سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

تارمایی داعش

14/05/2022



حەسەن یاسین

لە نزیكەوە هەست بە تارمایی هێنانەوەی داعش بۆ كوردستان دەكەم. ئەو هەستەم لە خۆڕا و بێ بنەما نییە، بەڵكو چەندین بەڵگە و سەرەداو هانم دەدەن كە دڵنیابم لەوەی ئەو هەستەم بە راست دەگەڕێ و بەم نزیكانە گوێمان لە چەكمەی پۆستاڵی پێی سەربازانی داعش لە هەرێمی كوردستان دەبێت!

ئایا خەمخۆرانی ئەم میللەتە، ئەوانەی ئەركی پاراستنی ئەم میللەتەیان لەئەستۆدایە هەستیان بەم مەترسییە گەورەیە كردووە؟ یان بێباك لێی دەخەون و مێش میوانیان نییە؟ وەڵامەكە لای من نییە و لای خۆیانە و من و ئێوە با چاوەڕوانی وەڵامی ئەوان بین. داخۆ وەڵامی كردەییمان، بۆ بەرلێگرتنی دەدەنەوە، یان بێ وەڵامییەكەیان بۆ خۆی دەبێتە وەڵام؟

ئەنسارولئیسلام كە بە هەموو پێكهاتەكانییەوە، بەشێك بوون و لە بزووتنەوەی ئیسلامی لە كوردستانی عیراق جیابووبوونەوە، فۆرمێكی رێكخراوی چەكداری ئیسلامی سیاسی بوون و هەمان ناوەڕۆكی داعشیان هەبوو. هەڵبەت داعش نوێنەرایەتیی بیری ئیسلامی عروبی دەكات و هەمان ئامانجەكانی حزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراكیی هەیە، هەردووكیان ئامانجیان دروستكردنی دەوڵەتێكی نەتەوەیی عەرەبییە، بەڵام دەوڵەتە نەتەوەییەكەی داعش لەپەنای ئیسلامەوەیە!

 ئەنسارولئیسلام جویینەوەی هەمان ئەو بیروباوەڕەیە كە بوو بە بناغە بۆ دامەزراندنی داعش، ئەگەرچی دامەزرێنەرانی ئەنسارولئیسلام هەموویان كوردبوون، بەڵام كوردبوون لەنێو حساباتیاندا نەبوو، ئەوەی هەبوو تەنیا ئیسلام بوو، ئەویش بە فۆڕمێكی عروبی، نەك كوردی. 

سەرانی ئەنسار، چونكە لەناو هەناوی بزووتنەوەی ئیسلامی لە كوردستانی عیراقەوە هاتبوون و پەروەردەی بیری توندڕەوی لاساییكەرەوەی سەید قوتب بوون، كوردبوون لەنێو خەیاڵ و بیریاندا جێگەی نەبوو، بەڵكو هەر لەسەر هەمان ئەو باوەڕەبوون كە هەڵگرانی بیری ئیسلامی سیاسیی عەرەبی هەیانبوو!

 لە سەروبەندی رزگاریی عیراق  و هاتنی سوپای ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانانی بۆ نێو خاكی عیراق، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە هاوكاریی موشەكەكانی ئەمریكا ناوچەی هەورامانی لە قەڵەمڕەویی ئەنسارولئیسلام پاككردەوە و ئەوەی كوژرا، كوژرا و ئەوەی فریاشكەوت هەڵات بۆ نێو خاكی وڵاتانی دەوروبەر. پاشان پاشماوەی سەران و چەكدارانی ئەنسار خۆیان كۆكردەوە و بەڕێی قاچاخ هاتنەوە نێو خاكی عیراق و بە هاوكاریی ئەبو موسعەبی زەرقاوی لقی عیراقی رێكخراوی قاعیدەیان دامەزراند و پێكەوە دەستیان بە چالاكیی سەربازی و كاری تیرۆریستی كرد.

 بەشێك لە سەرانی كۆنی ئەنسار، وەك ئەبو عەبدوڵڵای شافیعی و ئاسۆ هەولێری و ئەیوب ئەفغانی و .... لە بەغدا گیران و سەرەنجام لە زیندانەكانی هەولێر گیرسانەوە و لەوساوە تا ئەم دواییە بێ سۆراغبوون، كەچی ئێستا باسی ئازادبوونیان لە زیندان دەكرێ، كە ئەمەش بۆ خۆی هەم مایەی سەرسوڕمانە، هەم جێگەی مەترسییە!

 گەڕانەوەی سەرانی ئەنسار، كە داعشی تەواون، بۆ نێو كوردەواری، پێدەچێت بەشێك بێت لە سیناریۆیەكی ئامادەكراو بۆ نانەوەی پشێوی لە ناوچەی زۆنی سەوز، بەتایبەتی كە لەدوای هەڵبژاردنی 10/10/2021 كێشەكانی نێوان پارتی و یەكێتی لەسەر سەرۆكایەتیی كۆمار فرە قووڵبۆتەوە و چۆتە قۆناغی مریشكەڕەشە.

دەبێ لەماوەی كورتی داهاتوودا، ئەگەر پەكی ئەو پیلانە نەخرێت، چاوەڕوانی پشێوییەكی نوێ بین لە ناوچەكانی سلێمانیدا، جا لەڕێی دروستكردنی رێكخراوێكی توندڕەوی نوێی ئیسلامی سیاسی بێت كە جیهاد دژی یەكێتی رابگەیەنێت، یان بەهەمان ناوە كۆنەكەی ئەنسارولئیسلامەوەبێت.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.