سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

تەلارسازی و فیکر

07/05/2022


                                    

وەلید عومەر


یەک لە پێناسە ئاشناکان بۆ تەلارسازی(Architecture), ئەوەیە کە «هونەری هەڵکشان و ڕاستکردنەوە و ڕازاندنەوەیە لەلایەن مرۆڤەوە, کە سەرەنجام هەریەکە لە دەرووندرووستی, دەسەڵات و چێژ بۆ مرۆڤ دابیندەکات». واتە جۆرێک چالاکییەکی بنیاتنانە, خودی بنیاتنانە, گەر بنیاتنانەکەش ئامراز بێت ئەوا ئامانجەکە دەشێت زۆر هۆ بێت کە بەپێی سەردەم هەندێکیان دەگۆڕێت و هەندێکیشیان هەروەک خۆیان دەمێننەوە. هەر لە سەردەمی ڕۆمای کۆنەوە, نوسەر و تەلارسازێکی وەک ڤیتریفیۆس تەلارسازیی بە چالاکییەکی مرۆیی زانیوە کە دەبێت سێ دەرهاویشتەی بۆ سەر ژیانی مرۆڤ لێ بکەوێتەوە: خۆڕاگری(تۆکمەیی), ئاسایش و داڵدەدان, جوانی و سەرنجڕاکێشان. بۆیە تەلارسازی, پرۆسەی ڕێکخستن و شێوەپێدانە بە فەزا و بۆشایی, لەکاتێکدا تەلارشیکاری دەتوانێت لەپاش ئەم شێوەپێدانەوە دەستپێبکات و پەیوەندیی تەلار بە کۆی بوارە جیاجیاکانی ژیانەوە بخوێنێتەوە وەک: دەروون, فیکر, دەسەڵات, ئێستاتیکا, پەیوەندییە مرۆییەکان و هتد. فیکر و فەلسەفە, هەموو شتێک دەکاتە جێی ڕامانی خۆی, ئیدی لە ئایدیایەکی تەواو پەتییەوە تا دەگاتە بینایەکی ڕەقوتەق کە دەشێت هەر بەدیهێنانی ئایدیایەک بێت. بۆیەشە تەلارسازی, لە ئاستە فیکرییەکەیدا, تێهەڵکێشکردنی زۆر ڕەهەندی مرۆیی و نامرۆییە, لێکدانی ژمارەیەکی زۆر مەرامی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی مرۆڤە لە ساتی دەرچوونیەوە لە ئەشکەوت بەرەو ناو شارستانییەت. مێژووی بیرکردنەوەش خۆی هەمیشە خاڵی نەبووە لە زمان و چەمک و میتافۆر کە لە تەلارسازییشدا هەر بەکارهاتووە بۆنمونە: ئەفلاتون بیر لە بینا و بونیادی جیهان دەکاتەوە کە لەلایەن کرێکارە-خوایەکی وەک دەمیورژەوە درووستکراوە, یان چەمکی بونیاد(structure) لای بونیادگەرەکان, بینای دەروونی لای فرۆید کە بەسەر سێ نهۆمدا دابەشدەبێت(واتە كۆئەندامی دەروونیی مرۆڤ, خۆی تەلارێکی گریمانەیی و تیۆرییە), پرسی شوێنناسی لە ماتماتیکدا(تۆپۆلۆژیا), و هتد.
لە مێژوونوسیی ڕەسمییدا, سەردەمی چاخی بەردینی نوێ(نیولەتیک) بە سەرەتای مێژووی تەلارسازی دادەنرێت.

 

