سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

کوشتن بە ناوی شەرەفەوە لە عێراق

24/05/2022


شادی نەوزاد

ژنانی عێراق بەدەست چەندین ستەمەوە دەناڵێنن، کە لە هەموو جومگە کلتوری و یاسای و کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییەکاندا ڕوبەڕوویان دەبنەوە. ئەم گوتارە گفتوگۆی ئەوە دەکات کە چۆن سیستمی یاسایی عێراق ناتوانێت دان بە توندوتیژی دژی ژناندا بنێت، بەتایبەتی کوشتن بە ناوی شەرەفەوە، لە کاتێکدا توندوتیژی دژی ژنان بە ڕوونی لە بەندەکانی مافی مرۆڤدا هاتوون، ئەوەش نیشان دەدات کە چۆن یاسای سزادانی عێراقی ئەگەرەکانی ئەو جیاکارییە لەخۆ دەگرێت.

کوشتن بە ناوی شەرەفەوە زیاتر مەبەست لێی کوشتنی ژنێکە کە پەیوەندی هەیە لەگەڵ پیاوێکدا، بەبێ ئەوەی هاوسەرگیرییان کردبێت. ئەم کوشتنە ئەنجام دەدرێت بۆ ئەوەی شەرەفی خێران یاخود عەشرەت پاکبکرێتەوە. زۆر جار ئەم کوشتنە لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێت کە پەیوەندی سێکسی یاخود لەدەستدانی پەردەی کچێنی تێدا ڕووبدات. ئەم کوشتنەش لەلایەن ئەندامە نێرینەکانی خێزانی کچەکەوە جێبەجێ دەکرێت، بەڵام هۆکاری دیکەش هەن بۆ کوشتن بە ناوی شەرەفەوە وەک؛ ڕەتکردنەوەی هاوسەرگیرییەکی ڕێکخراو، هەوڵدان بۆ وەرگرتنی تەڵاقنامە، شوناسی جێندەری، مامەڵەی جێندەری و دەربڕینی ویستە جێندەرییەکان، کاراکتەرە سێکسییەکان، قوربانییانی لاقەکردن. شێوازەکانی کوشتنەکە بریتین لە؛ بەردبارانکردن، کوشتن بە چەقۆ، لێدان تا مردن، سوتاندن، سەربڕین، بڕینی بۆری هەناسە، هەڵواسین، پێداکردنی تێزابی کوشندە، کوشتن بە فیشەک و خنکاندن.

هەندێجار کوشتنی ژنەکە بەبەرچاو خەڵکەوە ئەنجام دەدرێت بۆ ئەوەی نیشانی هەموو تاکەکانی بدەن سزای تێوەگلان لە کاری شەرمەزارکەرەوە چییە، لە کاتێکدا هەندێک جار نێرینەکانیش قوربانی ئەم توندوتیژییەن لە عێراق. تاوانەکانی "شەرەف" زۆربەی کات فۆڕمی کوشتن وەردەگرن، بەڵام دەشێت شێوازەکانی دیکەی توندوتیژی تێدا بێت وەک، توندوتیژی جەستەیی، زیندانیکردن لە ماڵەوە، کۆنترۆڵکردنی جوڵە، دەرهێنان لەبەر خوێندن، هاوسەرگیری زۆرەملە، زۆرلێکردن بۆ خۆکوشتن، شەرمەزارکردن لە شوێنی گشتیدا. 

