نوسینی: لوقمان حەوێز
تەنیا لە گەلەئەستێرەی ئەندرۆمیدا کە یەکێکە لە نزیکترین دراوسێیەکانی گەلەئەستێرەکەی ئێمە پتر لە یەک ترلیۆن ئەستێرە هەیە، هەریەکێک لەو ئەستێرانە وەکو خۆری ئێمەیە، گەورەترە یان بچوکتر، هەندێکیان هەسارەیان هەیە، ئەمەش تەنیا لەنێو یەک گەلەئەستێرەی نزیک لە ئێمە...
لە گەردوونی بینراویش واتە تەنیا ئەو بڕەی گەردوون کە ئێمە بەهۆی سنورداری خێرایی تیشک دەتوانین چاودێری بکەین پتر لە دوو ترلیۆن گەلەئەستێرە هەیە، هەریەکێک لەوانە دەیەها و بگرە سەدەها ملیار ئەستێرەیان تێدایە...
تا قوڵتر بیربکەینەوە لەم گەردوونە، لەم بوونە بێ شومارە، پرسیارەکانمان زۆرتر دەبن، باشە کە ئێمە هێندە بچوکین، هەسارەکەشمان ئەوەندە بچوکە، بەڵام ئەم بوونە فراوانە بۆ..؟ هەڵبەتە دیارە ئێمە ئەوەندە گرنگ نین لەنێو گەردوون، بەهیچ لۆژیکێکی مرۆڤیش یان هیچ پێوەرێکی زانستیش نابێت ئێمە تاکە بونەوەری زیرەک بین لەنێو ئەم بوونە بێ شومارە، هەروەها ناشێت هەمووشی تەنیا بۆ ئێمە هەبێت یان تەنیا بۆ ئێمە دروستکرابێت..!
وێنەی یەکەم ڕووبەرێکی زۆر زۆر بچوکی گەلەئەستێرەی ئەندرۆمیدایە کە بە چاوی تەلەسکۆپی هابڵ چرکێنراوە، ئەم گەلەئەستێرەیە کە 2.5 ملیۆن ساڵی تیشكی لە ئێمە دورە ئەوەندە چڕە بە ئەستێرە توشی سەرسوڕمانی کردوین، تەماشای زۆری ئەستێرەکانی بکەن لەو ڕووبەرە زۆر زۆر بچوکە، ئەو ڕووبەرەی ئەستێرەکانی گەلەئەستێرەی ئەندرۆمیدا لە وێنەکە چرکێنراوە ئەوەندەی ڕووبەری سەرە تیژەکەی دەرزیێکە لێرەوە بۆ چاوی ئێمە گەر تەماشای ئاسمان بکەین، وێنەی دووەمیش هی تەواوی گەلەئەستێرەکەیە...
تێبینی: ترلیۆن واتە هەزار بلیۆن یان هەزار ملیار، واتە ملیۆن ملیۆن، بەنوسینیش واتە ژمارە یەک دوانزە سفر لەتەنیشتیەوە بێت...
