سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

دوو گەنجە تیرۆریستە کوردەکەی لەندەن

5 رۆژ پێش ئێستا


بڕوا بەرزنجی

 

چەند هەفتەی پێشو، دوو گەنجی کورد، کە خەڵکی هەرێمی کوردستانن لە هەرێمی سەسسێکسی باشوری ڕۆژئاوای لەندەن، بەتۆمەتی تیرۆریستبون دەستگیرکران.

 

وەک ڕۆژنامەنوسێک هەواڵەکەم بۆ گرنگ بو، وەک کوردێک وەڵامی پرسیارەکانم لەبارەی ئەوان کێن و چۆن و بۆ هاتن بۆ ئەم وڵاتەو بۆ بون بە تیرۆریست!، لەلام گرنگتربو.

 

لەگەڵ هاوڕێیەکم وەستابوم، کاتێک دوو پۆلیسی ئەنتەرپول هاتن و وتیان تۆ فڵان کەسیت وتی بەڵێ، وتیان دەمانەوێت قسەت لەگەڵ بکەین. وەک دوایی زانیمان ئەوان ماوەیەک بو چاودێری برادەرەکەی منیان کردبو، لە دورەوە هاتبون بەس ئەیانزانی ئەو لەو شوێنەدایە لەگەڵ من و  هەمو شتێکیان لەبارەی دەزانی. ئەوان بۆیە هاتبون، چونکە چەند ساڵێک پێشتر, ئەو هاوڕێیەیی من هاوکاری ئەم گەنجە کوردەی کردوە کە ژمارە مۆبایل و ئەنتەرنێتی مانگانەی هەبێت، بۆیە بەناوی خۆیەوە بۆی  دەکاتەوە، چونکە ئەو ێشتا مافی پەنابەری نەبوە. بەهەرحاڵ، کێشەیەکی گەورە نییە بۆ هاوڕێکەمان، چونکە باگراوندێکی پاک و یاسایی هەیە لای حکومەت، ئەو کارەیشی وەک ئینسانێک و کوردێک کردوە .

 

ئەو گەنجەی دەستگیرکراوە لەگەڵ هاوڕێیەکیتری، ناوی “م، ح‌ خەڵکی هەڵەبجەی تازەیەو لێرە خۆی کردوە بە کوردی ڕۆژهەڵات‌ ئێرانی‌ و تەمەنەکەی کەم کردۆتەوە. بەڵام وەک هاوڕێکانی دەڵێن کە هاتوە ٢٠ ساڵ بوەو ئێستا ٢٥ ساڵ دەبێت.

 

دوایی هاتنی ئەو دوو پۆلیسەو زانینی ئەو هەواڵە، زۆر حەزمکرد بزانم بۆ دوو گەنجی کورد کە لە تاو سوکایەتی گەندەڵی هەڵدێن و لەڕێگایش تا دەگەن بێجگە لە ئەگەری بەهێزی مەرگ، سوکایەتی قاچاخچی ، لێرەیش کەیسی درۆ تا مافی پەنابەرێتی وەردەگریت، بۆ دەبێت خەون و پڕۆژەو ژیانیان، وەک کوردێکی دڵشکاو و بێ ماڵ، تیرۆریست بون بێت!؟

 

لەگەڵ زۆر کەس قسەمکرد کە لەنزیکەوە ناسیویانەو لە ئیش و کار لەگەڵیان بوە، لە هەوڵیشدام ئەگەر وەک ڕۆژنامەنوسێک ڕێگەپێدراوبێت لە بەندیخانە بیبینم و بچمە دادگایکردنەکەیشی کە مانگی داهاتوە. 