دیاردەی کوشتن بە ناوی شەرەفەوە لە زۆر وڵاتی دونیادا ڕەگی ڕۆچووە، هەندێک دیاردە هەن کاریگەرییان هەیە لەسەر ڕێژەی کوشتن بە ناوی شەرەفەوە بە گوێرەی کلتورەکان، ئاینەکان، کەشوهەوای سیاسی لە شوێنەکە، جێبەجێکارەکانی ئەم تاوانە ڕوبەڕوی شەرمەزاری و شەرم نابنەوە لە کۆمەڵگەکانیاندا، چونکە تاوانەکەیان وەک عەدالەت دەبینرێت. لە نێو پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی ناو عێراقدا، هەڕەشەی کوشتن بۆ پاککردنەوەی پەڵەی ناپاکی بەکاردەهێنرێت، وەک ڕێگەیەک بەکاردەهێنرێت بۆ وەستاندنی ژنان لە کردنی هەر کارێک کە زیان بە ناوبانگی خێزان و عەشرەتەکەیان بگەیەنێت، دیاردەکە ڕێگە دەدات ژنەکە بەدەستی برا، مێرد، باوک یان خزمێکی بکوژرێت، بۆ ئەوەی ئەو ناپاکییە پاکبکەنەوە، ئەمە تاوانێکە زیاتر لە ناوچەکانی دەرەوەی شارەکاندا بەدی دەکرێت، لەو کەیسانەدا کە ژنەکە بە ویستی خۆی هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێکدا کردووە، بەبێ وەرگرتنی ڕەزامەندی خێزان و عەشیرەتەکەی، مامەڵەی ژنەکە حوکمی بەسەردا دەدرێت لەسەر ئەو بنەما ستانداردە کۆمەڵایەتییانەی کە پەیوەندیدارن بە کلتورە بۆماوەییەکانەوە، ئەو کلتورەی کە لەلایەن عادەت و تەقالیدەوە نوێنەرایەتی دەکرێت. ئەم پیرۆزی کلتورەش کە لای هەموو عێراقییەکان هاوبەشە، ژن وەک کەم و ژێردەستە و موڵکی پیاو دەبینێت، ئەم وێنەیەی ژن گەورەبووە، سەرەڕای گۆڕانی کۆمەڵگە و پێگەی ژن، هێشتا ژنان وادەبینرێن کە کامڵ نین، ئەمەش وادەکات وەک مرۆڤی تەواو نەبینرێن. بەڵام "کوشتن بە ناوی شەرەفەوە" لە یاساکانی حامۆرابیدا بوونی هەبووە، یەکەمین یاسادانەری دۆکیومێنت لە مێژوودا، کە تێیدا ژنێک پەیوەندی سێکسی ناشەرعی ببەستایە سزاکەی خنکاندنی بوو لە ئاودا. 

مێژووی کوشتن بە ناوی شەرەفەوە لە عێراق و هەرێمی کوردوستان ڕوون نییە، مێژووی کۆنترۆڵکردنی ویستی سێکسی مێ و بەرهەڵستی بەرامبەری، نزیکی سەدەیەکە لە ستەمی کلتوریدا بوونی هەیە، کە تێیدا دروستکردنی سنوور و هێشتنەوەی کۆمەڵەگە لە دەووری سیاسییەکاندا گرنگترین بنەما بووە. لەم پڕۆسەی چەوساندنەوە و بەرەنگارییەدا، ژن-وەک ڕەمزی بەرجەستەبووی نەتەوە و خاک و پێکەوە ژیان-و جەستەیان، ویستی سێکس و توانای منداڵبوونیان بووبوو بە گۆڕەپانی جەنگ کە تێیدا کلتور و جێندەر و چینایەتی و نەوەکانی ستەم پێکیاندا دەدا. 

بە گشتی کوشتن بە ناوی شەرەفەوە لە عێراق و هەرێمی کوردوستان بەربڵاوە، ڕێژەی تاوانی شەرەف لە هەندێک شوێنی جوگرافیدا کەمی کردووە، بۆ نمونە ناو شارەکان، بەڵام لەو ناوچانەی دیکەدا کە ئیسلامی کۆنسەرڤەتیڤن، کوشتن بە ناوی شەرەفەوە بەربڵاوە. وەک هەڵهاتنێک، چەند ڕێگەیەک هەیە کە ئەو ژنەی لە ژێر مەترسی کوشتندابێت دەیگرێتە بەر بۆ هەڵهاتن لەو مەترسی کوشتنی، یەکەمین شت؛ ئەو ژنەی کە وادادەنرێت پەیوەندی لەگەڵ پیاوێکدا هەیە لە دەرەوەی هاوسەرگیری، پەنا بۆ خۆسوتاندن دەبات وەک ڕێگەیەک بۆ پاککردنەی شەرەفی خێزانەکەی، هەندێک جار لە ئەنجامی شەرمەزارکردن و زەم و قسەی خەڵک، دووەم؛ خێزانی هەردوولا کۆدەبنەوە و ڕێکدەکەون لەسەر هاوسەرگیری ژن و پیاوەکە، سێهەم؛ ژنەکە لە خێزانەکەی هەڵدێت و پەنا بۆ شێڵتەرەکانی حوکمەت دەبات کە تایبەت بە داڵدەدانی ئەو ژنانە دروستکراون کە لە ژێر هەڕەشەی مەترسی شەرەفدان، چوارەم: هەندێک ژن لە عێراق و هەرێمی کوردوستان هەڵدێن و دەڕۆنە دەرەوە.


