سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ئەو كاتەی ژن خۆی دەبێت

14/05/2022



كنێر عەبدوڵا

راگرتنی باڵانسی جێندەری لە سەرجەم ناوەندەكانی كاركردن و لە نێو‌یدا گەیشتنی ژن بە ناوەندی بڕیارسازی، یەكێك بووە لە بەردەوامیی ستراتیج و بەرنامەی كاركردنی رێكخراوەكانی ژنان، بۆ ئەمەش كۆشش و خەباتی زۆری كردوە.

لە ئێستادا و بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی نەوەدەكان ژنان پێگەیەكی زیاتریان هەیە لە رووی چەندێتییەوە، بە نموونە 30 % كەمتر نەبێ لە پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و بە رێژەی 20-25 % بەگشتی لە سەركردایەتی پارتە سیاسییەكان و بەدەر لە بونیان  لە بوارە جیاجیاكانی حكومەتدا..هتد دەرئەنجامی هەوڵ و كارەكانن، بەڵام ئەوەی جێی پرسیارە بوونی ئەو رێژە جیاوازە بە بەراورد لەگەڵ رابردوودا چی لە دۆخی ژنان گۆڕیوە ؟

لە واقیعدا نەبوونی سستمی دیموكراسی و مەدەنیی سەرچاوه و هۆكارێكی روونە بۆ ئەوەی نەك تەنها ژنان، بەڵكو پیاوانیش نەتوانن كاریگەریی ریشەییان هەبێت لە گۆڕینی دۆخی گشتی كۆمەڵدا، ئەمە وێڕای بوونی چەندین فاكتەرو هۆكاری تر كە تایبەتن بە دۆخی ژنان، لەوانە وابەستەنەبوونی ژن بە بوون و كاریزمای خۆی لەو نێوەندانەدا، بەوەی بەگشتی نەیتوانیوە خۆی داماڵێت له وابەستەبوونی بەسستمی پەیڕەوكراوی حزبەكەی، تەنانەت گەر لە بەرژەوەندی ژنیشدا نەبووبێت، وێڕای ئەوەی تەنها خودی پیاو سەرچاوەی گشت بڕیاردانێتی و لە هەمانكاتدا  نە لەناو سەرجەم حزبەكانیان توانیویانە خۆیان ببنە سەرچاوەی سەنتەری بڕیاردانی خۆیان وەك كوتلەیەكی ژنانی یەكگرتوو بەدوور لە توانەوەیان لەنێو ئۆرگانەكانی حزب بەگشتی، ئەمەش ئاماژەیەكی مەترسیدارە بۆ دۆخی ژنان بەگشتی كە هێشتا ماویانە خۆیان بناسن وەك ژن و بزانن ئەرك و مافی گەر پیاو بریتی بێت لە جێبەجێكردنی بەرنامەی حزب یان حكومەت یاخود پەرلەمان، بەڵام ئەركی ژن دووهێندەیە، واتە پاراستنی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی و یەكدیدی و ژنبوونیان بە مەبەستی پێشێلنەكردنی مافەكانیان و بەرپرسیارێتی له ‌ئەستۆی خودی ژناندایە، نەك بێباكی لە هەر بابەتێكی پەیوەندیداری بە ژنانەوە، بۆ ئەمەش جۆرێتی گرنگە.

بوونی ئەو یەكدیدییه بە هۆشیاری خودی ژنانەوە بەندە، لەپێش هەمووی بە ناسینی خودی خۆیەوە، وەك ژن  كە كێیەو بۆ هەیەو ئامانجی چییە ؟ ئەو كات تێدەگات‌ رێگەنەدات هیچ ژنێك مافی پێشێل بكرێت یان قسەی لەسەر بكرێت، یاخود پشتیوانی و پاڵپشت نەكرێت، دەزانێت كە دەبێت ژن خۆی سەرچاوەی بڕیاردانی چارەنووسی خۆی بێت لە ریزەكانی خەبات و بزوتنەوەكاندا، تێدەگات سەرچاوەی هێزی ژنان لەخۆیەوە هەڵدەقوڵێت و دەبێتە هێزێكی كاریگەری كۆمەڵ و لای روونیش دەبێت‌ شۆڕشی فیكری و كۆمەڵایەتی له ‌نێو جەماوەری ژناندا پێویستییەكی حەتمییە، لەوە دڵنیا دەبێت‌ غیابی فیكر بۆشاییەكی گەورە دەخوڵقێنێ و رێگە دەدات‌ هێزو توندڕەوەكان بەهێزترو بە بەرنامەتر كار لەسەر مەسەلەی ژنان بكەن، بەدیهێنانی ئەو زەمینەیەی خەباتی ژن و پیاو پێكەوە لەپێناو مرۆڤایەتی و بەها مرۆییەكان بێت  هۆشمەندی دوولایەنەی دەوێت و دەبێت ژن تیایدا خۆی بناسێتەوە.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.