سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

مەلا عومەر دارەتوو: لە دەرکردنی جنۆکەوە
بۆ هاندانی ژنان بۆ قبوڵکردنی فرەژنی

30/05/2022


 

خەسرەو ميراودەلى
لای هەمووان ڕوونە کە جیهانی ئیسلامی و ئایینە ئاسمانییەکەی بە چەندین قەیرانی هەمەچەشنەوە گیرۆدەیە، هەر لە قەیرانی سیاسییەوە تا دەگات بە قەیرانی کۆمەڵایەتی و کولتووری و پەروەردەیی و ... هتد.. بە شێوەیەک کە جیهانی ئیسلامی لەمڕۆدا لە فەزایەکی دواکەوتووی کولتووری وادا دەژی کە بووە بە نمونە بۆ دواکەوتنی فەرهەنگی و، مانەوەی ئەقڵیی تەسک و، ئاستی مامەڵەکردنی لەگەڵ دەقەکاندا لە سەدەکانی ناوەڕاستدا.

هۆکاری سەرەکی ئەم دواکەوتنە کولتوورییە بە پلەی یەکەم مامەڵکردنی ڕووکەش و دەقگەرایانە لەگەڵ دەقەکانی قورئان و فەرموودەدا دەگەڕێتەوە. یەکێک لەو بابەتانەی کە لەم نێوەندەدا دوور و دابڕاو لە خوێندنەوە ماوەتەوە، بریتییە لە مەسەلەی فرەژنی. ئەو بابەتەی لەگەڵ هەوەسبازیی و تەماعی سێکسیانەی پیاو و، بەکۆیلەکردنی ژنان و ، مانەوەی هەژموونی نێرسالاریدا تەواو تەبا و گونجاوە.

لە هەمووی سەیرتر لێرەدا ئەوەیە کە یەکێک لە مەلا دیارەکانی کوردستان، لەم ڕووەوە پرس و ڕاوێژ بە ژنێکی داماو دەکات کە نەک تەنیا بە مافی خۆی ئاشنا نییە، بەڵکو کۆیلەیەتی بووە بە بەشی سەرەکی لە پێکهاتەی ئەقڵیی و کۆمەڵایەتی ئەو، لە هەمووشی کارەساتبارتر ئەوەیە کە ئەم ژنە بەدبەختە ئەم کۆیلەیی و دواکەوتنە کۆمەڵایەتی و بەدبەختییەی خۆی بخاتە بازنەی ئاییندارییەوە، و تەنانەت بە کرۆکی خواپەرستی دابنێت.

ئەگەر لانی کەم لە سەدا شەستی دەقەکانی قورئان قابیلی خوێندنەوە و تەفسیری جیاواز بن بە گوێرەی جیاوازی کات و شوێن و هەلومەرجەکانن کە زۆرینەی زانایان لەگەڵ ئەمەدا کۆکن، جگە لە سەلەفییە توندڕەوە ڕووکەشگەراکان، کە دژی نوێبوونەوەی ئایین و ئیجتیهادی تازەن و، دەیانەوێت ئایین هەر لە بەرگە کۆنەکەدا بەبێ دەستکاری بمێنێتەوە.

یەکێک لەو بابەتانەش کە بە ڕوونی وابەستەبوونی بە زەمەنی خۆی و هەلومەرجی مێژوویی و کولتوورییەکەوە دیارە، بریتییە لە مەسەلەی فرەژنی. لە کاتی هاتنە خواروەی ئەو ئایەتەدا کە لە فرەژنی دەدەوێت، عەرەبەکانی نیوە دوورگەی عەرەبی، لە ناویشیاندا هاوەڵانی پەیامبەر، خاوەنی بیست ژن و سی ژن بوون، پەیامبەر یەک بە یەک پێی دەوتن: (چواریان لێ هەڵبژێرە)، بۆچی چوار؟! چونکە نەدەکرا لەناو لانی کەم بیست ژندا تەنها یەک دانەی هەبێت. لەو فەزا قەرەباڵغەی ژندارییدا بێتە سەر یەک دانە کارێکی ئاسان نییە. بێگومان دیاریکردنی چوار دانە لە جیاتی یەک دانە بۆ ئەو سەردەمە شایەنی خوێندنەوەی واقیع و لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجەکە بووە وەک ئاماژەمان پێدا.

لە کاتێکدا لە سەردەمی ئێستای شوێنێکی ئێستای هەرێمی کوردستاندا، ئەگەر کەمێک واقیعی بین، هەموومان بەردەوام ڕێژەی بەرزی جیابوونەوە و زۆریی کێشەی هاوسەرگیریمان بیستووە و ئاگادارین، کە دادگاکانیان لەم جۆرە قەیرانانە ئاخنیوە و، پشکی شێری کێشەکانی بەرکەوتووە! تۆ بڵێت لەم نێوەندەدا فرەژنی چۆن چارەسەری ئەو کێشانە بکات؟! بە تایبەت کاتێک بە گوێرەی دوایین ئامارلە ئێراق و هەرێمی کوردستاندا ڕێژەی پیاو زیاترە لە ژن!

ڤیدیۆ


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.