ماجید خەلیل
فردریک نیتچە
وەختە لەو هەڵە گەورەیەدا دەخنکێین، لەکاتێکدا رۆژانە دەنگی مۆسیقاگەلێ وەک گوللەی وێڵ دەنرێن بەسەر دڵی گوێچکەمانەوە!
مۆسیقا ئەوە نییە کە لە ئامێرێکی مۆسیقاوە دەیبیستین، ئەوەی لە ئامێرەکانەوە دەیبیستین مۆسیقایەکە کە لە کونی خۆی هەڵگەڕاوەتەوە و بە گەڕی گوێی لێدەگرین.
مۆسیقا کاتێ مۆسیقایە هەموو کەسێک نەتوانێ بیبیستێ، کاتێ مۆسیقایە ژوان لەگەڵ خەیاڵدا دابنێت، کاتێک خۆیەتی خۆڕسکانە خۆی لە دوتوێی سروشتدا بنوێنێ.
مۆسیقا لە دەنگی پێی ئاوەکەی سوهرابدایە، لە هاژەی رووبارە بێ سرەوتەکەی وێڵی هەرداندایە، لە تابلۆی تۆز و غوباری شوێنپێی رانە مەڕی رەشماڵێکدایە، لە شەپۆلە شەرمنەکانی شەوە تاریکەکانی دەریا و چپەچپی شەوێکی ئارام و ئەنگوستەچاوی کوڕ و کچێکی پشت گوشیدایە.
نا مۆسیقا زۆرجار لە بێدەنگی و هەندێکجار لە هاواری فەریکە نۆک فرۆشێکدایە، هەمیشە لە گریانی باوکێک و پێکەنینی دایکێکدایە، تۆ دەزانی کە بابێ دەگری چەند ئۆکێسترای ئاواز و ئەندێشە ئەخزێتە توڵی تەئریخەوە، تۆ دەزانی کە دایکێک پێدەکەنێ چەند چرای چاو سەوز و چەند چیای سەر سپی سەما دەکەن؟
نا زۆرجار بۆڕەی چێڵێک چارەی خەیاڵێکی سەیر دەخزێنێتە یادەوەریمانەوە، زەڕەی کەرێک دەبێتە دەمی رامانێکی سەیر، بەڵێ ترسی جنۆکەیەک دەمی خەیاڵێک دەکێشێ، رێک وەک ئەوەی زمانی جادوگەرێک لەپێشەوەی داهاتوماندا راکێشرابێ، زمانێک وەک فەرشێکی سوور، جادوگەرێک بنباڵی گرتووین بەسەر فەرشەکەدا دەڕۆین، لەو سەری فەرشەکەوە دەمی تیمساحێک هێندەی دەمی گۆڕێک کراوەتەوە، لەم سەری فەرشەکەوە قاچی قالۆنچەیەکی قەبە و زل وا خەریکە تێمان هەڵدەدا، شەقێک تۆزی گەنجی دەتەکێنێ، شەقێک دان لەدوای دان دەوەرێنێ، شەقێک شەهوەتمان دەدۆشێ، شەقێک دەماکەوێنێ بەسەر لوغمی کاتدا، شەقێک دەنگێکی لێوەدێ، وەک دەنگی ساز و کەمان و عود، شەقێک وەک شمشاڵێکی غەمناک، دەژەنرێتە دوای دواوەی دنیای هەموومان.
بۆیە دەڵێم: ئامێرەکانی مۆسیقا، مۆسیقا دزن، مۆسیقایەکی دەستکردن، فێڵ و فیتنەی مۆسیقان، کاتێ ئەوان لەدایک بوون، مۆسیقا مرد، بەڵێ هەموو کەس ناتوانێ مۆسیقا ببیستێ، کەسێک مۆسیقا دەبیستێ بیربکاتەوە، رابمێنێ، ئەو مۆسیقایەی ئەوڕۆ دەیبیستین، رێک هەمان مۆسیقایە کە لە کێڵگەیەکی پەلەوەردا شەوانە مامرەکان بە بێداری دەهێڵێتەوە هەتا هێلکە بکەن.

لینكی فەیسبوك