ئەم چاخەش دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی دەهەزار ساڵ پێش زایین, لە باشوری ڕۆژئاوای ئاسیا و بەدیاریکراوییش ناوچەی شام. سەردەمی چاخی بەردینی نوێ, خاڵی وەرچەرخانە کە مرۆڤ لە سرووشت جیادەبێتەوە و دەستدەداتە جۆرێک لە بیناسازی و تەلاری سەرەتایی. لە ڕاوشکارییەوە پەڕییەوە بۆ کشتوکاڵ و بەخێوکردنی گیانەوەران و نیشتەجێبوون. لەڕووی تەلارسازییەوە, ماڵ و کوخی سادەی لە لقوپۆی دار درووستدەکرد کە فۆرمێکی خڕی هەبوو, «ئەم فۆرمەشی وەک لاسایی سرووشت تیا مابووەوە کە هێمای مەزنی بوون وەک فۆرمی خۆر و مانگ». تاشەبەردی کەمتازۆر ناقۆڵاش بەکاردەهات بۆ درووستکردنی خانوو و پەناگەی سادە. ئەو تازە لە ئەشکەوت دەرچووبوو, بۆیە بیناسازییەکەشی شتێک لە فۆرمی ئەشکەوتی تیا مابووەوە کە سادە و داڵدەدەر بوو. لەڕووی فیکرییەوە دەتوانین بڵێین,   دەرچوون لە ئەشکەوت, جۆرێک لە خودئاگاییە لە پرسی بنیاتناندا- تەلارسازی بەو شێوە سەرەتاییە, خۆی بەئاگاهاتنەوەیە بەرامبەر بە خۆ کە کۆمەڵێک توانستمان هەیە دەتوانین لە فۆرمدان بە سرووشتدا بیخەینەگەڕ(دیارە لەقووڵاییدا ئایدیای ئەشکەوت لە زۆر ڕووەوە بۆ مرۆڤ لەناونەچووە, بۆیە بە فۆرمی تر هیشتاش خەریکین شۆرش بەسەر ئەشکەوتدا دەکەین: ئەشکەوت هەم وەک فۆرمی نیشتەجێبوون, هەم وەک نوقمبوون لە ئاگاییەکی کرچ و تاریکدا, هەم وەک جۆرێک لە پەیوەندی بە سرووشتەوە). قۆناغی نیولەتیک, ساتی جیابوونەوەیە لە سرووشت, بەڵام هێشتاش هەر بە نێوانگریی سرووشت خۆی, هێشتا کات و شوێنی سرووشتی لەم جۆرە بیناسازییە سەرەتاییەدا بەچڕی ئیشدەکات. 

 

ئێمە وەک مرۆڤ هەر لە سەردەمی نیولەتیکەوە تا سەردەمی فەیسبوک, بەدوای جۆرێک لە نیشتەجێبوون(dwelling)دا دەگەڕێین کە لەڕووی جەستەیی و مادییەوە بمانپارێزێت و لەڕووی ڕەمزی و مەعنەوییشەوە مانامان بداتێ. بنیاتنان و تەلارسازی, هەمیشە پەیوەندییەکی توندوتۆڵیان بە کێشەی "مانا"وە هەبووە: من بۆ نیشتەجێ دەبم و سەرەنجام دەچم بۆ کوێ؟ ماڵ چ واتایەکی هەیە بۆم؟ مانەوە دەتوانێت مانای چی بێت لە جێیەک و جێهێشتنی ماڵیش چ مانایەکی تر؟ سەرباری ئەمانەش, فەیلەسوفانی وەک هایدگەر پرسی نیشتەجێبوون تا کۆتاسنورەکانی ڕادەکێشن و پێیانوایە بیناسازی و تەلارسازی ئامرازێکن لەپێناوی شتێکی قووڵتردا کە نیشتەجێبوونە. واتە تەلار تەنیا هە,ڵێکە بۆ نیشتەجێبوون لە جیهاندا و مەرج نیە تەلارسازیی هەموو سەردەمێک بتوانێت ئەم ئەرکە بگرێتەئەستۆ(بۆنمونە بیناسازیی مۆدێرن جۆرێکە لە هەڵکەنرانی مرۆڤ لە جیهان, جۆرێک لە بێمانایی و نیهیلیزم, چونکە سرووشت لە گرێژەنەی خۆی دەرکراوە). بەم پێیە, سەردەمی نیولەتیک مانای زۆرتری تیا بووە بۆ مرۆڤ تا سەردەمی مۆدێرن. لە ڕوویەکی تریشەوە, ئەمڕۆ شوێن ڕەهەندێکی تەواو گریمانەیی و ئاڵۆزیشی وەرگرتووە کە فەزای مەجازییە. لە فەیسبوک و فەزای مەجازییدا, جۆرێک لە تەلارسازیی گریمانەیی هەیە, مرۆڤەکان لەوێ دەچنە پەیوەندی و ئاڵوگۆڕەوە بەڵام ڕەهەندی شوێن(place) تاڕادەیەکی زۆر بە واتا تەقلیدییەکەی پاشەکشەدەکات و ئەوەی زاڵدەبێت ڕەهەندی ڤێرچواڵ(virtual)ـە. لەم فەزایەدا, جۆرێکی تر لە نیشتەجێبوون هەیە کە جیایە لە نیشتەجێبوونە کلاسیکییەکە. ئەمە بەدەر لەوەی کە ئەندازیارییەکی کۆمپیوتەری ئیشی تیا دەکات و جارێکی تر نەخشەکان لە واقیعەوە دەهێنرێنەوە بۆ ناو زەین. سەرەتا تەلار پێویستی بە نەخشەیەکە, پاشان بەدیهێنان و پیادەکردنی ئەو نەخشەیە لەسەر زەمینەی واقیع, بەڵام لە فەزای مەجازییدا جارێکی تر نەخشەکە و پیادەکردنەکە پێکەوە کاردەکەن. لەڕووی ئۆنتۆلۆژییەوە بینایەک و نەخشەی بینایەک یەکێک نین, بەڵام بیناش بەبێ نەخشە بوونی نیە. لە دونیای مەجازییدا, ئەم جیاوازییە تەواو چڕدەکرێتەوە و خودی نەخشەکان بجۆرێک لە جۆرەکان دەبنە تەلاری گریمانەیی و ئێمەی مرۆڤ کاتی تیا بەڕێدەکەین(هەڵبەت هێشتا بنکە واقیعییەکەمان هەر تەلارێکی واقیعییە و لەوێوە پەیوەندی لەگەڵ مەجازدا دەگرین). 

