سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

فینومینۆلۆژیای هوسڕڵ

07/05/2022


نوسینی: ئەوسن حەسەن
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: ئەردەڵان عەبدوڵا


پاشئەوەی ململانێی فەلسەفی لە نێوان " خودێتی و بابەتی بوون" دا توندتر بوو، ئەو ململانێیەی كە لە سەردەمی رێنانسازەوە دەستیپێكرد و هەتاوەكو  سەرەتای سەدەی بیستەم بەردەوام بوو. هەتا ئادمۆند هۆسڕڵ فەیلەسوفی چیكی  پەیدا بوو. ئەو  كۆتایی بەم ململانێ توندە هێنا و دەستیكرد بە یەكبوونی هەردوو پڕەنسیبەكە كە بریتی بوو لە: پڕەنسیبی ئەزمونگەرایی و عەقڵانیی. هەوڵدان بۆ  یەكبوونی هەردوو پڕەنسیپەكە لە یەك  پڕەنسیپ، كە چوارچێوەیەكی زانستی  هەبێت و لە فەلسەفەشەوە نزیك بێت و رێچكەكەشی بەرەو سەنتەری ئاوەزی مرۆڤ بەرێت و تێیدا لێكۆڵینەوە لە بارەی كاردانەوەكانی هەستی مرۆڤ لە بارەی جیهانی دەرەكیی و شتەكانی دەوروبەری بكات.

لەهەمانكاتیشدا هەوڵیدا كە فەلسەفە بكاتە زانستێكی گشتگیری راست و دروست و ببێتە بنەمایەك بۆ هەموو مەعریفە و زانستەكانی تر، ئەمەش بە پشتبەستن بەو  پەیوەندییە مێژووییەی لە نێوان فەلسەفە و زانستدا هەیە، فەلسەفە  كە وێنەیەكی مەبەستداری گشتگیریی هەیە و زانستیش كە دەرەنجامی یەقیقینی هەیە، هەردووكیشیان كاریگەری گەورەیان لەسەر مێژوو و داهاتووی مرۆڤایەتی هەیە.

دەكرێت مەعریفە بكرێتە دوو لقەوە:
یەكەم: مەعریفەی كەڵەكە بوو


ئەم جۆرە مەعریفەیەش  " فەلسەف و هونەر و ئەدەب" دەگرێتەوە، ئەمانە دەكرێت لە هەموو سەردەم مێژووییە جیاوازەكاندا، فیكرەكانیان دووبارە بكرێنەوەو لە یەكترییەوە نزیك بێت. هەندێكجاریش دەكرێت داهێنان بكرێت لە رووی شێواز و ئامڕاز و رێگەچارەكان، ئەمەش بە پێی ئەو سەردەمەی كە تێیدا دەژین.

دووەم: مەعریفەی نا كەڵەكە بوو

ئەم جۆرە مەعریفەیەش زیاتر زانست و داهێنانە زانستییەكان دەگرێتەوە، كە "تازەكە" ئەوەی پێش خۆی لەناو دەبات، ئەمەش زیاتر  ئەو مەعریفە نوێیانە دەگرێتەوە كە پێشتر نەمانزانییوەو ئاگامان لێیان نەبووە، لەمەدا ناكرێت ئەو داهێنانە نوێیانە كە لەلایەن زاناكانەوە ئاشكرا كراوە، جارێكی تر لە سەردەمانی تردا دووبارە بێتەوە، چونكە ئەو داهێنانە زانستیانە تەنها یەكجارەو ناكرێت دووبارە بكرێنەوە. 

ئایا فەلسەفە كۆتایی پێهاتووە؟

ئەگەر هەموو مەسەلەكانی فیكری مرۆڤایەتی، فەیلەسوف و بیرمەندەكان لە ماوەی هەزاران ساڵ قسەوباس و لێكۆڵینەوەیان لەبارەوە كردبێت، بە جۆرێك هیچ دیاردەیەكیان نەهێشتۆتەوە بە بێ ئەوەی قسەی لە بارەوە نەكەن یان  لێكۆڵینەوەی ووردی  لە بارەوە نەكەن. هیچ هزرێكیش بە بێ لێكۆڵینەوە نییە، هەروەها هیچ كێشەیەكیش بەبێ چارەسەر نییە، جا گەورە بێت یان بچووك، مرۆیی بێت یان سروشتی. لێرەدا بۆمان هەیە بپرسین: ئایا چی نوێ هەیە كە دەكرێت بخرێتە سەر  توراسی فەلسەفی؟ ئایا بەراستی سەردەمی فەلسەفەدان و داهێنانی بابەتی نوێ لە بواری فەلسەفەدا كۆتایی پێهاتووە؟

