كەیوان ئازاد
گەیشتنی ئایینی ئیسلام بە کوردستان
گەیشتنی ئایینی ئیسلام بە کوردستان، بۆ سەردەمی دووەمين خەلیفەی ڕاشدی (عومەری کوڕی خەتاب) دەگەڕێتەوە، کە لەنێوان ساڵانی (٦٣٤-٦٤٤ز)دا فەرمانڕەوایەتیی دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشدیی کرد. ئەو ڕووداوەش كەوتە دوای دەستبەسەراگرتنی شاری (تەیسەفوون)ی پایتەختی ئیمپراتۆڕی ساسانی، لەلایەن عەرەبە موسڵمانەكان لەدوای شەڕی (قادسیە)، بە سەركردایەتیی (سەعدی کوڕی ئەبی وەقاس) لە ساڵی (٦٣٦ز)دا.
یەكەمین شوێنی كوردستانیش كەوتە بەر شاڵاوی ئەو سوپایە و ئایینی ئیسلامی پێ گەیشت، شاری (گوڵاڵە) بوو. ئەو شارەی لەلایەن سوپایەكی (12000) كەسیی عەرەبە موسڵمانەكان بە سەركردایەتیی (هاشمی کوڕی عوتبە) بۆ ماوەی (هەشت) ڕۆژ گەمارۆ درا، بەڵام شارەكەیان بۆ نەگیرا، تا ناچار بە گفتوگۆ بوون.
سەرەتاش دەستەیەكی ڕیشسپیانی شارەكە هاتنە لای (هاشمی كوڕی عوتبە)، نەك رێگا بدەن دەستەیەكی سوپای موسڵمانەكان بە مەبەستی گفتوگۆ بچنە نێو شارەكەیانەوە، تا بەهۆیەوە خاڵی لاوازی گرتنی شارەكە بدۆزنەوە و دەستی بەسەردا بگرن. لە ئەنجامی ئەو دانیشتنەشدا، لەسەر چەند خالێك ڕێك كەوتن. بەپێی ڕێككەوتنەكەشیان، دانیشتوانی (گوڵاڵە) دەروازەی شارەكەیان بە ڕووی سوپای عەرەبە موسڵمانەكاندا بكەنەوە، بەو مەرجەی ئازادی بدەنە خەڵكەكەی، كە باوەڕ بە ئایینی ئیسلام دەهێنن یان نا؟ ئەوانەی باوەڕیان هێنا ئازاد بن، ئەوانەیشی باوەڕیان نەهێنا باجی جزیە بدەنە سوپاكە و دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشدی.
لە بەرامبەردا، سوپای موسڵمانەكان دەست لە ماڵ و ژیانی كەس نەدەن، بەڵام دوای ئەوەی دەرگای شارەكە كرایەوە و سوپاكە چووە نێو شارەكەوە، بەپێچەوانەی ئەو بەڵێنەی بە ڕیشسپیانی شارەكەیان دابوو، كەوتنە گرتن و كوشتنی ئەوانەی توانای شەڕكردنیان هەبوو و ماوەی (هەشت) ڕۆژ كۆسپیان خستبووە بەردەم سوپاكەیان، تا شارەكە بگرن. هەروەها كەوتنە بردنی ئەو كچ و ژنانەی چاوی سەربازەكانی سوپاكەیان چووە سەر. بەهۆی ئەوەشەوە ناوی شارەكە بە (جلولاء) چووە تۆمارەكانی مێژووی ئیسلامەوە، چونكە بەڵایەك بەسەر شارەكەدا هات، پێشتر بەسەری نەهاتبوو!
بە گرتنی شاری (گوڵاڵە)ش، ئایینی ئیسلام گەیشتە كوردستان و نەتەوەی كورد، بەدوای ئەوەش هەر خودی (هاشم كوڕی عوتبە) شارەكانی (بەندەنیج- مەندەلی)، (داقووقا- داقووق)، (باگرمی-كەركووك)، (خانیجار- قەرەهەنجیر)ی لە ساڵی (637ز) گرت. (جەیری كوڕی عەبدوڵای بەجەلی)ش شارەكانی (حولوان و كرماشان)ی لە هەمان ساڵدا گرت. سوپایەكیش بە سەركردایەتیی (بەرائی كوڕی مالیك) لە ساڵی (638ز) شاری (تستەر)ی هەرێمی خوزستانی گرت، كە بە شارێكی كوردان ناسرابوو.
هەمان ساڵ (زراری كوڕی خەتاب فەهری)ش دەستی بەسەر ناوچەی لۆڕستاندا گرت. (ئەبوو مووسای ئەشعەری) والیی بەسرەش سوپایەکی بە سەرکردایەتیی (نوعمانی کوڕی زی موقرن) ناردە سەر ناوچەی (دینەوەر). دوای ئەوەشی سوپاکە شاری (حولوان)ی بڕی، بەرەو شاری (دینەوەر) بەڕێ کەوت، بەڵام لە دەروازەی شارەكەدا ڕووبەڕووی بەرەنگاریی سەختی دانیشتوانی شارەکە بووەوە. ئەوەش گرتنی شارەكەی بۆ (پێنج) ڕۆژ دوا خست.
لەلایەکی دیکەوە (سەعدی كوڕی ئەبی وەقاس)ی فەرماندەی شەڕی قادسییە (عەیازی کوڕی غەنەم)ی راسپارد، ڕوو لە هەرێمەكانی چیا و جزیرە بكات. سەرەتاش سوپایەكی بە سەركردایەتیی (عەمری کوڕی عەزەی کوڕی قەیس) ڕەوانەی ناوچەی شارەزوور و هەورامان كرد. (عەمر)یش دوای بەرەنگاریی سەختی دانیشتوانی شارەزوور، سەركەوتنێكی وەهای بەدەست نەهێنا.
