سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

درزى تەفسیر

18/05/2022


وەلید عومەر 

 

مارکس لە تێزى یانزەى خۆیدا کە دەڵێت «فەیلەسوفان تا ئێستا بەشێوەى جیاجیا جیهانیان تەفسیرکردووە, بەڵام مەسەلەکە گۆڕینیەتى», لانیکەم پێنج مەبەست دەگەیەنێت:
١) فەلسەفە, جیهانى وەک ئۆبێکتێک وەرگرتبوو کە دەبێت بناسرێت و زیادەیەکى شڵەژێنەرى نەخاتەسەر.
٢) پێشتر هەوڵدراوە «ئەوەى هەیە» بخوێنرێتەوە, نەک «ئەوەى دەبێت ببێت».
٣) جیهان, کۆمەڵایەتى و مێژوویی بکرێتەوە(بکرێت بە دونیاى کۆمەڵایەتى و ...), چونکە ئەم دوو ڕەهەندە خۆیان بەزات هەڵگرى گۆڕانن.
٤) تەفسیر بەتەنیا ڕزگاریی پێ نیە, چونکە دۆزینەوەى ڕیشەى ستەم بەبێ گۆڕینى ڕیشەکە گیرخواردنە لە بازنەیەکى داخراودا.
٥) "تەفسیر" خۆى بۆخۆى بەس نیە,  جگە لە فەیلەسوف پێویست بە بکەرێکى کۆمەڵایەتیی "گۆڕانکار" دەکات دونیا بگۆڕێت.

بەڵام لەم تێزەدا وشە(چەمک)ێکى وەک جیهان(دونیا), جێى سەرنجدانە بۆ کۆمەڵگاى ئێمە, چونکە ئێمە هێشتا دونیامان وەک کۆیەکى یەکانگیر, تەفسیرنەکردووە. ئەو تەفسیرانەى هەن و ڕەقهەڵاتوون, بەرەنجامى ڕیزێک کڵێشەى کۆنى میتافیزیکى و ڕیزێک وردەدرووشمى تازەن کە ناچنە پەیوەندییەکى دوولایەنە و دیالەکتیکییەوە لەگەڵ یەکتردا. بە مانایەکى تایبەت, تەفسیر(لێکدانەوە) بۆ ئێمە, خۆى سەرەتایەکە بۆ گۆڕان. ئێمە تووشى ئەو هەڵاوسانە تەفسیرییە نەهاتووین کە لە خۆرئاوا ڕوویدا و پاشان ڕیزێک تێز لەبارەى گۆڕانکارییەوە بەرهەمبێنێت. لە خۆرئاوا هەمیشە دووانەى تەفسیر و گۆڕان پێکەوە کاردەکەن, ئیدى ئەم پەیوەندییە چەند گرژ و فراوان دەبێتەوە پرسێکى ترە. تەفسیر خۆى لەو ڕووەوە ڕێژەیەک ڕۆڵى گۆڕانکارى دەگرێتە ئەستۆ بۆ ئێمە کە نەخشەیەکى زەینیی نوێ پێشکەشدەکات, ئەو ئاسۆ کۆنە وێراندەکات کە ناچاربووین لێى بڕوانین, چونکە بەبێ کردنەوەى ئاسۆى نوێ ئەگەرى گۆڕانکارییش تا ئاستى نەبوون لاوازە. تەفسیر, بەتایبەت گەر کۆمەڵایەتى ببێتەوە و کار لەسەر ناوەڕۆکى دەزگاکانمان بکات, ئەوا خۆى ترپەیەک لە گۆڕان جێدەهێڵێت. تەفسیر خۆى لەخۆیدا ناوى جۆرێک لە ئارەزووکردنەوەى جیهانە کە ورددەکرێتەوە و پێناسەش دەکرێتەوە. "دونیا" لەپاش تەفسیرى چڕوپرەوە, چیدى پەیکەرێکى چەقیو نیە, بەڵکو دەکرێت بە تۆڕێک کۆپەیوەندیی زیندوو کە هەمیشە و هەردەم دەتوانین ئارەزووى بکەینەوە و بیشیگۆڕین. تەفسیر جۆرێک لە خودئاگاییە, خۆت و دونیاکەت دەکەیت بە بابەتى ناسین و ناسینەوە, ناسینیش پرسێکى نەگۆڕ نیە بۆیە لانیکەم درزێک دەخاتە شتە ناسێنراوەکەوە. ئەم درزەى تەفسیر, خۆى ناوێکى ترە بۆ گۆڕان- ئیدى گۆڕان لە بینینەوە بۆ ناسین و دەستکارى. بەڵام بەر لەوە, تەفسیر خۆى ڕۆڵێکى گرنگترى بۆ ئێمە هەیە کە گۆڕانى دونیا نیە بەڵکو درووستکردنى دونیا خۆیەتى. ئێمە سەرەتا پێویستە دونیا وەک پێدراوێکى ڕەمزى و کۆمەڵایەتیی چالاک درووستبکەین ئینجا بیر لە گۆڕینى بکەینەوە. تەفسیر بۆ ئێمە ڕۆڵى بنیاتنان دەگێڕێت, بنیاتنانى دونیایەک کە بەپێى پێویست نیمانە تا بیر لە گۆڕین و وێرانکردنى بکەینەوە.درزى تەفسیر سەرەتایەکە بۆ بیرکردنەوە لە "نەبوونى دونیا" خۆى:  