ئێستا زەحمەتە بابەتی نوێ لە بواری فەلسەفەدا زیاد بكرێت، بەشێوەیەك لە تەواوی سەردەمەكانی پێشوودا، لە فیكری فەلسەفییدا تەواوی بابەتەكان كۆتاییان پێهاتووە و لەلایەن فەیلەسوف و بیرمەندەكانەوە. هەموو بابەتەكان باسكراون و قسەیان لەبارەوە كراوە. ئەوەی دەكرێت كە لە بواری فەلسەفەدا زیاد بكرێت، رێگەچارەو شێوازی نوێی دروستكردنی پڕەنسیبی نوێیە، چونكە فەلسەفاندان بۆتە هەقیقەت و واقعێك لە فەلسەفەی مۆدێرندا. 

فینۆمینۆلۆژیا و كاریگەرییەكانی تری هۆسرڵ
دەكرێت فەلسەفەی هۆسڕڵ پێش فینۆمینۆلۆژیابكرێتە سێ قۆناغەوە: 


1/ زانستی ژمێریاریی
2/ زانستی لۆژیك " منگق"
3/ زانستی دەروونناسیی" سایكۆلۆژی"

تەنها بەمشێوەیەش دەتوانین لە گەشەسەندنی فیكریی و فەلسەفی هۆسرڵ پێش فینۆمینۆلۆژیا تێبگەین. 

سەرەتا لە قۆناغی ماتماتیكیدا گرنگی زۆری بە كردەی دەروونی دەدات بە مانا پراكتیزەكردنەكەی، پاشان واز لەم قۆناغە دەهێنێت و هەموو گرنگییەكی دەچێت بۆ مەعریفە، كە دەتوانین بە قۆناغی مەعریفەی هۆسڕڵ ناوی بەرین، لەم قۆناغەشدا هۆسڕڵ لە مانای سەرەكیی و هەقیقی مەعریفە تێدەگات، لەهەمانكاتیشدا درك بە بەهای شتەكان دەكات.

 لە قۆناغی "سایكۆلۆژی" زانستی دەروونشیكاری فینۆمینۆلۆژیدا، هۆسڕڵ دوانەیەكی لە نێوان منی ئەزمونوگەرایی و منی باڵادا، تۆڕی مەعریفەی باڵای دروستكرد بوو، هەروەها  سنووری ئەزموونگەراییشی فراوانتر كرد بۆ ماهیەتی باڵا، كە هەموو رووداو و بوونەكان بگرێتەوە.

مێژووی چەمكی فینومینولۆژیا

دووبارە گەڕانەوە بۆ فینومینولۆژیا و پێش ئەوەی هۆشیاریی و زانینی هۆسڕڵ لە بارەی فینۆمینۆلژیا گەشە بكات و بیكاتە  پڕەنسیپ و فیكری بنەڕەتی خۆی، دیارە بە ماوەیەكی زۆر پێش هۆسڕڵیش وشەی فینۆمینۆلۆژیا بوونی هەبووە و لە لایەن خەڵكی ترەوە بەكارهێنراوەو چەندین مانای جیاوازی هەبووە. لەمبارەیەوە لالاند مێژووی بەكارهێنانی ئەم وشەیە بە هەموو ماناكانییەوە  شیكردۆتەوەو پێی وایە كە بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1764 دا  وەكو تیۆرییەك دەركەوتووە، ئەمەش ناونیشانی فەسڵێكی كتێبێكی نوێی  لاپمیر ئارگانون بووە. لە پاش لامپێریش، كانت هەمان چەمكی لە زۆر بەرهەمەكانیدا بەكارهێناوە گرنگترینیان لە كتێبی " رەخنە لە عەقلی پەتی" كە لە ساڵی 1780 دا نووسیویەتیی و بە یەكێك لە كتێبە گرنگ و ناسراوەكانی كانت دەژمێردێت. 