 

ئەوەی من لەو کەسانەوە دەستم کەوت، کورتەی چیرۆکەکەی ئەوەیە کە ئەم گەنجە برایەکی لە لەندەنەو خەریکی سەرتاشییە، کوڕی خانەوادەیەکی هەژاری هەڵەبجەی تازەیە، لە تەمەنی بیست ساڵی یان کەمتر دەگاتە بەریتانیاو تەمەنی خۆی مناڵ دەکاتەوەو ناوی خۆی دەگۆڕێت و خۆی دەکات بە ئێرانی، هەمو ئەمانە بۆ ئەوەی مافی پەنابەرێتی وەربگرێت. بە قسەی یەکێک لەو کوڕە کوردانەی کە هاوتەمەن و هاوشاری بون، دەڵێت پێش ئەوەی مافی پەنابەرێتیش وەربگرێت، هەر لە ژێر چاودێری پۆلیسابوە، ئەو وتی”چونکە ڕۆژێک چو بۆ لەندەن، پۆلیس تەلەفونیان بۆ کردبو پرسیاریان لێکردبو لە کوێیت؟ وتبو لە شارەکەی خۆمم ، وتبویان بۆ درۆ دەکەیت تۆ لە لەندەنیت! “.

 

بەڵام لەگەڵ گومانی پۆلیس و چاودێرییان لەسەری، دەستتێوەردانیان نەکردوە لە پڕۆسەی مافی پەنابەرێتییەکەیی و دواتر مافی پەنابەرێتیشی وەرگرتوە.

 

ئەوان پێکەوە لە سوپەرمارکێتێک کاریانکردوە، کە ڕۆژانە دەستیان بە مەشروب و بەراز کەوتووە، دواتریش کە چونەتە ماڵەوە، ئەمان چەند گەنجێک زۆر شەو دانیشتون و مەشروبیان خواردۆتەوە. ئەویش وتویەتی” پێکەکەی منیش تێبکەن و سەهۆڵی تێبکەن بۆم با ساردبێت، با نوێژی خەوتنان بکەم دەستپێدەکەم”

 

واتە مەشروبی خواردۆتەوە و نوێژیشی کردوە، لەبارەی بیرکردنەوەی و قسەکانی لەبارەی دین و ئایدۆلۆژیایی سیاسی، هاوڕێیەکیتری وتی‌ ئەو زۆرجار لەسەر مەشروب خواردنەوە، کە مناقەشەمان بکردایە، دەیوت خوێنی هەموتان حەڵاڵەو سەربڕینتان جیهادە”.

 

بەقسەی هاوڕێکانی، ئەو زۆر گوێی لە مەلاکان گرتوە، بەتایبەت “مەلا کرێکار‌، دیارە هەر لەژێر ئەو کاریگەریەش کە لە کوردستان بوە لایەنگر و دەنگدەری گۆڕان بوە. چونکە مەلا کرێکار، پشتگیری بزوتنەوەی گۆڕانی دەکرد. زۆر بڕوای بە قسەی ئەو مەلایانەیش بوە کە ئێرە وەک خاکی کوفر و کافران دەناسێنن. بۆیە هەمیشە لە ڕاڕایی و گومانابوە. ئەو پێویستی بە ئیش بوەو ئیشی حەڵاڵ و حەرامی کردوە، لە هەمان کاتدا بڕوای بەجیهاد بوە. 

 

بەپێی بەدواداچونەکانی من، ئەو و هاوڕێکەی تۆمەتەکەیان بەسەرا ساخ بۆتەوە کە لە هەوڵی کاری تیرۆریستیا بون، پەیوەندیان بە گروپە تیرۆریستییەکانەوە کردوە و ئەم گەنجەیان کە زیاتر من ئاگاداری چیرۆکەکەیم ویستوێتی گروپی تیرۆریستی تایبەت بە کوردەکان دروستبکات. هەمو گفتوگۆکان و پەیوەندییە ئۆنلاینیەکانی لە بەردەستی پۆلیسی ئەنتەرپوڵدایە. دیارە کەیسەکەی پەیوەندی بە گروپە تیرۆریستییەکانی عێراق ق سوریاو ئەوروپاوە هەیە، بۆیە پۆلیسی ئەنتەرپول بەدواداچونی بۆدەکات. هەروەک بڕیارە مانگی داهاتو لە شاری مانچستەر دادگایی بکرێن. لە هەوڵدام تا بچمە دادگاییەکەی، حەزدەکەم تا کۆتایی لەگەڵ چیرۆکی ئەم کوردە قوربانیەدا بڕۆم، کە بەبڕوایی من قوربانی دەستی بێ پەروەردەیی و گوتاری سیاسی و سەلەفی دینی لە کوردستان، کەلەم ساڵانەدا تەواو گەشەی کردوەو حکومەتی هەرێم و وەزارەتی ئەوقافیش مزگەوتەکانی یاوەتە دەست ئەم ڕەوتە. هەروەک بانگخوازە ئیسلامییەکانی سەر بەهێزە ئیسلامییەکان، کە بەشێکن لەم گوتارە توندڕەوە تاریک و دژە ژیان و دژە زانست و خۆراوا. ئەوان خۆیان و ماڵ و منداڵیان لەسەر عەقڵی مسوڵمانی هەژاری کورد، بە باشی دەژین و باوەشیانکردوە بە ژیاندا. ئەوان کاسپییەکەیان لەسەر قسەکردنە بەناوی خوداوە ئەگەرنا لەو دۆخە ئابورییەی کوردستاندا یەکی چەند ژن و چەندان منداڵیان هەیە، خانو سەیارەی باش، منداڵەکانیان لە زانکۆی باش، ئەمە بەچی بە مەلایی و بانگخوازی بۆ خودا، تەنها!.