بۆیە  گەر کەمێک ڕیشەییتر بڕۆین ئەوا کێشەى دونیاى خۆمان بەر لە هەموو شت ئەوەیە کە پێناسەیەکى زۆر ڕوونى بۆ چەمکى «دونیا» خۆى نیە. وشەکە زۆرجار بۆ هەریەکە لە کۆمەڵگا, گوتار, هەژموون, سیستەم, دۆخ و هتد بەکاردێت. بەڵام ئەم بەدیلانەشى زۆر ڕوون نین و پێناسەکانیان لە زەینى گشتینەدا ناڕوونە. ڕەنگە لەقووڵاییدا هۆکارەکە ئەوە بێت کە بە مانایەک لە ماناکان «دونیا»ـى ئێمە خۆى بەتەواوى شکڵى نەگرتووە. «دونیا»ـى ئێمە, خۆى ئێستا تێکەولێکەیەکە لە زۆر توخم و ڕەهەند. شوێنى کۆمەڵگاکە خۆى لە «دونیا»ـى گڵۆباڵ و گەردوونییشدا هەر ڕوون نیە. مەسعود محەمەد دەیوت کورد تووشى نەزیف و لەبەرچوونى ئابورى هاتووە, بەڵام لەڕاستییدا دەتوانین لەوە زیاتریش بچینەپێشەوە و بڵێین کورد دونیایەکى ڕوونى نیە و لە هەموو لایەکەوە لەبەرى دەڕوات و نەزیفدەکات. مەبەستم چوارچێوەیەکى ڕەمزیی یەکانگیر و مێژوویەکى یەکانگیرى ئەوتۆمان نیە کە ڕیزبەندیی زەمەنى و کێشەسازیی فیکرى و خۆناسینى سوبێکتیڤانەى تیا بێت, و شتەکان دێن و هەروا دەڕۆن. کایەکان بەتەواوى نەبوونەتە کایە, کێشەکانیش بەر لەوەى زمان بگرن و سەربکێشن بۆ هۆشیاییەکى کاراى کۆمەڵایەتى, دەپوکێنەوە. «دونیا» خۆى چەمکێکە لە فیکرى هاوچەرخدا زۆر تیۆریزەکراوە, کە لە هەمووشیدا تەقریبەن جۆرێک لە بزووتن و دینامیکبوون هەیە. بۆنمونە, چەمکى دونیا(جیهان) لاى گادامێر بەستراوەتەوە بە هەبوونى زمانێکەوە, بە "پراکتیکێکى گوتارمەند"ـەوە. خۆمان وەک مرۆڤ زمانمان هەیە, بەڵام ئاخۆ تا چەند دەتوانین باسى "پراکتیکى گوتارمەند" بکەین؟ "پراکتیکى گوتارمەند" لێرەدا بەسادەیی واتە هەر کردەیەک کە لەپێناوى گۆڕانکارییدا دەدرێت, گەرەکە بشبێتە گوتار و تواناى خۆناسینى هەبێت و بکەرێکى زۆریش لە دەورى کۆببنەوە و زمانیش لەو ئاستە بەراییە تێپەڕێت کە تەنیا بۆ جیاکردنەوە لە حەیوان بەکاردێت. بۆنمونە لاى خۆمان مەعریفەى ژنانە و پیاوانەش دێت و گۆدەکرێت و باسدەکرێت, بەڵام ئەو هێزەى نیە ببێتە "پراکتیکێکى گوتارمەند". لەپڕ هەر چالاکییەکى مێژوویی تووشى هەڵبڕزکانێکى ناوەکى دەبێت و بیردەچێتەوە و بەر نەزیفێکى هەمەلایەنە دەکەوێت. هەبوونى «دونیا», واتە هەبوونى گوتارى ڕوون و درێژەدان بە گوتارەکە و سەرەنجامیش جێکردنەوەى گوتارەکە لە نەستى کۆمەڵگادا(چونکە گوتار تا نەبێتە بەشێک لەو ناخودئاگایە, ئەوا لە ئاگاییشدا زۆر ئیشناکات). هەر گوتار و پراکتیکێک نەگاتە ناو نەستى کۆمەڵایەتى, ئەوا لە ئاستى سەرتوێژ و دەستەبژێردا بچوکدەبێتەوە و ئاوادەبێت. پەیوەندیی نوخبە و کۆمەڵگا لاى ئێمە خۆى پەیوەندییەکى ئۆرگانى نەبووە, واتە کارلێکێکى جەوهەرى لەنێوانیاندا نەبووە, بۆیە هەر شتێک چەندیش وەک "گوتار" حۆى دەرخستبێت, نەبووەتە "پراکتیکێکى ڕیشەدارى گوتارمەند". جار هەیە لاى ئێمە وشەگەلى قورسترى وەک پارادایم‌یش بۆ زۆر پرس بەکاردێت, کە دیسان جێى گومانە. چونکە پارادایم لە سادەترین پێناسەیدا ئاماژەیە بۆ مۆدێل و دونیابینییەکى نوێى فیکرى تێیدا پێناسەمان بۆ هەموو شتێک بگۆڕێت. بەڵام لاى ئێمە هێشتا پێناسەى مرۆڤ خۆى بەتەواوى مێژوویی و گوتارمەند نەبووەتەوە, شیتەڵنەکراوە, لە پاشماوە ڕەقە میتافیزیکییەکانى دانەماڵراوە, بۆیە قسەکردن لە پارادایم