سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

هەندێك پەیجی ژنان لەلایەن مەلا ژنەوە بەڕێوە دەبرێن!!

6 رۆژ پێش ئێستا



د.پەروین نوری عارف

تەكنۆلۆجیا، ئەوەندەی خزمەتی مرۆڤایەتی، دەكات و پێشكەوتن لە بوارە جیاجیاكاندا، گەیشتۆتە ئاستێكی زۆر بەرز، ئەوەندەش، بە داخەوە، خزمەت بە خورافە و دواكەوتن و ترساندنی خەڵك لە ئاگر و ئەژدیهای كەچەڵ و برژاندنی پێست، و هەڵواسینی ژن، بەقژ، لەبەر ئەوەی ئیطاعەتی مێردەكەی نەكردووە!!!! و زۆر لایەنی ترسناكی تر دەكات.

هەر ئەوانەی شەو و رۆژ كردوویانە بە خوو، رەخنە لە پێشكەوتنەكانی رۆژئاوا دەگرن و بە كۆمەڵگەی بەرەڵایان دادەنێن، لەم لاوە تەكنۆلۆجیاكەیان، لە پێش خەڵكانی تردا، دە قۆزنەوە، بۆ مەرامی خۆیان!!!

فیسبووك، لە لایەن زۆر كەسەوە بەكار دەهێنرێت، بۆ ئاڕاستەكردنی كۆمەڵگا، بەو شێوەیەی لەگەڵ مەرامدا یەكبگرێتەوە وە كەڵكی لێوەرگرن، (نامە)ی خۆیان بگەێنن!!!!

جێگای داخە، هەندێك لەوسایت و پەیجانە، بوون بە ئامرازێك، بۆ( نامە) گەیاندن. 

داخەكە زۆرتر دەبێت، كە دەبینیت، هەندێك لەوانە مامۆستان یان مامۆستا بوون، دەیەها منداڵی ئەم نیشتمانە لەسەر دەستیاندا خوێندوویانە. كارمەندن، یان هەر جۆرە فەرمانێكی تریان پێسپێردراوە. 

بۆ جێگای داخە؟

گەر هەندێك لەو بابەتانەی بڵاو دەكرێتەوە ببینیت، جێگای داخی تۆش دەبێت. زۆر كەم بابەتێكی بە پێزی تێدایە.

لە شوێنی ترەوە بابەت وەردەگیرێت بۆ دەیەمین جار بڵاو دەكرێتەوە. چاوگ نانووسرێت!!! بۆچییەتی ؟!

باس و خواسەكان، لە بابەتی بوك و خەسوو، و چۆن خۆت شیرین دەكەیت لای پیاوەكەت؟؟!!، دش و هێوەرەكان!! چیرۆكی ژنی مطیع و سەركز!!!! 

بێجگە لە مانە:

(مەلا ژن) ەكانی فیسبووك، قسووریان نەكردووە. تەنانەت  فایلەكانی، كاتی مەكتەبیان هەڵدەدەنەوە و هاوار دەكەن: ئەی تۆ واتلێنەكردین؟! ئەی تۆ نەبوویت بە هۆی ئەوەوە؟! ئەی تۆ نەبوویت لەچكت لێ قەدەغە دەكردین؟ 

یان وعظ و ئیرشاد دەدەن بە دنیا.

ئێمە وەكوو میللەت غەرقكراوین لە ناو خورافاتدا. لەوە دەچێت بە بەرنامەی دوژمنانبێت. هەندێك لەژنان، ئەمەیان لا پەسەندە. ئێستامان روونتر نییە، لە سییەكان و چلەكانی، سەتەی رابردوو. 