لەپاش كانتیش هیگل هات و هەمان وشەی بەكارهێنا بەڵام بە مانایەكی جیاواز تر، ئەمەش بۆ یەكێك لە كتێبە گرنگەكانی دانا  كە ئەویش كتێبی " فینۆمینۆلۆژیای رۆح" بوو كە لە ساڵی 1807 دا چاپ و بڵاویكردەوە. لە پاش ئەویش هاملتون لەوانەكانیدا لە بارەی زانستی دەروونناسی و لۆژیك و میتافیزیك بەكاریهێنا. لە ساڵی 1869 دا، هەمان وشە لە كتێبێكی هارتمان بەكارهێنرا ئەوش كتێبی " فینۆمینۆلۆژیا و ویژدانی ئەخلاقیی". هەمان وشەش لە كۆتاییەكانی سەدەی نۆزدەدا لەبەرهەمەكانی  هەردوو فەیلەسووفی فەرەنسی رافیسۆن و ئێمیل بەكارهێنراوە. 

فینۆمینۆلۆژیا لە زانستی زمانەوانیدا بەوە ناسراوە،  كە  زانستی دیاردەكانە یان لە دیاردەكان دەكۆڵێتەوە، كە ئەوانیش بریتین لە  شتەكانی دەرووبەری مرۆڤ، یان ئەو رووداوانەی  كە گوزارشت لە هەستێكی پەتی دەكەن و دەبننە بابەتێكیش بۆ دەرك پێكردن و پاشانیش دەبنە كۆڵەكەی بنەڕەتی بۆ مەعریفە. فینۆمینۆلۆژیا لای هۆسڕڵ  زانستی سەرەتا و بنەمای راستییەكانە، كە هەموو مەرجەكانی  مەعریفە  و زانستی لەسەر بونیات دەنرێت. سەرەتاش لە هەستێكی پاكوبێگەرد دەستپێدەكات  و سەربەخۆشە و دووریشە لە هەموو  شرۆڤەكارییەكی ماهیەتی شتەكان.

هۆسڕڵ دەیویست  لە فەلسەفەدا ململانێی پڕەنسیبی   نێوانی میتافیزیكیی و ریالیزم خۆی بە دووربگرێت، چونكە ئەو وایكرد كە فینۆمینۆلۆژیا ببێتە پڕەنسیبێك  بۆ هەموو زانستێكی گشتی و ببێتە وەسفێكی باڵاش بۆئەوەی  جیهانی دەرەكیی  وەڵامی جیهانی خودێتی بداتەوە، بۆئەوەی  هەموو شتەكانی ناخی بەشێوەیەكی راستەوخۆ ئاشكرا بكات و دەركیش بە ماهیەتی هەموو هەستێكیش بكات. 

سێ كۆڵەكەی فینۆمینۆلۆژیای هۆسڕڵ

فینۆمینۆلۆژیای لای هۆسڕڵ لە سەر سێ كۆڵەكەی سەرەكی دامەزراوە، كە ئەوانیش  بریتین لە : ماهیەتی شتەكان. هەڵپەساردنی حوكمدانی شتەكان "ئیپۆخییەت" منی باڵا. 

هۆسڕڵ فیكرەی ماهیەتی بەرجەستەكراوی لە ئەفلاتون وەرگرت، بەڵام فیكرەی وێنە  و شتی هەستپێكراوی رەتكردەوە، ئەو پێی وابوو كە ماهیەتی شتەكان لە دركی راستەوخۆی شتەكان و عەقڵەوە دروست دەبێت، بەشێوەیەك لایەنی دەرەكی شتەكان بریتییە لە ماهیەتیان، لێرەدا ماهیەتی شتەكان، هەقیقەتی بابەتی شتەكانن، بەتایبەتیی كاتێك گوزارشت لە سیمایەكی تایبەتی هەستیی بكات. كێشەی سەرەكی لای هۆسڕڵ بریتی بوو لە شرۆڤەكردنی چۆنێتی هۆشیاریی بەو هەقیقەتان و پیشاندانیان وەكو مەبەستی كرۆكی شتەكان. 