و گوتارو دونیا و هتد, جێى کێشەیە. لاى ئێمە زۆرجار دەسپێک و پاشەکشە هاوکاتن, گەشە و چەقین هاوکاتن, کێشە و کۆتایی کێشەش زۆر دوور نین لە یەکترەوە. ئەمە وادەکات ناچاربین بە پارێزەوە بیر لە چەمکى «دونیا» بکەینەوە- دونیا وەک گشتێکى کەمتازۆر یەکانگیر کە بەشەکانى لە پەیوەندییدا بن بە یەکترەوە. ئێمە هێشتا بەپێى مەعریفەى سەرزەمینێکى تر باسى دونیاى خۆمان دەکەین, مەبەستم ئەوە نیە نەمانتوانیوە شت بڵێین, بەڵکو «دونیا» خۆى وەک پرۆسەیەکى چالاک لەدایکنەبووە کە خودئاگاییەکى یەکانگیرى تیا درووست ببێت. «دونیا» پتر پرۆسەیەکە مرۆڤەکانى ناوى دەگەنە خودئاگایی و خۆناسین و لەوەش زیاتر دەست لە نەستى کۆمەڵگا وەردەدەن. «دونیا» ڕیشەیەکى نەستەکیی هەیە و لەسەر بنەماى کۆمەڵێک ڕێساى شاراوەش کاردەکات کە پێویستى بە بیرکردنەوەیە بۆ ئەوەى ئەو ڕیشانە بناسرێنەوە و دەسکارى بکرێن. گوتار لە بەکارهێنانە کوردییەکەیدا لاى خۆمان, و لە پەیوەندییشدا بە پرسى جێندەرىیەوە, لە ئاستێکى بەراییدایە. بۆنمونە, گوتارى جێندەرى ناچارە لەو داکۆکییە سەرەتاییەدا بمێنێتەوە کە داکۆکى لە مانەوەى ژن بکات وەک مرۆڤ. ئەمە دەلالەتە لەوەى "گوتار" خۆیشى لە هەوڵدایە بۆ ئەوەى ببێتە هێزێکى مادیی سەرەتایی تا بەر بە پرسێکى مادیی وەک کوشتن بگرێت. گەرنا گوتار خۆى دەبێت ئاڵۆزتر بڕوات و دەست لە هەموو پێناسە و پۆڵێن و نۆرمەکان وەربدات و بیرکردنەوە و زاراوەى تایبەت بە خۆى بەرهەمبێنێت. لێرەدا گوناهەکە تەنیا لەسەر ئێمە نیە وەک کۆمەڵگایەک کە لە زۆر ڕووەوە پێڕەوکەیە, بەڵکو تەعبیرە لەوەش کە دەمێکە دونیایەکى بەرینى مۆدێرن درووستبووە و ئێمە بوارمان نەبووە «دونیا»ـى خۆمان بەتەواوى درووستبکەین. هەر لە سیاسەتەوە بۆ کەلتور و پرسە زەینییەکان, لە جۆرێک «بێ‌دونیایی»دا دەژین. باسى شتانێک دەکرێت, بەڵام شتانێکى بنچینەییتر نەڕسکاوە تا ئەو شتانەى دواتر ماناوەربگرن و گەشەى سرووشتیی خۆیان ببڕن و بنج دابکوتن. زۆرجار دێڕەشیعرى شاعیرێکى کورد لە سەدساڵ لەمەوبەرەوە تا ئێستا, جووڵەیەکى ڕیشەیی تێنەگەڕاوە و چەشنى کڵێشەیەک ڕەقهەڵاتووە. چونکە خاوەنى «دونیا و گوتار و پارادایم و هتد» نەبووین تا ئەو دێڕانە گەشەبکەن و بکەونەجووڵە. ئەو جووڵەیەى هەبووە, جووڵە نەبووە لەبەرامبەر ڕەگەزێکى ترى وەک "نەگۆڕان"دا, بۆیە وەک وەهمى جووڵە ماوەتەوە و لە هەموو بوارەکانیشدا هەر خەریکین وا خۆمان دەنوێنین «دونیا»مان هەیە. گەر سەردەمانێک وترابێت دەبێت ژن بچێتە بەر خوێندن, بەڵام پاش چوونە بەر خوێندنیش هەر ناتوانین دیدێکى ڕیشەیی گۆڕاومان بۆ ژن هەبێت. ئەمە واتە جووڵەکە تاکسەرە و بێ‌ڕەپت بێت بەو کۆڵەکە ڕەقانەوە کە لەبنەوە حوکمى ژیانمان دەکەن. لە خۆرئاوا چەمکى مێژوو ئەودەم درووستبوو, کە هەردوو ڕەگەزى جووڵە و ناجووڵە(نەگۆڕان) چوونە کارلێکەوە و کاریگەرییان لەسەر یەکتر دانا. بۆیە کاتێک باسى چەندین شەپۆلى فیکرى یان سیاسى یاخود فیمینیستى دەکرێت, ئەوا باس لە چەمکى «دونیا»ش دەکرێت کە لەناوەوە گۆڕانى بەسەردا دێت و سنورە ناوەکییەکانى دەجووڵێن. گۆڕان گەر وێرانکردنى دونیایەکیش بێت, ئەوا پێویستدەکات پێشوەخت ئەو دونیا بیرلێکراوە و یەکانگیرەت هەبێت کە گۆڕانى کردبێتە زەروورەت.  

