سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

كوردستان و كورد لە قۆناغی مێژووی سەدەكانی ناوەڕاستدا

پێش 1 هەفتە



كەیوان ئازاد  

هۆكارەكانی بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلام لە كوردستاندا

بەو پێیەی هیچ ڕووداوێكی مێژوویی بێ هۆكار نییە، بۆیە نابێت گەیشتن و بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلام بە كوردستان بێ هۆكار بێت. كاتێكیش ئەو ڕووداوە كاری ساڵێك و دوان و سێیان نەبووبێت و چەند قۆناغ و ساڵانێكی خایاندبێت، ئاسایی چەند هۆكارێك لەپشتییەوە بوون. هۆكارەكانیش جۆراوجۆر و فرەڕەهەند بوون، كە هەریەكەیان نا، بەڵكوو بە هەموویان ڕۆڵیان لە گەیشتنی ئایینەكە بە كوردستان و بڵاوبوونەوەی هەبووە.

نابێ ئەوەش لەیاد بكەین، كە (كوردستان) ڕووبەرە خاكێكی بچووك و بەرتەسك نەبوو، تا لە ماوەیەكی كەمدا ئایینەكە بڵاو بێتەوە و بگاتە هەموو سووچێكی ئەو خاكە، بەڵكوو خاكێكی فراوان و لە چەندین مەڵبەند و شار و شارۆچكە و گوندی جیاواز و دوورەدەست پێكهاتبوو. ئەمەو جگە لەوەی چەندین زنجیرە چیا و لوتكەی بەرز و دۆڵ و دەشت و بان و دەریاچە و ڕووباڕ و زێ و چەمی جۆراوجۆری تێدابوو، كە هەریەكیان سروشتی تایبەتی خۆی بۆ خاك و خەڵكەكەی هەبوو.

ژیان لە لاپاڵ چیا و دۆڵێك، زۆر جیاواز بوو لە ژیانی دەشتایی و كەنار ئاوێك. سروشتی مرۆڤێكی چیاییش زۆر جیاواز بوو لە سروشتی مرۆڤێكی دەشتەكی. تێڕوانینی مرۆڤێكی گوندنشین زۆر جیاواز بوو لە دیدگا و تێڕوانینی مرۆڤێكی شارنشین. شوانێك، كە تەنیا مامەڵەی لەگەڵ دەشت و لاپاڵی چیا و مەڕ و ماڵاتەكەی دەكرد، زۆر جیاواز بوو لە كەسێكی بازرگان، كە هەر ماوەیە و لە شار و ناوچە و مەڵبەندێكی بازرگانیدا بوو.

داهات و خەرجیی كەسێكی جوتیار و زەحمەتكێش لەسەر پارچە زەوییەك، یان كارێكی بچووك، زۆر جیاواز بوو لە داهاتی كەسێكی خاوەن موڵك، كە لە ماڵەكەیەوە فەرمانی دەكرد و داهاتەكانی بۆ كۆ دەكرایەوە. هەروەها ژیانی كەسێكی سەرباز و چەكدار زۆر جیاواز بوو لە ژیانی كەسێكی پیشەوەر. یەكەمیان هەر ڕۆژە لە شوێنێك شەڕی پێدەكرا و مامەڵەی لەسەر هێزی دەست و شان و قاچی دەكرد. كەسە پیشەوەرەكەش دانیشتووی ماڵ، یان دوكانەكەی و بە بیركردنەوەی خۆی و هێزی جەستەی، كاری بەو ئامێرە سادانە دەكرد كە لە پیشەكەی بەرهەمی دەهێنا.

یەكەمیان بە كوشتنی مرۆڤێكی چەكدار گیانی خۆی دەپاراست، دووەمیان بە ڕازیكردنی بەرامبەرەكەی، ژیانی خۆی و خێزانەكەی تێر دەكرد. هەر بۆیە لەنێو ئەو دۆخەدا، گەیشتنی ئایینێكی نوێ بە هەموو گوند و شارۆچكە و شار و ناوچەیەك، نەك هەر كاتی دەویست، بەڵكوو زەمینەیەكی لەباریشی پێویست بوو، تا ئامانجەكەی بپێكێت.

جیاواز لەوانەش، خودی خەڵكی كوردستان، كە نەتەوەی كورد زۆرینەی ڕەهای دانیشتوانەكەی پێكهێنابوو، خەڵك و كۆمەڵگایەكی بێ ئایین و دوور لە باوەڕ و ئایینی نەبوون، تا پێویستیان بە ئایینێك بێت و لەگەڵ دەركەوتنی ئایینی نوێ، باوەشی بۆ بكەنەوە و خاك و خەڵكەی بۆ بكەنە قوربانی، بەڵكوو چەندان ئایین و باوەڕی تێدابوو، كە دوورخستنەوەی لە ناخ و گیان و هزری خەڵكەكەی كارێكی ئاسان نەبوو.

