سەرۆکی ئەنجومەنی شورای ئیسلامی لەئێران داوا لە حکومەتی عێراق دەکات سنورە وشکانییەکانی بەروی ئەو هاوڵاتییانەی وڵاتەکەیدا بکاتەوە کە دەیانەوێت بەشداری مەراسیمی چلەی ئیمام حوسەین بکەن.
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی ئەنجومەنی شورای ئیسلامی لەئێران لەدوای کۆبونەوەی لەگەڵ محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سیاسیەتی پەرلەمانی ئێران بەشێوەیەکە پەرە بە پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و دراوسێ بدرێت، بەتایبەت لەروی پەیوەندییە ئابوری و سیاسی و رۆشنبیری و ژینگەییەکان.
رونیشیکردەوە، داوامان لە پەرلەمان و حکومەتی عێراق کردوە، کە سنورە وشکانییەکانی بەڕوی زیارەتکارانی ئێرانی بکاتەوە کە دەیانەوێت لەکاتی مەراسیمی چلەی ئیمام حوسەین سەردانی مەزار و شوێنە پیرۆزەکان بکەن.
ئاشکراشیکرد، ئێران پاڵپشتی عێراق و گەل و حکومەتەکەشی دەکات، هیوادارین پەرلەمان بە زوترین کات رێکەوتنی لایەنە سیاسییەکان بێنێتە کایەوە و حکومەت پێکبهێنرێت.
جەختی لەوەشکردەوە، هیوادارین هەردوڵات بەیەکەوە بەهێزببن، چونکە رۆڵێکی گرنگیان هەیە لە پرسە هەرێمی و سیاسی و ئەمنی و ئابوریەکان و سەقامگیری وڵاتانی ئیسلامی.
بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراو و وەفێکی پەرلەمان گەیشتنە تارانی پایتەخت، بڕیارە هەر ئەمڕۆ لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆببنەوە.
خەندان