دونیا زۆرجار ئاماژەیە بۆ گەردوون یان جیهانە سرووشتییە دەرەکییەکە, بەڵام لە فیکرى ڕەخنەیی مۆدێرندا دونیا بەبێ ڕەمزیبوونەوە و کۆمەڵایەتیبونەوە و مێژووییبوونەوە ماناى نیە و تەنانەت هى مرۆڤیش نیە. کورد دەمێکە دەڵێت "دونیاى بێوەفا, کاروان سەرەڕاى..." کە ڕیشەیەکى سادە و ڕاستەوخۆ و کلاسیکى دونیایە. دونیایە لەو مانایەیدا کە لە ژیانێکى سرووشتى و ناکۆمەڵایەتییەوە نزیکە کە جەستەى مرۆڤ هەڵدەوەرێنێت و کەسى تیا نامێنێتەوە بژى. ئەم دیدە بۆ دونیا بەس نیە, چونکە بایی پێویست لێکنەدراوەتەوە و لە بن هەژموونى زمان و تیۆردا ماندوونەکراوە تاکو شوێنى مرۆڤى تیا دەستنیشانبکرێت. دونیا چەمکێکى تەواو ئۆبێکتیڤ و دەرەکى نیە, بەڵکو نشینگەیەکى ناوەکى-دەرەکییە کە بە تانوپۆى مرۆڤدا ڕۆچووە و جیاناکرێتەوە. دونیا هەر گەردوونێکى فیزیکى نیە, بەڵکو گەردوونێکى ڕەمزى و کۆمەڵایەتى و مێژووییشە بۆ مرۆڤ کە بە سنورێک لەو گەردوونە فیزیکى و سرووشتییە جیادەبێتەوە و ئەویش دەگۆڕێتە سەر دیاردەى ناو گەردوونە ڕەمزییەکە. ژیان چیدى پیربوونێکى بایۆلۆژى نیە بەتەنیا, بەڵکو حسێبکردنە لەسەر هەموو ترپەیەکى کۆمەڵایەتى و ڕەمزییش کە بە پێوەرى بایۆلۆژى ناپێورێت. لە بن تەفسیردا ئەو کرچییانەى دونیا دەپاڵێورێت کە هەروا وێڵکراوە. ملکەچکردنى ئەم کرچییەى دونیا بۆ تەفسیر و ڕاڤە, خۆى گۆڕینى دونیایە لە دیاردەیەکى ناقۆڵاوە بۆ دیاردەیەکى نەرمتر و مامەڵەپێکراوتر. لێرەوە کەلتورگەلى خۆرئاوایی خاوەنى «دونیا و دونیابینى»یشە, بۆیە بۆنمونە هەم فیمینیزم تا کۆتاسنور ڕاکێشراوە و پرۆسەکە دانەخراوە: بۆنمونە, لەوێ لەپاڵ پێناسەکردنەوەى بەردەوامى کێشەى ژندا, باسى ئەو ناهاوسەنگییە ڕیشەییانەش دەکرێت کە بونیادیین و لەنێوان ژن و پیاودا هەن. بۆنمونە, ژنەبیرمەند ئەلێنکا زوپانچیچ لە کۆتاکتێبەکانیدا باسى ئەوە دەکات چۆن مێژووى ژنکوشتن, تەنیا بەهۆى پیاوسالارییەوە نیە, بەڵکو بەهۆى ئەو خلیسکانە جێندەرى و ڕەگەزییەشەوەیە کە هەریەکە لەم دوو ڕەگەزە دەرهەق بە ئەویتر ئەزموونیدەکات. گەر لە کوردستان شتى لەم جۆرە بورووژێنرێت, یەکسەر دەچێتە خزمەتى پیاوسالارییەوە, چونکە ئێمە کێشەى ژنمان تا کۆتایی نەبردووە و خاوەنى ئەو دونیابینییە هزرییە مێژووییە نین. بە مانایەکى تر, کێشەکان لەناو «دونیا»دا گەشەدەکەن و دەبنە دونیابینى. دەتوانین بڵێین «دونیا»ـى ئێمە بەر