 

بینا وەک دەرکەوتە سەرەتاییەکە و وەک لەمس, دیاردەیەکی ڕەقە, بەڵام هەمیشە دەتوانێت شتێکی تر بنوێنێتەوە و گوزارشت لە شتێکی دی بکات. گۆتە, ئەدیبی ئەڵمانی, تەلارسازیی بە جۆرێک لە مۆسیقا دادەنا کە تووشی ڕەقهەڵاتن هاتووە. واتە بینا گەرچی ڕەق و مەلموسە, بەڵام بیرهێنەرەوەی مۆسیقایەکە, خۆی مۆسیقایەکە, هەستێکی مۆسیقی بە مرۆڤ دەبەخشێت. لەسەر هەمان هێڵ و بە سودوەرگرتن لە زاراوەسازیی هیگڵی, دەتوانین بڵێین بینا بەشێکی ڕەقهەڵاتنی ئاگاییە, تەلار بریتییە لە مانیفێستبوونی جۆرێک ئاگایی کە فۆرمێکی مادیی وەرگرتووە. هەر بینا و تەلارێک, کۆتاسنوری مادیی ئاگاییەکە و لەوێدا وەستاوە و زیاتر نەچووەتەپێش. ڕەنگە مۆدێلی تەلارسازییەک لە سەردەمێکی تردا, جۆرێک ئاگایی تر بنوێنێتەوە, بەڵام ئەویش لە جێیەکدا کۆتاسنوری خۆی دەکێشێت و دەوەستێت. گەر بەپێی زاراوەکانی دەروونشیکارییش چاوێک بە پرسی بنیاتنان و تەلارسازییدا بخشێنین ئەوا ڕەنگە تەلارسازی پرۆسەیەک بێت چەندین ڕەهەندی وەک بنیاتنان-تێکدان, ئیرۆس-تاناتۆس, گشت-بەش لەخۆیدا کۆبکاتەوە. بینا خۆی وەک ناو و پرۆسەکەش, جۆرێکە لە پێکەوەنان و ئاڵۆزکردن کە بەجۆرێک لە جۆرەکان ئیشی ئیرۆس(پاڵنەری ژیان)ـە, بەڵام ئیرۆسێکی پوختمان نیە و لە کەلێنەکانی ئیرۆسدا دڵۆپە و چرکەساتی تاناتۆسیش بەدیدەکەین. بۆنمونە, گەر تەلارسازییەک لە سەردەمێکدا گوزارشت لە بنیاتنان بکات و لەپێناوی ژیان و مانەوەدا درووستبکرێت, ئەوا لە پەیکەری ئەو تەلارسازییەدا جۆرێک لە ڕووخاندن و پارچەکردن و هەڵوەشانەوەش لەئارادایە. تەلارسازییەکە لە گشتدا ئیرۆسە و لە بەشدا تاناتۆش, لە گشتدا بۆ ژیانە و لە بەشیشدا بۆ مەرگ و وێرانکاری. گەر کاتمەندانەش سەیری تێپەڕین و بەسەرچوونی ژیان بکەین, ئەوا هەستدەکەین بیناسازی خۆی لە مەتریاڵی مەرگ سازدەکرێت. هەر بینایەک, بە خشتی تاناتۆس ڕۆنراوە. هەر تەلارێک لەناو کاتدا دەسوێت و دەڕمێت, کۆندەبێت, چونکە مەرگ لەبنەوە لێی دەخوات و دەیدات بە دەم کاتەوە. سەرباری ئەمانەش خاڵێکی تیۆری دەمێنێت: شتێک لە بیناسازی دەمێنێتەوە کە نە ملکەچی ئیرۆس دەبێت و نە تاناتۆسیش, ئەم زیادەیە و ئەم پاشماوەیە, گەرچی چیدی خزمەت بە بنیاتنان و وێرانکارییش ناکات, بەڵام وەک یادەوەری(مۆنۆمێنت) دەمێنێتەوە. مۆنۆمێنت, لە سادەترین پێناسەی تیۆرییانەی خۆیدا, ئەو ڕەهەندە نەمرەیە کە فۆرمی بینایەک یان پاشکۆی بینایەک دەگرێتەخۆی و لەناوناچێت و پێویستیشە بمێنێتەوە. کاتێک باس لە مۆنۆمێنتێکی وەک هەڵەبجە دەکرێت, مەبەست لەوەیە کە زیادەیەکی لەناونەچوو هەیە و فۆرمی تەلارێکی لەخۆگرتووە- ئامانجەکە تەلارەکە نیە, چونکە لەبنەڕەتدا ڕۆڵی تەلار ناگێڕێت, کارکردی بینایەکی نیە, بەڵکو ساتێکی مرۆیی نەمر تێکەڵ بە تەلارسازی دەکرێت. تەلارەکە ڕەقهەڵاتنی زەمەنە بۆ ئەوەی بیرنەچێتەوە. ئەم بیرنەچوونەوەیەش پێویستی بە مەتریاڵێکی ڕەق و بەرچاوە تا شایەتی لەسەر ئەو نەمرییە بدات. ڕەقیی بیناسازی, خۆی عەوامانەترین ڕەهەندی ژیانی مرۆڤیشە بۆ ئەوەی ڕۆڵی شایەتی بگێڕێت(چونکە هێشتا فیکر و شیعر و هونەر ناتوانن ئەو شایەتییە ڕەق و بەرچاوە لەسەر بیرەوەرییەک بدەن). بە مانایەکی تایبەت, تەلارسازی و بەتایبەتییش مۆنۆمێنت, نکۆڵیی مرۆڤە لە بەسەرچوونی کات. جۆرێک لە تێهەڵکێشی ژیان و مەرگە بۆ ئەوەی کەلێنی نێوانیان دەرنەکەوێت و وەک دوو ڕاستیی شاراوە کۆبکرێنەوە. سەرەنجامیش فەزا لەبەردەم تەلارسازێکدا, چەشنی ئۆبێکتێکی خز کاردەکات(بۆنمونە ئۆبێکتی بچوکی a), هەموو فەزاکەی پێ کۆنترۆڵ ناکرێت بەڵام بایی ڕووبەرە مرۆییەکەی لێ دەپچڕێت و فۆرمێکی دەداتێ و کارکردێکیشی پێ دەبەخشێت. شەڕی تەلارساز لەگەڵ فەزا, شەڕێکی نەرمە, شتێکی چەشنی دەستەمۆکردن تا ملکەچی خواستە پیشەیی و هونەرییەکانی وی بێت. 

