سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

تەلارشیکاری

08/06/2022


 

ساڤۆ سەردار
 

تەلارەکان وەک وێنەدانەوەی ئەو ڕەهەندانەی کەوا دەتوانین لە ناوەوەڕا بەرەو دەرەوە یاخود لە دەرەوە بەرەو ناواخن هەڵگری خەسڵەت و تایبەتمەندی هەر کلتور و ناوچەیەک بن، بەم پێیە تەلارسازی یاخود ناوە باوەکەی میعماری لە نێو دونیای ڕۆشنبیری و گشتی ئێمەدا ناوێکی شەعبیترە،وەک نێوەندگیر و مەخزەنی کارتێکەری ناوەکی و دەرەکی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دەڕسکێت،بە ئاوێنەی تەلارەکانەوە تەحەول و جێهێشتنی قۆناغە مێژوویەکان بە تەوێلی شارەکانەوە دەبێتە میتۆدێکی کۆنکرێتی کە دەتوانرێت  چەند ئایدیایەکی ئەبستراکت لەسەر گەشەکردنی فیکری ئینسان هەڵبهێنجێنین ، تەلارسازی ڕەهەندێکی ماتریاڵیستی فیزیکی مەلموسە بەڵام لە هەمان کاتدا حزورێکی مێتافیزیکیانەشی هەیە،ئەو ڕەهەندە تۆپۆگرافیەی کە لای فرۆید بۆ دابەشکاری دەروونی ئینسان دەیبینین ڕەهەندێکی تەلارسازیانەی نا فیزیکی مێتافیزیکانەیە، دابەشکاری تۆپۆلۆژی دەروونی ( ئید،ئیگۆ،سوپەرئیگۆ) وەک ئەوەی دەروونی مرۆیی ماڵێک بێت و بە گوێرەیی تۆپۆلۆژی و هەندەسەی دەروون جێگیرکرابن هەمان ئەو تێگەیشتنەشە کەوا لای باشلار دەیبینین، بەم جۆرە تەلارسازی جودا لە ڕەهەندە فیزیکیە تەلاریەکانی هەڵگری تێمای دەروونشیکاریاریانەیە،"دەکرێت فەزا دەرهاوێژی درێژکردنەوەی ئامێری دەروونیمان بێت،کە هیچ ئیشتقاتێکی دیکەی نییە"(فرۆید)بەرمەبنای ئەم تێگەیشتنەی فرۆید دەتوانین تەلارسازی وەکو میتۆدێک بۆ خوێندنەوەی نەستی هەر کۆمەڵگاو کلتورێک یاخود هەر تاکێک شیکار بکەین، لێرەوەیە کە ئەزموونە مرۆییەکان دەبنە هاوپەیوەندی کارتێکەرە دەرەکیەکان بە دەربڕینیكی دەروونشیکارانە پەیوەستبوونی دەروونی سوبێکت بە ئۆبێکتە دەرەکیەکان پەیوەندیەکی ئەزموونکارانەیە لەم پەیوەندیەشەوەیە کە تەلارسازی تیایدا لە دایک ئەبێت کە پەیوەندیەکی ڕاستەوانەیە،سەر بە هەڵگۆزانی پرنسیپی واقیعە لێ بەبێ جێهێشتن و فەرامۆشکردنی پرنسیپی چێژ بگرە تەلارسازی ڕۆڵی میدۆمێکی سوپەرئیگۆییانە دەبینیت کە ئیشی ڕاستەوخۆی ڕێچار و تەفسیری پانتایی واقیعە ، پەیوەندی دەرەوە و ناوەوە ( پرنسیپی چێژ و پرنسیپی واقیع ). 

 

وێنەدانەوەیەکی دیکەی لە تێگەیشتن و پێکهاتە هەندەسیەکاندا هەیە کە بریتین لە: فۆڕمی کراوە و فۆڕمی داخراو،فۆڕمە کراوەکان ئەو فۆڕمانەن کە ڕەهەندێکی ئەبستراکت و تەریکیان هەیە لە شێوەی دیواری چڕ و بەرزدا مەکانیانە تەعبیر لێکراون لە کاتێکدا فۆڕمە کراوەکان بەڕووی دەرەوەدا کراونەتەوە لەگەڵ فەزا دەرەکیەکاندا بەیەکترداچوون ، پەیوەندی تەلارەکان و دەرەوە یاخود بیناکان و دەرەوەی بیناکان پەیوەندیەکی بەردەوامی موستەقیلە .

 

فۆڕمی  تەلارەکان بە شێوەی زەخرەفەیەکی چندراوە کە ڕووبەری پانتایی ڕەمزی دەڕسکێنن هەر بۆیە تەلارسازی و تەلارەکان بە شێوەی زمانێکیسیمبوڵی بەناویەکداچوون بە دەلالەتی لاکان پانتایی ڕەمزی ڕسکانی زمان و ڕیتواڵ و نەریتە باوەکانە،زمانی تەلارسازیش هێما و زمانێکی هونەریە کە تیایدا ڕاستەهێل و گۆشە جیاوازەکان تیایدا سیمبوڵیزەی دالەکانی ناوەوەی دەکەن،دەکرێت چەند دالێک هەلگر و دەلالەتکەری یەک مەدلول بن وەک چۆن دەکرێت تەواوی هێڵکاری شارێک پاشان بتوانێت تەعریفی مەدلولێکی دیاریکراو بکات،واتە پەیوەندی دال و مەدلولە سیمبوڵیەکانی تەلارسازی هاوپەیوەند و ڕاستەوانە نین بگرە پەیوەندیەکی داینامیک و پێچەڵپێچن،بە تێڕوانینی لاکان هەموو ئەنگێزەکان لەناو زمانەوە سەردەردێنن یاخود دەگەڕێنەوە بۆ زمان ، بەهەمان شێوە لای تەلارسازان ئەم دیدە بە شێوەیەکی ماتریاڵیستانە بۆ فەزای فیزیکی هەیە،کارکردی تەلارسازی گەرچی پێشمەرجی سودی ئەویدیە واتە ڕەزابوون و قبوڵکرانە لەلایەن ئەویدی گەورەوە بەڵام لە ناواخن و ناوەڕۆکدا تەواو سوبێکتڤ و تاقانەیە چونکە پانتایی خەیاڵی تیایدا نێوەندگیر و خانەخوێیە، مادام سوبێکت هەڵگری فەنتازیای سەربەخۆیە واتە هەمیشە ئەگەر و ئیمکانی نوێ لەبەردەم خوڵقاندنی ویستەکانی سوبێکتی تەلارساز و درزخستنە ویستی ئەویدی گەورە و باوکە ڕەمزی و  کۆمەڵایەتیەکاندا هەیە،هەر بۆیە چەندە خواستی تەلارسازی خواستێکی دەستەجەمعی بێت ئەوەندەش لە ناواخندا هەمیشە دەلالەتێکی سوبێکتیڤی حزوری هەیە . 

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.