لەوەى ببێتە «دونیا»یەکى کارا و خودئاگا و خاوەن گوتارى گەشەکردوو, بەر «دونیا»یەکى گڵۆباڵ کەوتووە کە زۆرجار تەمەڵ و تووشى وەهمیشى کردووین. پێمانوابووە لەو «دونیا»یەشدا نیشتەجێین, بەڵام بە کەمێک وردبوونەوە لە ژیانى ڕۆژانەمان سەیردەکەین نەخێر تەنیا تووشى هاوشوناسى و خۆلەبیرکردن هاتووین- جۆرێک لە ناسنامەى درۆیینە. «دونیا» کاتێک درووستدەبێت کە چەمکگەلى وەک «هیچیی دونیا», «ئەو دونیا» لاوازکرابێت و نەستى کۆمەڵگاش بە ڕێژەیەکى زۆر قەناعەتى پێ کردبێت. ڕاستە ئەمڕۆ دیاردەکانى دونیاى سەرمایەدارى دێنە لاى ئێمەش, بەڵام کەلتورەکە لۆژیکى تایبەت بە خۆى هەیە و بە شێوەیەکى حەرفى ئەو دیاردانە وەرناگرێت و ناوەڕۆکى تایبەت بە خۆى پێ دەبەخشێت. بۆنمونە چەمکى کاڵا لە کەلتورى ئێمەدا ناوەڕۆکێکى کۆنەپارێزانە وەردەگرێت و لە خۆرئاوا سەرەتایەک بووە بۆ تازەبوونەوەى دونیا و پەیوەندییە مرۆییەکان و پاشان ڕەخنەکردنى توندیشى(مانیفێستى کۆمۆنیستى مارکس-ئەنگڵس بەرهەمى ئەم پێکدادانەیە). لێرە کە دەگوترێت با عەشق نەبێتە کاڵا, ناواخنێکى موحافیزکارانەى هەڵگرتووە و مەبەست لەوەیە با جەستە «دونیایی» نەبێتەوە و ئەزمووننەکرێت و هتد. ژنیش لەم دۆخەدا, دەبێتە قوربانیی کۆمەڵێک کڵێشە کە لە دونیاکانى تردا ماناى ترى هەیە و لاى ئێمە وەک فۆرمێک دەچێت بەسەر ناوەڕۆکێکى کۆنەپارێزانەدا و زۆرجار گوتارگەلى ژنانەش فریودەدات. لە کایەیەکى ترى وەک ژۆرنالیزم‌یشدا, ئێمە لەبرى دونیا, وێرانکردن و پارچەکردنى بەردەوامى دونیایەکمان هەیە کە نیمانە. شتێک دەکرێتە کاڵا, کە پرۆسە زەمینى و سێکۆلارەکەى بەکاڵابوونى ئەزمووننەکردووە. تەفسیر بۆ ئێمە, گەر بێتو وەک ئایدیاڵێک وەریبگرین, یەکێکە لە دەرکەوتەکانى ئیرۆس و بنیاتنان نەک تاناتۆس(مەرگ) و وێرانکارى کە زۆرجار لەژێر درووشمى گۆڕاندا ڕوودەدات. گەر ئیرۆسێکى مێژوویی و کۆمەڵایەتى هەبێت, ئەوا ئەودەم درووستکردنى درزێک لەم ئیرۆسەدا دەبێتە زەروورەت و گەر هەندێجاریش لەبنڕا هەڵتەکێنرێت هەر بیانووى خۆى هەیە. بەڵام کاتێک لە دونیا نوێدا, جۆرێک لە بنیاتنان و ئیرۆس و دونیاى یەکانگیرمان نیە و شتەکان تووشى لێڕۆیشتنێکى خۆنەگر دەبن, ئیدى باسى گۆڕان خۆى باسێکى بۆشە. "دونیا" سەرەتا دەبێت لە شێوەى ئیرۆسێکى ئاڵۆزى کۆمەڵایەتییدا بخوڵقێت, تەفسیربکرێت, تاکو دوایی گۆڕان وەک زەروورەتێک بێتەئاراوە.    