دواتر سوپای سێیەم بە سەركردایەتیی (ئەبا عوبەیدەی ئەنساری) ڕووی كردە ناوچەكە. ئەو سوپایەش دوای گرتنی شاری (سیروان)، بە كوژرانی (ئەبا عوبەیدە) كۆتایی هات، كاتێك لە دامێنی چیای شنرۆی و لەو شوێنەی ئێستا بە گوندی (عەبابەیلێ) ناسراوە، كوژرا و هەر لەوێش بەخاك سپێردرا. بەوەش گوندێك ب ەناوی (ئەباعوبەیدە)، كە دواتر بووە (عەبابەیلێ) ناسرا، ئاوەدان بووەوە.
لە لایەكی دیكەوە، شاڵاوێكی دیكەی عەرەبە موسڵمانەكان بە سەركردایەتیی (عوتبەی كوڕی فەرقەد) بە ئاراستەی شارەكانی (تكریت) و (ئەربێلا- هەولێر) و (شێخان، زرێبار، زاخۆ) ڕۆیشت و دەستی بەسەر ئەو شار و ناوچانەدا گرت. (عەبدوڵای کوری مەکتووم)یش بە سوپایەكەوە گەمارۆی شاری (مووسڵ)ی دا و دوای گەمارۆیەكی توند و كردنەوەی دەرگای شارەكە لەلایەن عەرەبە نیشتەجێیبووەكانی شارەكەوە، (مووسڵ) كەوتە دەست سوپای عەرەبە موسڵمانەكان. سەرچاوە مێژووییەكانی ئیسلامیش ئاماژە بەوە دەكەن، كە لە گرتنی شاری (مووسڵ)دا، هەر سەربازێکی عەرەبی ئیسلامی (سێ هەزار) درهەمی بەرکەوتووە.
پێوەند بە ناوچەكانی باكوور و خۆرئاوای كوردستانیش، كە بە (هەرێمی جزیرە) ناسرابوو، بە فەرماندەیی (عەیازی كوڕی غەنەم) لە ساڵی (638ز) شارەكانی (زۆزان، بازبدی، قردا، نوسەیبین، تورعابیدت، حوسن كێف، ئامەد)ی گرت. ئەو شاڵاوانەش بە هاوكاریی چەند فەرماندەیەكی سوپاكەی بە ئەنجام گەیشت، كە هەریەك لە (سوهەیای کوڕی عودەی، عەبدوڵای کوڕی عوتبان، عوقبەی کوڕی وەلید) بوو.
(سوهەیای کوڕی عودەی) شار و ناوچەی (ئورفە) گرت. (عەبدوڵای کوڕی عوتبان)یش شاری (نوسەیبین)ی دوای شەڕ و كوشتارێكی زۆر داگیر كرد. (عوقبەی کوڕی وەلید) شاری (جزیرە) و دەوروبەری، هەروەها شاری (عین ئەلوەرد)یشی گرت. هەموو ئەو شارانەش دوای بەرەنگاربوونەوەی دانیشتوانی شارەكان دەستیان بەسەردا گیرا، نەك بە ئاشتی و پێشوازیكردن لەو سوپایانە. هەروەها گرتنی شارەكانی (ورمێ، خۆی، سەڵماس) كەوتنە ساڵی (638ز) و لەلایەن (عوتبەی كوڕی فەرقەد)ەوە دەستیان بەسەردا گیرا.
دوای ئەوەیشی سوپای عەرەبە موسڵمانەكان بە سەركردایەتیی (نوعمانی كوڕی زی موقرن) لە (نەهاوەند) و لە ساڵی (642ز) ڕووبەڕووی سوپای ئیمپراتۆڕی ساسانی بوونەوە و كۆتایی بەو دەوڵەتە هات. ئەوەش دەرفەتی دایە سوپای عەرەبە موسڵمانەكان دەستیان بگاتە ئەو شار و ناوچانەی پێشتر دەستیان پێ نەگەیشتبوو، لەوانە شاری (هەمەدان)، كە شار و پێگەیەكی گرنگی كوردانی سەردەمەكە بوو، ساڵی (642ز) دەستی بەسەردا گیرا. هەروەها ناوچەی شارەزووریش بەتەواوی دوای ئەو شەڕە كەوتە دەست سوپای عەرەبە موسڵمانەكان.
كەوتنی شارەكانی (فسا، دارابگرد)ی هەرێمی فارسیش لە ساڵی (644ز)و لەلایەن (ساریەی كوڕی زەنیمی كنانی) دەستی بەسەردا گیرا. كەوتنی هەرێمەكانی (ئازەربایجان و ئاران) و ئەو شارانەی تا ئەوكات نەكەوتبوونە دەست سوپای عەرەبە موسڵمانەكان، كەوتنە دوای ساڵی (645ز). هەموو ئەمانەش پیمان دەڵێن، دەستبەرسەرداگرتنی خاكی كوردستان لەلایەن سوپای عەرەبی ئیسلامی، چەندین ساڵی خایاند و چەندین فەرماندە و سەركردەی عەرەبی بەشدارییان تێدا كرد. تەنانەت لە چەندین شار و ناوچەش بەرەنگاریی سەخت ڕووی دا و هەزاران كوژراو و برینداری لە هەردوولا لێ كەوتەوە، تا ئەوەی چەندین سەركردەی شاڵاوەكانیش لەو شەڕانەدا كوژران.