ئیپۆخییەت Epoche

هۆسڕڵ پڕەنسیبی گوماناویی دیكارتی بەكاردەهێنا لە بواری چەمكی ئیپۆخیەت   ئەو زۆر سەرسام بوو بە مەنهەجیەتی دیكارت سەبارەت بە دانانی یاسا و رێسا و بنەماكانی یەقینی بۆ مەعریفە،ئەمەش لە رێگەی پشتبەستن بە پڕەنسیبی گومانكردن لە جیهانی دەرەكی و هەموو ئەو بوونە ماتڕیاڵانەی كە تێیدایە و دانانی جیهانی دەرەكیش لە نێوان دوو كەوانەدا. بەڵام هۆسڕڵ دژی  كوجیتۆی دیكارتی دەوەستێتەوە كە ئەویش گوزارشت لە وتە بەناوبانگەكەی دیكارت دەكات  كاتێك وتی: "من بیر دەكەمەوە ، كەواتە من هەم." چونكە هۆسڕڵ هەمیشە  دەیوسیت فیكر لە هەموو شتێك جیابكاتەوەو بوونێكی سەربەخۆی هەبێت، چونكە پێی وابوو كە فیكر بەرەوە شتێك هەنگاو دەنێت، بەمشێوەیەش كوجیوتی دیكارت لەم حاڵەتەدا دەبێت بەم شێوەیە بووترێت: من بیر لە شتێك دەكەمەوە.

منی باڵا

ئەوەی پەیوەستە بە چەمكی " منی باڵا"ەوە هەموو ئەو هەقیقەتەی كە لەگەڵ خۆی هەڵیگرتووە، هۆسڕڵ  ئەم چەمكەی لە فەیلەسوفی ئەڵمانی  لایپتز  وەرگرتووە،بەڵام بەشێوەیەكەی سەربەخۆ و لە فیكری میتافیزیكی و گونجاندنی لەگەڵ فیكری لاهووتی دابڕیووە . 

جیاوازی نێوان منی باڵای كانت و هۆسڕڵ

لێرەدا گرنگە كە جیاوازی لە نێوان منی باڵای" ئیگۆی ترانسدنتاڵی" لای كانت و  منی باڵای هۆسڕڵ بكەین. لە لای كانت منی باڵا بەكاردێت بۆ هەموو ئەو شتانەی كە پێشتر وتراوەو  زەرووری بوون بۆ هەموو مەعریفەیەك  یان ئەزموونێكی بەرجەستەكراو. مەعریفە لای كانت پەیوەستە بە هەموو تێڕوانینەكانی پێشووتر و جیاوازیشە لە هەموو شتێكی هەستپێكراو كە دەرفەتی لەدایكبوونی ئەزمونێكی نوێ دەدات، بەم شێوەیەش عەقڵ دەبێتە یاسایەكی سروشتیی، ئەگەرچی ئەو شتێكی ناوخۆییشە.

بەڵام منی باڵا لای هۆسڕڵ  بەكاردێت بۆ هەموو ئەو كارانەی كە منی باڵای پێی هەڵدەستێت، بەشێوەیەك كە وەكو شتێكی یەقینی پێشوەختە دەردەكەوێت، ئەمەش پاش دووركەوتنەوە لە جیهانی هەستپێكراویی دەرەكیی و گەڕانەوە بۆ ناو جیهانی هەسپێكراوی ناوخۆیی، ئەمەش بەبێ ئەوەی عەقڵ هیچ رۆڵێكی سەركردایەتی هەبێت لە سروشتدا.

دابەشكردنی دیاردەكان
هۆسڕڵ دیاردەكان بۆ دوو بەش دابەش دەكات:


دیاردە سروشتییەكان:  ئەمەش هەموو ئەوانە دەگرێتەوە كە لە رووی دەرەكی شتەكانەوە دەردەكەون و لە رێگەی هەستەكانیشەوە، مرۆڤ هەستیان پێ دەكات و پاشان ئەمانە دەبنە بابەتی مەعریفەی عەقڵی.

