وەلید عومەر
تەلارسازی لەڕووی زانستی و پسپۆڕییەوە, بێشومار پێناسە و پۆڵێنی خۆی هەیە. بەڵام دەکرێت لەڕوانگەی فیکرییەوە, ببەسترێت بە ڕەهەندی دەرە-پسپۆڕی و باسوخواسی جیاجیاوە. بەم پێیە, تەلارسازی تەنیا درووستبوونی بینا و شوێنی نیشتەجێبوون ناگرێتەوە, بەڵکو هەموو ئەو وێنا و تێڕوانینانەی تری مرۆڤیش دەگرێتەوە کە دەرهەق بە شوێن و فەزا و نیشتەجێسازی دەیخوڵقێنێت. لەم یاداشتە ڕاگوزەرەدا, لە تەلارسازیی باوەوە دەپەڕینەوە بۆ تەلارسازییەکی تر: بیناکردنەوەی دونیا بە فۆرمێکی تر کە تەنیا پەیوەست نیە بە مادە و کەرەستەکانی بیناسازییەوە.
ئەوە هەر تەنیا ئەندازیار و تەلارساز نیە کە دەتوانێت بیر لە تەلارێک بکاتەوە و وێنای داڕشتنەکەی بکات, بەڵکو ئەدیب و شاعیرانیش دەتوانن وێنای فۆرمێکی تر لە نیشتەجێبوون بکەنەوە کە جار هەیە شاعیرانە و تەواو خەیاڵییە, جاریش هەیە ئیلهامێکە بۆ ئەوەی لە واقیعدا پیادەبکرێت. شاعیرانی کلاسیکی کورد, پتر باسی «بینای قەسری عالەم» و «بینای وجود» دەکەن, واتە عالەم و وجود هێشتا بەدەست خوداوەیە, بەدەست تەلارسازێکی بانمرۆییەوە. شاعیرانی دواتر کەمەکەمە جوانیی دونیا بە هی بەهەشت دەچوێنن, بۆنمونە گۆران دەڵێت « درێژیی ناو دۆڵ و پاناییی ناو دەشت- بە تەلاری جوان جوان ئەکەین بە بەهەشت». جاریش هەیە تەلار تەواو دنیایی و شیعری دەکرێتەوە وەک «تەلاری بلوورینی یادگار...»(لای برایم ئەحمەد). لە شیعری نوێتر و هاوچەرخی کوردییدا, تەلار و پرسی نیشتەجێبوون ڕەهەند و ئیمکانی نوێتر و فیکرییتر وەردەگرێت. بۆنمونە لە قەسیدەیەکی درێژی وەک «ئیشکردن لە دارستانەکانی فیردەوسدا(بەختیار عەلی)», داخڵی ناو ڕەهەندێکی تری نیشتەجێبوون دەبین. هەم چەمکی ئیش گۆڕانێکی چۆنایەتیی بەسەردا دێت و هەم ڕووبەری ئیشتیاکراویش. لە دیدی کلاسیکدا, عالەم خۆی بینایەکە و پێشتر خودا خۆی دایڕشتووە, بەڵام لەم قەسیدەیەدا جۆرێک لە "بیناکردنەوەی عالەم" هەیە لەسەر دەستی مرۆڤ-شاعیر. داڕشتنەوەی بەهەشت هەیە, ئەویش بە سێ مانا:
١) بەهەشت لەسەر زەوییە نەک عالەمێکی تر. بۆیە بەهەشت جۆرێک شوێن و تەلاری شیعرییە کە دەبێت لەناو خۆیدا دۆزەخیش هەڵبگرێت و دەستکاریی بکات.
٢) قەسیدەکە وەک فۆرم چەمکە دینی و عیرفانییەکان بەکاردێنێت, بەڵام هەوڵدەدات ناوەڕۆکەکانیان بگۆڕێت و لە هەندێ جێدا تەواو ئاتەیستی-ئێستاتیکی ببنەوە.
٣) بەهەشت وەک ماتەر و کەرەستە, تەنیا لە هەندێ چێژی کۆپیی دونیادا کورتنابێتەوە, بەڵکو دەستکارییەکی چەمکایەتییشیەتی. واتە سنورەکان و تێماکانی گۆڕانیان بەسەردا دەهێنرێت.
شاعیر بۆ ئەوەی هەنگاوی یەکەم بنێت, و بەهەشتەکەی خۆی لە بەهەشتی تیۆلۆژی جیابکاتەوە دەنوسێت «بەهەشت, ڕووخانی هەموو مەعبەدەکانە». مەعبەد کە فۆرمێکە لە تەلارسازیی دینی, دەبێت بڕووخێنرێت و تەلارێکی زەینی و وێنایی و شیعری بخرێتەجێی. بە مانایەکی تر, ئەم بەهەشتە لێرەدا تەلارسازییەکی مادیی ڕووت نیە بەڵکو دیزاینکردنەوەی ژیانکردنمانە. «دارستانەکانی فیردەوس», تەوسێکیشە بۆ “باخەکانی جەننەت” کە مەنگ و میکانیکی و پێشوەخت درووستکراون. قەسیدەکە هەوڵە بۆ گۆڕینی ناوەڕۆکی ئەم دارستانە باوە. بە دەربڕینێکی تر, ئەم تەلارسازییە فەنتازییە, کەرەستەکانی خۆی لە زەین و هزری مرۆفەوە دێنێت و لەبری کەرەستەی ماتریاڵی سود لە کەرەستە ئەبستراکتەکان وەردەگرێت. لەم قەسیدەیەدا, ئیشکەر و کرێکار و زۆر فیگەری تریش هەن کە بەهەشت درووستدەکەنەوە. بۆنمونە شاعیر دەنوسێت «ئێمە ئەندازیاری ئەو درەختانەین نور لەسەریان هێلانەدەکات». ئەم دێڕە, لە تەلارسازیی باوی دینییدا شتێکی باو نیە.
یان لە هەمان قەسیدەدا “کرێکارەکانی بیابان” ڕووەو بیابان دەدوێن و بانگیدەکەن: «ئەی چۆڵەوانیی سپی, ئێمە بۆ خزمەتی تۆ لێرەین... ئێمە بە کۆڵ لە شارە دوورەکانەوە سێبەرت بۆ دێنین... تۆ لە "موتڵەق"مان نزیک بکەرەوە... چەکوشی ئێمە ڕووناکی ڕاستدەکاتەوە...من و تۆ بەرد دەهێنین بۆ بورجێک کە نایبینین...». لەم فیردەوسەی شاعیردا, لەبری "ستوون", دار و دارستانمان هەیە کە ستوونی هەڵکشاون بەڵام ئیشەکەیان لەو ئیشەی بەهەشتی دینی ئاڵۆزتر و بێباکتریشە. وشەکان جێی مەتریاڵەکان دەگرنەوە, بەڵام دەکرێت ڕۆژێک لە ڕۆژانیش لەناو ژیانە مادییەکەماندا بەشێکی لێ پیادەبکرێت و بتوانین باسی «تەلارسازیی ژیاندۆستانە» بکەین.