سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

بۆ كوردانی هەندەران

17/05/2022


خەسرەو میراودەلی

ئەقڵی كوردی لەمڕۆ دا لە پارادۆكسێكی سەیردا دەژی، لە ناوەوەی هەرێمی كوردستاندا بۆ نموونە، دەنگە گەلێك دەیانەوێت برەو بە ڕۆشنگەری هزریی بدەن و، جۆرێك لە بەها بە زانست و فیكر و مەعریفە بدەن. 

لە بەرامبەردا كەسانێك كە بەرەو مەڵبەندە سەرەكییەكانی ژیاری خۆرئاوایی كۆچ دەكەن، لە هەوڵی پەرەپێدانی بیری توندڕەویی و تیرۆریستیدان. لە ناوجەرگەی وڵاتانێكدا كە مەڵبەند و سەرچاوەی ڕاستەقینەی زانست و پێشكەوتن و مرۆڤ دۆستی و لێبوردەیین، كوردەكانی لەمەڕ خۆمان خەریكە لە بری سود وەرگرتن لەو میراتە مەعریفییە دەوڵەمەندە، توندڕەوی و تیرۆر بكەنە شوناسی نەتەوەی كورد!! 

لە كاتێكدا كە ئەگەر كورد بوونێكی ڕاستەقینە و كاریگەری هەبوایە و، ئاوڕێكی لە زانست و مەعریفە بدابایەوەو، باكگراوندێكی لەو ڕووەوە شك ببردایە، دەبوایە دوبارە لە خۆی ڕابمێنێتەوە و بە خۆیدا بچێتەوە، خۆی و مێژوو و كارەكتەرو دۆخی كەلتوری و سیاسی و كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی خۆی كەمێك بە دۆخی خۆرئاوا بەراورد بكردبایە! نەك تەنیا توندڕەوی و تیرۆری لە فەرهەنگدا بسڕابایەوە، بەڵكو تەواوی مێژوو و بوونی خۆی بخستبایەوە بەر پرسیار و گومان و هەڵوەشاندنەوە و بنیادنانەوە، بە توێژینەوە و بەدواداچوونی زانستیانەی ڕاستەقینە لە قەیرانە مێژووییە گەورەكانی خۆیدا.

كەچی لە بەرامبەردا برەو بە توندڕەوی و تیرۆر دەدات و، نەك هەربوونی خۆی وەك كورد و خۆرهەڵاتی لە یادكردووە، بەڵكو دنیای واقعی بە تەواوی پشتگوێ‌ خستووە! وا پێدەچێت ئەو كەسانە ئەوروپا وەك جەنگەڵ ببینن، لە دیدی ئەواندا هەوڵی سەرەكی هەموو تاكێكی ئەوروپی سڕینەوەی یەكترو، بێماناكردنی تۆلێرانسو. جیاوازی بێت! وەك ئەوەی تاكە خەم و خەونی ڕاستەقینەی تاكی خۆرئاوایی، بوون بە دڕندەبێت، هەوڵدان بێت بۆ ڕكابەریكردن لەگەڵ دڕندە دیارەكانی دارستان!!

بە داخەوە یەكێكی دیكە لە خاڵە نەرێنییەكانی بوونی ئەم دیاردەی توندڕەوییە، ئەوەیە كە ئەو كارەكتەرە كوردە جددی و جوانانە لەبەر چاوی خەڵكی ون دەكەن كە لە ڕووی زانستی و سیاسی و ئەكادیمی و بواری دیكەشەوە، لە خۆرئاوادا وەك جۆرێك لە سیمبول بۆ ئێمە و ئەوان دەردەكەون! بەوەدا كە وەك هەمیشە لەبەر چاوی ئەوانی دیكەدا لایەنی نەرێنی دیارو زاڵە، واتە ئەوان زیاتر لایەنە توندڕەوییەكەی كورد دەبینن، لە بری لایەنە پۆزەتیڤ و مرۆڤدۆستانەكە! واتە ئەو كوردە تیرۆریستانە، كارەكتەرە نموونەییەكانیشمان لە خۆرئاوادا ناشرین و نابوت دەكەن! 

لە ڕاستیدا ئەم ئەقڵیەتە دڕندە ئاسایە، لەوە سەیرتر و ناواقیعیتر و نامرۆڤانەتر و نائایینیتریشە، كە بتوانین بە ئاسانی قسەی لە بارەوە بكەین. 
لێبوردبونەوە و تێڕامان لێی، توێژینەوەو چارەسەركردنی، پێویستی بە بەدواداچوون و بەرنامە ڕێژییەكی هەمە لایەنی ورد و قوڵ و فراوان هەیە!

ڕەنگە یەكێك لە هۆكارە دیارەكانی كەوتنە دوای ئەم دیاردە و ڕەوتە توندڕەویی و تیرۆرگەرایە، بریتی بێت لەوەی نە پاشخانی زانستی دەوێت و، نە ئەزمونی گەرەكە و، نە پێویستیشی بە ئەخلاق و ویژدان و هەستی ئینسانییە. واتە هیچ جۆرە ئەرك و  ماندوبونێكی ناوێت و، هیچ هەست و شعور و بیركردنەویەك نە بەرنامە و نەبیركردنەوەی ناوێت، دیارە كاولكاری و لەناوبردن و وێرانكردن، جگە لە دڕندەیی، هیچی دیكەی ناوێت، لێرەوەیە كە گرتنە بەری تیرۆر و توندڕەوی كارێكی گەلێك ئاسانە!

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.