سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

دووانەیەکی عاشقی تری نێو گەردوون

01/06/2022



نوسینی: لوقمان حەوێز

ئەندرۆمیدا و گەلەئەستێرەکەی ئێمەش وەک ئەم دووانەیە دوای نزیکەی 4 ملیار ساڵ دەگەن بەیەکتر...

 

ئەم دوو گەلەئەستێرەیە لە دوری نزیکەی 90 ملیۆن ساڵی تیشکی لە ئێمە وا خەریکن تێکەڵ بە یەکتر دەبن، ئەم جوتە گەلەئەستێرە عاشقە بەیەکەوە پێیان دەووترێت APR271 ، ئەوەی لای ڕاستی دیمەنەکە ناوی NGC5427 یە و ئەوەی تر NGC5426، تیرەی هەردووکیان بەیەکەوە لەم دیمەنە نزیکەی 130 هەزار ساڵی تیشکیە، هەریەکەشیان لە دەیەها ملیار ئەستێرە پێک دێن...

 

پڕۆسەی بەریەککەوتن و تێکەڵ بوونی گەلەئەستێرەکان بۆ دید و بەئاگایی ئێمە گەلێک خاو و لەسەرخۆیە، بەڵام لە ڕێگەی سیمولەیشنی کۆمپیوتەر دەزانین کە ئەو کردارە ملیۆنەها ساڵ دەخایەنێت، هەندێک جار پتر لە دەیەها ملیۆن ساڵ دەخایەنێت...

 

لەم پرۆسەیەدا ئەگەری بەریەککەوتن و تێکەڵبوونی هەندێک لە کونەڕەشەکان و ئەستێرەکانیش هەیە، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە ئەستێرەکان لە شوێنی خۆیان دەجوڵێن و هەندێکیشیان بە هەسارەکانیانەوە وێڵ دەبن بۆ بۆشایی ئاسمانی دەوری گەلەئەستێرەکان، ژمارەیەکی زۆریش لە ئەستێرەی نوێ دروست دەبن بە هۆی ئەو هێز و کاریگەریەی دەکەوێتە سەر تەمە هایدرۆجینیەکان و دەست کردن بەسوڕانەوە بە دەوری خۆیان...

 

گەلەئەستێرەکەی ئێمەش ڕێی کاکێشان لەگەڵ گەلەئەستێرەی ئەندرۆمیدا دوای نزیکەی 4 ملیار ساڵ بەریەک دەکەون و تێکەڵی یەکتر دەبن و مێگا گەلەئەستێرەیەکی زەبەلاح پێک دەهێنن، لە ئێستادا بە خێرایی نزیکەی 400 هەزار کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا لەیەکتر نزیک دەبنەوە، لەگەڵ ئەوەی بە دڵنیاییەوە مرۆڤ ئەو کاتە نەماوە بەڵام دوای ئەو بەریەککەوتنە ئەگەر هەر بونەوەرێکی زیرەکی تری بەئاگا دروست بووبێت و هەبێت و مابێت لە نێو گەلەئەستێرەی ئێمە و ئەندرۆمیدا ئەوا دیمەنی ئاسمان بەتەواوی جیاوازتر دەبێت بۆ دیدی ئەوان لەو دیمەنەی کە ئێستا ئێمە دەیبینین، ئاسمانی شەوانی ئەوساکە زۆر ڕازاوەتر و جوانتر و چڕتر دەبێت بە ئەستێرەکان و تەمە هایدرۆجینیەکان، ئێستا دوری گەلەئەستێرەی ئەندرۆمیدا لە ئێمە نزیکەی 2.5 ملیۆن ساڵی تیشکیە...

 

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.