دیاردە عەقڵییەكان: ئەمەش هەموو ئەوانە دەگرێتەوە كە لە هەستی مرۆڤەوە دەردەچن لە بارەی رووداوە عەقڵیی و دەروونیی و ناوخۆییەكان، ئەمانەش لە رێگەی چاودێریكردن و هەستی ناوەخیییەوە دەردەكەون.

بەمشێوەیە دیاردە لای هۆسڕڵ خۆی لە خۆیدا هەر شتەكان و رووداوە گۆڕاوەكان لە جیهانی هەسپێكراودا دەگرێتەوەو هەموو ئەو گۆڕانكاریی و گەشەسەندنانەشی كە بەسەریدا دێت. بەشێوەیەك كە مرۆڤ ناتوانێت بیریبكەوێتەوەو هەستی پێبكات و خەیاڵی بكات، ئەمانەش دواتر لە عەقڵدا دەگۆڕدرێن بۆ  بوونی بەرجەستەكراویی یەقینی، ئەمەش لەرێگەی وەڵامدانەوەی  هەستی باڵا یان ئەوەی كە پێی دەڵێین فینۆمینۆلۆژیا. 

جێگەی ئاماژەیە هۆسڕڵ دەیویست پڕەنسیبی دیاردەناسی بەسەر تەواوی زانست و مەعریفەكانی تریشدا پراكتیزە بكات، بەشێوەیەك كە فینۆمینۆلۆژیا ببێتە زانستێكی تەواو دروست و ببێتە بنەمایەكیش بۆ هەموو مەعریفە و زانستێك.

چەمكی مەبەست و هەستی مەبەستدار

بنەما فیكری مەبەستداریی  دەگەڕێتەوە بۆ فەلسەفەی پەروەردەیی سەدەكانی ناوەڕاست، " مەبەست" یش لای ئەوان، هەموو ئەو كردارانە دەگرێتەوە كە عەقڵ  دەیكات بۆئەوەی لە بابەتێك بگات و هەستی پێبكات.

برنتانۆ   باشتر چەمكی " مەبەستداریی" شیكردۆتەوەو پێی وایە كە ئەم چەمكە لەسەر بنەمای ئەوە دروستبووە كە هەستە ناوخۆییەكان بەرامبەر بە بابەتە دەرەكییەكان بگوازێتەوە،  پێشی وایە كە  هەموو ئەزموونێك لایەنێكی دەروونی تێدایە  كە ئەویش خۆی لە كردار و لایەنی بابەتی شتێك دەبینێتەوە، هەریەكەشیان بەرەو ئاڕاستەیەكی دەڕۆن و لە كۆتاییشدا یەكتری تەواو دەكەن. 

جێگەی ئاماژەیە بۆچوونەكانی برنتانۆ كاریگەری گەورەو راستەوخۆیی لەسەر دروستكردنی چەمكی فینۆمینۆلۆژیای هۆسڕڵ هەبووە، نابێت ئەوەشمان لەیادبچێت كە هۆسڕڵ خوێندكاری ئەو بووە لەسەر دەستی ئەو فێری فەلسەفە بووەو بەشداری زۆربەی وانەكانی كردووە كە لە ساڵانی 1884 بۆ 1886 لە زانكۆ وتوییەتییەوە. 

چەمكی " مەبەستداری" لای هۆسڕڵ لەوەدا كورتكراوەتەوە، كە هەموو ئەو شتانەی  كە لە جیهانی دەرەكی  بوونیان هەیە، بۆئەوە دروستبوون تاوەكو هەست  تێیانبگات و بەمشێوەیەش كردار و بابەتەكە یەكتر تەواو دەكەن و دەبنە یەك شت.

باشترین  مەبەستداریش بۆ هەست برتییە لە كردار و بابەتێك  كە دەركی پێ بكەیت، هەموو كردارێك لە كردارەكانی هەستێك، بەرەو بابەتێكی  جیاواز هەنگاو دەنێت، پێدەچێت ئەو بابەتە شتێكی ماتریاڵ بێت، یان پێدەچێت ماهیەتێكی عەقڵی بێت، یان پێدەچێت  دەرەنجامی هەڵچوونێك یان خەیاڵێك و بیركردنەوەیەك  بێت.

