سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

دەست لە کار کێشانەوەی عەقڵ

16/05/2022


 

حەمەسەعید حەسەن

 

جۆرج تەرابیشی (١٩٣٩ – ١٦ی ئاداری ٢٠١٦) هەر ڕەخنەی لەوانی دیکە نەدەگرت، بوێریی ئەوەی شک دەبرد، ڕەخنە لە خودی خۆیشی بگرێت و ئەو دونیابینییەیش بداتە بەر ڕەخنە کە ساڵانێک خۆی بانگەشەی بۆ کردووە. لە سەرەتای ژیانیدا بەعسی بووە، بەڵام هەر کە ئەو حیزبە دەستی لە دەسەڵات گیربووە، لێی کشاوەتەوە، بە پێچەوانەی کەسانی هەلپەرستەوە، کاتێک سەنگەر دەگوێزنەوە، بە چەپەری حیزبی دەسەڵاتەوە پێوەست دەبن. تەرابیشی کە واز لە بەعس دەهێنێت، دەبێتە مارکسیست و دواتر لە فیکری وجوودی نزیک دەبێتەوە. تەرابیشی ئەوەی بیری لێ نەدەکردەوە، ماڵی دونیا بوو، لە ئاستێکی (نزم)ی ژیاندا ڕۆژانی بەڕێ دەکرد، بەڵام ڕۆحی کەوینەکراوی (بەرز) دەفڕی و بەرهەمی قەڵەمی ئاوێنەی ڕوون و ڕاستگۆی خودی خۆی بوو.

 

تەرابیشی هەر وەرگێڕێکی بەتوانا و پڕ بەرهەم نەبوو، ڕەخنەگرێکی ئەدەبیی داهێنەریش بوو، چالاکێکی بواری تیۆریی فێمینیزمیش بوو، لە بوارەیلی فیکر، سیاسەت، فەلسەفە و دەروونناسیشدا بە هەق زانابوو. وێڕای ئەو بوارانە، ساڵانێکی زۆری ژیانیشی بۆ لێکۆڵینەوە لە کەلەپووری ئیسلام تەرخان کرد. ژیانی بە نووسین بەخشیبوو، کە پەکی کەوت و توانای نووسینی نەما، جاڕی مەرگی خۆی دا، هەرچەندە هێشتا زیندووبوو، ئاخر نووسین ژیانی بوو.. ڕۆلان بارت دەیگوت: (نووسین ئەگەر بکەوێتە خانەی داهێنانی ئەدەبییەوە، تەمەنی لە عومری ئەو نووسینانە درێژتر دەبێت کە بایەخ بە فیکر و بە ڕەخنە دەدەن.) وای بۆ دەچم نووسینە ڕەخنەیی و فیکرییەکانی تەرابیشی ملکەچی ئەو ڕێسایە نەبن، ئاخرستەمی لێ دەکەین، ئەگەر ڕەخنە ئەدەیی و فیکرییەکانی بە داهێنان لە قەڵەم نەدەین.

 

جۆرج تەرابیشی بەو لێکۆڵینەوە قووڵ و درێژەی دەربارەی (ڕەخنە لە عەقڵی عەرەبی)ی موحەممەد عابید ئەلجابیری (١٩٣٦ – ٢٠١٠) کردی، ئەوەی پێ گوتین: (لەمێژە لە ئیسلامدا عەقڵ دەستی لە کار کێشاوەتەوە.) (تەرابیشی)یش وەک موحەممەد ئارگون پێی وابوو، عەقڵ نە دەتوانێت ئیسلامی بێت، نە عەرەبی، ئاخر عەقڵ لەبەر ڕۆشنایی ئایین یان نەتەوەدا پۆلێن ناکرێت. جارێکیان لە فڕگەی ڕەباتی پایتەختی مەغریب بە گیری دەهێنن، بە تۆمەتی ئەوەی چۆن عەرەبە و ناوی جۆرجە! گومانی ئەوەی لێ دەکەن پاسپۆرتەکەی ساختە بێت، هەرچەندە لەناو عەرەبدا بە دەگمەن داهێنەرێکی وەک ئەو هەڵکەوتووە، مەگەر جۆرجی زەیدان (١٨٦١ – ١٩١٤) یان جوبران خەلیل جوبران (١١٨٣ – ١٩٣١) کە ئەوانیش وەک تەرابیشی، گەرچی بە ڕەچەڵەک (کریستیان) دەبن، بەڵام بە کردەوە لە خزمەتی ئینساندا دەبن، نەک ئەم یان ئەو ئایین.