ئەمەو گەیاندنی ئایینی نوێش بە كۆی دانیشتوانی كوردستان و لەوانەش نەتەوەی كورد، پێویستی بە زەمینەیەك هەبوو، كە باوەڕ بە خەڵكەكەی بهێنێت، تا پێیان بڵێن ئەوەی پێشوویان كۆن و بەسەرچووە و نوێیەكە ڕاست و خوداییە. بە واتایەكی تر، ئایین و باوەڕەكانی پێشوویان ئاسمانی نەبوون و ئەمەی هاتووە ئاسمانییە. هەروەها پێیان ڕابگەیەنن، كە ئایین و باوەڕی ئێستایان لە رێگای ڕاستەقینەی خۆی لایداوە و ئایینە نوێییەكە بە رێگایەكی ڕاستدا هاتووە.

بەپێی ئەزموونەكانی مێژووش، بڵاوبوونەوەی هەر ئایین و باوەڕێك لە جیهاندا، پەیوەست بووە بە كۆمەڵە هۆكارێك كە ڕۆڵیان لە بڵابوونەوەیدا هەبێت، نەوەك لەپڕ و لەخۆڕا و وەك موعجیزە بگات و بچێتە ناخ و دەروون و دڵ و هزری خەڵكەوە. واتە گەیاندن و وەرگرتنی هەر پەیامێكی ئایینی بۆ نێو هەر كۆمەڵ و تیرە و هۆز و خێڵ و پێكهاتە و تەنانەت دەوڵەتێكیش، سەرباری كات و زەمینەی لەبار و شیكردنەوەی باشی پێویست، تێگەیشتنی ئەو خەڵكەشی پێویست بوو، كە چۆن لە ئایین و باوەڕە كۆنەكەیان ڕوانیوە و دەتوانن وازی لێ بهێنن و ڕوو بكەنە ئایینە نوێیەكە؟ تەنانەت ئەگەر ئایین و باوەڕە نوێیەكە، پەیامێكی گشتگیر و واقیعی و ڕاستیش بووبێت، گەیاندنی ئەم حاڵەتەش بێ گرفت نەبووە.

لە باسەكانی پێشووشدا ئاماژەمان بەوە دا، كە ئایینی ئیسلام لە دۆخێك و ژینگەیەكی تایبەتدا دەركەوت. وەك ئەوەی كۆمەڵگایەكی بتپەرست و خێڵەكی و بازرگانی و لە هەمان كاتدا بیابانی بوون. ئەو پەیامبەرەشی ئەركی بڵاوكردنەوەی ئایینەكەی پێ سپێردرا، كەسایەتییەكی ناسراو و ڕاستگۆ و پاك و ئەمانەتپارێزی شاری (مەككە) بوو، كە ئایینەكەی لێ دەركەوت. بەو هۆیەشەوە، ئایینێكی ئاسمانی دەركەوت، كە خاوەنەكەی و پەیامبەر و كتێبەكە پیرۆزەكەی، بەهێز و دیار و لەڕوو بوون، نەك دروستكراو و لاواز.

هەروەها بڵاوكردنەوەی ئەو ئایینەش لەنێو ئەو كۆمەڵگایەی تێدا دەركەوت و پەیامبەرەكەی لە خۆیان بوو، (23) ساڵی خایاند. ئەوەش بەو مانایەی، ئەو ماوەیە ئەزموونێكی باشی دایە ئایینەكە، تا باشتر خۆی و خەڵكەكەی بناسێت و بزانێت چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا دەكات؟ هەروەها كتێبە پیرۆزەكەی و پەیامبەرەكەی و هاوەڵەكانی، هەر عەرەبی بوون. واتە ئەو كۆمەڵگا و نەتەوەیەی شانی دایە بەر بڵاوكردنەوەی ئایینەكە، شارەزای ئایینەكە و پەیامبەرەكەی و شەڕ ململانێكانی ناوچەكەی و دەرەوەی بوو، تا بزانێت بۆ بەرگریی لێ دەكات و چۆن بەرگریی لێ دەكات؟

ئەمەو جگە لەوەی خاوەنی سەدان سەركردەی ئازا و بوێر و بەتوانا و نەترس بوو، كە ئامادە بوون لەپێناو گەورەی خۆیان و ئایینەكەیان، هەموو رێگاكان ببڕن و بەرگەی ناخۆشترین ژیان و سەختترین و دژوارترین كۆسپەكان بگرن و خۆیان لەپێناویدا بكەنە قوربانی. هەر بۆیە، بەو هێزەی ئایینی ئیسلام هەیبوو، لەگەڵ ئەو ئەزموونەی عەرەبەكانی نیوەدوورگەی عەرەبی لە شەڕی خۆیان و نەیارەكاندا هەیانبوو، زەمینەیەكی ڕەخساند، ئایینەكە بە ماوەیەكی دیاریكراو و كەمتر لەو مێژووەی ئایینەكە لە نیوەدوورگەی عەرەبی هەیبوو، بگاتە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان.

بە هەموو ئەوانەشەوە و بۆ ئەوەی بە وردی ڕاڤەی گەیاندن و بڵاوبوونەوەی (ئایینی ئیسلام) بۆ كوردستان بكەین، ئەڵقەی داهاتوو، دیارترین ئەو هۆكارانە ئەخەینە ڕوو، كە ڕۆڵیان لە گەیاندن و بڵاوكردنەوەی ئایینەكەدا هەبوو، تا بەهۆیەوە بزانین، ئەو ئایینە بە چ شێوەیەك و لە چ ژینگەك و بە چ زەمینەیەك گەیشتە كوردستان؟

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.