دوو جۆر هەست

هەست لای هۆسڕڵ  لەكاتی بەستنەوەی بە چەمكی " مەبەستداری"  دەكرێتە دوو جۆر: هەستی بێ لایەن و هەستی موجەرەد. 

هەستی بێلایەن: ئەو جۆرە هەستەیە كە هێشتا دەستی نەكردووە بە شڕۆڤەكردنی مەبەستی نێوان بابەت و كردار.

هەستی موجەرەد: ئەو جۆرە هەستەیە كە راستەوخۆ دەستدەكات بە  شرۆڤەكردن و شیكردنەوەی  پڕۆسەی دەرەكی مەبەستداریی لە زۆربەی دیاردە مەعریفییەكاندا لەوانە" یادكردنەوە، خەیاڵكردن، ویست و  حەزەكان"  ئەمەش بە ئامانجی كەشفكردنی كرداری مەبەستدار و بابەتەكەی.

مەبەستی كردار، هەقیقەت و سەرەكیی و بنچینە دەگرێتەوە، لەكاتێكدا مەبەستی بابەت خۆی لەخۆیدا هەقیقەت نییە، بەڵكو پەیوەستە بەوەوە،  بۆ نموونە كاتێك دارێكی سێوی بەرهەمدار و جوان دەبینیت،  لەمەشدا دەبینین پڕۆسەی دەرككردن بە دارەكە ، لەرێگەی كارێكی مەبەستدارەوە كراوە كە ئەویش لە ناوەڕۆكیدا  واقعێكی هەقیقییە، دواتر دەستدەكەین بە دروستكردنی بابەتێكی مەبەستدار لەناو هەستماندا كە ئەویش " دارێكی دەرك پێكراوە"  كە خۆی بە تەنها  هیچ هەقیقەتێكی سەرەكیی " بنەڕەتی" نییە، بەڵكو  دەرەنجامی كردارێكی مەبەسەتدار دروستبووە، ئەمەش لەبەرئەوەی  بابەتی مەبەستدار، لەگۆڕانی بەردەوامدایە، بەڵام پاشان بە هۆی كردارێكی دەركپێكراوەوە یەكدەگرێتەوە. 

ئەو یەكگرتنەوەیەی پێشووی نێوان كرداری مەبەستدار و بابەتەكەی، دەبێتە هۆی دروستبوونی سیمایەكی تری  مەبەستداریی  كە ئەویش  بریتییە لە پڕۆسەیەكی  چاودێریكردنی بەردەوام  كە تێیدا، هەست  بە هەموو كردارە دەرەكپێكراوەكان دەكەیت و ئامادەشە  بۆ وەرگرتنی  بابەتە دەرەكییەكانی تر. 

فینۆمینۆلۆژیا و سایكۆلۆژیەتی

ئەگەر فینۆمینۆلۆژیا گرنگی بە هەموو ئاگاهییەك لەبارەی دیاردەو شتەكانەوە بدات، ئەوا هەموو چالاكییەكی ئاوەز و یادگەش بەشێكە لەم ئاگاهیی و ڕێچكەكەی، لێرەدا رووبەروی پرسیارێك دەبینەوە، ئەگەر سایكۆلۆژی، لێكۆڵینەوە لە بارەی ئاگاهیی   شتەكان و رێگەی دەرككردنیان بكات، ئایا فیننۆمینۆلۆژیاش ناچێتە چوارچێوەی مەعریفەی سایكۆلۆژییەتەوە؟

سایكۆلۆژیەتی مەعریفە گرنگی بە حاڵەتە مەعریفییەكان دەدات و وەكو حاڵەتێكی عەقڵانی دایاندەنێت و ئەمانەش پەیوەستن بە  ئەرك و سلوكیاتی ئاوەزی مرۆڤەوە، بەڵام فینۆمینۆلۆژیا هیچ گرنگی بەو حاڵەتە عەقڵیی و زیهنییە  نادات كە لەگەڵ  پرۆسە مەعریفییەكەدا دروست دەبێت، بەڵكو تەنها گرنگی بەو ئامادەكارییە مەعریفیانە دەدات، كە لەناو ناخی مرۆڤدا بوونیان هەیە، ئەوانەی كە دەتوانن مەعریفەی یەقیقنی دروست بكەن. ئەم ئامادەكارییانەش هیچ سایكۆلۆژیی نین  بەڵكو پەیوەندییان  بە ئاگاهیی  تایبەتییەوە هەیە پێش ئەوەی پەیوەندییان بە ئەزمنوونی پراكتیزەكراوەوە هەبێت.

