆر زۆر بچوک و باریک پێک دێت، هەروەها بەپێی تیۆری بواری کوانتەمیش هەموو بۆشایی ئاسمانی گەردوونەکەمان لە یەک بوار پێک دێت کە هەموو شتێکی تێدا ڕوودەدات، ئێستا نیمچە دڵنیاین کە بۆشایی ئاسمان ووزەی تاریکیشی تێدایە بەڵام تا ئێستا نازانین ئاخۆ وزەی تاریک جگە لە هێزی کشاندنی گەردوون ئایا هیچ ڕۆڵێکی هەیە یان نا لە دروستبوونی ئەم لەرینەوانە.


ئەی چی ڕوودەدات کاتێک کە دوو کونی ڕەش بەریەک دەکەون؟

بەیەکدادانی دوو کونی ڕەش ئەوەندە توند و تیژ و بەهێزە و بۆ ساتێک کۆمەڵێک شەپۆڵی کێشکردنی زۆر بەهێز بڵاودەکاتەوە کە دەتوانرێت بپێورێت و هەستی پێ بکرێت لە سەرانسەری گەردوونی بینراو، لەڕۆژی 12 ی نیسانی ساڵی 2019 دواجار ئەو شەپۆڵانە پێوانەکران و تۆمارکران لە بەیەکدادانی دووکونی ڕەش لەڕێگەی تۆڕی تەلەسکۆپەکانی LIGO، بەیەکدادانەکە هی دوو کوونی ڕەش بوو لە دوری نزیکەی 2 ملیار ساڵی تیشکی، واتە ڕووداوی بەیەکدادانی دوو کونەڕەشەکە و تێکەڵ بوونیان بەر لە دوو ملیار ساڵ ڕوویداوە و ئێستا ئەو شەپۆڵانە گەیشتوون بە ئێمە، یەکێک لە کونەڕەشەکان بارستەکەی 30 ئەوەندەی بارستەی خۆر بووە، ئەوی تر بارستەکەی 8 ئەوەندەی بارستەی خۆر بووە، لە ئەنجامی بەیەکدادانی ئاواش کونێکی ڕەشی گەورەتر دروست دەبێت لەهەردوو کونە ڕەشەکە، پێشتریش ئەم ڕووداوە تۆمار کرا بەر لەچەند ساڵێک، بە تۆمارکردنی ئەم شەپۆڵانە دیسان ڕاستی و دروستی بیردۆزی ڕێژەیی گشتی ئاینشتاینمان بۆ دەرکەوت.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.