کوشتن بە ناوی شەرەفەوە لە بەندەکانی مافی مرۆڤدا

ئاکتی کوشتن [تاوان] بە ناوی شەرەفەوە بە مەترسییەکی جددی دادەنرێت دەرهەق بە مافەکانی ژنان و کچان، و بە تایبەتی پێشێلکارییە دژی مافی ئاسایشی تاک، پاریزراوی لە ئەشکەنجە و دڵڕەقیی، مامەڵەی نامرۆڤانە، مامەڵەی شەرمەزارکەرانە، مافی یەکسانی لەبەردەم یاسادا، ئەگەرچی ژنان ئامانجی سەرەکین، بەڵام دەشێت هەموو ڕەگەزەکان ڕووبەڕووی ئەمە ببنەوە، هەروەها زۆر کات بۆ لادان لە نۆرمە جێندەرییەکان یاخود مامەڵە سێکسییەکان، لە ناویاندا بەڕاستی یاخود گریمانەی چالاکی سێکسی لەگەڵ هاوڕەگەزدا. دەسەڵاتداران ناچارن کاری جددی بکەن بۆ ڕێگریلێکردن و لێکۆڵینەوە و سزادانی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانەی بە ناوەی شەرەفەوە دەکرێن، لەگەڵ دابینکردنی ئاسایش بۆ قوربانییەکان. حوکمەتەکان دەبێت هەر پێگەیەکی پراکتیزەکردنی کلتوری و نەریتی ئاینی ڕەت بکەنەوە وەک فاکتەرێکی کەمکردنەوەی کەیسەکانی شەرەف، هەروەها دڵنیابوونەوە لەوەی کە ئەو تاوانانە ڕاستەوخۆ وەک تاوان بناسرێت و بچێتە دادگاوە. کوشتن بە ناوی شەرەفەوە بە ڕوونی لە بەندەکانی مافی مرۆڤدا دەستنیشان نەکراوە، بەڵام تاوانێکی هێندە ئاشکرایە دژی مرۆڤەکان، دەتوانێرێت بە ئاسانی ببینرێت وەک کردارێک دژی مافی ژیان، دەتوانرێت لە چەندین بەندی مافی مرۆڤدا بدۆزرێتەوە، و بەندەکان داوا لە حوکمەتەکان دەکەن هەرچی هەنگاوی پێویستە بینێن بۆ ڕێگریکردن لە هەموو فۆڕمەکانی توندوتیژی دژی ژنان، لە جاڕنامەی مافی مرۆڤدا هاتووە:

بەندی ١ "هەموو مرۆڤەکان بە یەکسانی و ئازاد لەدایکبوونە لە شکۆ و مافدا ..."
بەندی ٣ "هەموو کەس مافی ژیانی هەیە ..."
بەندی ٧ "هەموو بێ جیاوازی لەلایەن یاساوە پاریزراون ..."

لە پەیمانی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافی مەدەنی و سیاسیدا هاتووە:
بەندی٦.١ "هەموو مرۆڤێک مافی ژیانی هەیە ..."
بەندی ٢٦ "هەموو بێ جیاوازی یەکسانن و لەلایەن یاساوە پارێزراون. یاسا دەبێت ڕێگربێت لە هەر جیاکارییەک لەسەر بنەمای نەژاد و ڕەگەز..."

لە پەیمانی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافەکانی ئابوری، کۆمەڵایەتی، کلتوریدا هاتووە:

بەندی ٢٢ "مافەکان ... بەیەکسانی جێبەجێ دەبن بەبێ هیچ جیاوازییەکی نەژاد، ڕەنگ، ڕەگەز ..."
لە ڕێککەوتننامەی بنەبڕکردنی هەموو فۆڕمەکانی جیاکاری دژی ژناندا، لە زۆربەی بەندەکاندا باسی مافەکانی ژنان و پێویستی پاراستنیان و دابینکردنی مافەکانیان لەلایەن حوکمەتەوە کراوە، پێناسەی جیاکاری دژی ژنانیش کراوە، هەروەها هاتووە پارتەکانی ناو حوکمەت دەبێت، "دابینردنی یەکێتی بۆ یەکسانی ژنان لەگەڵ پیاواندا بە پێی یاسا،" لەوەش زیاتر، کوشتن بە ناوی شەرەفەوە دڕندانەترین فۆڕمی "ئازاری جەستەییە"، فۆڕمێکی توندوتیژییە کە لە ناو خێزاندا ڕوودەدات و کاریگەرییەکانی لەسەر ژنانە، لەبەر ئەوە بە ڕوونی، کوشتن بە ناوی شەرەفەوە فۆڕمێکی توندوتیژییە دژی ژنان لە ناو خێزاندا. کوشتن بە ناو شەرەفەوە دەتوانێت بە شێوەیەکی حاشاهەڵنەگرانە توندوتیژی بێت دژی مافەکانی دیکەی وەک ئازادبوون لە ئەشکەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە کە لە ڕێککەوتننامەی دژی ئەشکەنجە و مامەڵە یاخود سزای دڵڕەقانە و نامرۆڤانە و سوکایەتیدا هاتووە.

کوشتن بە ناوی شەرەفەوە لە یاسای عێراقدا

دەستووری عێراق لە سەرانسەری وڵاتدا جێبەجێ دەکرێت، بە پێی ئەو دەستوورە: بەندی ٢.١ هاتووە کە نابێت هیچ یاسایەک پێچەوانەی شەریعەت دەربکرێت "ئیسلام ئاینی فەرمی وڵاتە و بنەمای هەموو یاساکانە:
ا؛ نابێت هیچ یاسایەک پێچەوانەی بنەماکانی ئیسلام دەربکرێت.
ب؛ هیچ یاسایەک نابێت دەربچێت پێچەوانی پرنسیپەکانی مافی مرۆڤ.
ج؛ نابێت هیچ یاسایەک دەربکرێت پێچەوانەی ئەو ماف و بنەمایانەی لە دەستوردا هاتوون."

ئەم مادانە ناڕوونن، هیچ ڕوون نییە کێ خاوەنی دەسەڵاتە بۆ پێناسەکردنی یاسای شەریعەت، هەندێک مەزهەبی ئیسلامی ئەو تێگەیشتنەیان هەیە کە مێردەکان مافیان هەیە ژنەکانیان ئاقڵ بکەن، ئەم بەندە یەکێکە لە ڕێگرەکان لە جێبەجێکردنی یاسای عێراق بە پابەندبوونی بە یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە. ئەو یاسا ئاساییانەی یاسادانەرە ناوخۆییەکان دەری دەکەن، وەک یاسا باش دەگونجێت لەگەڵ ڕێککەوتننامە و پەیماننامە جیهانییەکاندا کە عێراق پەسەندی کردوون یاخود دەنگی پێداون، لە ژێر بەندی ١٩؛ یاسای معاهەدە ژمارە ٣٥ ساڵی ٢٠١٥، پەیماننامەکان لە ڕۆژی پەسەندکردنیانەوە دەچنە بواری کارپێکردنەوە لە کۆماری عێراق، بەو جۆرەش، دەبن بە بەشێک لە یاسای ناوخۆ، دەبێت لە یاسا داناندا جێبەجێ بکرێن. بەشێکی زۆری ئەم بەیاننامە و ڕێکەوتنانەی عێراق واژۆی کردووە، پەیوەندییان بە مافە سەرەتایی و بنەڕەتییەکانی مرۆڤەوە هەیە. لە ژێر بەندی ٨ ی دەستوری عێراقدا، عێراق پابەندە ڕێککەتننامە نێودەوڵەتییەکان جێبەجێ بکات، بەپێی مادەی ١٩ لە یاسای معاهادە ژمارە ٣٥ ی ٢٠١٥ کە ڕێککەوتننامەی معاهەدە بەیاننامە یاخود ڕیککەوتنەکە بەسەر کۆماری عێراقدا دەسەپێ، بەڵام هێشتا عێراق ئەو بەندانەی مافەکانی مرۆڤی جێبەجێ نەکردووە.