لەبەرئەوە دەبینین كە هۆسڕڵ رەخنە ئاڕاستەی هەردوو پڕەنسیپی ئەزموونگەرایی و میتافیزیكی دەكات كە لەو سەرمەدەی ئەودا زۆر باویان هەبووە. هەربۆیە لەكاتی خوێندنی سایكۆلۆژیەتدا، هەوڵی ئەوەی دەدا كە سایكۆلۆژیەتی  ماهیەتی دروست بكات، كە گرنگی بە لێكۆڵینەوە لەبارەی هەستەوە دەدات لە چوارچێوەی وێنە مەبەستدارییەكەی، هەروەها ڕۆڵیشی لە پڕۆسەی دەرككردندا دەربخات. هەروەها گرنگیش بە كاری دەرككردنەوە بدات لە جیاتی ئەوەی خۆی بە ناوەڕۆكی دەرككردنەوە خەریك بكات.

سایكۆلۆژیەت  زیاتر گرنگی بە " منی باڵا" دەدات، لە جیاتی ئەوەی گرنگی بە " منی ئەزموونگەرایی گۆڕاو" بدات، كە ئەویش بەشێكە لە جیهانێكی گۆڕدراو. هۆسڕڵ لە كتێبەكەیدا " تێڕامانە دیكارتییەكان" دا باس لە چۆنێتی  گۆڕینی منی دەروونی بۆ منی باڵا دەكات، ئەوەش لەرێگەی پڕۆسەی راگرتنی حوكمدانەوە، كە تێیدا منی دەروونی خۆی لە بەرامبەر خودی موجەرەدییەوە دەبینێتەوە.

رەخنە لە فینۆمینۆلۆژیای هۆسرڵ

میكانیزمی سەرەكی كە هۆسرڵ بەكاریهێناوە بۆ ئەوەی بگاتە هەقیقەتی یەقینی  بریتییە، لە تێڕامانی عەقڵی خودێتی"، كە فیكر لە ناوخۆیدا رەنگدانەوەی خۆی تێدا دەكات،  بۆئەوەی  خۆی بخاتە ناو ئەملاوئەولای هەستی باڵاوە، هەروەها هەستیش بە هەقیقەتە ماتڕیاڵە شاراوەكانیش بكات. مادام ئەم میكانیزمەش سیمایەكی خودێتی هەیە و كەسیش ناتوانێت مومارەسەی بكات جگە لە خاوەنەكەی نەبێت،  لەبەرئەوە زەحمەتە بۆ خەڵكانی تر بتوانن  لێكۆڵینەوە لەبارەی راستیی و دروستی ئەو دەرەنجامانە بكەن كە هۆسرڵ پێی گەیشتووە. لەبەرئەوەی كە میكانیزمەكانی  تەواو جیاوازە لە میكانیزمەكانی پێشوو، تەنانەت ئەگەر هەمان رێچكەی تێڕامانیش بەكاربهێنن بۆئەوەی بچنە ناو قووڵایی خودێتییانەوە، ئەوا ئەوان دەرەنجامی تریان دەستدەكەوێت، كە تەواو جیاوازە لەو دەرەنجامەی هۆسرڵ، ئەمەش بەهۆی جیاوازی خودێتی مرۆڤەكانەوە.

دیارە هۆسرڵ تیۆرییە فینۆمینۆلۆژییە قوورسەكەی خۆی  پێڕەو كردووە لە دەرهێنانی ماهیەتی هەندێك شتی ئاسان وەكو : "خانو، دار" ئەمانەش بە سروشتی خۆیان  شتێكن كە بنەمایەكی راگیر و نەگۆڕیان هەیە و ئاسانیش دەركیان پێ دەكرێت و فۆرمەكانیشیان لەرووی دەرەوە، بوونی ماتڕیاڵیان، ئاسان دەردەكەوێت، بەڵام باشە حاڵەتەكە چۆن دەبێت ئەگەر ئێمە  بچین لێكۆلینەوە لە بارەی دیاردەكانی ژیانی كۆمەڵایەتی ئاڵۆزەوە بكەین، كە واقیعێكی زیندوویان هەیە و هەمیشەش لە گۆڕانی بەردەوامدان؟.

