سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

دیمەنی کونە ڕەشەکەی نێو جەگەری گەلەئەستێرەکەمان بۆ یەکەمجار بڵاوکرایەوە

16/05/2022


 

نوسینی: لوقمان حەوێز

 

 

ئەم وێنەیەی کە لێرە دەیبینن بۆ یەکەمجار بڵاودەکرێتەوە دیمەنی کونە ڕەشە زەبەلاحەکەی چەقی گەلەئەستێرەی ڕێی کاکێشانە Milky.Way، ڕێی کاکێشان ئەو گەلەئەستێرەیە کە کۆمەڵەی خۆرەکەی ئێمەشی تێدایە، ئەمە کونەڕەشی زەبەلاحی Sagittarius.A یە، بارستەکەی نزیکەی 4 ملیۆن هێندەی بارستەی خۆرە، بەهۆی زۆری بارستەکەی خزاوەتە نێو چەقی گەلەئەستیرەکەمان و هەر هەموو گەلەئەستێرەی ڕێی کاکێشان بە دەوری ئەو چەقەدا دەسوڕێتەوە کە ئەو کونەڕەشەی تێدایە.

 

ئەمە وێنەی دووەم کونەڕەشە بڵاودەکرێتەوە لە مێژوودا، لەڕێگەی تۆڕی تەلەسکۆپی Event.Horizon تۆمار کراوە، تەلەسکۆپەکانی ئێڤێنت هەڕایزن پڕۆژەیەکی جیهانیە بۆ چاودێری کردن و لێکۆڵینەوە لە کونەڕەشەکان بەکاردەهێنرێن، ئەو تۆڕە لە کۆمەڵێک تەلەسکۆپی ڕادیۆیی گەورە و بەهێز پێک دێن کە زۆربەیان هی ناسا و ئاژانسی ئاسمانی ئەوروپین و لەسەر زەوین، لە چاودێری کردن و چرکاندنی ئەم دیمەنەش سود لە داتاکانی ڕوانگەکانی ناسا وەرگیراوە کە چاودێری تیشکەکانی ئێکس دەکەن بەتایبەتی ڕوانگەی شاندرا بۆ تیشکی ئێکس کە لە بۆشایی ئاسمانە.

 

گەلەئەستیرەکەمان ڕێی کاکێشان زۆر زەبەلاحە و تیرەکەی 120 هەزار ساڵی تیشکیە، نزیکەی 400 ملیار ئەستێرەشی تێدایە، هەندێکیان وەک خۆری ئێمەن و هەندێکیان گەورەترن و زۆریشیان بچوکترن، کۆمەڵەی خۆری ئێمە نزیکەی 27 هەزار ساڵی تیشکی لە چەقی ڕێی کاکێشان دورە واتە هێندەش لەم کونەڕەشە دورە، دەیەها ساڵە دەزانین لە نێو چەقی گەلەئەستیرە زەبەلاحەکان کونێکی ڕشی زەبەلاحیش هەیە، ئەو کونەڕەشانە بارستەیان هێندە زۆر بۆیە خزاونەتە نێو چەقی گەلەئەستیرەکان، ئەو کونەڕەشە زەبەلاحانە لەگەڵ بارستەی تاریک ڕۆڵیکی گرنگیان هەیە لە ڕاگرتنی هاوسەنگی گەلەئەستێرەکان.

 

ئەمە دووەم جارە لە مێژوودا وێنەی کونێکی ڕەش بڵاودەکرێتەوە، لە مانگی نیسانی ساڵی 2019 بۆ یەکەم جار دیمەنی کونێکی ڕەش لەلایەن هەمان تیم و پڕۆژە بڵاوکرایەوە کە کونەڕەشەکەی نێو جەرگەی گەلەئەستێرەی M87 بوو.

 

خودی یان چەقی کونەڕەشەکان ناتوانرێت ببینرێت یان بزانرێت چۆنە، بەڵام لەم وێنەیە و ئەوەی پێشوش ئەوەی دەبینرێت تیشکەکانی ئێکسە بەدەوری کونەڕەشەکە بە دەوری سنوری نەگەڕانەوەی دەوری کونە ڕەشەکە، تا ئەو سنورە دەتوانرێت تیشک و بارستەکانی دەوری کونە ڕەشەکە ببینرێت، لەو سنورەوە ئیتر تاریکە و تا ئێستا نهێنیەکی گەورەیە.

 

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.