بەپێی یاسای سزادانی عێراق ماددەی ٤٠٩، "هەر کەس کە ژنەکەی لە کاتی سێکسدا لە ناو جێخەودا لەگەڵ کەسێکی دیکەدا ببینێت و یەکسەر بیانکوژێت، یاخود یەکێکیان بکوژێت، یان هێرش بکاتە سەر یەکێکیان کە دواتر ببێتە هۆی مردنی یاخود بۆ هەتا هەتایە پەککەوتە ببێت، سزا دەدرێت بە زیندانیکردن کە لە ٣ ساڵ زیاتر نەبێت. ڕێگە نادرێت مافی یاسایی بۆ بەرگریکردن پیادەبکرێت دژی هەر کەسێک کە ئەم بەهانەیە بەکاردەهێنێت، نە یاساکانی دۆخی تورەبوونیش دژی جێبەجێ ناکرێت." ئەمە واتا کوشتن بە ناوی شەرەفەوە وەک کوشتنێکی ئاسایی هەژمار ناکرێت وەک قانونی قعوبات لە ماددەی ٤٠٥ دا ئاماژەی پێدەکات، "هەر کەسێک بە ئەنقەست کەسێکی دیکە بکوژێت سزادەدرێت بە زیندانیکردنی هەتاهەیایی یاخود بۆ ماوەی ١٥ ساڵ." کە تێیدا تاوانبار سزا دەدرێت بە زیندانیکردن لە نێوان ١٥ ساڵ بۆ هەتا هەتایە، بەبێ کەمکردنەوە.

لە پەرلەمانی لە هەرێمی کوردستان بە پێی ماددەی ٣ی ساڵی ٢٠١٥، ماددەی ٤٠٩ی سزادانی عێراقی هەڵوەشێنرایەوە، ئەوە واتا بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەرانە کوشتن بە ناوی شەرەفەوە لەلایەن کەسوکاری ژنەکەوە وەک تاوانێکی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، وەک چۆن لە مادەی ٤٠٥دا هاتووە، بەڵام هێشتا بەرگریکردن لە خود لە یاساکەدا هەیە لە هەرێمی کوردوستان، ئەگەر ژن و پیاوێک لە کاتی ئەو خیانەتدا بگیرێن و هەوڵی کوشتنیان بدرێت، بەڵام لەو کاتەدا ئەو ژن و پیاوە بۆ بەرگریکردن لە خۆیان لە دەستی مێردی کچەکە یاخود کەسوکارەکەی تاوانێک ئەنجام بدەن، ئەوا دواتر داکۆکیکردن لە مافی خۆیان لێ وەرناگیڕیت و پەسەند ناکرێت، بەڵام بەرگریکردن لە خۆد لە ماددەی ٤٠٥ دا هەیە لە تاوانە ئاساییەکاندا، یاخود تاوانی لائیرادی بۆ پاڵنەرەکان، لە مادەی ١٢٨، ١٣٠،١٣١دا، کە ڕێگە بە ئەنجامدەر دەدات بەرگری لە خۆی بکات لە هەموو جۆرە تاوانەکاندا نەک یەک جۆر تاوانی دیاریکراو. 