ترس و تۆقاندن لە گوناە، ترس و تۆقاندن لەوەی سێ تاڵی قژت دەربكەوێت!!! ترس و تۆقاندن لە دۆزەخ، ئەمڕۆی لێتانكردووە بە دۆزەخ. دۆزەخ ئەوەیە متمانەت  بەكەس نەمێنێ، (إژا اجتمع رجل و إمرأە فالشیگان پالپهما) دۆزەخ ئەوەیە، ترس لە گوناە هەموو ژیانی داگیركردبیت. ئەوخوایەی من دەیناسم، ترسی منی نەهێشتووە، ئەوەندە مهرەبانە، هەرگیز وا دەرناكەوێت، كە نیازی مرۆڤ سووتاندنی هەبێت، لە دۆزەخدا، وشیشی ئاگر ناكات بە دەمدا. دۆزەخ  سیخناخ ناكات لە ژن. پێی رەوانییە، ژن رەزیل و رسوا بكرێت، لەلایەن پیاوێكی خراپەوە، و ئەویش كڕنووشی بۆ بەرێت.

هەندێكیتر لەو پەیجانە، بە ئاگا یان بێئاگا، برەو بە فرەژنیی دەدەن، لە كاتێكدا ئیدیعای، پێچەوانەكەی دەكەن!! تۆ دەبێت حیساب بۆ ئەوەبكەیت، كۆمەڵانی كچ و ژنی ئەم نیشتمانە، بابەتەكانت دەبینن، وە كاریگەریی لەسەریان دەبێت. (دوو ژن، پیاوێكیان بەشكردووە لە ناو خۆیاندا، و زۆر یەكترییان خۆش دەوێت!!! تەنانەت لە ماڵێكدا دەژین!!) ئەگەر پۆست نییە بیكەیت، باشتروایە هانا نەبەیت بۆ ئەم جۆرە توڕەهاتانە و كچی گەنج و بێزاركراو لە ماڵە باوك، ملی خۆی نەكات بە پەتی فرەژنییەوە، خۆشت دڵت هیچ ختوورەتێك نەكات، كە هاوسەرەكەت رۆژێك لە رۆژان، ئەو نەهامەتییەت بە سەر بهێنێت. (ئاگرە سوورە لە خۆم دوورە) !!

هەندێك جار، ئەم جۆرە پۆستانە، وەك بابەتێك بۆ پێكەنین و، قلی قلی دادەنێن!! یان بۆ كۆمێنت كۆكردنەوە!! لەكاتێكدا، ئەم پۆستانە دەبێت زۆر بە جدیی وەربگیرێن، وە هەوڵبدرێت بۆ چوونە بنج و بناوانی بابەتەكە. ئەم رۆژە دژوارانە، عەقڵ لە مێشكی كەم كەسدا دەهێڵێتەوە، وەكوو خۆی، و بەبێ ریكلام كردن، ژنی دوەم و سێەم و چوارەم بە رێگاوەن!! (ئەم خاڵە زۆرتر هەڵدەگرێت). (گەنجێكی هەڵتۆقیویی ئاین، تا ئێستا كردوویەتی بە دوو ژن!! و ئەگەر كەلەبەرێك لە خۆیدا شكبەرێت، دەیكات بە سیان!!! هەر وەكوو، هەنجیر خواردن! هیچ لایەنێكی پەیوەندیدار بە ژنان، نووقەیان لێوە نەهات!! ئەنجومەنی باڵای خانمان، دەبوایە لەم كاتانەدا، جووڵەیەك بكەن.

ژنكوشتن بە هەموو شێوەیەك، لەم وڵاتەدا بووە بە كارێكی ئاسایی. نێرینەكان، خوشكیان، كچیان، دایكیان، ئامۆزایان، و لەسەروو هەمووانەوە، ژنیان، بە دڕندەترین شێوە دەكوژن. كوا دیبەیت لەسەر ئەم دیاردەیە؟ كوا پەنجە درێژكردن بۆ لەباری دۆخەكە بۆ كوشتن؟ كوا پێداگری ژنان و پەیجەكانیان، لەسەر كۆمەڵكوژی ژن؟ 

بەكۆڵوانەی تازە مۆدێل، پرسی ژن چارەسەر ناكرێت!!!

دوا ووتەم: حەزم دەكرد لەمە باشتر بنووسم، لە سەر ئەم بابەتە، لێ، ئەمە واقیعەكەیە.
لەوانەیە هەندێكیشم كردبێت بە ژێرلێوەوە!!!!

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.