ئەمڕۆ شتەکان جۆرێک لە شلێتى و گۆڕانى خێرا ئەزمووندەکەن, بەڵام کەلتور و دونیاى سیاسى و کۆمەڵایەتى و مرۆیی تێکڕا جۆرێک لە خاویی زاتیی هەڵگرتووە. ژیان بەپێى ئەم خاوییە زاتییە دەچێتەڕێوە و بەشێک لە گۆڕانکارییەکان چەندبارە و ڕواڵەتیین و بەدەست ئەو خاوییە زاتییەوە دەناڵێنن کە لە هەناوى دونیایەکى مرۆییدا ئیشدەکات. جار هەیە گۆڕان بریتییە لە هەڵدانەوەى ئەم گۆڕانە ساختانە بۆ ئەوەى دەریبخات کە گۆڕان نین بە ماناى تەواوى وشەکە. بۆ ئەمەش هەر دەبێت بەناو تەفسیر و لێکدانەوە و ڕاڤەدا بڕۆین. گۆڕان خۆى ئەو چەمکەیە کە بەبێ تەفسیر خۆى ناناسێت و ناگاتە خودئاگایی. بۆیە سەرەنجام ئێمەش بە فۆرمى خۆمان پێویستمان بە داڕشتنەوەى تێزەکەى مارکسە کە ئێمە پێویستمان بە پێکەوەنانى چەمکى "دونیا"یە تاکو دونیابینییەکى تۆکمە لەمەڕ تەفسیر و پاشانیش گۆڕان بێتەئاراوە.

 

 


 

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.