سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ئاینداری و ئیزدیواجیەتی كەسێتی

11/05/2022


تایبەت بە سایتی دابڕان

یەكێك لەو بابەتە سەرەكییانەی عەلی وەردی، كۆمەڵناسی ناوداری عێراقی بایەخی پێداوە، بریتیە لەو پەیوەندییەی لە نێوان ئاینداری و ئیزدیواجیەت(دووفاقیبوون)دا هەیە، ئەو پێی وایە مادامەكی مرۆڤی ئایندار هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوتەكانی دوو دنیای جیاواز دەدات كە (دنیا و قیامەت)ە، وە دەستە وەستانە لە بەدەستهێنانی هەردووكیان لەیەككاتدا، بەتایبەتیش كە بەدەستهێنانی دنیایەكی دیكە(قیامەت) پێویستی بە دەستبەرداربوون لە زۆرێك لە لەزەتەكانی دنیایە، یان دانانی سنورێكی تەسكە بۆیان.

لێرەوە زۆرجار كەسی دیندار لەم نێوەندەدا گیرۆدە دەبێت، لەو ڕووەوە كە لە لایەكەوە دەیەوێت خودا لە خۆی ڕازی بكات، لە لایەكی دیكەشەوە حەزەكانیشی بە ئارەزوی خۆی تێربكات..

عەلی وەردی ئەم بابەتە وەك دیاردەیەكی گشتی و ڕەها وێنا دەكات، واتە باس لە دۆخی دەگمەن و هەڵاوێر ناكات، گەرچی كەسانێكی كەم هەن كە بە جۆرێك لە جۆرەكان توانای ڕاگرتنی ئەم هاوسەنگییەیان هەیە، بەڵام ئاوڕنەدانەوەی عەلی وەردی لەم كەسە كەمانە و بە هەند وەرنەگرتنیان بەڵگەی دەگمەنیبوونی حاڵەتەكەیە.

لێرەدا دەپرسین: ئەگەر لە لە دنیای دوێنێدا خولیای حەزو چێژە غەریزییەكان ئەم ئیزدیواجییەتەیان دروست كردبێت، تۆ بڵێیت لەمڕۆ و لە ئێستادا ئەم بابەتە لە چ دۆخێكدا بێت؟!  

لە ئێستادا دۆخێكی سەیرتر هاتۆتە ئاراوە، كە بریتییە لەوەی ئایندارەكانی لە ژێر كاریگەریی بیركردنەوە لە نیعمەتەكانی بەهەشت، لە حۆرییەكانی، لە گۆشتی باڵندە و ڕوباری شیر و هەنگوین، لە خەڵكانی دیكە زیاتر عاشقی دەستكەوتە ماددییەكان دەبن، مۆدێلی بەرزی ئوتومبێل و كۆشك و تەلارو، پارەو پۆست دەبن!

لەژێر پاساوی حەڵاڵبوونی نیعمەتەكانی دنیا بۆ مرۆڤی مسوڵمان، بە چەشنێك لەو لەزەتانەدا نوقم بوون، كە توانای ئەوەیان نەماوە سەریان بێنە دەرەوە و بزانن چ باسە! هەڵوێستەیەك بكەن و ببینن ئاخۆ لە دەرەوەی ئەو سەرقاڵییە زۆرە بەلەزەتەوە و، ئەو باوەشكردنە بێوێنەیە بە دنیاوە، چی دیكە دەگوزەرێت!!

دەوڵەمەندی دینداری وا هەیە دراوسێی چەندین ماڵە كرێچی و هەژار و نەدارە و بۆ جارێكیش چییە ئاوڕێك لە یەكێكیان ناداتەوە، بە تایبەتیش كە بزانێت نوێژ ناكەن و بە فەرزەكانەوە پاپەندنین!!

لە كاتێكدا كە بەردەوامیش گوێ‌ لەو ئایەت و حەدیس و وتارانە دەگرێت كە باس لە دەستگیرۆیی لە هەژاران دەكەن، لە كاتێكدا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئەو بابەتانە بۆ خزم و هاوڕێیانی خۆیان دەنێرن، بەڵكو ئەمە خوایە ئەوانیش (وەكو ئەمان) سودی پێویستی لێ‌ ببینن!!

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.