سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

گوناهباری مرۆڤ و پەشیمان بوونەوەی لە ئایینە دێرینەكانەوە تاوەكو ئیسلام !

23/05/2022



د.حلمی رەسول رەزا

بەشی یەكەم 

هەموو ئایینەكان جەخت لەوە دەكەنەوە هەڵەیەك لە ژیانی مرۆڤدا روویداوە و لە رەسەنایەتی خۆی دووری خستۆتەوە، راستكردنەوەی هەڵەكەش مەحاڵ نیەو دەكرێ خۆی لە هەڵەكە رزگار بكات، جۆری ئەو هەڵەیەی مرۆڤ لای ئایینەكان تەنها لۆژیكی و عەقڵی نیە، بەڵكو جۆرێكە لە گوناهباری و شەڕو گەندەڵی، جا هەست كردن بەو هەڵەیە مرۆڤ لەناخەوە دەجوڵێنێ و كاتێكیش رزگاری بوو؛ هەستی پێ دەكات.

ئەو گوناهبارییە لای ئایینەكانی وڵاتی "چین" لادانە لە سیستەمی گەردونی و ئەخلاقی، لای تاوییەكان چەقی ئەو لادانە تاكی مرۆڤەو لای "كۆنفۆشیوس" كۆمەڵگایە. یەكەمیان پێی وایە دەروونی تاك بەشێكە لە سیستەمی گەردونی، لادان لەو سیستەمە دەیخاتە نێو گوناهبارییەوە، رزگاربونەكەشی بریتیە لەوەی بەتەواوی بگەڕێتەوە سەر مەنهەجی راست یان حەقیقەت، رێگەی ئەو رزگاربونەش هەنگاو نانی مرۆڤە بە رێسا ئەخلاقیە باشەكان كە پێك دێت لە سۆزو دڵسۆزی و خۆ بەكەم زانی و خۆشەویستی، كاتێ ئەمەی ئەنجامدا جێگۆڕكێ لە ژیانیدا روو دەدات و خودە ناراست و وەهمی دروست كراو وون دەبێت و خودی راستەقینە یان ئاسمانی دەردەكەوێت.

لای كۆنفۆشیوس خەوش و كەم و كوڕی لە سیستەمی كۆمەڵایەتیدا لە پۆلێنكردنی شتەكان و پەیوەندیەكانیانیاندایە، ئەمەش بە بۆگەن بوون و گەندەڵ بوونی سەرەوەی هەرەمەكەدا پەیدا دەبێت، دەبێ لێرەدا حاكم كارە سەرەكیەكەی تەرخان بكات بۆ پرۆسەی فێركردن و چاكە، و نمونەیەكی جوان بێت بۆ گەلەكەی لە رووی چاكسازییەوەو تاوەكو خۆی چاك نەكات نابێت داوای خۆچاككردنیان لێ بكات. چاكسازی لێرەدا بە مانای ئەوە دێت هەموو شت لە جێگای راستەقینەی خۆی بێت. مەرجی بنیادنانەوەی دەروونیش لە رێگەی یاسا ئەخلاقیەكانەوە بێت بە شوێن كەوتنی عەقڵ و دوور كەوتنەوە لە غەریزەو هێزی جەستە، بەبەكارهێنانی عەقڵ مرۆڤ خۆی پاك دەكاتەوەو ئەو كات بەویستی ئاسمان دەجوڵێتەوە.