 

مادام تەلارسازی, چالاکییەکی مرۆییە, ئەوا جۆرێک ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و مرۆییشە لەنێوان مرۆڤەکاندا. بۆنمونە, تەلارسازی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان ڕێکدەخات, نێوانگر و مەودا دەخوڵقێنێت, من لە ئەویتر جیادەکاتەوە: تەلارسازی گەرچی لە بۆشایی درووستدەکرێت, بەڵام یەک لە ئیشەکانیشی درووستکردنەوەی بۆشاییەکی مرۆییە, بۆشاییەک لەنێوان و من و ئەویتر, مەودایەک لەنێوان من و دراوسێکەمدا: چونکە تەلار ڕۆڵی ئاشتییەکی بونیادی دەگێرێت و مەودایەک لەنێوان شەڕەنگێزیی من و دراوسێکەمدا دەکێشێتەوە. ئەو دیوارەی دەکەوێتە نێوان من و دراوسێکەمەوە, ڕەقهەڵێنانی بڕێک فەزا و بۆشاییە تا جۆرێک لە بۆشایی کۆمەڵایەتی لەنێوانماندا درووستبکرێتەو بۆ ئەوەی ئاسایشی دەروونی و کۆمەڵایەتییمان پارێزراو بێت. ئەو دیدە تەلارسازییەی کە دەڵێت شار خۆی ماڵێکە, پێویستی بەم ئیزافەکردنەشە کە شار هەرگیز ماڵێکی یەکپارچە و یەکڕەنگ نیە بۆ هەموان بەڵکو سەقفێکە بۆ تاکەتاکەی ماڵە جیاجیاکان. تەلارەکانی ناو شارێک, خۆی دەلالەتە لەوەی مرۆڤەکان دراوسێی شەڕەنگێزی یەکترن و پێویستیان بە دابڕکردنی فەزایە تا هەرکەسە و ماڵی خۆی درووستبکات. دیوار یەک لەو پێکهاتانەی ناو بیناسازییە کە ڕۆڵێکی بوونناسانە-کۆمەڵایەتییانە-دەروونناسانەی هەیە و نیگایەکی زەق لەسەر ئێمە کوێردەکاتەوە, چاوێک لەسەر ئێمە دادەخات.

 

گەر بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی نیولەتیک, و بیبەستین بەمڕۆوە ئەوا بەر درووشمێکی بەناوبانگ دەکەوین کە دەوترێت «تەلارسازیی سەردەمی نیولەتیک جۆرێک لە مینیماڵ و سادەیی تیایە». ئەمە لەڕواڵەتدا درووستە, بەڵام لێکچوونێکیشە لە دەرەوەی کاتەوە و هەژمار لەسەر ئەو جیاوازییە مێژووییە نەکراوە کە جیاوازیی فیکرییش دەخاتەوە: لە نیولەتیکدا گەر تەلارسازی چالاکییەکی سادەی مرۆڤ بووبێت, ئەوا سەردەمەکە جیابووە, مرۆڤ خۆی سرووشتی و سادە بووە, کەرەستەکان ساکار و کرچ بوون, دەسپێک خۆی دەسپێک بووە(واتە مینیماڵ و سادەیی ئەو سەردەمە خۆی شتێکی ڕاستەوخۆ و سروشتی بووە). مینیماڵ لەمڕۆدا, لاساییکردنەوەی سرووشتی و سادەییە نەک ئەوەی خودی سادەییەکە بێت. لە نیولەتیکدا ئێمە لە سەردەمێکی بێ‌نێوانگردا دەژیاین, بەڵام لەمڕۆدا لە سەردەمێکی نێوانگریکراودا دەژین. ئەودەم خودی مینیماڵمان هەبوو, بەڵام نەماندەزانی مینیماڵە, بەڵام ئەمڕۆ مینیماڵمان هەیە بەبێ ئەوەی خودی مینیماڵمان بەو چەشنەی سەردەمی نیولەتیک هەبێت. ئەم خاڵە هزرییە وادەکات تێبگەین هاوشان بە تەلارسازیی ئاڵۆزی مۆدێرن و پۆستمۆدێرن, کەچی مرۆڤ هێشتا نۆستالیژیایەکی بۆ ڕیشە دێرینەکانی خۆی هەیە.

 

ئەم مادە و کەرەستانەی ئەمڕۆ چەندەش یادە بن و بۆ تەلارسازی بەکاربێن, ئەوا ناتوانن کات و شوێن و ترپە سادە و سەرەتاییەکانی سرووشت لەخۆیاندا بنوێننەوە و پتر گوزارشت لە مەنگی و نەمرییەکی دەستکرد دەکەن.  

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.