 

ئەوەیشی دەبێتە قوربانی ئەم بەرداشی ئایدۆلۆژیا ئیسلامییە، منداڵی هەژار و بێ پەروەردەیە. هەمو ئەو کەناڵە پەروەردەییانەی هەیە، لەژێر کاریگەی ئەم گوتارە تاریکە سەلەفییەدایە، ماڵ، کۆمەڵگە، مزگەوت، میدیا و دیجیتاڵ میدیا. چیرۆکی “م،ح” چیرۆکی گەنجێکی دڵ شکاوە، لە خێزان و وڵات و حکومەت و حزب ، ئیتر دەبێتە نێچیری ئەو مەلایانەی کە خۆیان سەد و یەک کێشەی دەرونیان هەیە لەگەڵ ژیانا، ئەو لە بەینی ژیان و جیهاد بۆ خودا یاریدەکرد، تا کەوتە هەڵە گەورەکە، ئەو ئێستا کە زیندانە، هیچ ڕێکخراو و مەلا و بانگخوازێک ناتوانێت یەک دەقە ئازادی بۆ بەدەستبێنێتەوە، ئەو خودایش ئەبەد وەڵامی ناداتەوە، چونکە ئەو کاری بۆ خودا نەکرد، کاری بۆ قاچاخچییەکانی بەناوی خوداوە کرد! ئەو ئێستا لەبەردەم ڕەحمی یاسا و مافی مرۆڤی ئەوروپیدایە، ئەو ماف و یاسایەیی هەرچەند گومانی تیرۆری لەسەر بو، بەڵام ڕێگرییان نەکرد لەوەی مافی پەنابەرێتی وەرگرێت و ماڵ و موچەو خوێندن و نەخۆشخانەی خۆڕایی پێبدەن!.

 

بۆیە دەبێت حکومەت و یاسا و خەڵکی ڕۆشنبیر و ئازادی خواز، خۆیان لەگەڵ ئەم شەپۆلی سەلوفیەت و تاریکیەدا بەبێ لایەن نەزانن و بە ئاشکرا ڕەخنە بکرێن و سنوریان بۆ دابنرێت. تۆ بێ هیچ سنورێک ڕۆژانە دەیان فتوایی کافر بون و بێ ئەخلاق بون و فەسادبون دەبەخشیتەوە، بێ ئەوەیی بیر لە کاریگەرییە فیکریی و پەروەردەییەکانی بکەیتەوە، تا گەنجی لەم جۆرە، کە خۆیی بێ وڵات و بێ ماڵ و بێ حکومەت و بێ پەروەردەو بێ خەون، پێی وابێت دەبێت خودا و مسوڵمانان و زەوی ڕزگاربکات لەو ئافاتەی بانگخوازان باسی دەکەن. بەڵام ئەوان خۆیان زۆرینەی کۆیلەی حزب و ڕێکخراو و شێخەکانیانن و لەبەر ژن هێنان و تموحی ژیان، بەس زمانیان چالاکەو نەخۆیان و نەمنداڵیان لە واقعا بڕوایان بەجیهاد و ئەو قسانە نییە کە باسی دەکەن. تکایە هەرچی دەڵێیت بەرپرسیارێتییەو ئاگاداری دەم و بیرکردنەوەتانبن.!

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.