لەبەرئەوە بەهیچ شێوەیەك ناتوانین فینۆمینۆلۆژیا وەكو زانست دایبنێین، هەروەها لە شێوەی زانستیش نییە، بەڵكو لقێكی فەلسەفی دروستكراوە لە بواری مەعریفەدا، هەروەها ناشتوانرێت بخرێتە  ژێر لێكۆڵینەوەی زانستی و هەڵسەنگاندنی ئەزموونییەوە، ئەوەش بەهۆی سروشتە فەردانیەت" تاكگەرایی" و پێكهاتە خودێتییەكەوە.

لەگەڵ هەموو ئەو هەوڵە فەلسەفیانەشی كە هۆسرڵ لەم بوارەدا دای بۆئەوەی بتوانێت هەردوو پڕەنسیپی میتافیزیكی و سروشتی لە یەك پڕەنسیپدا كۆبكاتەوە، بەڵام هەموو هەوڵە بەردەوامەكانی  بۆ دروستكردنی ئەم پڕەنسیبە یان رێچكە فیكرییە كە پشت بە زانست و مەعریفە دەبەستێت، هەموویان شكستیان هێنا. ئەمەش بەهۆی ئەو مەیلە میتافیزیكیە توندڕەوی كە لە فیكری هۆسرڵ دا هەبوو. بەتایبەتی ئەوەی كە پەیوەندی بە ئەزموونی باڵا و" من" و بڕوابوونی تەواویشی بەوەی كە هەقیقەت و یەقینی رەها لێرەوە سەرچاوە دەگرێت. بەمەش رۆڵی دەرەكی  پشتگوێ دەخات،  كە لەسەر بنەمای گۆڕانی بەردەوام   دروستبووە. 

جێگەی ئاماژەی هۆسرڵ خۆشی دان بە ئەستەمی ئەزموونی باڵاوە ناوە، هەرچەندە نكووڵی لە میتافیزیكیەتی فەلەسەفەكەی كردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا فەلسەفەكەی تەنها وەكو لقێكی جیا لە تێڕامانە عەقڵیی و هەستییەكان دادەنرێت.

هۆسرڵ پێی وابوو كە لقێكی نوێی لە فەلسەفەدا دروستكردووە، هەروەها رێچكەیەكی فیكری تایبەتیشی دروستكردووە كە عەقڵ لە هەموو كەلەپوور و وەهمەكانی بەردەمی  رزگار دەكات، ئەمەش لە رێگەی تێكەڵكردن و ئاوێتەبوونی فەلسەفە كۆنەكان و مۆدێرنەكان لە یەك فۆرمدا. بەڵام پاشتر ئەم فۆرمە لەسەردەستی خوێدنكارەكانی هۆسرڵ لەناودەچێت، بەتایبەتی ئەوانەی كە بزووتنەوەی فەلسەفی بوونگەراییان داهێنا، كە تەوەری سەرەكیان ئازادی مرۆڤ و ئارەزووەكانی بوو لەم جیهانەدا.

جێگەی ئاماژەی زۆربەی فەیلەسوفەكانی بوونگەرایی، داڕمانی دەروونی مرۆڤایەتیی و نائارامی و پشێوییان بینوە، كە هەردوو جەنگە جیهانییەكە خوڵقاندبووی  كە لە سەرەتا و نیوەی سەدەی بیستەمدا روویدا، ئەوان نەیانتوانی ئەو ناكۆكییە گەورەیە ببینین، كە لە نێوان خودی ئینسانیی و ترسی جیهانی دەرەكی هەیە، چونكە لە لای ئەوان جیهانی دەرەكی هیچ نییە جگە لە عەدەم نەبێت.

سەرچاوە:
www. Middle east online.com. الفینومینولوجیا عند هوسرل

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.