 

پێش ئەوەی دواناوەندیی تەواو بکات، قەشەیەک لە حەڵەب پێی دەڵێت: نەزەر حەرامە و سزاکەی لە لایەن خوداوە، ئاگری دۆزەخە، ئیدی لەوە بە دواوە، بڕوای بە کریستیانیزم لەق دەبێت. کە مامۆستای دەرسی ئایینی ئیسلام لەسەر تەختەڕەشکەی پۆل دەنووسێت: (ئەوی موسوڵمان نەبێت، دوژمنی ئیسلامە،) هەست دەکات، ئەوەی دەبێت گۆڕانی بەسەردا بێت، نە سییاسەتە، نە وەزارەت، بەڵکوو ئەوە عەقڵە کە پێویستە بگۆڕدرێت. کە هاوڕێ حیزبییەکانی بایکۆتی دەکەن، لەسەر ئەوەی لە دژی تاوانی ژنکوشتن، بە پاساوی پاراستنی نامووسەوە، دەوەستێتەوە، تێدەگات ئایدۆلۆجیا لە توێکڵی عەقڵ بەولاوە هیچی دیکە نییە و بیر لە گۆڕینی کرۆکی عەقڵ دەکاتەوە.

 

ئەگەر وەرگێڕان ناپاکی بێت، ئەوا وەرگێڕان لە دەستی دووەوە ناپاکییەکی مەزنە، بەڵام چونکە وەرگێڕێکی عەرەبی ئەڵمانیزان لە گۆڕێدا نابێت، تەرابیشی لە ناچارییەوە، لە فەرەنسایییەوە بەرهەمی فرۆید وەردەگێڕێتە سەر عەرەبی، ئاخر ئەگەر وای نەکردبا، کولتووری عەرەب، بێ فرۆید و بێ شیکردنەوەی دەروون دەمایەوە. تەرابیشی نزیکەی چارەکە سەدەیەکی تەمەنی بۆ لێکۆڵینەوە لە کەلەپووری عەرەب تەرخان دەکات، تا ڕەخنەیەکی زانستی و زەنگین لە کتێبی (ڕەخنە لە عەقڵی عەرەب)ی جابیری بگرێت.

 

تەرابیشی دەبێژێت (ئەوەی کە جابیری عەقڵی عەرەبی بەسەر عەقڵی دواکووتووی خۆرهەڵاتی دونیای عەرەب و عەقڵی پێشکەوتووی خۆرئاوای دونیای عەرەبدا دابەش کردووە، لێکدانەوەیەکی ناعەقڵانییە. بۆ ئەوەی ڕەخنە لە جابیری بگرم، پێویستم بەوەبوو، چی نووسیوە، بیانخوێنمەوە، چی کردووە بە سەرچاوە، بیانخوێنمەوە و چییش پێویستبوو بیانکات بە سەرچاوە و نەیکردبوون، بیانخوێنمەوە.) تەرابیشی لەبارەی بەهاری عەرەبەوە گوتوویەتی: (بەهاری عەرەب ئەگەر دەرگایەکی بە ڕووی عەرەبدا کردبێتەوە، دەرگای دۆزەخ بووە، ئاخر گەڕانەوە بوو بۆ پێش ئەو مۆدێرنێتەیەی بە ئومێدی بووین.)

 

جۆرج تەرابیشی دەرکی بەوە کردبوو، هیچ شتێک ئەوەندەی ئایدۆلۆجیا کە ئایین بەشێکی پێک دەهێنێت، عەقڵی مرۆڤایەتی تووشی نابینایی ناکات. تەرابیشی دەیزانی دیکتاتۆر بۆیە سانسۆری داهێناوە، چونکە لە کتێب دەترسێت، ئاخر ئەوە کتێبە ئینسان بۆ ئەوە هان دەدات، خەون بە ژیانێکی گەشتر و بە جڤاکێکی باشترەوە ببینێت، بۆیە هەموو تەمەنی بە نووسینی کتێب و بە وەرگێڕانی کتێب بەخشی. تەرابیشی لەو نووسەر و بیرمەندانە نەبوو کە لە بازنەی کلاسیکدا قەتیس دەبن، بەڵکوو لەم ئەزموونەوە بۆ ئەزموونێکی دیکە بەڕێ دەکەوت، دوودڵیی نەدەناسی، سڵی لە دونیای تازە و ئاڵۆز نەدەکردەوە و لە سایەی بەهای سەروەردا گیری نەدەخوارد، ئاخر هاوزەمان بیرمەندێکی یاخی و خەباتگێڕێکی چاونەترسیش بوو.

 

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.