کێشەیەکی دیکەی کوشتن بە ناوی شەرەفەوە، لە درێژکراوەی مادەی ٤٠٧ دا هاتووە "هەر دایکێک کە لەو پەیوەندییەدا دووگیان بوو و وەک پاککردنەوەی شەرەف، منداڵە تازە لەدایکبووەکەی بکوژێت، لە شەرمدا، سزاکەی زیندانیکردنە کە زیاتر نەبێت لە ١٠ ساڵ و کەمتر نەبێت لە ساڵێک." ساڵی ٢٠١١ پەرلەمانی هەرێمی کوردوستان یاسای ژمارە ٨ـی تێپەڕاند دژی توندوتیژی خێزانی لە هەرێمی کوردوستان، ئەمە بنەمایەکی یاسایی دابینکرد بۆ شێوازێکی فراوانتری ئاکتی توندوتیژی بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت و وەک تاوان بناسێنرێت بە کوشتنی شەرەفیشەوە. عێراق تا ئێستا حەوت ڕاپۆرتی خولی جیهانیی (UPR) پێشکەش بە لیژنەی CEDAW کردووە، ئاماژە بە هەموو پێشێلکارییەکانی دژ بە ژنان کراوە بە کوشتن بە ناوی شەرەفیشەوە. توندوتیژییەکانی دژی ژنان و بارودۆخی بەردەوامیان ڕوونکراونەتەوە، وەک نەریت، نۆرم، کلتور، کردارەکان، لە وەڵامدا لیژنەکە پێشنیازی هەندێک هەموارکردنەوەی کرد کە چاکسازی یاسای و کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی لە خۆ دەگرت کە عێراق دەبێت، "ستراتیژییەکی گشتگیر پەیڕەو بکرێت بۆ نەهێشتنی هەموو کردارە ئازاربەخشەکان، بەتایبەتی هاوسەرگیری منداڵ و هاوسەرگیری کاتیی و ئەو تاوانانەی بە بەهانەی شەرەفەوە ئەنجام دەدرێتن بە گونجاندن لەگەڵ بڕگەی ٢ و ٥ ی CEDAW، کە بەرزکردنەوەی هۆشیاری لەخۆدەگرێت بۆ کۆمەڵگە، میدیا و ئاین و پێشەواکانی کۆمەڵگە، بە هاوکاری کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوە ژنانەکان،" و لیژنەکە پێشنیازی کرد "هەڵوەشاندنەوەی مادەی ١٢٨، ١٣٠، ١٣١ بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەنجامدەرانی تاوانەکە لە ژێر ناوی شەرەفدا ناتوانن داکۆکی لە خۆیان بکەن لە ژێر بەهانەی تاوانی لائیرادیدا." هیومان ڕایتس ۆچ لە ڕاپۆرتەکەیدا بۆ ڕەشنوسی یاسای توندوتیژی خێزانی کە دەسەڵاتدارانی عێراق کاریان لەسەر دەرکردنی دەکرد، پێشنیازی ئەوەی کرد، "چەند سزایەک بۆ تاوانەکانی توندوتیژی ناو خێزان دیاری بکرێن و دڵنیابنەوە لەوەی لەگەڵ قانونی سزاداندا دەگونجێن بە پێی مادەی ٤١، کە پەسەندی بەکارهێنانی توندوتیژی ناو خێزان دەکات؛ لابردنی بەندەکانی یاسای سزادان ڕێگە بە کەمکردنەوەی سزاکان دەدات بۆ ئەنجامدەرانی تاوانەکانی شەرەف، و ڕێگریکردن لە بەرگری تاوانەکانی ناو خێزان پەیوەندیدار بە گرتنی ژن یاخود مێینە لە کاتی سێکسکردندا لە دەرەوەی هاوسەرگیری؛ لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی ئەو مەرجانەی کە ڕێگە بە ئەنجامدەرانەی دەستدڕێژی سێکسی یاخود لاقەکردن، یاخود لە سزاکانیان هەڵبێن کاتێک لەگەڵ قوربانییەکاندا هاوسەرگیری دەکەن."

ئامارەکان:

هیچ ئامارێکی ورد نییە سەبارەت بە توندوتیژی دژی ژنان لە عێراق یاخود هەرێمی کوردوستان، ئەمە وادەکات مامەڵە لەگەڵ کێشەکەدا قورسبێت، وێڕای کەمی داتا، هەموو هاوڕان کە ئەم جۆرەی توندوتیژی بەربڵاوە، هەندێک شیکەرەوە ڕایدەگەیەنن، بە هەماهەنگی لەگەڵ سندوقی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژنان، کە ساڵانە بە لایەنی کەمەوە ٤٠٠ کوشتن ڕوودەدات بە ناوی شەرەفەوە؛ بەڵام زۆر کوشتن بە ناوی شەرەفەوە، خۆکوشن، لەگەڵ تاوانەکانی دیکەی دژی ژنان ڕیپۆرت ناکرێت و سکاڵا تۆمارناکرێت [واتە لە دەرەوەی داتاکانن]، لە ڕاستیدا، لە پاش هۆکارە سروشتییەکان، وادەدنرێت کوشتن بە ناوی شەرەفەوە یەکێک بێت لە زۆرترین هۆکارەکانی گیان لەدەست دانی ژنان لە عێراق و هەرێمی کوردوستان. 

