ئەبو بەكر حەسەن
پێشداوەریی، و سایكۆلۆژیایەكی پەنگخواردو ئەوە جەبری زمانێك نییە كە لە خۆیدا پڕ بێت لە جنێو، ئەوە فراواننەبوون و نەكرانەوەی زمانێكە لە بەرامبەر بیركردنەوەو هەڵوەستەكردنی ئەم زمانە لە بەرامبەر بیركردنەوەی عەقڵانیی، لە بەرامبەر كردەی ئەرگیومێنتسازی كە وەبەرهێنانی لە سەر عەقڵێك كردبێت.
جنێو لە سادەترین پێناسەیەیدا قەبوڵنەكردنی ئەویترە وەك ئەوەی كە هەیەو دەیەوێت هەبێت، قەبوڵكردنی ئەویتریش بەرمەبنای (ئازادی و لێبوردەیی و هەڵكردن)ی جیاوازییەكان خۆی بینا ئەكات. ئەو زمانەی وەك ئایدیا ئازادی و پێكەوەهەڵكردنی نەكردبێتە كولتورو سروشتێكی سایكۆكۆلۆژی و جڤاكیی، ئەم زمانە واڵانەبووە بە سەر ئیمكانی شێواخو ستایلی دیكەی پێكەوەژیانی جیاوازییەكان.
بە واتایەكی تر زمانی ئێمەو دەوروبەری ئێمەش زمانێكی كراوە نەبووە، زمانی كفتوگۆو لێكتێگەیشتن نەبوو، ئەوەی هەیە پێشداوەریییەكانە، زمانی ساغكردنەوەی دۆگم و پێشداوەرییەكان، لە بەرامبەر ئازادی و جیاوازی و پێكەوەهەڵكردنی جیاوازییەكان و پراتیكردنی ئەم جیایی و جیاوازییانە، لێرەوە ئێمە لە سایكۆلۆژیاو سۆسیۆلۆژیای جنێودەر تێبگەین.
ئەوە بیركردنەوەیەكی عەقڵانی و زانستیی ساردە كە بووە بە كولتورو بونیادێكی دەروونی و كۆمەڵایەتی كە جیاوازییەكان لە خۆ ئەگرێت.
كە ئەم ڕووبەرە فراوان و كراوەیە بۆ بیركردنەوەیەكی عەقڵانیی نەبوو، لێرەوە ئینفیعالاتەكانمان، هەڵچوون و داچوون، وڕوژاو و بەرزونزمییەكانمان، بوغزو كینەو ڕق دەبێت بە سایكۆلۆژیای زاڵ و باو

لینكی فەیسبوك