لە ئایینە گەورەكانی هیندستاندا گوناهیاری بریتیە لەوەی مرۆڤ لە سروشت و حەقیقەتی خۆی دەربچێت ، رزگاربوونیشی گەڕانەوەیە بۆ ئەو حەقیقەتە. گوناهباری لە " هیندۆسیەت و بوزیەت"دا ئەوەیە كە تاك وا هەست بكات هەموو پێداویستیەكانی پڕ بونەتەوەو پێویستی بە هیچ شتێك نەماوە، بەبێ سنوور حەز بە ژیان دەكات و دەیەوێ زۆرترین شتی هەبێت بەردەوام بگەڕێتەوە بۆ ئەو ژیانە. ئەوەی تاوییەت ناوی لێناوە؛ سیستەمی گەردونی، لای هیندۆسەكان ناوی "براهمان =خودا" یە كە حەقیقەتی رەهایەو هەموو شتێك دەجوڵێنێ. رزگاربوونی دەروونی مرۆڤیش كە ناوی "ئاتمان"ە، بەوە دەست پێدەكات كە هەست بەوە  بكات بەشێكە لەو حەقیقەتە. ژیانی چاك و باش بریتیە لە ویستی بەدەست هێنانی یەكانگیری لە نێوان ئاتمان و براهمان. رێگاش بۆ گەیشتن بەو دۆخە جۆرە وەرزشێكی رۆحیە "یۆگا" كە ئامانج لێی پاكبونەوەی دەروونە ئەویش بە كوشتنی حەزەكان وەك ئامادەكارییەك بۆ ئەو یەكبوونە. هەركاتێك دەروون لە رێگەی نوێژو ڕامان ەوە پاك بوەوە ئەوا دەتوانێ لە رێگەی كاری چاكەوە رزگاربوون بەدەست بهێنێ. لە هیندۆسیەت و جاینیەت و بوزیەت گوناهباری بریتیە لە خووگرتن یان پەیوەست بوون بەماددەوە و رزگاربونیش بریتیە لە رزگاربوون لێیان، جیهانی ماددی دیار وەهمە، زانین تیایدا نەزانیە، حەقیقەتی رەها بەتەواوی لە ماددە داماڵراوە.

ئەوانەی لە سەرەوە باسكران، لە هەرسێ ئایینە ئیبراهمیەكەدا بەردەوامی هەیە بەڵام رەهەندێكی نوێ وەردەگرێت. گوناهباری لێرەدا بریتیە لە سەرپێچی كردنی خودا. گوناهباری یەكەم، مرۆڤی یەكەمە "ئادەم" كە یەكەمین بڕوداریش بووە، ئەو لە نازونیعمەتی بەردەوامدا بوە پێش ئەوەی گوناهـ بكات. لە مەسیحیەتدا ئادەم سیمبولی مرۆڤی كۆنی كەوتووە و مەسیح سیمبولی مرۆڤی نوێی پاكە. لە كاتێكدا یەهودیەت وەها تەماشای گوناهی ئادەم دەكات كە گوناهی سەرجەم رەگەزی مرۆییە و هەریەكێك بەرپرسیارێتی ئەو گوناهە هەڵدەگرێت، كەچی لە مەسیحیەت و ئیسلامدا هەموو كەسێك هەڵە دەكات، بەڵام تاك خۆی بەتەنها بەرپرسیاریەتیەكەی هەڵدەگرێ، ئەگەر بێت و ئەم جۆرە بۆچونە لای پەیامهێن "ئیرمیا" ببینین بەڵام ئەم خەسڵەتە لە هەموو "پەیمانی كۆن" دا نییە.

ئەگەر بێت و لە ئاینەكانی هیندستاندا ماددە سەرچاوەی پیسی و شەڕ و گوناهباری بێت و رزگاربوون لێیان بەمانای رزگاربوون بێت، ئەوا لای ئیبراهیمیەكان بەو شێوەیە نییە، پیسی لێرەدا لە جیهانی ماددی و جەستەدا نییە، بەڵكو لەو مرۆڤەدایە كە جیهان و جەستە بۆ خێر یان شەڕ بەكاردەهێنێت. هەروەك پۆلسی رسول دەڵێ: دەكرێ جەستە پەناگەیەك بێت بۆ رۆح "خودا". رزگار بوونیش بەمانای رزگاربوون نایەت لە ماددە بەڵكو بەهۆی ماددەوە رزگاری دەبێت، مەرجی رزگاربوونیش لەم ئاینانەدا لەوانەی دیكە جیاواز نییە، هەروەك لە گوزارشتی قورئانیدا هاتوە كە بریتیە لە " بڕوا و كاری چاكە".

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.