سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

یەكسانی بە چ مانایەك؟

14/05/2022



رۆزا دڵشاد مەریوانی

هەندێ وتەی فیمینستانەی وا هەیە زۆرجار ناتوانم لەگەڵیدا هاوڕابم و بۆ دۆخ و كۆمەڵگەی ئێمە ناگونجێت و بە رای من بەدەستهێنانی مافی ژنان واتای ئەوە نییە ژن مێینەبوونی خۆی بیرچێتەوە و جێی پیاوبگرێتەوە، بەتایبەتی لە كۆمەڵگەیەكی وەكو كۆمەڵگەی ئێمەدا، من ناڵێم ژنی ئێمە زەعیفەن و ناتوانن بێ پیاو بژین، نەخێر ژنی ئێمە زۆر لەوە بەهێزترە كە وێنا دەكرێت و دەتوانێت زۆر بە باشی بێ پیاو بژی، بەڵام ژیانێكی زۆر قورس، چونكە بە داخەوە ئاشكرایە تائێستا كۆمەڵگەكەمان كۆمەڵگەیەكی پیاوسالارە و زۆر قورسە ژنێك بێ پیاو لەم كۆمەڵگەیەدا بەتەنیا بژی و رووبەڕووی ئەو هەموو عەقڵییەتە پیاوسالارە بێتەوە، بەڵكو هەمیشە دەبێت نێرینەیەك جا باوك بێت یان برا و مێرد هەبن پشتی بگرن و لەهەر كێشەو ناخۆشیەكی ژیانیدا هاوكار و پارێزەری بن.

لەسەرشانی قورس دەبێت

هەروەها زۆرجار ئەوانەی چواردەوری ژنێك كە بەتەنیا دەژی لەبەرئەوەی ژنە و تەنیایە، لەبری ئەوەی ژیانی باشتر بكەن و یارمەتی بدەن ژیانی قورستر دەكەن، بەتایبەتی ئەگەر ژنەكە منداڵی هەبێت و بێ باوك گەورەیان بكات، راستە هەموو ئەو قسەیە دەكەن كە چەندە پیرۆزە دایكێك بە تەنیا منداڵەكانی گەورەبكات، بەڵام هەر لە مامۆستای خوێندگەكەیەوە غەدریان لێدەكات تا نزیكترین كەسی ژیانیان تەنیا لەبەرئەوەی بێ باوكن و پیاوێكیان نییە لێی بترسن و حیسابی بۆ بكەن.

راستە ژن دەتوانێت پارێزگاری لە منداڵەكانی بكات و دیفاعیان لێبكات بەڵام كاتێك ئەوە دەكات، ئەو كارە زۆر قورس دەبێت لەسەر شانی و كاریگەری لە هەست و دەروونی دەكات و هەر جارێك ئەوە رووبدات هەستدەكات بێ پشت و پەنا و دڵشكاوە.

یەكسانیی نێوانیان

لەلایەكی دیكەوە من رام وایە یەكسانبوونی نێوان ژن و پیاو بریتییە لەوەی وەكو دوو مرۆڤ یەكسان بن و هەردووكیان كاتێك بڕیاریاندا پێكەوە بژین بەو مانایە نەبێت یەكێكیان پێویستی بەوی تریانە، بەڵكو بەو مانایە بێت هەردووكیان پێویستیان بەیەكترییە و حەزدەكەن پێكەوە لەو ژیانە بەردەوام بن وەك لەوەی بەتەنیا بن، هەروەها بەدەستهێنانی مافەكانی ژنان بەو مانایە نەبێت جێگەی پیاو بگرێتەوە و كار و ئەركەكانی پیاویش بكات، بەڵكو بوارەكانی ژیان بۆ هەردووكیان بەیەكسانی رەخسابێت و بتوانن بێ جیاوازی بیكەن، جگەلەوەی یەكسانی نێوانیان بە مانای پێكەوە ژیان و هاوژینی بێت و كاتێك ژن لایەكی ئەو ژیانە هەڵدەگرێت پیاو لایەكی دیكەیان هەڵبگرێت و هەر ناهاوسەنگییەك لە لایەكدا دەبێتە هۆی تێكچوونی ژیانی ئەو ژن و پیاوە و بگرە كۆی ژیان بە گشتی، لەبەرئەوەی ئەگەر ژن لە بارگرانی ژیاندا یارمەتی پیاو نەدات هەروەها پیاویش بەهەمانشێوە هەموو ئەركە قورسەكانی ژیان بدات بەسەر ژنەكەیدا ئەو ناهاوسەنگی و نایەكسانییە دروستدەبێت و ئەوەیە پێیدەوترێت نایەكسانی لە ماف و ئەركدا لە نێوان ژن و پیاودا، كەواتە چارەسەر بەوە نییە وەكو ئەوەی «چەند ماسی پێویستی بە پاسكیلە ئەوەندەش ژن پێویستی بە پیاوە» رەنگە مەسەلەكە پێویستیی نەبێت بەیەكتر، بەڵكو بوونی ئەو هەڵبژاردەیە بێت بەوەی وەكو مرۆڤێك دەمەوێت بە واتا راستەقینەكەی خۆی ئەم ژیانە لەگەڵ تۆدا بەشبكەم نەك بە تەنیا بەڕێی بكەم.  

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.