لە ساڵی ٢٠٠٣ و لە پاش نەمانی ڕژێمی سەدام، بە هۆی تێکچوونی بارودۆخی سیاسی و ململانێی چەکدارییەوە توندوتیژی دژی ژنان زیادی کردووە، بێجگە لە کەیسە ڕیپۆرت نەکراوەکان، ئامارەکان ئەوە نیشان دەدەن کە ژمارەی کوشتنەکان بە ناوی شەرەفەوە بێ ئەندازە زۆرن، لە ئامارێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراقدا، لە نێوان ٢٠٠٣ بۆ ٢٠٠٩، ٢٣٣ ژن بە ناوی شەرەفەوە کوژراون. لە هەرێمی کوردوستان، لە نێوان کانونی دووەمی ٢٠١٤ و حوزەیرانی ٢٠١٥، بەڕێوەبەرایەتی گشتی توندوتیژی دژی ژنان ١١.١٥٧ ڕاپۆرتی توندوتیژی دژی ژنانی پێگەیشتووە لە هەموو ئۆفیسەکانییەوە، لە ناویاندا ٧.١٩٢ ڕاپۆرتەکان بۆ ساڵی ٢٠١٤ و ٣.٩٦٥ بۆ یەکەم شەش مانگی ٢٠١٥، کۆی گشتی ١١.١٥٧ لە ناویاندا ٦٦ کەیسی کوشتن، ٨٥ کەیسی خۆکوشتن، ٣١٤ کەیسی سوتاندن، ١٦٠ کەیسی خۆسوتاندن، ١٠.٣١٩ سکاڵای گشتی و ٢١٤ کەیسی توندوتیژی سێکسی.

لە وەڵامی حوکمەتی هەرێمی کوردوستان بۆ ڕاپۆرتەکەی هیومان رایتس ۆچ لە عێراق، پەیمانی هاریکاری نەتەوە یەکگرتووەکانی ئاگادار کردەوە بۆ عێراق لە مانگی تەموز تا تشرینی ٢٠١٣، پۆلیس و دادوەر ٢.٣٥٣ تۆمەتی توندوتیژی دژی ژنانیان پێگەیشتووە کە بەرزترین ڕێژە لە هەولێر بوو کە ٦٩٩ کەیس بوو، پاشان دهۆک ٦٦٤، دواتر سلێمانی ٥٣٤ کەیس. تێیاندا ٢.١٤١ کەیسی توندوتیژی جەستەیی، ١٣٢ کەیسی خۆسوتاندن و ٤٢ کەیسی دەستدرێژی سێکسی. لەگەڵیاندا ٢٣ ژن کوژراون. ئامارەکان ناکۆکییان لەسەرە بە هۆی نەبوونی بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیارەوە. دەسەڵاتێکی دیکە کە بەرپرسە لە تۆمارکردنی سکاڵای پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردوستان، کۆمیسیۆنی سەربەخۆیی مافی مرۆڤە، لە ڕاپۆرتەکەی ساڵی ٢٠١٣یدا هاتووە کە ٣٨ ژن کوژراون، ٢٤ ژن خۆیان کوشتووە، ١٨٤ ژن سوتاون، ١٠١ ژن خۆیان سوتاندووە. لە ڕاپۆرتەکەی ٢٠١٤یدا ڕایگەیاندووە کە ٣٢ ژن کوژراون، ٤٦ ژن خۆیان کوشتووە، ١٨٨ ژن سوتاون، ٩٦ ژن خۆیان سوتاندووە. لە ڕاپۆرتەکەی ٢٠١٥ یدا هاتووە کە ٥٥ ژن کوژراون، ٦٤ ژن خۆیان کوشتووە، ١٩٨ ژن سوتاون، ١٢٥ ژن خۆیان سوتاندووە، ڕاپۆرتی ٢٠١٦یش دەڵێت کە ٤٣ ژن کوژراون، ٧٤ ژن خۆیان کوشتووە، ٢٢٠ ژن سوتاون، ٩٦ ژن خۆیان سوتاندووە.

ئەنجام

ئەم گوتارە لە پێگەی کوشتن بە ناوی شەرەفی کۆڵییەوە لە بەندە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ و یاسا جیهانییەکاندا، کوشتن بە ناوی شەرەفەوە بە ئاشکرا لە پەیماننامەکاندا ناو نەهێنراوە، بەڵام دەتوانرێت وەک یەکێک لە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ ببینرێت دەرهەق بە مافی ژیان و مافە سەرتاییەکانی ئەوانی دیکە، هەروەها ئەم لێکۆڵینەوەیە لەو یاسایانەی عێراق و هەرێمی کوردوستانی کۆڵییەوە کە پەیوەندیدارن بە کوشتن بە ناوی شەرەفەوە، ئەوەی نیشان دا چۆن یاسا ناوخۆییەکان ڕێ بۆ پێشێلکارییەکانی دژی ژنان خۆشدەکەن بەتایبەتی کوشتن بە ناوی شەرەفەوە. بە هەمان شێوەی ئەو ئامارانەی تاوانەکان کە ئەنجام دراون، ئەو ئامارانەش نیشانی دەدەن کە چۆن ئەو باسە بەکلتوری کراوە، ئەوە ئاشکرایە کە ئەو ژمارەی کوشتنەی بە ناوی شەرەفەوە نیشان درا، گەورە و جێی سەرەنجە، جگە لە کەمی دامەزراوەکانی تایبەت بە کۆکردنەوەی زانیاری، و میکانیزمی هەمەجۆر بۆ ئەنجامدانی کوشتن بە ناوی شەرەفەوە کە ئەستەمە بۆ بەدواداچوونی هەموو لایەنەکانی تاوانەکە، هەندێک جار تاوانبارەکان هەڵدەستن بە دروستکردنی کەیسی بەلاڕێدابەر و ناڕاست بۆ ئەوەی لە یاسا هەڵبێن، سیستمی یاسایی لە عێراق ناتوانێت کێشەکە چارەسەر بکات. لە وەڵامدا بۆ ئەم دۆخە، سیستمی یاسادانان پەیڕەوی نۆرمە کلتور و دابونەریتییەکان دەکات، پاساوی کلتوری دەداتە ئەنجامدەران وەک ئامرازێکی بەرگری لە یاسا عێراقییەکان و بڕیارەکانی دادگا بەبی ڕەچاوکردنی پاندییەکانی بە یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە. لە دەرئەنجامدا؛ شەڕکردن دژی کوشتن بە ناوی شەرەفەوە پێویستی بە پەیڕەوکردنی چەندین هەنگاوە، پێش هەموو شتێک عێراق پێویستە هەموو ئەو مافانە بە دەستوری و بە نێودەوڵەتی بکات کە لە بەیاننامە و ڕێکەوتننامە جیهانییەکاندا هاتوون، نابێت ڕێگە بدرێت تاوانی کوشتن بە ناوی شەرەفەوە ئاسایی بکرێتەوە لە ژێر ناوی کلتور و ئاین و چارەسەرە دابونەریتییەکاندا، دەبێت ئەولەوییەت بدرێت بە بەرنامەی خێرا بۆ شەڕکردنی دژی پێشێلکارییەکانی دژی ژنان، و لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە جێبەجێ بکرێت، هەرچەندە پەسەندکردنی پەیماننامەکانی دیکەی تایبەت بە مافەکان کە عێراق هێشتا بەشێک نییە لێیان، گرتنەبەری پڕۆگرامی خێرای فرەڕەهەند بۆ شەڕکردن دژی پێشێلکارییەکانی دژی ژنان، ناساندنی سەکۆی نوێ لە ڕووی کلتورییەوە بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاری وەک دانانی یەکسانی و دادپەروەری و مافەکانی ژنان لە بەرنامەکانی خوێندندا، دەبێت لە ڕووی سیاسیشەوە کەشوهەوایەکی سیاسی نەرم دروستبکرێت بۆ دابینکردنی هەلی یەکسان بۆ هەمووان تا ژنان بتوانن دەنگیان ببیسترێت لە ستەیجەکانی سیاسەتدا بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانیان بە شێوەیەکی یاسایی؛ عێراق پێویستی بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایانە هەیە کە مافی ژنان پێشێل دەکەن، سەرەتا هەڵوەشاندنەوەی کوشتن بە ناوی شەرەفەوە لائیرادییەن لە مادەی ٤٠٩،١٢٨، ١٣٠،١٣١ لە قانونی سزاداندا. دەبێت عێراق و هەرێمی کوردوستان لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە بەرنامەیەک پەیڕەو بکەن دژ بە سیستمی بەهێزی پیاو و پیاو سالاری و ژێردەستەیی ژن، بەهەمان شێوەی نەدانی توانج و تانە لەو ژنانەی داوای مافەکانیان دەکەن.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.